پشکۆ ئەمین: دەسەڵاتی کوردی و 27 ساڵی تەمەن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لق و گەڵاکانت کەوتن ئەی دەسەڵات، رەگیشت بۆش و بەحەواوەیە ئەی دەسەڵات، ئیتر نازانم چ خۆراگرتنێک دەبێت گەر خۆشت راگریت! ئاخر تۆیەک نەتوانی موچە بدەیت، تۆیەک هیچ توانا و دەسەڵاتێکت نەبێت! ئایا دەتوانیت پێم بڵێێت کە ئیتر دەسەڵاتیچیت؟
27ساڵە خەڵکت بە تەخشان و پەخشانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە راگرتوە، وەک دەڵێن دەمیانت چەور دەکرد، هیچ شتێکتان بۆ نەتەوە و نیشتیمان نەکرد، جگە لە روو زەردی نەبێت کە بەسەرتانا هێنا!!
هەرچی دز و جەردە و خۆفرۆش و کۆنە موستەشار و جاش هەیە لە خۆتانتان کۆ کردۆتەوە و باشترین پلەتان پێ بەخشیون، باشترین کار و موچەتان پیداون، بونەتە گاڵتە جاڕ و رۆژانە نوکتەتان لەسەر دەڵێن، پێشم وایە هەر هەموی راستە، دوا نوکوتە باس لە 1000 کارمەندی دەریاوانیت دەکەن!!
خەڵکە تیکۆشەر و خۆراگر و پیشمەرگە قارەمانەکان دەبێت لە کۆنە جاشێک بپارێتەوە کارێکییان بۆ جێ بەجێبکەن!
دەکرێت پێمانبلێن پاش 27ساڵ حوکمرانی و بودجەیەکی زەبەلاح و سەروەت وسامانێکی بێ شومار، کوا ئاو و کارەبا و کوا رێگاوبان و خەستەخانە و قوتابخانەتان، خانوی شەهید ماڵ بۆ هەژار و ئەنفالکراو!!
پاش 27 ساڵ دوو ئیدارە، دوو دەسەڵات، دوو هێزی پێشمەرگە، دوو ئاسایش. دوو خوا، دوو مێژوو، ئای دەبێت مێژوو چۆن باستان بکات؟
چ بێ شەرمێک بتانکاتە قارەمان و کوردپەروەر و دادپەروەر؟
پاش 27ساڵ دەسەڵات، تەنانەت نەتانتوانی لەسەر یەک خستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەهێزکردنی رێک بکەون، ئەو چەکانەی دەهات بەناوی وەزارەتی پیشمەرگەوە بەیەکسانی نا، بەڵکوو تەنها لایەک سودمەند و ئەویتر گازندەی بوو، ئەوەتا بەئاشکرا دەڵێن کە هۆی شکست و فرۆشتنی خاک بێچەکی بوو، دەڵێن چەکمان نەبوو! گەر ئەمە وابێت هەرخاک فرۆش تاوان بارنیە!
کوا یەکیەتی نێوماڵی کورد پاش 27 ساڵ فەرمان رەوایی!
پێم ناڵێی کوا چیتان کرد بۆجێبەجێکردنی مادەی ناموبارەکی 140 و گەڕانەوەی خاکی داگیرکراو ؟ باشە دەسەڵاتێک خەمی خاکی نەبێت دەبێت خەمی چی بێت و چ دەسەڵاتێک بێت!
ئاخر پێمان بڵێ پاش 27ساڵ چیت لە پاش بەجێ دەمێنێت کە خۆت یان ئێمە شانازی پێوەبکەین، لە سەردەمی میر محەمەدی رەواندزدا، وەستا رەجەب بۆ پاریزگاری لە ئیمارەتەکە تۆپی دروستکرد، هەتا ئیستا هەموو کورد شانازی پێوە دەکات، تەنانەت عێراقی داگیرکەریش نەیتوانی ئەو شانازیە لە کورد بستێنیتەوە! ئەی تۆ بەم هەموو ملیارەوە چیت بەرهەم هێنا تا جێگەی شانازیبیت؟
کام کاری باشت بۆ نەتەو ەو خاکەکەت کرد کە جێی دەستخۆشی بێت، شەهیدان هاواریانە، هەژاران هاواریانە، بەجێماوی ئەنفالکراو هاواریانە، خانە نیشینی پیشمەرگە هی هەردولاتان هەر هاواریانە، ئەوەی کە هاواری نیە کۆنەجاشە، کۆنەمستەشار و مەسینەهەڵگرەکانی خۆتانە! ئەوەی بێدەنگە تەنها خەمخۆرانی خاک و نەتەوەن!!
سەرکردەی هەردولاتان وەک کوڕی فلیم پێدەگەن کەس و کارەکانتان، وەک قارچک هەڵدەتۆقێن و دەبنە ملیۆنیر و زیاتریش! خەڵکەکەی تریش دەبێت سواڵکات و بێدەنگە لەبەر پاریزگاری لە خاک و نەتەوە مانەوەی دەسەڵاتێک کەبەناو کوردیە!!
ماوەیەک سەرقاڵتان کردین بە لێدانی خەندەق و سنوری کوردستان و جیاکردنەوەی، پاراستن و پارێزگاریکردن لە خاکی ئازادکراوی گەراوە بۆ باوەشی دایکی نیشتیمان، کەچی ئێوە، ئێوەی دەسەڵاتدار لەشەو و رۆژێکدا لە سەعدیە و جەلەولاوە چۆڵتان کرد و فرۆشتان تا شەنگار و سنوری رۆژئاوا لە 51% خاکتان فرۆشت، خوێنی ئەو شەهیدانەتان بە فیرۆدا کە ئەو خاکەیان پاراست کە لەداعش ئازادیان کرد، کەس نەیزانی کە ئێوە بۆ چنگ لە سەر شان هەڵاتن و هەمویتان چۆڵکرد!
ئەوەی کە بە کۆرەوی یەک ملێونی و بەزەی وڵاتان بۆ کورد دروستکرا، ئێوە هاتنە سەر حازری و خۆتان کردە خاوەن و دەمڕاست، پاش 27 ساڵ فەرمانڕەوایی و ناڕەوایی، ئێستا خەریکە ئەوەش لەدەستی دەدەن!
ئەو شکۆ و سەروەریەی کە بە ئازایەتی و قارەمانیەتی پیشمەرگە و بە خوێن دروستکرا، بە راکردن و چۆڵکردن و پارانەوە لە داگیرکەر، ئەوەشتان لەناو برد و نەتانهێشت، لەباتی ئەوەی کە دەپارێیتەوە لە عەبادی موچە بدات و بنێرێت، دەبوایە هەرچیتان هەیە هەردولاتان بیفرۆشن و بیهێننەوە و دابەشیکەن، ئەمە کاری سەرکردە و حیزبی کوردپەروەر و رابەرە، بەمە هەستی خەڵکەکەت دەجوڵاند و دەیانوت بۆ رۆژی رەشیان هەڵگرتوە، دەبێت بە گیانی خۆمان پاریزگاری لەم دەسەڵاتە کوردیە بکەین، کە داگیرکەران دەیانەوێت بیروخێنین، ئێوە لەبەر خۆشتان ئەمەتان نەکرد، ئاخر کورد واتەنی، (جام دەڵێت بشکێم نەوەک بزرێم) بەداخەوە کە ئێوە لەمەشدا ترسنۆکیتان هەڵبژارد و زران و پاڕانەوەتان هەڵبژارد کە ئەمەش جێگەی شەرمە بۆ مرۆڤ و بۆ سەرکردە!!
بۆیە دەڵێم باشترین کار لەم کاتەدا خۆت و داردەستەکەشت کە ئەویش وەک خۆت شەق و شڕ بوە، ئەوەیە لە بەردەمی گەلدا چۆک دابدەن و داوای لێبوردن بکەن، لەو هەموو ماڵوێرانی و ناهەقیەی بە سەرتانا هێنان و بەرامبەریان کردتان!
پاشان ماڵ ئاوایی لەو نیمچە دەسەڵاتە شڕ و شەقە بکەن کە ماوە و بیدەنە دەست جەماوەری میللەت بەڵکوو ئەوان کۆمەڵێک کەسانی تەکنۆقراتی شارەزا و لێزان هەڵبژێرین دور لە حیزبیبوون بە گیانێکی کوردانەوە کاربکەن تا بتوانن وڵات بەباشی بەرێوەبەرن و نەهێڵین ئەوەی کە ماوە لە دەست پچێت، بێگومانم، کە ئەوان لە ئێوە باشتر دەیبەن بەرێوە، چونکە ئەوان دڵیان پێیدەسوتێت، دەڵێم بیدەنە دەست جەماوەر نەک حیزبەکان کە ئەوانیش هیچکات لە ئێوە باشترنین! باس لە هەلبژاردن مەکەرەوە، شەرمە جاریکیتر ئێوە خۆتان هەڵبژێرنەوە و شەرمیشە خەڵک دەنگ بە ئێوە بداتەوە، گەرچی دەشزانم لەوڵاتێکی دیموکراتی دور لەدەسەڵاتی حیزبی، ئێوە نەک هەڵنابژێررێنەوە بەڵکوو دەشدرێنە دادگا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت