ئەو گروپە چەکدارانەى لە میسر کاردەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادە کردن و وەڕگێڕان: عوسمان عومەر

ساڵى پار لە هێرشێکى چاوەرواننەکراودا بۆسەر مزگەوتێک لەکاتى نوێژى هەینى لەنیوەدوورگەى سیناى میسر نزیکەى 300 کەس کوژران و 200 کەسى تریش بریندار بوون و هیچ گروپێکى ئیسلامیش بەرپرسیاریەتى خۆى لەو هیرشە ئاشکرا نەکرد و، یەکێکە لەهێرشە خویناویەکان بۆ سەر موسلمانانى نوێژخوێن لەهەینى دا. داواکاریى گشتى میسر ئەو تاوانەى خستە پاڵ دەوڵەتى ئیسلامى، کە یەکێکە لەگروپە توندڕەوەکان لەمیسر لەگەڵ ئەوەى چەند گروپێکى سەر بەقاعیدە لەمیسر بونیان هەیە. لیرەدا پرسیارێک خۆى دەهێنێتە ئاراوە بۆچى هێرش بۆسەر نوێژخوینانى هەینى بکرێ؟ ئایا ئەو نوێژەى ئەوان دەیکەن جیاوازى چییە لەگەڵ نوێژى گروپە توندڕەوەکان؟ ئایا ئەوانەى هێرشیان کراوەتە سەر موسلمان نین یا بەدەستوریى ئەوان دەبێ ببنەوە بەموسلمان؟ جیاوازى نیوان لااله الاى ئەوان و گروپەکان چییە ؟ ئایا رکاتى نوێژى ئەوان لەگەل رکاتى نوێژى گروپە چەکدارەکان جیاوازى هەیە؟ ئایا ئەو ئایەت یا سورەتانەى لەنوێژى ئەو موسلمانانە لەگەڵ ئەوسورەت و ئایەتانەى گروپەکان لەنوێژى هەینى دا دەخوێنرێ جیاوازیان هەیە؟ بۆچى کوشتن و خوێنى ئەو موسلمانانە حەلال بێ؟ ئەو گروپە چەکدارانە کامانەن و بۆچى توندو تیژى و خوێن ڕشتن ئامانجیانە؟ چۆن لاى خۆمان گروپەکانى جند الاسلام و انصار الاسلام سەریان هەڵداو دواتر دامرکانەوە بەهۆى زەبرەوە ئایا بەو شێوەیەش لە میسر بە هۆى جەزرەبەوە بەرەو کۆتا دەچن یا هەر دەمێنن.؟ ئایا سەرهەڵدانى ئەو گروپە توندرەوانە سەرچاوەکەى ئەزهەرە یا کۆمەڵە کەسێکن باوەڕ و چاویان هەڵنایە بەپێشکەوتنى کۆمەڵگا و دەیانەوێ 4000 ساڵ مرۆڤ بگەرێتە دواووە؟ ئەو گروپانەى لەمیسر کاردەکەن کامانەن:

ویلایەتى سینا
ئەم گروپە پێشتر بەناوى (ئەنصار بیت المقدس) ناسرابوون پێش ئەوەى بەیعەت بداتە دەوڵەتى ئیسلامى لە تشرینى دووەمى سالى 2014. انصار بیت المقدس دواى شۆرشى کانونى دووەمى ساڵى 2011 پەیدا بوون، کاتێک هەندێ چەکدارى فەلەستینى پەیوەندییان بە توحید و جیهادەوە کرد، ئەم گروپە لەسینا چالاک بوون لە نیوە دوورگەى سینا و خۆیان لە ئەشکەوتەکانى شاخى حلال لەناوەراستى سینا دەشاردەوە. چالاکى ئەم گروپە دواى کەوتنى حوسنى موبارەک دەستى پێکرد، سەرەتا بۆریەکانى گازى میسر کە بەرەو ئیسرائیل دەچێ و، بەتایبەت دژى ئیسرائیل بوو. دواى کەوتنى محەمەد مورسى چالاکیەکانیان دژى هیزە ئەمنیەکان و سوپاى میسر لەسینا فراوانتر کرد، هەندێ جاریش گەیشتنە هەندێك شوێن لەوانە قاهیرەو جیزەو… هتد, ئەم گروپە لە چالاکیەکانیان بەردەوام بوون تا گەیشتنە بیابانى خۆرئاوا، چونکە چەند مێرگێکى لێیە کە جێى سەرنجى گەشتیارانە و جوگرافیاى ناوچەکە شاخاویە و شوینى نمونەیی خۆ حەشاردانى ئەم گروپە بووەو سەرەڕاى نزیکیان لە سنورەکانى لیبیا کە ئاژاوەى تێدایە. کەواتە گروپە چەکدارەکان لە شوێنێک دەگەرێن کە ئاژاوەو سەروەرى یاساى تێدا نەبێ لەوێ نەشونما دەکەن و خۆیان رێکدەخەن سەربازگەکانیان لەوێ بنیات دەنێن. بەپێى هەندێ سەرچاوە ژمارەى ئەم گروپە لە نێوان 1000 بۆ 1500 چەکدار دەبن و لەنیوەدورگەى سینا کە رووبەرەکەى 60هەزار کم دەبێ بلاوبونەتەوە. لەدواى تشرینى یەکەمى سالى 2014 دواى هێرشیک کوشتنى 23 کەس لەهێزە ئەمنیەکان ئەم ناوچەیە بارى نائاسایی تیدا بریاردراوە, سەرەراى هیرشەکانیان بۆ سەر کریستیانەکان و هەرەشەیان لە گروپە سۆفیەکان، ئەوان بەرێ لادەر لە بنچنینەو بنەماکانى ئیسلام دادەنین بە بەعەرەبى پێى دەگوترێ (هرطقة يا زندقة- باوەرى بەهیچ شتێک نییە) واتە شت دروستکردن و داهێنان لەخۆوە یا بدعه ئەویش وشەیەکى عەرەبیە, ئاگاداریى سۆفیەکانیان کرد، گەر تەوبە نەکەن ئەوا دەکوژرێن, چالاکى ئەم گروپە بریتى بووە لە هێرشى لەناکاو سەرپەراندن و کوشتن بەبەرچاوى خەلکەوە تیرۆرکردن و تەقەکردن لە ئۆتۆمبیلى تیژرەوى خێراوە بووە.

جند الاسلام
دەتوانم بڵێم رێک وەک جند الاسلامەکەى لاى خۆمان دامەزراوە! کارى چەکدارى و پیشێوى دروستکردن و ئاژوەگێرى و کوشتنى بەکۆمەل وەک ئەوەى خێلى حەمە دژى هێزى پیشمەرگەى ی ن ک کردیان, ئەم گروپە یەکەم چالاکیان پەلاماردانى بیناى موخابەراتى جەنگى سەر بەسوپاى میسر لەشارى رەفەح بووە، بووە هۆى کوژرانى چەند سەربازو ئەفسەر. لەساڵى 2015 چەند وێنەیەکى ڤیدیۆیی لە ڕاهێنانى چەکدارەکانیان بڵاوکردەوە و دواتر دیار نەمان تەنها لە ڕیگەى بیاننامە دەنگیەکانەوە نەبێ دەردەکەوتن، ئەویش ئاشکرایان کرد بیروباوەرى قاعیدە پەیرەو دەکەن. لەم دواییانەدا هێرشیان کردە سەر چەکدارانى ویلایەتى سیناى سەر بەدەولەتى ئیسلامى و، ئەوەشیان خستە ڕوو لە 11ى تشرینى یەکەمى 2016 چوار چەکدارى دەولەتى ئیسلامیان کوشتووە. لەبەیاننامەیەکدا چەکدارانى ویلایەتى سینا بە خواریج ناو دەبات و هۆکارى هیرشەکەشیان بۆ ئەوە گەراندەوە، کە چەکدارانى ویلایەتى سینا هەستاون بەهیرش کردنە سەر چەند بارهەلگرێکى کۆمپانیاى عەریشى چیمەنتۆ و کوشتنى 9 شوفێر، هەروەها ئازارو ئەشکەنجە دانى موسلمانانى شارى رەفەح کە هاوسنورە لەگەڵ کەرتى غەززە, بەپێى ڕاى هەندێ چاودێر دووبارە بەدیار کەوتنەوەى ئەم گروپەو چالاکى چەکدارییان دەبێتە هۆى جیابونەوە لەنێوچەکدارانى دەولەتى ئیسلامى دواى ئەو بارودۆخەى کە لەعیراق و سوریا بەسەر ڕێکخراوەکەدا هاتووە، ئەم پێک هەڵپڕژانە بەسودى سوپاى میسر تەواو دەبێ لە بەرەنگار بونەوەى ئەو گروپە چەکدارانە.

گروپى المرابطون
ئەم گروپە چەکدارە هەڵگرى بیروباوەرى سەلەفى جیهادین، بەپێى هەندێ سەرچاوە لە یەکگرتنەوەى دوو گروپ پەیدا بوون، کە یەکیان المختار بالمختارى -ین، ناوە راستەقینەکەى خالد ابوالعباسە، کە گروپى ملثمون. واتە دەمچاو پێچراوەکان و گروپى تەوحید و جیهاد لەخۆرئاواى ئەفریقیا، کە سەرکردەکەى احمد ولد العامر التلمسانى، تلمسان ناوچەیەکە لە باکورى مالى لە سالى 2013 خۆیان ئاشکرا کردووە, بەلام ئەم گروپەى میسر لە سالى 2015 خۆیان ئاشکرا کردووە تا ئیستا هیچ چالاکیەکى چەکداری و هێرش کردنیان ئەنجام نەداوە، تەنها هەرەشەکردن و بەیاننامە بووە، پەیوەندىشیان بەقاعیدەوە هەیە. ئەم گروپەى میسر لەلایەن ئەفسەرێکى پێشوى سوپاى میسرەوە سەرکردایەتى دەکرێ بەناوى ابو عومەر المهاجر، ناوى راستەقینى هشام عشماوىە پێشتر ئەندامێکى چالاکى انصار بیت المقدس بووە و لە تشرینى یەکەمى ساڵى 2015 عەشماوى داواى کرد کە دەستبکرێ بە کوشتنى ئەفسەرە میسریەکان و تۆڵە سەندنەوە لە ئیسرائیلیەکان، کە چەند هاوولاتییەکى فەلەستینییان کوشتوە لە بەیاننامەیەکدا لە ئادارى 2016 دووبارە عەشماوى داواى کرد، کە گەنجە لاوەکان هانبدرێن بۆ جیهاد و داواى لە پیاوە ئاینیەکان کردووە کە ڕۆلى بەرچاوو ببینن.

گروپى انصار الاسلام
ئەم گروپە لە تشرینى دووەمى 2017 خۆى ئاشکرا کردووەو بەرپرسیاریەتى هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنیەکان کوژرانى ژماریەکى زۆر لە مێرگەکانى بیابانى خۆرئاواى میسر گرتە ئەستۆ و، ئەوەشیان ئاشکرا کرد ئەوە سەرەتاى کاریى جیهادیانە و گروپى انصار القاعدە پیشوازییان لە بوونى ئەم گروپە کردووەو، داواى لەکۆمەڵگاى میسرى کردووە کە کارى جیها بکەن یا بەپارەوپول هاوکاریان بن.

ئەجناد میسر
ئەجناد لە زمانى عەرەبى بەدوو واتا دێت: یەکیان/ واتە هاوکارو یارمەتىدەر، واتاى دووەمى/ چەند شاریک لەژێر دەسەلاتى شوێنێک بێ پێى دەگوترێ ئەجناد. ئەم گروپە لەکانونى دووەمى 2014 بەدیارکەوتن و چەند چالاکیەکیان لە قاهیرەى پایتەخت ئەنجام دا، بەپێى هەندێ سەرچاوە ئەم گروپە پەیوەندىان بەقاعیدەوە هەیە و هەروەها هەماهەنگی هیرشەکانیان لەگەل ئەنصار بیت المقدس ریکخستبوو پێش ئەوەى بچنە ناو دەولەتى ئیسلامیەوە و، ئامانجى ئەم گروپە وەک دەریانخستوە خۆ بەدوورگرتنە لە زیان گەیاندن بە هاوولاتیانى سیڤیل و، واپێ دەچێ زۆربەى ئەندمانى ئەم گروپە لە ئیستادا گیرابێتن و لەبەندیخانە بن لەمانگی تشرینى یەکەمى 2017 دادگاکانى میسر لە هەوڵى ئەوەبوون سزاى لەسێدارە دان وەرگرن بۆ 13 کەس لە ئەندامانى ئەو گروپە بە تۆمەتى کوشتنى ئەفسەری پۆلیس و هاوولاتى سیڤیل و کوشتنى سەرباز، لەکانونى یەکەمى هەمان ساڵ سزاکان بسەپێنرێت.

حرکة سواعد مصر، واتە جولانەوەى باسکى میسر کورتکراوەى ….. حسم
ئەم بزوتنەوە یاجولانەوەیە لەهاوینى 2016 خۆیان ئاشکرا کرد ئامانجى سەرەکییان هێرش کردنە سەرکەسایەتیە حوکمرانەکان وئەمنى و سەربازیەکان لەسەرجەم میسر و بەتایبەت لەقاهیرەى پایتەخت بەپێى دەزگا ڕاگەیاندنەکانى میسر پەیوەندیەک لە نێوان حسم و ئیخوان موسلمینى قەدەغەکراودا هەبێ, ئەم گروپە یا کۆمەلەیە پالپشتى شۆرش بون وەک جیهاد. یەکێک لە چالاکیەکانى ئەم گروپە لە تشرینى یەکەمى ئەوساڵە هێرش کردنە سەر سەفارەتى میانمار لەقاهیرە بە بۆمبێکى چێنراو وەک پاڵپشتیەک بۆ موسلمانانى رۆهجینا بەگویرەى بەیاننامەکەیان، دواتر حسم گرتەی ڤیدیۆیی ریکلامى بلاوکردەوە دەربارەى سەربازگەو شێوازى راهێنانەکانیانى تایبەت بەخۆیان.
ئەم گروپە چەکدارە ئوسولیە ئیسلامیانە دەیانەوێ کۆمەلگا بگەرێننەوە سەردەمى سەرەتاى ئیسلام، کە خەڵک هیچ هۆیەکى خۆشگوزەرانى نەبووەو چاویان بەم پێشکەوتنەى ئیستا لەجیهان دا لەئارایە هەلنایەت و بەکاریگەر دەزانن لەسەر کۆمەڵگاى ئیسلام و لە دین دوور کەوتونەتەوە یا دەیانەوێ بەم بیروبۆچونە دواکەوتووە دەولەتى ئیسلامى بەزەبرى شمشێر دامەزرێنن و بکوژوبڕ خۆیان بن و، تەراتێن بە دەسەلاتەوە بکەن و وەک سولتانە عوسمانیەکان لە ژێر پەردەى ئیسلام دا.
لەکۆتاییدا دەگەینە ئەوەى کە ئەو کۆمەلگایانەى موسلمانن، هەر موسلمانن پیویست ناکات بەبیریان بهێنرێتەوە، چونکە ئەوەى نوێژى پێنج فەرزە دەکات و زەکات دەدات و دەچێتە حەج و قورئان دەخوێنێتەوە موسلمانە، ئەوەى نوێژیش ناکات هەندێکى زۆر کارى باشتر لە موسلمانەکە دەکات و داهێنان دەکات بۆ خۆشگوزەرانى مرۆڤایەتى کەچى ئەو بەکافرى دادەنرێت.
ئەوەش دەخەمە ڕوو ئایا لەم بارودۆخە ناهەموارەى خەڵکى کوردستان تێی کەوتوە بەهۆى قەیرانە یەک لەدوا یەکەکان و نزمى ئاستى داهات و بێکاریى و بلاوبونەوەى سەلەفیەت و رادیکالى ئیسلامى و شکستى حوکمرانى کوردى، جارێکى تر رێخۆشکەر نییە لەبەردەم زیندوو بونەوەى گروپى توندرەو لە کوردستان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت