تێکۆشەر حوسەین: ڕێگاکانی ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕۆژی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی جیهانی دا واتا بەرواری 9 ی دیسمبر دا دەمانەوێ تیشک بخەیەنە سەر گەندەڵی، جۆرەکانی چین؟ هۆکارەکانی چین؟ دیاردەکانی چین؟ یاسای ڕوبەڕوبونەوە چیە بۆ گەندەڵی؟ چۆن دەتوانین لێی دەربازبین، کامانەن ئەو کۆمەڵگانە کە توشی گەندەڵی هاتوون لە خوارەوە دێین بە ووردی باسی لێوەدەکەین، سەرتا سادەترین پێناسە بۆ گەندەڵی بریتیە:
بەدبەکارهێنان یا خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و شەخسی هەروەها بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ خزم و کەس و کار واتا محسوبیەت و منسوبیەت، هەروەها پێشێل کردنی ڕێنمایی و یاسا و دەستور و ڕاسپاردە.
لە دنیای ئەمڕۆی پێشکەوتندا گەندەڵی بە یەکێک لە هەرە ئافاتە گەورەکانی کۆمەڵگە دادەنرێت، ئەمەیش لە ئەنجامی کەمبونەوەی هۆشیاری و مرۆڤایەتی و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی سەرشانمان … بۆئەوەی بچینە وردەکاریەوە سەرەتا بابێین بزانین جۆرەکانی کامانەن ؟

ـ جۆرێکیان گەندەڵی ئیداریە
ـ جۆرێکیان گەندەڵی دارایی یە
ـ جۆرێک گەندەڵی سیاسی یە
ـ جۆرێک گەندەڵی ئەخلاقیە
ـ جۆرێک گەندەڵی کۆمەڵایەتیە

ئێستا کەزانیمان جۆرەکانی چین، بابزانین:

هۆکارەکانی چین ؟
ئەگەرچی جۆر و هۆکارەکانی گەندەڵی تۆزێک لەیەکترەوە نزیکن بەڵام دێین یەک بەیەک هۆکارەکانی شیدەکەینەوە :

یەکەم : هۆکاری سیاسی
هۆکاری لاوازی دەسەڵاتی دامەزراوە حکومیەکان بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هەریەک لە سێ دەسەڵاتە سەرەکی یەکە بەتایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەروەها ونبونی ئەرک و مافەگشتی و تایبەتیەکان لەناو کۆمەڵگەدا .

دووەم: هۆکاری ئابوری
کۆمەڵگە بەجۆرێک دوچاری بارودۆخێکی ئابوری خراپ دەبێتەوە توشی داڕمانی ئابوری دێت، بۆ نمونە بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و گەمارۆی ئابوری و بەرزبونەوەی خەرجیەکانی ژیان و بڵاوبونەوەی گەندەڵی ئابوری و ڕامیاری.

سێیەم: هۆکاری کۆمەڵایەتی
هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینکەیەکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت.

چوارەم: هۆکاری دینی
لەهەر کۆمەڵگەیەکی پەیوەست بە ئایینەوە، لاوازی خیتابی دینی وادەکا کۆمەڵگە پەلکێشی گەندەڵی بێ، بەوەی پیاوانی دینی کۆمەڵگەکە نەیانتوانیوە پەیامەکە بگەیەنن.

پێنجەم: هۆکاری پەروەردەیی
لاوازی هەریەک لەلایەنی معنی و معریفی پەیوەست بە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەبێتە هۆی بڵاو بونەوەی گەندەڵی.
بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی ئەمانە کۆمەڵێک بون لەو هۆکارە سەرەکیانە کە دەبنە هۆی بڵاو بونەوەی گەندەڵی، تا ئاستێک وای لێدێت لە کۆمەڵگە دا ئەبێتە دیاردە، سەرچاوەی بڵاوبونەوەی دیاردەکەش بە هەمان شێوە پەیوەستە بە هەندێک دیاردەی ترەوە ئەمانیش ( ڕیشوە و بەرتیل خۆری و خزم خزمێنە و واسیتە و کەمبونەوەی پاداشت و شایستەی دارایی و ئیستغلال کردن و بەکارهێنانی موڵک و ماڵی گشتی و کەمی پابەندبون بە دەوامی فەرمی و کەمبونەوەی گرنگی کات و… هتد.)
گەندەڵی بە پێی حەجمی خۆی لەهەر وڵاتێک بڵاوبویەوە وڵات توشی داڕمانی ئابوری دەکات دەربازبونیش لێی ئەستەم دەبێ واتا بە پێی ی هەمان حەجم ڕاستەوانە دەبێ ، لەخوارە باس لە ڕووبەڕوبونەوە دەکەین.

ڕێگاکانی ڕوبەڕوبونەوە :
بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بنەبڕکردنی ئەرکی سەرشانی تاک بەتاکی کۆمەڵگەیە وەک ئیلتیزامی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتمانی و مرۆڤایەتی.
یەکەم: دووبار پێداچونەوە بە یاساکارپێکراوەکان کە هۆکارێکن بۆ بڵاو بونەوەی گەندەڵی و ڕێخۆشکەرن، هەروەها نەهێشتنی ڕۆتین لە دامەزراوە حکومیەکان و جێبەجێکردنی سزای گەندەڵی بۆ گەندەڵکاران و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا.
دووەم: هۆشیاری کۆمەڵایەتی ، لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەست بەدژەگەندەڵی و نیشتمان دۆستیە کاربکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دژ بەگەندەڵی و ڕاهێنانی تاک و پەروەردەکردنیان بە نیشتمانەوە.
سێیەم: دیاری کردنی پاداشت، لە بەرانبەر بنەبڕکردنی هەرگەندەڵیەک لە هەر ئاستێک لە هەر دامەزراوەیەک لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.
چوارەم: بەهەمان شێوە دیاری کردنی سزا، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبونەوەی دیاردەکە، بەشێوەیەک گونجاویش بێ، ببێت بە پەند و پەشیمانی بۆ کەسی گەندەڵیکار.
پێنجەم: دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاو بۆ هاونیشتمانیان و دامەزراندن و هێنانە پێشەوەی فەرمانبەری لێهاتوو موختەس بەو بوارە لە دامەزراوە حکومیەکان.
شەشەم: لە بواری پەروەردەوە ساڵانە بڵاوکراوەی تایبەت بە بنەبڕکردنی گەندەڵی بڵاو بکرێتەوە، هەروەها لەناو کۆمەڵگەش لەلایەن پیاوانی دینیشەوە بە هەمان شێوە.
حەوتەم: پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بە دژە گەندەڵی لە هەر فەرمانگەیەک بۆ ڕێگریکردن و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
هەشتەم: هێنانە پێشەوەی گەنج و سود بینین لە توانا و کەفائەتیان و ئەو باوەڕە پتەوەی کە هەیانە لە بەرانبەر گۆڕان و گۆڕانکاری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت