عەبدولڕەحمان عەلی: ئایا کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی پڕتوندوتیژییە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ ( 25) ی نۆڤەمبەرە کەبەڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناوزەند کراوە، بۆیە لەم ڕۆژەدا لەلایەن ڕێکخراو و دامەزراوەکانی تایبەت بەژنان و کچان چالاکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام دەدرێت لەسەرجەم وڵاتانی دنیا بەهەرێمی کوردستانیشەوە.
بۆیە دەکرێت لەم یادەدا پرسیارێک بوروژێنرێت و بەجدی لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت، کەئایا تەنها ڕەگەزی مێیە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت یان کۆی کۆمەڵگایە؟
گەر بمانەوێت وەڵامێکی ڕاست و دروستمان چنگ بکەوێت ئەوا ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرونکوڵی لێنەکراوە کە لەکۆمەڵگەی کوردیدا توندوتیژی لەحاڵەتەوە دەرچوەو بۆتەدیاردە، بەڵام دیاردەیەکی ترسناک و مەترسیداریشە.
لەنێو کۆمەڵگاجیاوازەکانی دونیادا توندوتیژی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەگشتی هەیە، بەڵام لەهەرێمێکی بچوکی وەک هەرێمی کوردسناندا توندوتیژییەکان لەبری کارکردن بۆ نەهێشتن و کەمبونەوە کەچی زیاتر تەشەنەیان سەندوە، و تەنها ڕەگەزی مێینەشیان نەگرتۆتەوە بەڵکو توندو تیژی هەموو توێژەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگەیان گرتۆتەوەو ڕۆژ دوای ڕۆژو ساڵانەش ئامارەکانیان بەرەو ژوورتر هەنگاودەنێن.
ئەمڕۆ لەیادی (25) ی نۆڤەمبەردا ئاماری نوندوتیژی بڵاوکرایەوە کەتەنها لەسلێمانی لەمساڵدا (2017)تاکو ئێستا نزیکەی (2000) حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر ڕەگەزی مێ ئەنجامدراوە، دیارە ئەم ڕێژەیە هەرئەوانەن کەسکاڵایان کردوەو لەسەنتەرو بنکەکاندا تۆمارکراون کە بەدڵنیاییەوە چەندین هێندەی ئەوەش نە نوسراوەو نەسکاڵاشیان تۆمارکردوە.
ئەوە لەم کۆمڵگەیەدا هەر ڕەگەزی مێ نیە ئازاردەدرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بەڵکو پیاوان و ڕەگەزی نێریش بێبەش نەبوون لەئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا یەکێتی پیاوانیش ئامارێکی بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند کەلەساڵی (2017)دا (600) پیاو توندوتیژییان بەرامبەرکراوەو دەیانی تریش کوژراون.
جگەلەمانەش ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین کەتوندوتیژی هەمەچەشن بەرامبەر توێژەجیاوازەکانی نێو کۆمڵگە دەکرێت لەمنداڵەوە بگرە تا دەگاتە قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، گەنج و پیرو پەککەوتەش.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەگوندێکی کوردستان بینیمان کە باوکێکی ویژدان مردوو لەگەڵ باوەژنێکی بێ بەزەییدا چۆن بەشێوەیکی دڕندانەو دوور لەهەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی میهنازی تەمەن 4 ساڵانەیان لەژێر ئەشکەنجەو ئازاردا گیان کێشاوچەندە بەزەلیلی کوشتیان.
هەرێمێک لەماوەی تەنها (10)مانگدا ( 1 ) ملیۆن و( 250) هەزار سەرپێچی هاتوچۆی تێدا تۆمارکرابێت لەکۆی (5)ملیۆن کەس، هەرێمێک حکومەتەکەی خۆی سێ ساڵە مافی (1)ملیۆن و (400) هەزار موچەخۆرو فەرمانبەری خۆی پێشێل کردبێت، هەرێمێک حکومەتەکەی خۆی دروستکەری دەیان تەنگەژەو قەیران بێت وکۆی دانیشتوانەکەی خستبێتە حاڵەتێکی ناجێگیری دەرونی و ژیاری ئەوا توندوتیژییەکان تێیاندا نەک بنەبڕوبەکۆتا نایەن بە پێچەوانەوە، باڵانسی توندو تیژییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان تێدا زیاترو زۆرتر دەبن کەبەدڵنیاییەوە لەتوێژێکەوە جیاوازە بۆ توێژێکی تری کۆمەڵگە.
بۆیە گەر بێت و میکانیزمێکی خێراو نەخشەڕێگایەکی ورد بۆبەرگرتن لە توندوتیژییەکان و پێشێلکارییەکان لەم هەرێمەدا بەرامبەر مرۆڤەکان بەشێوەیەکی گشتی دانەنرێت و پاراستنی بەها مرۆڤایەتیەکان و بەگژاچونەوەی توندوتیژی نەکرێتە کلتورو خەمی گشتی، ئەوا توندوتیژی دەبێتە دیاردەیەکی قێزەون و بەرۆکی هەموو تاک وتوێژەکانی کۆمەڵگە بەتەواوی دەگرێتەوە، و کۆمەڵگە بەتەواوی سیخناخ دەبێت بەتوندوتیژی و کۆمەڵگای کوردی بەکۆمەڵگایەکی توندوتیژ هەژمار دەکرێت، ئەوساش کارکردن بۆ چارەسەرکردنیشیان نزیک دەبێتەوە لەموستەحیل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت