هەڤاڵ کوێستانی: ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ژاوە ژاوی ناو بازاڕ، گوێی مرۆڤ کەڕ دەکات. خۆر خەریکە سەری ماندووی دەخاتە سەر سنگی چیاو پێڵوی تاڵە تیشکەکانی لێدەنێ. دەنگی تەقینەوەیەک ژاوەژاوەکە دەکاتە جمین.
– قڵیشایەوە .. قڵیشایەوە!
هەر بابایەو ڕووەو کۆڵانێک غار دەدات، تا خۆی تێدا ون بکات.
گەنجێک، هەوای عیشقی نیشتمان لێیداوەو دوو ڕۆژ لەوەوبەر، پەیوەندی بە مەفرەزەیەکی پێشمەرگەوە کردووە. پەیوەندی کردووە، بەڵام نە نامەی ڕێکخستنی پێیەو نە کەسێکی واش دەناسێت ببێتە کەفیلی.
پێشمەرگەکان بۆ تاقیکردنەوە و بۆ دڵنیابوون، لە پاکێتی ئەو گەنجە، هەر ئەو ڕۆژە، نارنجۆکێکی دەدەنێ و بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک ڕەوانەی شاری دەکەنەوە.
چ تاقیکردنەوەیەکی نادروست و ناڕەوایە.. تۆ بتەوێ ببیتە پێشمەرگەو ڕێی پێشمەرگایەتیشیت، بەناو کێڵگەی مینڕێژکراوی ئەزمونێکی وا مەترسیدار و کوشندەدا بڕوات.
ئەو کە بڕیاری پێشمەرگەبوونی خۆی داوە، حیسابێک بۆ ترس و مردن ناکات. ئەوەی حسابی بۆ دەکات، کات و شوێنی ئەنجامدانی چالاکیەکەیەو هیچی تر نا. کات خۆر ئاوابوون و بازاڕ بەرەو چۆڵبوون بڕوات.
شوێن” ئەگەری سەرکەوتنی چالاکیەکەی تێدا زۆر و خەڵکی تێدا سەلامەت و، دەرفەتی دەربازبوونی خۆیشی زەحمەت نەبێ.
دوو ئەمن لەبەردەم قەیسەری نەقیبدا گەنجێکیان بە گیروگاز هێناوەو دەیانەوێت لەگەڵ خۆیان بیبەن، ئەم چەند هەنگاوێکی ماوە بگاتە ئاستی ئەمنەکان، بەهەناسەبڕکێ و بەدەستی لەرزۆکەوە نارنجۆکی بەر پشتێنی دەردێنێ… هێندە دەشڵەژێ، لەگەڵ ئەڵقە ڕاکێشانی نارنجۆکدا،

بۆ خوێندنەوەی تەواوی پەرتووکەکە، کلیک بکەرە سەر ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت