عیماد عه‌لی: به‌ختیار عه‌لی وه‌ك سومبولی رۆشنبیری و نه‌ته‌وه‌یی كورد.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ولاتانی ناوچه‌كه‌ و سه‌رجه‌م جیهانیش بكه‌یت، هه‌ر یه‌كه‌ و نه‌ك یه‌ك دانه‌ به‌ڵكو چه‌ندین سومبولی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌ بواره‌كانی رۆشنبیری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و فكری و فه‌لسه‌فی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌رزشی و بواره‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی تریشیان هه‌یه‌ و پیرۆزبه‌ندیه‌كیان بۆ دروستكردون كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانن هاوكار بن بۆ پاراستنی شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌یان بۆیه‌ تا دوا دڵۆپه‌ی تواناكانیان پاڵپشتیانن و به‌رگریان لێ ده‌كه‌ن.
بۆ هه‌ر یه‌كه‌ و هێمایه‌كی تایبه‌تی و شكۆیه‌كی به‌رزیان دروستكردووه‌، كه‌ قوڵایی وڵاته‌كانیان ده‌رده‌خات و له‌ دونیاش رێزیان لێده‌گیرێت و سه‌رجه‌م تواناكانی وڵاته‌كه‌یان بۆ مانه‌وه‌ی شكۆمه‌ندی باڵای سومبوله‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ر و باڵای رێزلێگرتن و به‌ جوان ته‌ماشاكردنیان له‌ رێزلێگرتنی میله‌ت وڵاته‌كه‌یان به‌ گشتی ده‌بینن و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌یانبه‌ستنه‌وه‌. دیاره‌ ناو و پیرۆزی و سومبولێتی ئه‌وانه‌ ته‌نها له‌ توانا و پربه‌رهه‌می پسپۆری خۆیان و سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م توانای وڵاته‌كه‌یان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خراوه‌ته‌ گه‌ر و هه‌ریه‌كه ‌و هه‌ژمونێكی تایبه‌تی له‌ ئاستی نێوخۆی وڵاته‌كه‌یان و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان ده‌گاته‌ جیهانیش بۆ دروستكراوه‌. ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان جێگه‌ی رێزه‌ كه‌ مانه‌وه‌ی باڵایی ئه‌وانه‌ و به‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانن و له‌وباره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر و هه‌ڵسه‌نگاندنیان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هه‌مووی له‌ پیناو ئامانجێكی سه‌ره‌كیدایه‌ كه‌ ئه‌ویش شكۆمه‌ندی وڵاته‌كه‌یانه‌ زیاتر له‌وه‌ی بۆ كه‌سایه‌تیه‌كه‌ بێت.
لای ئێمه‌ی كوردیش جگه‌ له‌وه‌ی له‌ روانگه‌یه‌كی بینینی حزبی و سیاسی و به‌ پێوه‌رێكی ته‌سكه‌وه‌ ته‌ماشای سومبولگه‌لێمان ده‌كه‌ین كه‌ به‌توانای خۆیان توانیویانه‌ بگه‌نه‌ پله‌ی باڵا كه‌چی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ ده‌سه‌ڵات و نه‌ش ته‌نانه‌ت جۆری بیركردنه‌وه‌ی رۆشنبیران و دابونه‌ریته‌كه‌شمان نه‌مانتوانیوه‌ به‌رزتریان بكه‌ینه‌وه‌ و به‌ شكۆی كوردستانه‌وه‌ بیانبه‌ستینه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵته‌نگیه‌ هیچ خه‌تێكی سورمان نیه‌ بۆ شكاندنیان. هه‌موو هۆكاره‌كانیش بۆ به‌سیاسی كردن و به‌حزبی كردنی سه‌رجه‌م كایه‌كانی كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ وای لێهاتووه‌ ته‌نها له‌ گۆشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌ هه‌مه‌جۆره‌ شه‌خسی و حزبی و ناوچه‌گه‌ریه‌كه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێن و هه‌ڵوێسته‌كانمان له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت وبه‌ چاویلكه‌ تاریكه‌كان لێیان بروانین.
ئێوه‌ ته‌ماشای سومبوله‌كانی وه‌ك شێركۆ بێكه‌س و عه‌بدوڵا په‌شێو و عه‌بدولمه‌جید لوتفی وعه‌لی مه‌ردان و حه‌سه‌ن زیره‌ك و به‌ختیار عه‌لی و ده‌یانی تری به‌توانا و داهێنه‌ر بكه‌ن كه‌ به‌خۆیان له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌ركه‌وتون و خه‌ڵك به‌ رێزێكی گه‌وره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كات كه‌چی ئێمه‌ خۆمان وه‌ك میله‌ت و رۆشنبیران و ده‌سه‌ڵاتیش به‌هیچ كلۆچێك نه‌بوین به‌ هۆكاری و پاڵنه‌ری به‌ سومبولكردنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ئه‌و داهێنه‌رانه‌ و وامان لێنه‌كردن ته‌نانه‌ت له‌ پێناو یه‌كگرتوویی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی وه‌ك سومبولێكی پاڵنه‌ری خیر و خۆشی میله‌ته‌كه‌مان بن . ئه‌وه‌تا گیانی حزبایه‌تی و ته‌سكبینی و ئیره‌یی خودی رۆشنبیران و كێبركێی نابه‌جی و ركابه‌ری حزبی و شارچێتی و زۆر شتچێتی تریش وای لێكردووین ته‌نانه‌ت نه‌ك یارمه‌تی ئه‌و كه‌ڵه‌داهێنه‌رانه‌ بده‌ین به‌ڵكو تا بومان كرابێت بووین به‌ هۆی بچوكركدنه‌وه‌یان و له‌ قه‌واره‌ی داهێنانه‌كایانمان هه‌رچه‌ند گه‌وره‌ بێت بێ بایه‌خ كردووه‌ و كتومت به‌ پێچه‌وانه‌ی میله‌ت و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانیتر ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌تا به‌هۆی هه‌ڵوێستنێكی دیاریكراوی داهێنه‌رێكه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌كسی ئێمه‌ نه‌بێت و بۆ حزبه‌كانمان گرنگی نه‌بێت ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی لێ هانده‌ده‌ین و بێبایه‌خی ده‌كه‌ین.
بۆیه‌ به‌ راشكاوی ده‌یڵێم، ئه‌گه‌رئه‌م كه‌ڵه‌داهێنه‌رانه‌ له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و وڵاتێكی تردا بوایه‌ن ئێستا پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان ده‌بوو كه‌ به‌ سومبولی گشتی میله‌ت داده‌نران و ته‌ماشا ده‌كران و ده‌بوون به‌ فاكته‌ری پێشكه‌وتنی وڵاته‌كانیان. سڵاو له‌ به‌ختیار عه‌لی به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌لاته‌كه‌ی و هیوادارم ببێته‌ سومبلێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و ئێمه‌ش وه‌ك وڵاتان رێز له‌ داهێنه‌ره‌ باڵاكانمان بگرین و بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ پاڵپشتی ئه‌و سومبولانه‌ بین له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا نه‌ك به‌خۆمان ببینه‌ هۆكاری شكاندن و بچوككردنه‌وه‌یان و له‌ روبه‌رێكدا قه‌تیسیان بكه‌ین.‌

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies