بایز ڕەشید: خۆپیشاندانەکان، شکست یان سەرکەوتن.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خۆپیشاندان وەک دیاردەیەکی دیموکراسی مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەھەم، کە بە خۆپیشاندانەکانی بەھاری ئەوروپا ناسراوە. لە ساڵانی 1815- 1848 دا ئەوروپا بەچەندین شەپۆلی خۆپیشاندانی گەورەدا گوزەری کرد و جڵەوی دەسەڵاتی پاشاو شازدەکانیان بە کۆتا گەیاند و دەوڵەتی نەتەوەکانیان دامەزراندن . سەرەتایەکی وایان بۆ سەدەکانی تر دانا کە دەسەڵات بۆ داخوازی خۆپیشاندانەکان ملبدات. ئەم سەدەیە بە سەرھەڵدانی رابونی کۆمەڵایەتی ناسراوە. بەشێوەیەک لەم سەدەیەوە بە دواوە بەرجەستەکردنی مافی تاک لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بایەخی تەواوی پێدرا کە ئەمەش ئەو خۆشگوزەرانیەی ئێستای رۆژئاوای بەرھەم ھێنا.
گرتنەبەری خۆپیشاندان وەک ئامرازێکی مەدەنی بۆ بەدەستھێنانی مافە کۆمەڵایەتی و ئامانجە سیاسیەکان کاریگەری تەواوی ھەبوە، لە زۆر کاتدا بە شۆرشی سپی ناوھێنراوە کە بێرژانی تەنانەت یەک دڵۆپە خوێنیش مافی گەورە بەدست ھاتوە. بەڵام لە باشوری کوردستاندا بە ھۆی بونی حوکمڕانیەکی خێڵەکیەوە لەگەل رژانی خوێنیش ھیچ بەرھەم و دەسکەوتێکی لێنەکەوتوەتەوە. کە ھۆکاری سەرەکی شکستھێنانی خۆپیشاندانەکانی باشور وێڕای شێوازی حوکمڕانی خێڵەکیانەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم ، دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری نەکردنی کەسایەتیە دیار و سەرکردە بە ناو ئۆپۆزسییۆنەکانی باشور لە نارەزایەتیەکاندا.
بە پێچەوانەوە ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە فەرنساوە تا دواتر وڵاتانی تری ئەمریکای باکور، ئەفریقا و ئاسیا، ھەمیشە سەرکردەکانی داکۆکیکەر لە مافە کۆمەڵایەتیەکان لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بون، ھێنری داڤید سۆرۆ داھێنەری چەمکی یاخیبونی مەدەنی لە پێناو سەرخستنی داخوازیەکانی گەل چوە زیندانەوە، مارتن لۆتەر کینگ لە پێناو بەدەستھێنانی مافی رەشپێستەکاندا دواجار گیانی بەخشی، تەنانەت غاندیش دامەزرێنەری تیوری ناتەندوتیژی لە خۆیەوە دەستی پێکرد بەدەستبەرداربونی لە کۆی دەسکەوتە مادیەکان و ھەڵبژاردنی ژیانێکی ھەژار ئاسایانە لە گەڵ گەلەکەی مایەوە. ھەروەھا ماندێلا نیوەی تەمەنی لە زیندان بەسەربرد و دەسبەرداری مافە کۆمەڵایەتیەکانی گەلەکەی نەبو . ئەمانە و چەندان رابەری تر ھەمیشە لە پێشەنگدا بون ، کە دەرنجام دەسەڵاتەکانیان ناچارکردوە ملبدەن بۆ داخوازیەکانی گەل.
بە پێچەوانەوە رابەرانی دەنگی نارەزایی لە باشوری کوردستاندا بە دەگمەن لە ناو خۆپیشاندنەکاندا دەبینرێن. سەرەڕای ئەوەش زۆربەیان بە موچەو خانەنشینی پلە باڵا لە سفرەی چەوری دەسەڵاتدا بەشدارن و ھیچکامیان ئامادە نین دەسبەرداری بن. لاوازی بەناو رابەرانی ئۆپۆزسیۆن وایکردوە دەسەڵات بوێری ئەوەی ھەبێت پەنا بەرێت بۆ توندو تیژی و رشتنی خوێنی خۆپیشاندەران . لێرەدا بەکورتی چەند خاڵێک سەبارەت بە سەرنەکەوتنی خۆپیشاندانەکان دەخەمە رو
یەکەم؛ دەسەڵاتی قەبەلی کوردی فەرمانڕەوایی کوردستانی لە سەرپایەکانی خێلگەرایی دامەزراندوە کە تەوای ناوەندەکانی بریاردان لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا لەسەر بنەماکانی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و خزمخزمینەدا رێکخستوە. لە زۆربەی ناوەندەکانی حوکمڕانیدا چەندین کاربەدەست دەبینیرێن کە دەچنەوە سەر یەک خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە کە ئەمەش ناشەفافیەت و گەندەڵی سیاسی ، دیبلۆماسی ، ئابوری و کارگێڕی لێدەکەوێتەوە
دوەم؛ بونیادی ئابوری ھەرێم پشتی بەستوە بە ئابوری کرێخۆری (رێنتیەر ئکۆنۆمی) واتا وەرگرتنی کرێ لەبری پێدانی سەرچاوە سروشتیەکانی وەک نەوت کە داھاتی کاش دەخاتە بەر دەست دەسەڵاتدارانی ھەریم . ئەمەش دەرفەتی تاک لە پرۆسەی دەوڵەتداری و بەشداربونی لە بنیاتنانی دیموکرسیدا لاواز دەکات ، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتداران داھاتێکی زۆریان دەکەوێتە دەست کە دەتوانن دەستەو گروپی جۆراوجۆریان پێبکڕن و بە سودی بەرژەوەندنی خۆیان بەکاریان بھێنن.
سێیەم؛ کۆمەڵگەی کوردی بە پیلانی دەسەڵات لەسەر بنەمای بونیادی میکانیکی شێوەی گرتوە کە یەکێتی کۆمەڵایەتی تاکەکان زیاتر بە ئاراستەی کۆیلایەتی دەبات(پەیوەندی ھەرەمی) ، کە ئەمەش رۆلی تاک لە ناو کۆمەڵگەدا پاسیڤ دەکات بە پێچەوانەی کۆمەڵگە دیموکراسیەکان یەکێتی کۆمەڵایەتیان ئۆرگانیکیە(پەیوەندی ئاسۆیی) بە شێوەیەک رۆلی تاک گرنگە لە پرۆسەی دەولەتداری و بەرێوەبردنی ئابوریدا. رایەڵەکانی بەیەکەوەبەستنی تاکەکان ھاوبەندە و لە سەریەکتر وەستاوە. تاک دەتوانێت پرۆسەی ئابوری و سیاسی پەکبخات ئەگەر گوێی لێنەگیرێت بۆیە دەوڵەت لەو شوێنانەدا نارەزایی خەڵک بە ھەند وەردەگرێت.
چوارەم؛ نوخبەیەکی پاشکۆی داگیرکەرانی کوردستان دەستیان بەسەر تەواوی کایە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکاندا گرتوە ، کە دواجار بونەتە خاوەن سوپا و ھێزو لەشکری تایبەت بە خۆیان ، کۆمپانیاو ئامرازاکانی تری وەبەرھێنانیان قۆرخکردوە. کە ئەمانەش بونەتە ھۆی پەراوێزخستنی زۆرینەی ھاوڵاتیان و ڕێخۆشکردن بۆ سەرھەڵدانی مەترسیەکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە نێوان چین و توێژە جیاوازاکانی باشوری کوردستاندا.
پێنجەم؛ ھێزی بەرگری باشور بە کۆی بەشەکانیەوە ئەوەندەی ھێزی حزب و بنەماڵەیە ئەوەندە لە خزمەت پرسی نیشتیمانیدا نیە، لە سەرئاستی ناوخۆ دەبینرێت کە چۆن بە فەرمانی بەرپرسەکانیان پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و توندو تیژی بەکار دەھێنن. لە سەر ئاستی پاراستنی سنوری ھەرێمیش جگە لە بەزین و راکردن بەرەو دواوە ھیچی تریان پێناکرێت. بینرا چۆن شەنگال و کەرکوکیان روبەروی چ کارەساتێک کردەوە، کە ھەر ھەمان ئەم ھێزانە بون کە لە کاراساتەکانی رابردودا نمونەی کیمیبارانی ھەڵەبجەو ئەنفالەکان پشتیان لە جەماوەرکردو خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆیدەرچون.
شەشەم؛ خۆپیشاندەران لەرابردودا تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لە ژێر رابەرایەتیەکی تۆکمەدا خۆیان رێکبخەن و سەرکردەو ئەنجومەنێکی دیاریکراویان ھەبێت . بۆ ئەوەی ھەماھەنگی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەئامانجی پشتیوانی فەراھەمبکەن. بە شێوەیەک کە ئامانج و دیدگایەکی رون گەڵاڵە بکەن، کە میکانیزمەکانی بۆ دەسەڵات رون بێت و دەسەڵات لە مەترسی لێکەوتەکانی ئاگادا بکرێتەوە.
حەوتەم؛ خۆپیشاندەران داخوازیەکانیان لەچوارچێوەی مافە کۆمەڵایەتیە سەرەتاییەکان تێنەپەراندوە کە خۆی لە ئاو- کارەبا و موچەدا دەبینێتەوە. کە لە بنەڕەتدا ئەم قەیرانانە بە ئامانجی شکاندنی شکۆی ھاوڵاتیان دروستکراون کە دواجار بە زیانی پرسە نیشتیمانیەکان کۆتایی دێت و دەسەڵات درێژە بەمانەوەی خۆیدەدات.
ھەشتەم؛ پرسە نێوخۆیەکانی ناو ھەرێم وێڕای رەھەندە ناوخۆییەکانی، رەھەندی ناوچەیی و جیھانیشیان ھەیە بۆیە خۆپیشاندانەکان پێویستیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناودەوڵەتی ھەیە و لەو رێگەیەوە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ خۆپیشاندانەکان دەستەبەردەکرێت و دەسەڵات ناتوانێت چیتر دەست بۆ کوشتنی خۆپیشاندەران بەرێت.
دواجار تاوەکو خۆپیشاندەران لە ژێر سەرکردایەتیەکی تۆکمەو بەھێز خۆیان رێکنەخەن و ئەجێنداو روئیایەکی رۆشنیان نەبێت، ئەوا ھەمیشە بێ ئاکام دەردەچن و لە لایەن چەند ھێزێکەوە بەئامانجی دەسکەوتی سیاسی ئامانجەکانیان لە بار دەبرێن و بە لاڕێدا دەبرێن.
قەتیسکردنی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی مافە سەرەتاییەکاندا بەرامبەر بە دەسەڵاتێک کە بەرپرسە لە خولقاندنی کارەساتێکی گەورەی وەک شەنگال و لە داستدانی زیاتر لە 50 ٪ خاکی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، بەبڕیارێکی تاکلایەنانە و شکستخواردوی ریفراندۆم تەواوی دۆستەکانی ناوچەکە و جیھان دوربخاتەوە. لەھیچ کاتێکدا ئامادە نابێت مافە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی کوردستان بەھەند وەربگرێت. بۆیە دروشمی خۆپیشاندەران پێویستە خۆی لە پاکێجێکدا بەرجەستەبکات کە چارەسەری کۆی پرسە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان لە خۆبگرێت. ئەمەش تەنھا بە لە کارلادانی ئەم دەسەڵاتە و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی نوێ بە ئەجێنداو مۆدێلێکی ھاوچەرخی حوکمڕانی دێتە دی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت