عوسمان عومەر: کورد و گەمەى گورگەکان لەسوریا، یا تورک چ مەبەستیکى لەعەفرین هەیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموان دەزانین لە 20ى کانونى دووەمەوە هێزە درندەو فاشیستەئەتاتورکى و ئیخوانیەکانى ئێردۆگان هێرش و پەلامارەکانى خۆى بۆسەر کانتۆنى عەفرین دەست پێکردووە بە تازەترین چەک لەبەر دەستیەتى و بەدەیان هێرشى فرۆکەو تۆپباران بۆ سەر ئەو ناوچەیە دەستپێکردووە ئەنجامەکانیشى شەهید بریندارى هاوولاتیانى بێ دیفاعى ژن و مناڵ و پیرو پەککەوتە بووە لەلایەک و لەلایەکى تریش بەرگریەکى قارەمانانەو بێ وینەى خۆراگرى شەرڤانانى خۆرئاواى کوردستان و هێزەهاوپەیمانەکان لەگەڵیان.
ئەم هێرشە سەربازیە درندایەى تورک ناوى لێنراوە چلە زەیتون, چلە زەیتون لە رۆشبیرى خۆرئاوا لە نەریتێکى یۆنانى کۆن وەرگیراوە واتە هێماى ئاشتى و تەبایی و نیەت پاکى و پێکەوە ژیان, ئایا ئەمە لاى ئەتاتورکیەکان پێچەوانە بۆتەوە واتە کوشتن بڕین و داگیرکارى؟
چەند مانگێکە هێزە ئەتاتورکیەکان خۆیان بۆ ئەو هێرش و پەلامارە ئامادە دەکەن بۆ سەر عەفرین و مەبەستى سەرەکى وەدەرنان و پاکردنەوەى سنورەکانیەتى لە هێزەکانى پەیدەو ئەوانەى لەگەڵى هاوپەیمانن وەک سوپاى سوریاى ئازاد.
تورک بەو چاوەوە سەیرى عەفرین دەکات کە کۆریدۆرێکە لە سنورەکانى عیراقەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە کەناراوەکانى دەریاى ناوەراست, مەبەستى سەرەکیشى لەباربردنى ئەو خەونەى کوردە بۆ گەیشتن بەکەناراوەکانى دەریاى ناوەراست.
هێرشەکانى 24ى ئابى ساڵى رابوردوو بەناوى قەلغانى فورات ئەنجامى کۆتایی کۆنترۆڵکردنى سێگۆشەى جەرابلس, عزاز و باب بوو لەناو خاکى سوریا و رێگاى نەدا هێزە کوردیەکان لە مەنبەجەوە بەرەو عەفرین بڕۆن لە باکورى خۆرئاواى سوریا لەگەل تورکیا, دواتر کەمالیستەکان ئامانجیان زیاتر لە پارێزگارى بوو لەخاکى خۆیان لەزارى خۆیانەوە بەلام چاوچنۆکى و مەبەستى سیاسى خۆشیان هەیە کە نەهێلن کورد خاوەنى هیچ پێگەیەک بێ لەو سنورانە, هێرشى ئەم دواییەى سەر عەفرین هەنگاوى دووەمى دواى قەلغانى فورات بوو بۆ چەند ئامانجێک:
1- دەرکردن و بێ هێزکردن و لاوازکردنى ئەو هێزانەى کە پشتگیرن و لەخولگەى پارتى کریکاران دەخولێنەوە.
2- دژایەتىکردنى ئەو کۆریدۆرە کوردیەى مەبەستى کەناراوەکانى دەریاى ناوەراستە، ئەمەش وادەکات ئەو ناوچەیە لەجەرابلسەوە تا دەریاى ناوەراست هەولى خستنەژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە بدات و تەنها ناوچەیەکى سنورى نەبێ لە (کەسب) کە لە ژێر کونترۆلى سوریەکانە لەسەردەریاى ناوەراست.
3- دروستکردنى ناوچەیەکى ئەمنى لەناو خاکى سوریا بەدرێژایی سنورەکانى تورکیا بە قوولایی 30 کم یا زیاتر یا کەمتر بەپێى سروشتى جوگرافى ناوچەکە.
ئەمانە هەموو ویست و ئارەزوەکانى تورکە چاوچنۆکەکان تێرناکات، چونکە دواى عەفرین هەولى پەلاماردانى مەنبەج دەدات بۆ کۆنترۆڵکردنى وەک فراوانخوازى و داگیرکارى عوسمانیە نوێەکان بۆ زیندوکردنەوەى دەسەلاتیان لەناوچەکە دواى ئەوەش هەولەکانىان چڕ دەکەنەوە تا بگاتە کۆنترۆلکردنى سنورەکانى عیراقیش، وەک دەلێن: هەموو ڕاوە ڕێویەکە بۆ کەوڵەکەیەتى ئەویش رێگا گرتنە لەگەریلاکانى پەکەکە بۆ چونە ناو تورکیاو چالاکى نواندن. بەلام ئەو بەرنامە سیاسى و سەربازیەى ئێردۆغان هەروا ئاسان نییە، چونکە شەرڤانانى یەپەگە ئامادەیی گیانبازین بۆ بەرەنگار بونەوەى ئەو بەرنامەیە تا سەرکەوتن یا شەهید بوون.
پێویستە ئاماژەش بەوە بدرێ و پێدەچێ ئەو هێرشانەى سوپاى داگیرکەرى تورک گڵۆپى سەوزى لەلایەن ڕووسەکانەوە بۆ داگیرسابێ بەچاوپۆشى تاران و نارەزایەتیەکى کەمى دیمەشق, وەک لەپێشەوە خستمە روو دواى عەفرین مەنبەجە، بەڵام لەوێ جیاوازترە چونکە لەپال هێزە کوردیەکان هێزێکى ئەمریکى بونى هەیە، واتە ئەوکات ئیدلب درایەوە دەست سوریەکان بۆ چاوپۆشى بووە لە عەفرین بەلام رەنگبێ پێک هەڵپرژانێک لە نێوان هێزەکانى تورک و ئەمریکا لە مەنبەج ڕووبدات یادەبێتە هۆى راستکردنەوەى پەیوەندى نێوان تورکیاو ئەمریکا یا دەبێتە هۆى بەرەنگاربونەوەى یەکەمجاریى هیزەکانى تورک لەگەل ئەمریکیەکان وەک دوو هاوپەیمانى ناتۆ. گەر لەمەنبەج تاقیکردنەوەى یەکەم بێ بۆ ئیردۆغان، کەواتە چۆن دەتوانێ بەرەو مەنبەج بکشێ و تا بگاتە خۆرهەلاتى فورات و سنورى عیراق. چونکە زۆربەى هیزە ئەمریکیەکان لەو ناوچە سنوریەن, بەلام بەپێى هەندێ سەرچاوەى ڕۆژنامەوانى لەناو تورکیا هەر مەبەستى سنورى عیراق نییە، بەلکو تادەگاتە سنورەکانى ئێرانیش لەبنچینەو بنەماى گۆرینى ئەوکۆریدۆرەى کورد ترسى هەیە کەبەنیازە لە ئێرانەوە بیگۆرێ بە کەناراوەکانى دەریاى ناوەراست هەمووى ببێتە هى تورکیا.
ئەم هێرش و پەلامارەى هێزەکانى تورک بۆ سەر عەفرین ئاسەوارێکى گرنگى خراپ لەنێوان زیاتر لەلایەنێک جێدەهێلێ لەوانە پەیوەندى نێوان کورد و ڕووسیا چونکە تا ئەمرۆش ڕووسەکان بەپارێزەوە دژى ئەو پەلامارەن بەلام ئەوە دیارە کە ڕووسەکان خیانەتیان لەکورد کردووە ئەمە لەلایەک لەلایەکى ترەوە ئەم هێرش و پەلامارە نێوانى ڕووسەکان و تورکەکانى زیاتر لێک نزیک کردۆتەوە چونکە خەلکى تورکیا زیاتر فلادمێر پۆتینى سەرۆکى رووسیایان خۆشتر دەوێ ئەمەش فشارى تورک زیاد دەکات بۆ بەشدارى نەکردنیان لە کۆنگرەى سوتشى کە دواى چەند ڕۆژیکى تر دەبەسترێ,گومانێکیش لاى کورد دروست بووە کە واشتنۆن دەستى لەکورد بەرداوە لە عەفرین بە بیانوى ئەوەى ئەو ناوچەى لەسنورى دەسەلاتى ئەوان نییە. بەراى من دەبوایە کوردانى رۆژئاوا هێندە متمانە بە ویلایەتە یەکگرتوەکان نەکەن دواى ئەوەى گلۆپى سەوزیان بۆ هێزەکانى عیراق داگیرساند هەرچەندە لاى خۆمان هەلەیەکى گەورە کرا کە بەقسەى نەوان نەکرا دەبوایە هێزەکوردیەکانى رۆژئاوا بە پێشنیارەکەى سوریا رازى بونایە بۆ هاتنە سەر سنورەکانى تورکیا هیچ نەبوایە تا ماوەیەک خۆیان لەشەر بپاراستایە هەرچەندە بڕوام بەوەش هەیە تورکیا وازى لی نەدەهێان و پیلانەگڵاوەکەى هەر بە ئەنجام دەگەیاند.
هیچ لایەنیک لە ئالۆزیەکانى سوریا براوە نییە، چونکە چەند دەولەتێک بە ئەجینداى جیاوازى تایبەت بەخۆیان هەیە, لەوانە هەولەکانى فرانخوازى ئێران, سوریا خۆى کێشەى کەم نەبوو لە ئیستادا چاوچنۆکى تورکیاشى هاتە سەر.

بۆ زانیارى خوێنەرانى بەرێز عەفرین بە باخى زەیتون بەناوبانگە، بەلام لە ئیستادا سەنتەرى کیشمەکێشمى زلهێزەکانە لەو ناوچەیەو عەفرین کەوتۆتە بەر پەلامارى گورگە چاوبرسیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت