دکتۆر کەمال میراودەلی: گاتاکان، سروودە پیرۆزەکانی زەردەشت. بەشی پێنجەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گۆرێنی وشەیی و بە شیعر و لێکدانەوەی

چۆن  خوێندکارێکی گەنجی فەرەنسی حەوت ساڵ تەمەنی خۆی تەرخانکرد تا ئاڤێستای بۆ ئەوروپا هێنا؟

ئەم چێرۆکەی چۆن ئەوروپا ئاڤێستا و گاتاکانی دۆزیەوە، وەک وتم، لە لایەن ویلیام ویتنی یەوە لە کتێبەکەیدا [دیراساتی ڕۆژهەڵاتیی و زمانەوانی کە لە 1873 دا چاپکراوە، تۆمار کراوە، ئەمەی خوارەوەش هەر قسەی ئەون دەیانگۆڕم. [ویتنی. ل 154- 158]

[ ئەوە حەماس و پەرۆشی  گەنجێکی فەرەنسیی بوو،  بە ناوی ئەنکیتیل دوپیرۆن،  کە یەکەمجار ئەم ئەدەبەی [ئاوێستایی] خستە بەر  دیدەی ڕۆژاوایی.

ئەنکیتیل دوپیرۆن لە سالی  1754 لە پاریس دەژیا، پیاوێکی زۆر گەنج بوو،  بە حەز و  سۆزەوە، لە کتێببخانەی مەلەکی. [پاریس] دا خەریکی باسکاریی رۆژهەڵاتیی بوو کە چەند دێرێکی لەو دەستنووسانەی ئۆکسفۆردی [ هاید] کەوتنە بەرچاو. یەکسەر ئەو بڕیارە نەگۆڕەی  دا –  بڕیارێک کە تا رادەیەک هەڵەشەیی و خەیاڵی بوو،  کە بۆ ئێران یان هیندستان بچێ و هەرچۆنێک بێ  ئەو کارە قەدیمانە لەگەڵ ئەو زانیارییەی بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەیان پێویستن، بۆ پاریس بێنێتەوە.

ئەنکیتیل وزەو تاقەتی گەنچێتیی زۆر و حەماس و خواستی کەسایەتییەکی  بەهێزی هەبوو، هەروەک چۆن ئەم تایبەتمەندییانەی لە بڕیارەکەیدا نیشان دا، لە جێبەجێکرنی پرۆژەکەشیدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەریخستن.

هەرچی بۆی دەکرا خستیە کار، تا ڕێبازێک بۆ سەفەرکردن بۆ ڕۆژهەڵات بدۆزێتەوە و لەوێش لەماوەی کارەکەیدا یارمەتی و پشتیوانی بەدەستبێنێت. بەڵام سەرکەوتنی لەم ئامانجەدا دوور دیار بوو، ئەویش رۆحێکی بێ سەبری هەبوو دەیویست هەرچی زووە بڕوا. لە بەر ئەوە  بە خۆبەخشی وەک سەربازێکی پرایڤەت [تاک] لە خزمەتی سەربازیی کۆمپانیای هیندیدا خۆی تۆمارکرد.. دڵنیا بوو کە ئەم کارە بە ئۆقیانۆسدا هەلی دەگرێت و بۆ باقی کارەکەش خۆی  دەداتە دەست ئایندە.

بە کردەوە، بە پیادەیی لەگەڵ کۆمپیانیاکەدا لە مانگی نۆڤەمبەر[ی 1754] دا کەوتە ڕێ دوای دە ڕۆژ گەیشتە ڕۆژەڵات [هیندستان]، بەڵام ناوبانگی حەماس و خواستی بەهێز و خۆتەرخانکردنی   پێش خۆی گەیشتبوو، بە نرخاندنەوە سەیری پەیامەکەیان دەکرد. بۆیە هەر کە گەیشت لە خزمەتی سەربازیی ئازادیان کرد. پێنج سەد فرەنکیان وەک خانەننشینی دایە لەگەڵ مافی سەفەرکردن لە کەشتییەکی کۆمپانیاکەدا بە خۆڕایی. لەگەڵ بەڵینی ئەوەی هەرچی پێویستی بێت بۆ ئەنجامدانی کارەکەی بۆی دابین بکەن.

لە دە ی مانگی ئابی  1755 دا گەیشتە پۆندیچیری. زۆر کۆسپ هاتنە ڕێگەی سەرکەوتنی کە بە هۆی پێوەندی خراپ و نادۆستانەی نێوان فەرەنسییەکان و ئینگلیزەکانەوە بۆی دروستبوون. کە هەردووکیان تازە پرۆژەی ژێردەسەڵاتکردنی [ڕۆژەڵاتیان] دەستپێکردبوو. بەڵام نەبوونی وردبوونەوە و سەقامگیریی خۆشی دەوری لەمەدا هەبوو. بەم جۆرە سێ ساڵ تیپەڕی بەرلەوەی بە ڕاستی دەست بەکارەکانی بکات. بەڵام ئەو ماوەیەی بە خەسار نەدابوو. ئەوەندە خۆی فێری زمانی هیندیی و زمانەکانی ڕۆژهەڵاتیی تر کرد بوو، کە لە ئەرکەکانی  ئاییندەی دا یاریدەی بدا و بە فراوانی سەفەری بە ناو هیندستاندا کرد بوو، لە پۆدیچیری یەوە بۆ بەنگال و لە وێشەوە هەمووی بە ڕێگەی زەمینییدا، هەتا گەیشتە سورات.

چیرۆکی ئەو سەفەرانەی و هی هەموو ماوەی مانەوەکەی لە هیندستان لە یەکەم بەرگی کتێبەکەیدا [زەند- ئاڤێستا] باس کردووە. [ویتنی،  156]

ئاخری گەیشتە سورات. کە زەمینەی کارە جدییەکانی بوو.  لە ڕۆژی یەکی مانگی مایسی  1758ەوە،  بۆ  ماوەی سێ ساڵ ماڵی خۆی لە وێ دانا. ئەو ماوەی لە بەنگال بوو سەرۆکی پۆستی فەرەنسی لە سورات کە پرۆژەکەی خۆی بۆ باس کردبوو، خەبەری دابوویە کە چەند قەشەیەکی [مۆبیدێکی] پارسی [ زەردەشتی] لەوێ ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو کە ببنە فێرکاری و کتێبە پیرۆزەکانی خۆیانی بۆ بکەنەوە و زانیاری دەربارەی ئەو زمانانە بدەنێ کە ئەو تێکستانەی پێ نووسرا بوون.

 تا ئەو کاتە پارسەکان بە توندی نهێنییەکانی خۆیان لە بیانییان پاراستبوو. بەڵام ناکۆکییەک لە نێوان پارسەکان خۆیان ڕیگای بۆ ئەوە خۆش کرد کە هەندێکیان ئەم ئارەزووی ئامادەییبوونە بۆ کردنەوەی ئەو نهێنییانە بۆ کەسێکی بیانی ڕەچاو بکەن. ناکۆکییەکە لە نێوان دوو گرووپی پارسییدا بوو لە سەر ئەو چاکسازییەی دەیانەویست لە ئایینەکەدا بیکەن، گروپی کۆنەخوازەکان [کۆنسێرڤەتیڤەکان] لەلایەن هۆلەندا وە پشتیوانیان دەکرا، لە بەر ئەوە چاکسازییخوازەکان ویستیان خۆیان لە فەرەنسا نزیک بکەنەوە و پشتیوانی ئەوان بەدەستبێنن، بۆیە کە سەرۆکی پۆستی فەرەنسا لە سورات داوای لیکردبوون یارمەتی پرۆژەی خوێندکارێکی گەنجی فەرەنسی بکەن بۆ شارەزابوون لە ئاینەکەیان و کتێبە کۆنەکان و زمانەکانیان، ئەوان بەلێنیان پێدابوو، بەڵام قەت چاوەڕێی ئەوە نەبوون ئەمە ببێتە ڕاستیی و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو گەنجە بە ڕاستیی لە ناویاندا قوت بێتەوە و داوای بەجێگەیاندنی ئەم بەڵێنە بە فەرەنسا بکات! بەلام ئەمە ڕوویدا، ئەکیتیل پەیدا بوو!

هیشتا ئەنکیتییل دەبوو زۆر ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی بەکاربێنێت: بەخشندەیی لە کڕینی دەستنووسەکاندا، پارە دان بۆ دەرسەکانی فێرکردنی، بەکارهینانی پیوەندی و فشاری سیاسیی، تەنانەت بەکارهێنانی هەڕەشەکردن.

هەرچۆنێ بێت یەکەم جار کۆرسی فێرکردن ڕەزامەندیی لە سەر بەدەستهێنرابوو’، وردە وردە بنیاتنانی متمانە و ڕاستگۆیی جێگەی گومان و خۆپارێزیی گرتەوە، بە تایبەتی کە مۆبیدەکان زۆر سەرسامبوون بە حەماس و زیرەکی و خێرایی فێربوونی شاگردەکەیان و دروستبوونی عادەتی کۆگەیاندن [قسەو گوفتگۆکردن] وای لێکردن ئەو شەرمە سروشتییەیان لە نزیکبوونەوە لە بیانییان، دەربارەی ئاشکراکردنی ئەو نهێنیانەی لای خۆیان بە پیرۆز دادەنران، نەمێنێت. ڕاستیی یەکەمجار، ئەم شەرمە تاقە کۆسپی بەردەم ئاشکراکردن و پێدانی کتێبە پیرۆزەکانیان بوو، لەو کاتەوە ئەم کۆسپە بە تەواوەتیی لاچوو.

ئەنکیتیل توانی کۆپییەکی تەواوی، هەندێ جار زیاتر لە یەک کۆپی، هەموو ئەو تێکستانە بەدەستبێنێت کە لای پارسەکان بوون، و بە هاوکاری کەسانی تر کۆکارەکانی ڕێکخستن. ئەوسا دەستیکرد بە خۆماندووکردن بە لێکدانەوەکانیان لە لایەن مامۆستاکەیەوە [دەستور داراب، بە وردی هەموو شتێکی تۆمار دەکرد [دەنووسیەوە]، و ئەوەندەی بیتوانیبایە پارچە نووسینەکانی بەراورد دەکردن. تا زیاتر قەناعەت بە باوەڕچاکیی و متمانەداری سەرچاوەکانی بێنێت.

وەک ئامرازی گفتوگۆ، ئەو بە فارسی نوێ قسەی لەگەڵ دەکردن. بەڵام لەوە زیاتر ئەو بە ڕێکیی سەردانی پەرستگاکانی دەکردن، لە دەستوورە ئایینیەکانیاندا بەشدار دەبوو، خۆی لە مێژووی ئایینەکەیان و کۆمەلگاکەیان، هەلومەرجی ژیانیان، عادەت و نەریتیان، باوەڕ و بۆچوونەکانیان، شارەزا کرد .

لە ئەیلوولی  1760 تا ئەو پەڕی توانستی خۆی، ئەو ئەرکەی تەواو کرد کە لە سەرەتاوە خۆی بۆ تەرخانکرد. خۆی بۆ پرۆژەیەکی تر ئامادە کرد کە لە بەرنامەیدا بوو، ئەویش ئەوە بوو کە دیراسەی زمانی سانسکریتی بکات و [کتێبە پیرۆزەکانی هیند] ڤێداکان بەدەستبێنێت و تەرجەمەیان بکات. لەو کاتەدا پۆندیچێری لە لایەن ئینگلیزەکانەوە داگیر کرا، دەسەلاتی فەرەنسا لە هیندستان تێکشکا و کاریگەری [سیاسییان] نەما. بۆیە ناچار بوو واز لە پلانەکانی داهاتووی بێنێت و بگەڕێتەوە بۆ پاریس. گەرانەوەکەی بە کەشتییەکی ئینگلیزی بوو کە سەفەر و سەلامەتی گەرانتی کرابوو. ئاخری. دوای غەیبەتێکی زیاتر لە حەوت ساڵ،  لە پازدەی مانگی مارتی 1762 دا گەیشتەوە پاریس.

لە ئینگلتەرا هەر ئەوەندە خۆی دواخست کە سەردانیکی کورتی ئۆکسفۆرد بکات، تا بەرواردی دەستنووسەکانی خۆی لەگەل ئەوانەی ئەوێ بکات و بزانێ هیچ شتێک لەوێ هەیە کە ئەو نەیبێت.

ئەو هەموو ئەو کۆکارانەی بەدەستی هێنابوون لەکتێبخانەی مەلەکی پاریس دا دانان و یەکسەردەستی کرد بە ئامادەکردنی بەری رەنجی حەوت ساڵەی بۆ بڵاوکردنەوە. لەگەڵ تەرجەمەکردنی تەواوی کۆکاری نووسراوە پیرۆزەکان. بەرهەمی کارەکەی لە ساڵی 1771 دا دەرکەوت. لە سێ بەرگدا بەناوی [زەند- ئاڤێستا: کۆکارەکانی [کۆمەڵە تێکستەکانی] زەردەشت.

“Zend-Avesta, Ouvrage de Zoroastre,” بڵاوی کردنەوە. زیاد لەمەش، لە گۆڤارە ئەدەبییە فەرەنسییەکاندا چەندین وتار و باسی جۆراوجۆری گرنگی دەربارەی هەندێ خاڵی تایبەتی لە کۆنەواریی و میژووی ئێرانیی بلاوکردنەوە.]

لێرەدا چیرۆکی بەدەستهیاننی تێکستەکانی ئاڤێستا لە لایەن ئەو گەنجە رووناکبیرە خوێنگەرمە فەرەنسییەوە وەک ویتنی دەیگێڕیتەوە کۆتایی هات، دوای ئەوە ویتنی بە کورتی باسی ئەوە دەکات چۆن بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی ئەکتیل هەرای نایەوە بە تایبەتی لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیای ناحەز و مونافیسی یەکتر. و دوو بەرەی دروستکرد: بەرەیەک کە دەستخۆشیی و پیرۆزبایی لێدەکرد و ستایش و پشتگیری دەکرد، بەرەیەک [ بەتایبەتی ئینگلیزەکان] کە بەتوندی دژی دەوەستا و تەنانەت هیڕشی توندیان دەکردە سەری و کارەکەیان یان بە خەیاڵی و فانتازیا و ساختەکراو دادەنا، یان بە شتێکی هیچ و بێ نرخ، بە تایبەتی کە تا ئەوساش کەس نەبوو کە لە تێکستەکان خۆیان بگات و سروشت و ڕەوشی زمانەکەیان ڕوون نەکرابۆوە.

ویتنی ئاوا هەڵسەنگاندنی خۆی دەربارەی کارەکەی ئەنکیتیل دەکات: هەرچۆنێ بێت کەس ناتوانێ ئینکاری ئەوە بکات کە ئەنکیتیل بە هۆی پاڵنەری بەرز و  دوور لە بەرژەوەندی  کەسیی خۆیەوە، بە تاقەتێکی دەگمەن و  بە بەرهەڵستکردنی ئەو هەموو کۆسپە نائاساییانەی هاتنە بەردەمی:

 کاری بەدەستهێنانی کتێبە پیرۆزەکانی ئێرانی. کە دراونە پاڵ زەرەدشت،  بۆ ئەوروپا ئەنجام دا.

لەمەش زیاتر، ئەوەندەی توانی ڕۆشنایی خستنە سەر ماناکانیان.

 هەروەها ئەو بوو، کە خەرمانی بەنرخی کەرەسەی نووسراوی خستە بەردەست باسکارانی تر،

و کاریگەرییەکی بەهێزی هەبوو کە سەرنجی گشتی بۆ دیراسەکردنیان ڕابکیشێت.