كارۆخ عوسمان: غەدر لەپارتی و یەكێتی دەكرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسی حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی تاكە وەسیلەی پاراستنی سەروەتی ناشەرعی بەرپرسە گەندەڵەكانی كوردستانە. چونكە زەمەی زۆر خەرج دەكات. تا ئەم حكومەتە دێتە وجودو، وجودی ئومێد بەرەو چارەسەرو ژیانخۆشی نامێنێت. خۆ نێچیربارزانیش ڕاستەكات، ئەم حكومەتەی ئێستا مەگەر كاتی نیە؟
مەگەر ماوەكەی بەپێی یاسای بێگەردو ئیمینكی لەپەرلەمان درێژ نەكراوەتەوە؟ مەگەر ھەڵبژاردن نزیك نیە؟ كە حكومەتی ڕزگاری زەروورە بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا، ئەدی بۆچی قبوڵی درێژكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت كرا؟
مادام قبوڵتان بووە دەبێ بەلوتفی نێچیربارزانیش ڕازیبن. خۆ دیارە بەدرێژكردنەوەی ماوەی حوكم بۆ پەرلەمان و حكومەت، ماوەی موچەخۆری گشت فەرمانبەرە باڵاكان درێژكراوەتەوە، بەوەزیرە دەركراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و لەكار ماوەكای كۆمەڵیشەوە. وە بەو پەرلەمانتارانەشەوە كەدژی ئەم شێوە حكومڕانیەن. چونكە ئەوانیش وەكو ئەوانەی سەر بە ھەردوو حزبی دەستەڵاتدارن كەیف بەم درێژكردنەوەیە دەكەن و بۆ ماوەیەكی زیاتر موچەخۆری موچەزۆر دەبن. بۆ ھەموان درێژكراوەتەوە، بۆیە با كەس لافی ئەوە لێ نەدات كە دژی درێژكردنەوەیە. وەك درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی ھەرێم كە بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی لەكارلادراو دەكرا. كە لەگەڵیدا ماوەی جێگرایەتی كۆسرەت ڕەسوڵیش درێژ دەكرایەوە. كەچی پڕۆتۆكۆڵی دەباشانی لەگەڵ نەوشێروان مستەفادا واژۆ دەكرد.
ئەگەر ڕاست دەكەن و دژی ئەم حكومەت و پەرلەمانە درێژكراوەن فەرموون ئیستقالە بكەن و بەفعلی دژی درێژكردنەوەو فەشەلی حوكمڕانی بن.!
وەرنەدەرەوە لەحكومەتێكی درێژكراوەی فاشل. بەڵام ڕاست ناكەن، ھەر ھەمووان ئەم درێژكردنەوەیەیان پێ خۆشەو لەقوڕگ بەرەوخوارەوە شایی دەگێڕن. خەڵكی كوردستانیش بەم گوفت و لوتفانە دەخافڵێنن. ئەگینا بەكردار دەیسەلمێنن كە دژی درێژكردنەوەو پێشیلی یاساكانی ھەڵبژاردنن و قایل بەسوكایەتیكردن نین بەدەنگی خەڵك.
ئاخر ئەوانەی دژی یاسای جیاوازی موچەی فەرمانبەرێتین موچەی زۆرو زەوەند وەردەگرن. دژی درێژكردنەوەن بۆ ئەوانیش درێژكراوەتەوە. ئیتر نەقدی چی لە نێچیرو قوبادو دارودەستەكەیان دەگرن؟ ئەی ئەوەنیە ھێشتا وەكو نێچیرو ئیمینكی و جێگرەكانیان تامی درێژكردنەوە دەچێژن؟ یان باڕاستگۆبن و بڵێن ڕازین بەدرێژكردنەوە یا لەئانی درێژكردنەوەدا ئیستقالەی خۆیان بدەن و ببنەوە بەھاوڵاتی ئاسایی، وەكو ھەرفەرمانبەرێكیتر بچنەوە سەر پیشەكانیان. خۆ قابیلە بەم گەنجیەوە چاوەڕێی خانەنشینی پلە باڵا نین… وەك ئەوانەی پێشوتر كە بینیمانن.
بینیمان وەزیری خانەنشینی پلەی لیوا ھەیە.
وەزیری خانەنشینی پلەی وەزیر ھەیە.
وەزیری خانەنشینی پلەی پەرلەمان ھەیە.
خانەنشینی تەمەن خوار 30 ساڵ ھەیە.
پەرلەمانتاری ھەرزەكاری لوسكەی خانەنشین ھەیە.
تكایە با ویژدانتان بەقەد ڕیقنەیەك بجوڵێت و مەھێڵن فەزیحەی لەوە زیاتر نەبینین. تا وەكو ئەوان بن چیتر پارتی و یەكێتی خەتابار مەكەن، وەرن بەفعلی لەوان جودابن.
بڕو بوجگوڕی خۆتان لەم حكومەتە درێژكراوەیەدا وەكێشنەوە ئینجا داوای حكومەتی ڕزگاری و ئینتقالی بكەن. چونكە بە بەردەوامیتان بەم كردارو گوفتارانە ھەم ئەم دەستەڵات زیاتر دەھێڵنەوە ھەمیش خەڵك حاڵ خراپترو بێ ئومێدتر دەبێت، وە ئایندە تاریكترو چارەسەر یش تاخیتر دەبێت. ئەگەریش ئێوە چاوەڕێی وەحی سیاسین ئەوا بەڕاشكاوی بیڵێن با ئیتر خەڵك خەمی حاڵی خۆیان بخۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت