شەریف هەژارى: دەبێت تا دەنگدانەکانى داهاتو،گۆڕان لەم تاقیکردنەوەیەى میلەت دا سەرکەوتو بێت!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەندین بەڕێز لە خوێندکار و هاوڵاتى ئاسایى بەردەوام ئەو پرسیارەم لێ دەکەنەوە : ئایا مامۆستا گۆڕان متمانەیان ماوە ئەم جارەش دەنگیان پێ بدەینەوە!؟
بۆ وەڵامى ڕاشکاوانەى ئەو پرسیارە، پێموایە دەبێت بزوتنەوەى گۆڕان بخرێتە بەردەم ئەم تاقیکردنەوەوە تا هەڵبژاردنەکانى داهاتو، بزانن سەرکەوتو دەبێت یاخود نا!؟
هەرچەندە گۆڕان تائێستا نەی سەلماندووە کە وەزیرێکى خۆى گەر دز و گەندەڵ بێت لێپرسینەوەى لەگەڵ دا بکات و، نەشى سەلماندووە کە کەسى شیاو لە شوێنى شیاو دا دابنێت (بەڵکو ڕاگەیاندنکاران و وتاربێژان وەک جۆکەر بۆ هەمو پۆستەکان دادەنێت!) و، تەنانەت ئەمە چەندین جارە ئەو کەسانەى کە بزوتنەوەى گۆڕان دەیانکەنە (وەزیر و پەرلەمانتار)، هەندێکیان بە پلەکانیانەوە دەبنە (پارتیى و یەکێتیى) .
ئەمەش بێ سەروبەرەیى ناو ڕێکخستنەکانى گۆڕان و ڕواندنێکى کاریگەرى دەزگاى پاراستن و دەزگاى زانیارى دەسەلمێنێت لە ناو ڕیزەکانى گۆڕان دا. ئەوا بۆیە هەمو ئەو بەڕێزانەى کە پرسیارەکەى سەرەوەیان کردووە و دەکەن، دەتوانن تا هەڵبژاردنەکانى داهاتو، لاى خۆیانەوە تەنها یەک تاقیکردنەوە بۆ گۆڕان دابنێن، بزانن جێ بە جێى دەکات یاخود نا، تاقیکردنەوەکەش ئەمەیە:
ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان ئارەزوى هەبو کە بە جدى لە ڕێگەى پەرلەمانتارەکانى فراکسیۆنەکەىەوە لە (پەرلەمانە-کارتۆنیەکە)ى هەرێمدا، یاساى (خانەنشینبوونى پەرلەمانتار و وەزیرەکان) هەڵبوەشێنێتەوە و، یاساکە بگۆڕن بەوەى (هەر پەرلەمانتار و وەزیرێک کە خولى خۆیانیان تەواو کرد، ئەگەر تەمەنیان شیاوى یاساى خانەنشینى نەبوو، ئەوا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پیشەکانى پێش پەرلەمانتار بوون و وەزیر بوونیان. هەروەها ئەگەر ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانەى کە لە ڕوى خزمەتەوە شیاون یاساى خانەنشین بوون بیانگرێتەوە، ئەوا ئارەزومەندن کە خانەنشین بکرێن بەڵام بە موچەى دوو ملیۆن دینار).
هەروەها دەبێت فراکسیۆنى گۆڕان هەوڵى جدى بدات کە یاداشت پێشکەش (پەرلەمانە کارتۆنیە)ى هەرێم بکات، کە دەبێت موچەى پەرلەمانتار بکرێتە (4 ملیۆن) و موچەى وەزیریش بکرێتە ( 6 ملیۆن).
دیارە فراکسیۆنى بزوتنەوەى گۆڕان گەر بیەوێت و خەڵکى هەژار نەکاتە پەیژەیەک بۆ بەدەست هێنانى پۆست و پارە، دەبێت بە یاداشت و ئیمزاى پەرلەمانتارەکانى کار لەسەر ئەم دوو پرۆژەیە بکات، هەم بۆ (چۆنیەتى خانەنشین بوونى پەرلەمانتار و وەزیرەکان و کەمکردنەوەى موچەى خانەنشین بوونى پەرلەمانتار) و، هەم بۆ (کەمکردندنەوەى موچەى پەرلەمانتار و وەزیر!). لە ئێستادا فراکسیۆنەکانى تریش ناوێرن دژایەتى پرۆژەى لەم جۆرە بکەن، چونکە دوو هەڵبژاردن لە پێشە!
ئاشکراشە لە وڵاتە پێشکەوتوەکان، ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانەى کە تەمەنیان لاوە، ئەوا پاش تەواوکردنى ئەرکى پەرلەمانتارییەکانیان دەگەڕێنەوە سەر پیشەکانى پێشویان! بەمەش هەم بودجەیەکى گرنگ بۆ خەزێنەى نەتەوە دەگەڕێتەوە و، هەم عەداڵەتى ڕێژەیى کۆمەڵایەتیشى تێدا ڕەچاو دەکرێت.
خۆ ئەگەر سەرکردەکانى بزوتنەوەى گۆڕان جدى نەبون لەسەر ئەوەى فراکسیۆنەکەیان ڕاسپێرن بۆ ئەو دوو ئەرکە لە پێشینەیە و، خودى پەرلەمانتارەکانیشیان ئەوەیان نەکرد، ئەوا خوا بیانگرێ و، خەڵکى هوشیار دڵنیادەبن کە سەرکردەکانى گۆڕان و پەرلەمانتارەکانیان (ڕاستگۆ) نین و، کۆپى پارتیى-یەکێتیین و، دەنگ پێ دانیان جگە لە کۆیلەیەتیى و شوێنکەوتنى هاشوهوشى درۆ، ئەوا هیچى دیکە نییە!
جەماوەرى کوردستان دەبێت ئیتر تەنها بە کردار فراکسیۆنەکان هەڵسەنگێنن! چونکە ڕونە خوا هەڵناگرێ بزوتنەوەى گۆڕان دەمبازى باشیان هەیە (باوباپیرانمان بەو جۆرە مرۆڤانەیان ئەوت: چەنەبازى بێ کردار!). بەڵام ئیدى خەڵک ئەبێت گوێ بۆ (زار و دەم) شل نەکات، بەڵکو بە کردار مرۆڤ بپێوێت!
هیوادارم بزوتنەوەى گۆڕان بەهۆى (دەمبازە بێ-کردارەکانیەوە) نەگاتە ئەو ئاستەى کە فەرمایشتەکەى پیرەمێردى حەکیمیان بەسەردا جێ بە جێ ببێت،
پیرەمێردى حەکیم جوانى فەرمووە: زمانت درێژ بێت: دەستت کورت ئەبێت، کە خۆت ھەڵکێشا: گوێت لە جڕت ئەبێ!.

تێبینى:
1-بە هۆى ئەوەى هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکان دەمناسن، ساڵى ڕابردو یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانى گۆڕانە دى لە کتێبخانەى ئەندێشە، لەبەر ئەوەى هاوڕێین چەند مشتومڕێکمان کرد، یەکێک لەو باسانەى کە خستمەڕو یاساى خانەنشینى پەرلەمانتاران بوو. ناوبراو بەڵگە و ئیمزاى لابوو کە هەندێک لە پەرلەمانتارانى گۆڕان هاوبیرى پەرلەمانتارانى پارتیى- یەکێتین و نایانەوێت یاساى خانەنشینى پەرلەمانتار و وەزیرەکان گۆڕانکارى بەسەردا ببێت، بەڵکو ئەوانیش ئەیانەوێت وەک بەرپرسە دزەکانى پارتیى- یەکێتیى ببنە بخۆرى هەتاهەتایى بەسەر سامانى ئەم میللەتە تەواو برسیە زوڵم لێ کراوەوە. بۆیە بزوتنەوەى گۆڕان دەبێت لەم ڕووەوە هەمو پەرلەمانتارەکانى ئاگادار بکاتەوە.
2-لەبەر ئەوەى هەلبژاردنەکانى کوردستان و عێراق لە پێشە، ئەوا یەکێتیى و پارتیى دەست دەکەنەوە بە قیرتاوکردنى هەندێ گەڕەک و پرۆژەى ئاویان بۆ دەبەنەوە و، ئەکرێت کارەبا لە 4 سەعاتەوە بکەنە 8 سەعات لە شەو و ڕۆژێک دا. بۆیە ئەمە نە دەستکەوتى (هەڤاڵ ئەبوبەکرە و نە هى پۆستدارەکانى دیکەى گۆران و یەکگرتو و کۆمەڵ)، بەڵکو ئەمە سیاسەتى فریودەرانەى یەکێتیى و پارتییە بۆ فریودانى میللەت. دەبێت (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو) ئیدى هێندە ڕاستگۆییان تێدا هەبێت کە ڕوى ئەم سیاسەتە فریودەرانەیە هەڵماڵن و، گوێ نەدەن بە پۆستدارەکانى خۆیان لە حکومەتە خۆجێیەکان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت