جیهاد محەمەد: بۆچی ڕێگە لە پەرلەمانتار(سالار مەحموود) گیرا بچێت بۆ ڕۆئاڤا؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ڕۆژانەی پێشوودا شاندێک لە پەرلەمانەوە ڕێکەوتن بۆ سەردانی و پشتیوانیکردن لە عەفرین. کە گەیشتنە فیشخاپور، ڕێگەیان بە هەموو ئەندامانی شاندەکە دا بپەڕنەوە، بەڵام بە ناوی ئەوەی سالار مەحموود ناوی لە نووسراوەکەدا نییە، ڕێگەیان لێگرت و نەیانهێشت بپەڕێتەوە.
ئێوە تەماشاکەن خوێنەری ئازیز، پەرلەمانێک نووسراو بکات بۆ زاڵگەیەکی سەرسنور، بەڵام گوایە بیرییان چووە ناوی سالار مەحموود یاداشبکەن لە نووسراوەکەدا، هەر بۆ خۆی ئەوە جێگەی تێڕامان و پرسیار لەسەرکردنە!.
یەکەم/ پەرلەمان ئەگەر بە ڕاستی پەرلەمان بێت و ئەندام پەرلەمانەکانی حەسانەی دیبلۆماسیی و هاتوچۆ و گەڕان و پشکنینیان هەبێت چۆن زاڵگەیەک دەتوانێت ڕێگریان لێبکات!، چۆن ئەفسەرێک بۆی هەیە داوای نووسراو و مۆڵەتی هاتوچۆ لە ئەندام پەرلەمان بکات، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە چەند ئەندام پەرلەمانێکن و لەوەش زیاتر سالار موحموود ئەندام پەرلەمانێکی ناسراوە.
دووهەم/ نوسراوێک لە دەزگایەکی گرنگی وەک پەرلەمانەوە بکرێت، کە چەند کۆپیەکی لێ دەگیرێتەوە، بۆ هەر یەک لە ئەندام پەرلەمانتارەکان خۆیان و بۆ فراکسوێنی ئەندام پەرلەمانی شاندەکە و پێش ئەمانەش بۆ خودی سەرۆکایەتی و سکرتێری پەرلەمان، چۆن ئەم هەمووە، تێبینی ئەوەیان نەکرد کە ناوی سالار مەحموود یاداشت نەکراوە!.
بە بڕوای من هەرچوونی ئەم شاندە و مۆڵەتپێدانییان لە لایەن سەرۆکایەتیە ناشەرعیەکەی پەرلەمانەوە جێگەی پرسیارکردنە، بۆ تا ئێستا ڕێگە بە باڵندەش نەدەدرا لەو سنورە بپەرێتەوە، بەڵام ئیستا چونکە پارتی و یەکێتی نزیکبوونەتەوە لە هەڵبژاردنەکان، ئەم ڕێگە پێدان و ناردنی شاندە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەنگدەرانە و بۆ ئەویە هەموو ئەو ماوە دوور و درێژەی کە سنوریان بەسەر ڕۆئاڤادا داخست داپۆشن. با واز لەمەیان بهێنین و بچینە سەر ڕێگەپێنەدانەکەی سالار مەحموود.

بە بڕوای من ڕێگە پێنەدان بە بەڕیز سالار مەحموود بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە:ـ
1- سالار مەحموود، یەکێکە لەو ئەندام پەرلەمانانەی یەکێتی نیشتیمانی کە سۆزێکی زۆری هەیە بۆ و بۆ چەندین جار لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەییەوە بانگهێشتکراوە بۆ کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکانیان و بە تایبەتی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا. سالار مەحموود چەند جارێک تەنها خۆی یان لەگەڵ هاورێیەکیدا سەردانی ڕۆئاڤای کردوە و لە نیزکەوە بینیونی و ڕاو بۆچونی گۆڕیوەتەوە لەگەڵیاندا. سالار مەحموود نەیشاردۆتەوە کە لایەنداری ئەو سیاسەت و خەبات و تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەی و شەڕڤانان و پەیەدەیە. ئەم لایەندارییەی سالار مەحموود نە بە یەکێتی و نە بە پارتی و نە بە ئێستای سەرۆکایەتی پەرلەمان قبووڵناکرێت و جێگەی نیگەرانیانە.
2- سالار مەحموود، ئەندامێکی چالاکی(ناوەندی پشتیوانیکردنە لە ئەزموونی ). ئەم ناوندە لەگەڵ ئەوەی زۆر کات بە هۆکاری جۆراوجۆر و بە تایبەتی بە هۆکاری خۆپیشاندانەکانی کوردستانی باشور و ئەو ڕەوشە خراپەی خەڵکی کوردستان چالاکیەکانی سست و لاوازبوون، وەلێ یەکێکە لەو ناوەندانەی کە زۆر شێلگیرانە سۆز و لایەندارێتی خەبات و تێکۆشانی ئەزموونی دەکات. ئەمەش بە یەکێتی و پارتی قبوڵناکرێت و پێی نیگەرانن.
3- سالار مەحموود، لەگەڵ ئەوەی دوو خولە ئەندام پەرلەمانێکی چالاکی پەرلەمانی کوردستانە لەسەر لیستی یەکێتی و خۆشی ئەندامی ئەو حیزبەیە، بەڵام ڕەخنەکانی بەرامبەر بە دەستەگەریی و باڵ باڵێنی و فرە کوێخایی ناو یەکێتی نەشاردۆتەوە و ڕەخنەگرێکی ژیر و سەرسەختبووە بەرامبەر بە حیزبەکەی خۆی.
4- سالار مەحموود، ڕەخنەگرێکی ژیر و هێمن و سەرسەخت بووە بەرامبەر بە سیاسەتە حوکمڕانییەکەی کوردستان بە تایبەتی لەم چوار ساڵەی دواییەدا.
5- وا پێدەچێت سالار مەحوود، بڕوای بە حیزبەکەی خۆی لەق بووبێت، یان گومانی ئەوەی لێبکرێت کە ڕەنگە لایەنداری لیستی(هاوپەیمانی بۆ دیموکراتی و دادەپەروەری)بکات، ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
هەموو ئەم خاڵانەی سەرەوە، بۆ سالار موحموود جێگەی دەستخۆشیی و شانازییە، بەڵام بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و پارتی و یەکێتی جێگەی ڕەخنەی تووند و لێپرسیینەوەیەکی ویژدانیانەیە لە لای هەم جەماوەری یەکێتی و هەم گشتیی خەڵک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت