سامانی وەستا بەکر: شەقی حکومەت و شاڵاوی شەقام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی کە حکومەتی هەرێم ماویەتی لە خزمەتگوزاری و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتی و بژێوی ژیان و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان، تەنها شــەقــە بەدەر لەوە هیچ لە هەگبەیا نەماوە تا سەرباریبکا، کە ئەمەش بۆتە بێ ئومێدی شاڵاوی شەقام، لێرەوە باس لە سێ جۆر لە شێوازی ناڕەزای دەربڕین تا ئاستی ڕوخانی حکومەت ئەکەین و ئەرکی مێژووی و ئەخلاقی ئەو لایەنانەش ئەخەینە بەرچاو کە لە ئێستایا ڕووبەڕوویان بۆتەوە.

خۆپیشاندان
ناسراوترین و جوانترین ڕووی دیموکراسیە بۆ دەربڕین و پیشاندانی ناڕەزای ئەو کۆمەڵ و کەس و لایەن و ڕێکخراوەیە کە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو یان گۆڕینی بڕیارێکی ھەنووکەی و بەدەستھێنانی ئامانجێکی و کورت خایەن، مام ناوەند یان درێژخایەن پێی ھەڵەسەن کە زۆرجار بێ توندوتیژی و بە بەدەنگەوەھاتنی لایەنی دەسەڵاتدار کۆتای دێت و ھەندێ جاریش لە بەدەنگەوەنەھاتنی لایەنی دەسەڵات سەرەکێشێ بۆ توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوە و تا ئاستی گرتن و ئازاری جەستەی و لە خراپترین دۆخیشا کوشتنیشی لێئەکەوێتەوە. خۆپیشاندان ئەکرێ دژی گرووپێک یان کۆمەڵەیەک یان خاوەنکارێک و خاوەن کۆگاکان یان دەزگایەک و وەزارەتێکی تایبەت و یان دژی خودی حکومەتیش بکرێ.

ڕاپەڕین
یاخی بوون یان ھەڵگەڕانەوە لە بێ ھیوابوون، بە بن بەست گەشتن، گوێنەگرتن، تاکڕەوی، نەخوێندنەوە، گەندەڵی و دیکتاتۆری دەسەڵاتێکی بنەماڵەی، خێڵەکی، تاک حیزبی یان گرووپێکی ناو حیزبێک یەتە ئاراوە، کە کۆمەڵانی خەڵک و ھاوڵاتی و تاکی چەوساوە پێیھەڵەسن و لە ھەندێک کاتی کەمدا بوار بۆ پێکھاتن و گفتوگۆ لەدوای ڕاپەڕین ئەمێنێتەوە و بەشێوەیەکی گشتی بە کۆتای ھاتنی حوکمی دەسەڵاتی باڵادەست کۆتای پێیەت و لە دوای ڕاپەڕین سەردەمی لەدایک بوونی مۆدێلێکی نوێ لە سیستمی حوکمڕانی یەتەئاراوە کە تا ئاستێکی باش لەگەڵ خواستی شەقامی یاخی و ڕاپەڕیوا یەکئەگرێتەوە.
خەڵکی بەش مەینەت و چەوساوەو مافخوراوی میلەت ئەگەر وشیاریەکی زۆریان لانەبێت ئەوا ڕاپەڕینیش ئەبێتە جۆرێکیتر لە زەرەو لەدەستدانی سامانی وڵات کە لە کۆتاییا ھەر لەگیرفانی ھاوڵاتیان دەرەچێ بە ھەڵکوتانە سەر داودەزگاکانی دەوڵەت و تاڵانکردن و سوتانیان بێ ئاگا لەوەی کە بەدەست و مەچەکی ماندوو چەوساوەی خودی خۆی ئاگر لە ماڵی خۆی بەرەیا کە ھۆکاری ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ھۆشیاری و نەخوێنەوە و گوێنەگرتنی دەسەڵات بۆ خواستی میلەت.

مانگرتنی گشتگیر نەک گشتی
یان ئیعتصامی مەدەنی جۆرێکیترە لە شێوازەکانی دەربڕینی ناڕەزای و گۆڕانکاری کە لە ھەردوو شێوازەکەیتر کاراتر و خێراتر و کەم تێچووترە لە ڕووی بەشەری و مادییەوە، ئەم جۆرە لە یاخی بوون یان ھەڵچوون پێویستی بە وشیاریەکی زۆری تاک بەتاکی کۆمەڵگە ھەیە بەجۆرێک ڕێکخستنێک و ھەماھەنگیەکی نەخشە بۆداڕێژراو لە نێوان ھاوڵاتی ئاسای و بازرگان و فەرمانبەرانی دەوڵاتا دروست ئەبێ کە ھەرلایەک لە ئاستی خۆیەوە کار بۆ ئیفلیج کردنی دەسەڵات و حکومەت ئەکات لەڕێگەی نەچوونە سەرکار، ڕاگرتن و نەھێنان و نەفرۆشتنی کاڵا و نەچوونە دەوامی فەرمانبەران و دانانی چەکەکانی پۆلیس و ئاسایش و گەڕانەوە ناو بەرەی میلەت، ئەم شێوازە زۆر کارایەو لە کورترین ماوەیا حکومەت لە کارئەخرێ و بەناچاری ئەبێ دەست لەکاربکێشێتەوە و نەخوێن ڕشتن و نە ماڵوێرانی و نە تێک و پێکدانی داودەزگاکانی لێئەکەوێتەوە بە جۆرێک تێچووی لەسەر شانی ھاوڵاتی ھێندە کەم ئەبێ کە ھەستی پێناکرێ و حکومەتی نوێ لەبری دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوو ڕاستەوخۆ دەست بە چاکسازییەکانی ئەکا.
ئەوەی ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانا ڕووئەیا لە کورترین پێناسەیا ڕاپەڕینە کە بە خوێناوترین و ماڵوێرانکەرترین جۆرەکانی گۆڕینی حکومەت و دەسەڵاتە ئەگەر بە ھۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ، کە لە ئێستایا ئەو ئەرکە مێژووی و گرنگە پشکی شێر کەوتۆتە ئەستۆی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی جەماوەری فراوان دووەم گەورەترین هێزی سیاسی و نزیکترین حیزب لە شەقام وەک هەرچۆن کۆمەڵی ئیسلامیش بە شێوەیەکی کەمتر هەمان ئەرکاکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکەوێتە سەر شانی ئەوانیش.
ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا لە بەیاننامەو کشانەوە لە حکومەتی ھەولێرا کۆتای پێنایە بەڵکو کاری سەرشانی بزوتنەوەی گۆڕانە کە ھەر ئێستا و دەماودەست ئەرکی پاراستنی ماڵی گشتی و داودەزگاکان بگرنە ئەستۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشا بکەن و پێیان ڕاگەیەنن و بۆیان ڕوونکەنەوە کە کۆتای ھاتنی ئەم دەسەڵات و حکومەتە کۆتای نیەو بەڵکو دەستپێکی ڕۆژێک و ژیانێکی شایستەترە کە خودی ئەوانیش قوربانی ئەو دەسەڵاتەن و لەبەر ئەو ھۆکارە و بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و نەڕشتنی خوێنی خۆیان و خوشک و برا ھاوڵاتیەکانیان لوولەی چەکەکانیان بکەنە زەوی و ڕایگەیەنن کە کاری ئەوان تەنھا پاراستنی ئاسایشی خەڵکی و سامانی گشتییە.
ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان سەرکردایەتی کردنی خەڵکانی توڕەو بەش مەینەت و مافخورای ڕاپەڕیوە، ڕاستە ڕاپەڕین سەرەتا بەشێوەیەکی خۆڕسک بوو بەڵام زۆر گرنگە ئەم ھێزەی شەقام لەژێر فەرماندەیی حیزبێکا کۆنڕوڵ و ئاڕاستە بکرێ بۆ پێکانی ئامانجەکانی نەک وێرانکردنی وڵات و لە کۆتایشا بێ ئەنجام دامرکێنرێتەوە.
ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانە خۆپیشان و ڕاپەڕینەکان تەنھا لە زۆنی مۆرو سەوزا قەتیس نەمێنێ بەڵکو ئەو مۆتەکەو دێوەزمەی خەڵکی زۆنی زەردی پێترسێنراوە بڕەوێنێتەوەو بیشکێنێ و کاربکا کە ئەو توڕەییەی خەڵک وەرگێڕێتە سەر شەقام و ھاوشێوەی ئەوەی لە ئۆکرانیا ڕووییا کۆی خەڵکانی ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم و کەرکوکیش ئاڕاستەی ھەولێربکا و کۆی دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان کۆنتڕۆڵبکرێ و بە شێوەی مەدەنی کۆبوونەوەی ملیۆنی لە ھەولێر و بەتابەتیش لە کۆی سەرۆکایەتیەکانی ھەرێما بکرێ.
ئەرکی مێژووی هەڵسوڕاوانی دیارو سەرکردە و خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرکردە باڵاکانی کۆمەڵی ئیسلامییە بەئاشکرا پشتگیری شەقام بکەن و دەستبەکاربن بۆ بەدیهێنانی دواکارییەکانیان و هۆشیاری بەن بە خەڵکانی توڕەی سەر شەقامەکان کە هێرش نەکەنە سەر داودەزگا حکومییەکان بەڵکو بە شێوەیەکی مەدەنی کۆنترۆڵی دەزگا بڕیاربەدەستەکانی حکومەت بکەن بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکان نەک تێکدان و پاشەگەردانی.
ئەرکی پارێزگاری سلێمانییە وەک بەرزترین دەسەڵاتی شارەکە کە ڕێگە بە تەقەکردن لە خەڵکانی مەدەنی نەدرێت و لێپێچینەوە لەهەر هێزێکی چەکداربکا کە بەهێز و تەقەمەنی ڕووبەڕووی خەڵکی سڤیل ببەنەوە و هێزو توانای خۆی بەکاربهێنێ کە دوور لە دەسەڵاتەکانی پارێزگار هیچ جوڵەیەک بەهیچ هێزێک نەکرێ بۆ هەر مەبەست و لەژێر هەر ناوێکابێ، خۆ ئەگەر ئەم کارە بۆ پارێزگار ئاستەم و ڕێپێدراو نەبێ و ڕێگری لێبکرێ ئەوا ئێستا باشترین کاتە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستگۆی پابەندبوونی ی.ن.ک بە ڕێکەوتنە 26 خاڵییەکەوە هەڵسەنگێنێ و دوا خاڵی کۆتای لەسەر ئەو ڕێکەوتنە دابنێ و ئۆپۆزسێۆن بوونێکی کارا هەڵبژێرێ و لە کۆی حکومەتی هەرێم بکشێتەوە بە حکومەتە خۆجێیەکانی پارێزگاکانیشەوە خۆ ئەگەر وانەکا شەقام ڕەحم بە هیچ کەسێ ناکا و ئەو زەبرو زەنگەی کە لە کۆی پارێزگای سلێمانی بەکار ئەهێنرێ بە قەزاو ناحیەکانیشەوە بەشێکی ئەکەوێتە سەرشانی گۆڕان کە ڕوون و ئاشکراش ئەزانرێ گۆڕان هێزێکی مەدەنیەو لەڕێی خەباتی جەماوەری و پەرلەمانییەوە کار بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتییەکانی ئەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت