سەرحەد خلیفە: بەرھەم صاڵح لەنێوان کردار و گوفتاردا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای چەندین سال سەرۆک وەزیرانی کوردستان جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری حکومەتەکانی بەغداد بەرھەم صاڵح تازە دەیەوێت بانگەشەی دیموکراسی و دادپەروەی بکات.
ئاخر پیاوێک بەو ھەموو پشتیوانی و دەستگیرۆییەی طاڵەبانی مەزن و لەو پۆستە گرنگانەدا نەیتوانیبێت ھەنگاوێک بنێت دەبێت ئێستا و بێ طاڵەبانی و لەگەڵ کۆمەڵێک سیاسی بازرگاندا چی بکات و چی پێ بکرێت.
من دەمەوێت لێرەدا کەمێک بە مەنطقیانە ھەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکانی بەرھەم صالح بکەین و بڵێن و بزانین ئایا بەڕاستی بەرھەم صاڵح ھەر بەراستی پیاوی کردار بوە یاخود تەنھا پیاوی گوفتارەکان بوە.
دەڵێن بەرھەم صاڵح لە سەردەمی حکومرانی خۆیدا توانوێتی بەرنامەی تواناسازی و سلفەی زەواج و سلفەی عەقار و قەرزی بچوکی بۆ ھاونیشتمانیان دەستەبەر بکات.
دەڵێین بەڵێ ئەمانە دەست و دیاریە جوانەکەی چەندین ساڵ حکومرانی دکتۆر بوە.
بەڵام با بێین پێکەوە شیکاری و بەدواداچونێکی لۆژیکیانە بۆ ئەم پرۆژانە بکەین ببینین ئاخۆ ئەم ھەنگاوانە جێگای ئەو شانازیەن کە بەرھەم صاڵح و ھاو ئاوازەکانی بۆتە وێردی سەر زبانیان.
دەپرسین ئایا دەکرێت بە ئامارێک پێمان بڵێت بەرھەمی بەرنامەی تواناسازی لە کوردستان کە بەدەیان ملیون دۆلای بۆ خەرج کراوە چیە و چەندە و کامانەن؟ دەکرێت دوو توێژینەوەی هه‌ڵكه‌وتومان له‌بواری زانستی پێ بگوترێت کە لەسایەی بەرنامەی تواناسازیدا ئەنجام دراون؟
سلفەی زواج. ئێمە لێرەدا نامانەوێت بە بێ ویژدانی و بە چاوی نەیار بکەوینە وێزەی بەرھەم ساڵح و کارەکانی بەڵام داوا دەکەین کە کەسانی پسپۆر و شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتیدا لێکۆڵینەوەیەک لە دادگاکاندا ئەنجام بدەن بزانن سلفەی زەواج بۆتە ھۆی دروست کردنی چەند خێزانی بەختەوەر؟ لەبەرامبەریشدا بزانن رێژەی جیابونەوە و لێکترازانی خێزانی چەندێک بەرەو ھەڵکشان چوە؟ کە بەپێی ئامارێکی فەرمی رێژەی جیابونەوەی لەنێو خێزانە نوێکانی ئەم چەند ساڵەی دوایدا رێژەیەکی ئێجگار ترسناکە.
سلفەی عەقار. ھەمیشە بەرھەم ساڵح باسی ئاوەدانکردنەوەی دێھاتەکان و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ دەکات و بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی دەوڵەتمەداری ناویان دەبات لە کاتێک بەرھەم ساڵح بە پرۆژەی سلفەی عەقار خۆی ئەندازیاری وێران کردنی دێھاتەکان و کەرتی کشتوکاڵە ئەویش بەھۆی کۆچی بەلێشاوی دێھات نشینان و جوتیاران بەرە و سەنتەری شارەکان بە ھۆی وەرگرتنی ئەم پێشینەیەوە کە ئەمەش بۆتە ھۆی چول کردنی لادێکان و کەم بونەوەی بەرھەمی ناوخۆی جوتیاران و پشت بەستن بە ھاوردەکردنی بەرھەمە دەرکییەکان.
بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە ھەموان دەست بخەینە سەر ویژدانمان و چاومان بکەینەوە و بریار بدەین ئاخۆ بەرھەم صاڵح ھەر بەراستی پیاوی کردار بوە..؟؟
لەکاتێکدا خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگە و کەمئەندامانی سەنگەرله‌م قه‌یرانه‌دا پارەی ژەمە نانێکی شایستەیان لە گیرفاندا نیە و رۆژانە ھەواڵی خۆ کوشتنی پێشمەرگە دەبیستین لە بەرەکانی جەنگ و بەرگری کرن لە کوردسانەوە لەبەر قەرزداری و نەبونی کرێی خانوی خانەوادەکانیان.
دەکرێت بەرھەم صاڵح پێمان بڵێت خانوەکەی ئەمریکای چۆنە و بايی چەندە؟ کە ئێمە پێتان دەڵێین بەڵێ خانوەکەی دکتۆر بای (3٠٠٠٠٠٠) سێ ملیون دۆلاری چاوزەقی بچکۆلانەیە.!
ئەی جەنابیان دتوانن پێمان بڵێن ئەو خانوەی لە ھەوڵێر بۆ سەرۆک وەزیران کڕدرا بە بری(٧٠٠٠٠٠٠)حەوت ملیون دۆلار و دواتر لەلایەن دکتۆرەوە داگیر کرا ئێستا بۆ کێ و بۆ چی بەکاری دەھێنێت..؟؟ بۆ دژایه‌تی یه‌كێتی بێگومان!!
کاتی خۆی کاک مستەفا سەید قادر لە دەڤەری راپەرین میواندارییەکی بۆ جەنابی مام رێکخستبو کاتێک مام و کۆمەڵێک بەرپرس دەچنە دەڤەری راپەرین لە کاتی نان خواردندا مام بە کاک مستەفا دەڵێت من جارێک زۆر لێت توڕەم و جارێکیش دەستخۆشیت لێدەکەم.!
کاک مستەفا سەید قادر دەڵێت مامە توڕەبونەکەت چیە و دەستخۆشیەکەت چیە؟
مام دەڵێت لەکاتێکدا من بڕیارم داوە راو قەدەغەیە ئەم کەوانە چین کوشتوتانە.؟
دواتر دەڵێت دەستخۆشیەکەشم ئەوەیە کە برادەرێکمان لەگەڵە نە کەوی دیوە و نە کەوی خواردوە دواتر بە پێکەنینەوە دەڵێت دکتۆر وەرە لای مامی خۆتەوە..
مەبەستی مام ئەوەبوە کە دکتۆر بەرھەم پێشمەرگایەتی نەکردوە و شاخی نەبینیوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت