نەوزادى موهەندیس: ئەرێ دەزانن ڕێبازى مام چیە و چۆنیش پارێزگارى لێدەکرێت؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کتێبى (مام جەلال دیدارى تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکى کۆمارى) بەشى دووەم لاپەڕە 386-387 کە لەلایەن بەڕێز سەلاح ڕەشیدەوە بەچاپگەیەنرا لەساڵى 2017دا، جەنابى مام جەلال لە وەڵامى پرسیارێکدا دەربارەى بوونى فکرەیەک یان تەیارێک بەناوى جەلالیەتەوە یان ( جەلالیزم) وەک ( مارکسیزم یان ماویزم) دەڵێت: من باوەڕ ناکەم جەلالیەت هەبێت، ئەگەر هەشبێ، یان هەبووبێ لە حەفتاکاندا، ئەوا تەواو بووە، هەروەها دەڵێت: بەڕەئى من شتى وا نیە و وجودى نیە،شتێک نیە بەناوى جەلالیەت بێت، من وەکو خۆم فکرێکم نیە تەرحم کردبێت و خەڵک لە دەورى کۆبووبێتەوە، نە شێوەیەکى تایبەتى خەباتم داهێناوە و نە ڕێگایەکم هەیە و نە دروشمێکى تایبەتیم هەیە،لەبەر ئەوە جەلالیەت شتێک نیە وجودى هەبێت لەناو جوڵانەوەى کوردایەتى و میللەتى کوردا.
ئەم وەڵامە پاک و پوخت و بێ گرێ وگۆڵەى جەنابى مام لەلایەک خاکەڕایى و سادە و ساکارى و خۆلێنەگۆڕیوى و کەسایەتى کاریزمایى ماممان پیشان دەدات و لەلایەکى تریشەوە هەموو تولە ڕێگاکانى بڕیوەتەوە لەسەر ئەو کەس و بۆچونانەى کە دەڵێن مام ڕێبازێکى تایبەتى داهێناوە. ئەو بە زمانى خۆى دەڵێت تەنها یەکێتى نیشتیمانى کوردستانم وەک مۆدیلێکى نوێ ( ڕێکخراوێکى نیمچە بەرەیى ) هێناوەتە گۆڕەپانى شۆڕش و خەباتى کوردایەتیەوە و هەرئەوەش ڕێباز و ڕچەى جەنابى مامە.
بۆیە ڕووى ئەم نوسین و وتارەم بۆ هەموو ئەندامانى یەکێتى لە سەرکردە و لایەنگر و دۆستەکانێتى، کە زۆر باش بزانن کە ڕێبازى مام تەنها یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە و هیچى تر. چونکە لەم قۆناغە دژوارەى یەکێتى پێدا تێپەڕ دەبێت و لەدواى نەخۆشکەوتن و کۆچى دوایى جەنابى مامیش زۆرکەس لە سەرکردە و کادر و ئەندام و خەڵکانى تریش، بەناوى ڕێبازى مامەوە و پارێزگاری لێکردنى، گەلێک وتار و هەنگاو دەنێن کە دوور و نزیک ناگاتەوە بە ڕێبازەکەى مام و هەریەکەش نیەتێکى تایبەتى خۆى هەیە.
زۆرێک تەنها بۆ خۆبردنە پێشەوە لەماڵباتى مام و زۆرێکى تریش بۆ پاراستنى بەرژەوەندى و پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکانى و زۆرێکى تریش بۆ وەدەستهێنانى پلە و پۆستى نوێ و گەلێکى تریش بۆ خۆکردنە پاڵەوانى شاشەکان خۆدەکەنە قوتابى ڕێبازەکەى مام و بۆ پاکردنەوەى پەرێزى خۆیانە. کە هیچ کام لەم نیەت و کردارانە ناچنە چوارچێوەى خۆشەویستى و وەفا و پاراستنى ڕێبازەکەى مامەوە.
گەر هەمووومان بە ڕاستى و ڕاستگۆیانە دەمانەوێت ڕێبازەکەى مام درێژە پێبدەین و بیپارێزین و بەشکۆ و گەورەیى و گەشاوەوە بیهێڵینەوە با تەنها هەموو خەم و هەوڵ و کردار و گوتارێکمان لەپێناو مانەوەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا بێت وەک ڕێبازەکەى مام. و پارێزگاریش لە یەک و یەکگرتوویى یەکێتى بریتیە لە خەمخۆرى بۆ پاراستنى ڕیزەکانێتى و گەڕانەوەى شکۆى ڕابووردویەتى و زیندووکردنەوەى سەرەتا شۆڕشگێڕیەکان و ڕەخنەگرتنى ئازادانە لەکار و کردەوەکانى یەکێتى و سەرکردەکانێتى و بەگژداچوونەوەى گەندەڵى و ناعەداڵەتیە و نەشاردنەوەى ڕاستیەکانە و لە ئێستاشدا بەستنى کۆنگرەیەکى گشتى بێ کەموکوڕى و دوور لە تەکەتولچێتى و بەرژەوەندپەرستى و تەنها مەبەست هەستانەوە و نوێکردنەوە و گەشانەوەى یەکێتى بێت، چونکە وەک مام دەیفەرموو کە ( مانەوەمان و سەروەریمان و گەشەکردنمان بەندە بە یەکێتى نیشتیمانى کوردستانەوە)، بۆیە بەبێ بوون و بەردەوامى یەکێتیەکى بەهێز نە هیچمان خاوەن سەنگ و قورسای دەمێنینەوە و نەکوردایەتیش دەگاتە دوامەنزڵى سەرکەوتن و نە ڕێبازەکەى مامیشمان گرتوە و پاراستوشە.
بۆیە گەر هەموومان پەرۆشین بۆ ڕێبازەکەى مام دەبێت وەک جەنابى مام دەیگوت ( دەبێت 3 یەکێتیەکە وەک بیلبیلەى چاومان بپارێزین، یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کورد،یەکێتى ناو حیزب و سەرکردە سیاسیەکان، یەکێتى ناو یەکێتى). کە یەکێتى ناو یەکێتى کرۆک و جەوهەرى هەردوو یەکێتیەکەى ترە. بۆیە ڕێبازى مام تەنها یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە و پاراستنیشى بریتیە لە پاراستنى یەک و یەکگرتوویى ناوخۆى یەکێتى. بۆیە ئیدى هیچ سەرکردە و کادر و ئەندامێکى یەکێتى خۆى فریو نەدات و نەگەڕێت بەدوا ڕێبازەکەى مام و خۆى سەرقاڵ نەکات بەدواى دۆزینەوە و گرتنەبەرى تولە ڕێگادا، بەڵکو تەنها شاڕێگەکەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بگرێت و پارێزگارى لێبکات، کە تەنها ئەوە ئاوات و خواست و ئەمانەتى مام جەلالە بۆ هەموانمان، گەر وامان نەکرد ئەوا لە جێگەى متمانەى مام و ڕێبازەکەشیدا نەبوین و بەدەستى خۆمان یەکێتیەکەى هەمووانمان و کوردایەتیش زیندە بەچاڵ دەکەین و ئەوکاتیش پەشیمانى دادمان نادات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت