کارا فاتیح: جێگر یان شەریک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کە دەوڵەت لە فۆڕمە مەدەنییەکەیدا لە عەقڵی ئەمانەدا جێگر نەبووبێت، لە بەڕێوەبردنەوە بووبێتە خۆسەپاندن، لێپرسراوێتی لە خزمەتکردنەوە بووبێتە هەموو شت بۆ خزمەتی خۆت، ئیتر نەک چەمکە ئەکادیمی، یاسایی، سیاسی و کارگێڕییەکان، بگرە چەمکە زۆر ئاشناکانیش لە بیرکردنەوە و دەماغی تەماعکارانەی ئەمانەدا دەبن بە مەخسەرە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتە، هەموو کەسێکی خوێندەوار یان نەخوێندەوار، یان هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی هۆشیاریدا بێت دەزانێ جێگر مانای چی:
1- لە غیابی بەڕێوەبەر/ سەرۆکدا وەک بەڕێوەبەر/ سەرۆک کار دەکات و هەموو کارەکان ڕادەپەڕێنێت.
2- لە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر/ سەرۆکیشدا فشاری سەر بەڕێوەبەر/ سەرۆک کەم دەکاتەوە و بە پێی ڕێکاری یاسایی لێپرسراوێتیی هەندێ کاری دەگرێتە ئەستۆ.
3- لە کاتی مردن یان دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەر/ سەرۆکدا بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت.
کارکردنی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت لە کوێی ئەم تێگەییشتنە سادەیەدایە بۆ جێگر: لە زۆربەی سەفەرەکاندا هاوشانی سەرۆکە، لە واژۆکردنی زۆربەی گرێبەستەکاندا ئامادەیە، ڕەنگە هەندێ بڕیاری سەرۆک، بە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ جێگر و وەرگرتنی بۆچوونی دەرنەچێت، هەموو ئەمانەیش مانای جێگر بۆ ئەم پۆستە بەتاڵ دەکەنەوە و دەیکەنە شەریک.
شەریک چییە؟ پشکپشکێنەیە، پشک لە خێروبێری دەستبەسەرداگرتنی پۆستدا، دابەشکارییە لە سامانی بەردەست و بەدەستهێنان یان دەستدرێژیکردنە سەر سامانی ئەوانی تر… بە کورتی سەرۆک و جێگر دەکرێت بە عەقڵی دامەزراوەیی و ئیداری کار بکەن و خزمەت بکەن، بەڵام دوو شەریک تەنها بە عەقڵی بەرژەوەندیخوازی و زۆرترین بردنەوە و قازانج… دوو شەریک هەمیشە کاری یەک تەواو ناکەن، بەڵکو یەک کار دەکەن و هەر یەک چاوی لە پشکی خۆیەتی. دوو شەریک لە دوو ڕێگاوە دەچنە سەر یەک غەزنە و هەرچییەک بێت، چ قازانج یان دەستکەوت یان تاڵانی بە پێی مەنتیقی هێز بەشی دەکەن، دوو شەریک لە کاتی دەستکەوت و قازانجدا کۆک و تەبان، لە شکستیشدا بەرپرسیارێتیی هەڵناگرن و لەناو کەشی شەراکەت و یەکتر تۆمەتبارکردن و بارودۆخدا ونی دەکەن.
نێچیرڤان بەرزانی لە هەر کوێ بێت، قوباد تاڵەبانییش لەوێیە، کەواتە کێ کاری هەبوە و بۆ کێی بە جێ هێشتوە؟ وەڵام کەسیان کاریان نییە تا بۆ ئەوی تریان بە جێی بهڵێت. ئەوان کار ناکەن، ئەوان تەنها خاوەنداری دەکەن. ئەوان خۆیان بە خاوەنی هەموو شت دەزانن بۆ خزمەتی خۆیان، نەک بۆ لێپرسراوێتی، ئەم لۆژیکە بۆ لێپرسراو و بەڕێوەبەری بچوکترین بەشی دائیرەی حکوومەتەکەیان دێتە خوارەوە، ئەوەی دەبێتە مودیر، خۆی ساحێب ماڵە، ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی دائیرە بۆ بەرژەوەندیی بە کار دەهێنێت، وەك ماڵی خۆی دەچێتە سەر کورسی و كێی بوێت دەری دەکات و كێی ویست دەیهێنێتە لای خۆی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت