Hellbjardn

عیماد عه‌لی: بۆچی ده‌رۆم بۆ ده‌نگدان و ده‌نگ به‌كه‌س ناده‌م؟

دوور له‌ شه‌روشۆر و ململانێی حزبی و گرژی و توندوتیژی و ئالۆزی و فراوانكردنی ناكۆكی نێوخۆیی و ناته‌بایی و تێكدانی كاری حزبی راست و دروست، ئه‌گه‌ر گه‌لی كوردستان بیه‌وێت له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا سه‌رجه‌م حزبه‌كانی ئه‌مرۆی سه‌رساحه‌ی سیاسی كوردستان په‌راوێزبخات و، نه‌هێزی عه‌سكه‌ری و نه‌ش پاره‌ دادیان بدات و نه‌ش كۆنه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌م حزبانه‌ هه‌ر یه‌ك به‌ ناوێكه‌وه‌ دووباره‌ به‌ رێكخراوێكه‌وه‌ له‌ ناخدا هه‌مان پێكهاته‌ و له‌ شێوه‌دا گۆراو و به‌ هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت خۆیان بكه‌نه‌ سه‌رراستی میله‌ت و سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌، ده‌بێت به‌ خۆرسكانه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا به‌ هێمنی و ئاشتی و پشودرێژی، به‌ره‌ له‌ ژێر پێی ئه‌م حزب و سه‌ركرده‌ گه‌نده‌ڵانه‌ ده‌ربكرێت و واقعه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر هێمنانه‌ بگۆردرێت و ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی ناخ و له‌ نێو بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌دوور له‌ دیاریكردنی سه‌ركرده‌ی پێشوه‌خت بنیاتبنرێت و، هێزی گه‌لی كوردستان له‌ پشتیه‌وه‌ بێت و نیمچه‌ راپه‌رینێكی سیاسی ئاشتیانه‌ به‌رپا بێت. ئه‌مه‌ش چۆن ده‌بێت؟
* گه‌لی كوردستانی نارازی ( بێگومان زۆرینه‌ی ره‌ها پێكدێنن به‌ حزبی و بێ لایه‌نیانه‌وه‌) هه‌ر یه‌كه‌و لای خۆیه‌وه‌ بروات بۆ ده‌نگدان وه‌ك ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی به‌شداربوو له‌ هه‌ڵبژاردن كارته‌كه‌ی خۆی به‌ شێویه‌كی روون سپی بكاته‌وه‌ و وای لێبكات كه‌ حزبه‌كان نه‌وتوانن ساخته‌ی بكه‌ن و بۆ خۆیانی تۆمار بكه‌ن.
* هه‌ر یه‌كه‌و لای خۆیه‌وه‌ به‌ فراوانی و ئاشكرا، هه‌وڵی هاندانی خه‌ڵك و خزم و كه‌سوكاری خۆی بدات كه‌ به‌فراوانی برۆن بۆ ده‌نگدان و نه‌هێڵن كارته‌كانیان بدزرێت و به‌ ساخته‌ بۆ لایه‌نه‌كانی تر به‌كار بێت و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سپی بكه‌نه‌وه‌ و پیشانی بده‌ن كه‌ ئه‌وان نارازین و رێژه‌ی ناره‌زایانی میله‌ت بۆ جیهان ده‌ربخه‌ن.
* هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ی ده‌نگی سپی ده‌ده‌ن و نارازین، له‌ پاش هه‌ڵبژاردن خۆیان به‌ شێهوه‌یكی خۆرسكانه‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌وخۆ له‌سه‌ر مینبه‌ری گه‌له‌وه‌ و به‌هه‌ر جۆرێك بێت راوبۆچونی خۆیان ده‌ربرن و بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان چالاكی جۆراوجۆر بكه‌ن و هه‌ڵوێست بنوێنن” ئه‌و كاته‌ش له‌ منداڵدانی واقع و بارودۆخی گه‌لی كوردستان رێكخراوێكی سه‌رده‌مانه‌ی نوێ و به‌ شێوه‌یه‌كی روون ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌م گه‌نده‌ڵانه‌ تور ده‌درێن.
* له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا، هێزێكی جه‌ماوه‌ری نوێ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵك و گه‌نجان و نه‌وه‌ی نوێ به‌دوور له‌م ساخته‌چیانه‌ ده‌توانن له‌ ژێر هه‌ر ناوێكدا بێت سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ بكه‌ن و به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ رێكبخرێن و له‌ كاتی گونجاو و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا به‌شداری بكه‌ن. ته‌نها به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانن ئه‌ڵته‌رناتیڤی به‌هێزی راست و هه‌ڵقوڵاوی ناخی خه‌ڵك بۆ سه‌ركردایه‌تی و رێكخراو و حزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی ئه‌مرۆ بدۆزنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هێزی جه‌ماوه‌ر و خه‌مخۆری و خه‌ڵكی زۆر دڵسۆز كه‌ تا ئێستا وه‌ك دانسقه‌ ده‌ستده‌كه‌ون و ماون؛ ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر زانستیانه‌ و به‌ دیقه‌ت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵیكدا به‌شداری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی كوردستان راست بكه‌نه‌وه‌ و بیگه‌رێننه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستانی قوربانیده‌ر و خۆبه‌ختكه‌ره‌ و راده‌ستی خه‌ڵكی دڵسۆزی بكه‌نه‌وه‌.
* له‌م باره‌وه‌، له‌ زۆر رووی رێكخراوه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستان به‌ خۆی ده‌توانێت سوود له‌ شاره‌زایی و ئه‌زمونی جیهانی بكات كه‌ چه‌ندین وڵات له‌ماوه‌ی چه‌ند سالێكدا ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست خه‌ڵكی ناشایسته‌ ده‌رهێناو راده‌ستی گه‌لیان كرده‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ هیمه‌ت و به‌شداری زۆرینه‌ی گه‌ل و خه‌ڵكی به‌وه‌فا و سه‌ر راست و دڵسۆزی گه‌ل ده‌كرێت.
بۆیه‌ سه‌ره‌تای بنیاتنانی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی راستودروست و هه‌ڵقوڵاوی نێو خه‌ڵك و وه‌فادار بۆ خوێنی شه‌هیدان و قوربانیده‌رانی گه‌لی كوردستان، له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی ئه‌مرۆ له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و به‌ رۆیشتن بۆ ده‌نگدان و رتكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كان به‌ ده‌نگی سپی، سه‌ره‌تای رۆژێكی نوێ ده‌بێت بۆ بنیاتنانی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ی دوور له‌ ئامانجی ته‌سكی حزبی و شه‌خسی و، ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌رهه‌می ده‌رده‌كه‌وێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies