ئیسماعیل تەنیا: پێشکەوتن، گۆڤارێکی تەمەن کورت و بە بڕشت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژنامەگەریی کوردی بە گەلێک قۆناغی جیا جیادا تێپەڕیوە. ڕوبەڕووی دەیان ئاستەنگی قەبە، هاتووە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بێ پسانەوەو بەردەوام، شان بە شانی تفەنگە ئەکتیڤەکان، لە خەبات و تێکۆشاندا، بەردەوام بووە. ڕۆژنامەنووسە بوێرەکان، ئەوانەی گیانی خۆیان خستبووە سەر لەپی دەست و ، مەمرەو مەژی، داینەمۆی سەرەکی ئەم بزاڤە بووینەو درێژەیان بەم ڕێگا پیرۆزە داوە.
ڕۆژنامەگەریی شاخ، لە مێژووی بزاڤی کوردایەتیدا، شوێنێکی دیارو بەرچاوی هەبووە… سەربەرزانە، هاوسەنگەر لەگەڵ پێشمەرگەکان، مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەمانیان، نووسیوەتەوە. لە شۆڕشی نوێی ئەمجارەشماندا، بە دەیان گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی جیا جیا، لە ڕووی هزرو ئایدۆلۆژییەوە، دەرچووینە، کە لە ئاڕاستە کردن و گۆشکردنی جەماوەردا، جێ پەنجەیان لەسەر ئەم نەخشە جەنجاڵەدا، دیارو ڕۆشن بووە. جگە لەمەش، دۆزی کوردیان بە خەڵکی تر ناساندووەو، ڕژێمە داگیرکەرەکانیشیان، ڕیسوا کردووە. یەکێک لەم گۆڤارە سەربەرزانەی کە دەبێت شوێنێکی شایستەی لە خەباتی کوردایەتی و چینایەتیدا، دەقەبەر بکرێ، گۆڤاری (پێشکەوتن)ە.

پێناسین
کەڵەکە بوونی چەندین تەنگوچەڵەمەی فکری و ئیداری و ناوخۆیی، بووە هۆی لەباریەکچوون و لێکترازانی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان)و، پارچە پارچە بوونی. بەرەنجامی لەبەرچاو نەگرتن و لەیەکتر حاڵی نەبوون و جیاوازی بیرکردنەوەو بیرو بۆچوون، زەمینەیەکی ئەوتۆی خولقاند کە لە ڕێکەوتی ١٤/١٢/١٩٨٥ دا، (حزبی سۆسیالیستی کوردستان- عێراق/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆرشگێڕ)، هەڵوێست وەربگرێت و، لە حزبی دایک، جودا بێتەوە. ئەم حزبە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندو کەوتە جموجۆڵ و ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری خۆی. بۆ ئەم مەبەستەش، لەبواری ڕاگەیاندنەوە، (ئاڵای ئازادی) و گۆڤاری (پێشکەوتن)ی، دەرکرد.
پێشکەوتن، گۆڤارێکی سیاسی، ڕۆشنبیریی، گشتی، قەبارە ( ١٧ بە ٢١) سانتیمەتر، بوو، حزبی سۆشیالیستی کوردستان- عێراق/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ، دواتر، (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لە شاخ، دەریدەکرد. هەمووی بەسەر یەکەوە، پێنج (٥)، ژمارەی لێدەرکراوە. لە یەکەم ژمارەوە، تا ژمارە چوار، لەژێر ناوی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان- عێراق/ ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ)دا، دەرچووە. لە پاش کۆنفرانسی یەکەمی ئەم حزبە لە بەهاری ساڵی (١٩٨٨)، کە لە کوردستاندا، بەستی، ناوی حزب بۆ (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، گۆڕدرا. بۆیە: لە ژمارە پێنج (٥)دا، ناوی حزبە تازەکە (حزک)ی لەسەر نووسراوە. ئەم گۆڤارە لە ڕێگای ڕێکخستنەکانیانەوە، بڵاو دەبۆوەو، ئەم دەست و ئەو دەستی دەکرد. زۆر جاران دەگەیشتە ناو خوێندکارو نووسەرە بەغدانشینەکانیش. ئەم گۆڤارە، پێنج ژمارەی بەم شێوەیە، لێدەرچووە:
– ژمارە (١) ، ئازاری ١٩٨٦، ٤٤ لاپەڕە.
– ژمارە (٢) ، تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ ، ٦٠ لاپەڕە.
– ژمارە (٣) ، شوباتی ١٩٨٧ ، ٨٠ لاپەڕە.
– ژمارە (٤) ، تشرینی یەکەمی ١٩٨٧، ٥٦ لاپەڕە.
– ژمارە (٥) ، نیسانی ١٩٨٨، ٥٢ لاپەڕە.
کۆی هەموو لاپەڕەکانی بەسەر یەکەوە: (٢٩٢)، لاپەڕە بوو. لە ژمارە دوو بەدواوە، چەند لاپەڕەیەکیشی بۆ بابەت بە زمانی عەرەبی، تەرخان کردبوو.

ناوەڕۆکی گۆڤارەکە
پێشکەوتن لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بە گۆڤارێکی چەپی شۆڕشگێڕ، لەقەڵەم دەدرێت. بە دیدێکی پێشکەوتنخوازانەوە، لەژێر ڕۆشنایی بیرو ئایدۆلۆژی (سۆسیالیستی زانستی)دا، هەڵوێستی لە ڕوداوەکان، وەردەگرت و شرۆڤەی گونجاوی، بۆ دەکردن. بابەتەکانی، زێتر سیاسی بوون. لەکۆی (٢٩٢) لاپەڕەدا، (١٨٣) لاپەڕەی بۆ بابەتی سیاسی، تەرخان کردبوو. پاش سیاسەتیش، (٥٠) لاپەڕە بۆ ئەدەب، (١٥) لاپەڕە بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی، (١٤) لاپەڕە بۆ مێژوو، (٩) لاپەڕە بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی. لە کۆی پێنج ژمارەدا، (١٢) لاپەڕەی بۆ زمانی عەرەبی تەرخان کردبوو. بەشە ئەدەبییەکەی بریتیبوو لە بڵاوکردنەوەی نۆ پارچە شیعرو، دوو چیڕۆک و، چوار لێکۆڵینەوە. یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان، وەرگێڕان بوو. بابەتە وەرگێڕدراوەکان، هەموویان لە زمانی عەرەبییەوە، بوون.
پێشکەوتن، دوو گۆشەی بەردەوامی هەبوو، یەکەمیان: ڕۆژژمێری پێشمەرگە بوو، کە بریتی بوو لە بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەکانی پێشمەرگە. بە شێوازێکی ئەدەبی پەخشان ئامێز، داڕێژرا بوون. گۆشەی دووەمیان: (داستانی پێشمەرگە)، بوو. ئەم گۆشەیە، گۆشەیەکی زیندو و هەست هەژێن و پڕ خوێنەر بوو. زانیاری لەسەر شەڕە داستان ئامێزەکان، بڵاو دەکردەوە، کە بۆ نووسینەوەی مێژووی هاوچەرخمان، سەنگی تایبەتی هەبوو، بە تایبەتیش، داستانەکانی: (وەڵزێ)و، (شیوەپیران)و، (دەشتێو)، (سماقولی)و، (ترپەسیان).

نووسەرەکانی (پێشکەوتن)
سەختی ژیانی پێشمەرگایەتی و بوونی پاڵەپەستۆو فشاری ڕژێم لەسەر کەس و کاری پێشمەرگە، ببووە هۆی ئەوەی (ئەگەر نەڵێم هەمووی)، ئەوا دەتوانم بڵێم بەشی هەرە زۆری بابەتەکان، بە ناوی خوازراوەوە، بڵاوکراونەتەوە. ئەمەش لە پێناوی پاراستنی گیان و ماڵی کەسوکاری نووسەرەکانەوە، بووە. ئەم ناوە خواستراوانەش لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا، بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەم زەمەنە سەختە، سەرئێشەیەکی گەورەی دروستکردووە، چونکە: دەیان نووسەر، لە ڕێبازو بیرو بۆچوون و سەر بە حزبی جیا جیا، بە هەمان نازناو (ناوی خواستراو)، لە گۆڤارو بڵاوکراوەکانی شاخدا، نووسینیان بڵاوکردۆتەوە. دەبێت (هێرش)ی نووسەر لە گۆڤاری (پێشکەوتن) لەگەڵ (هێرش)ی نووسەر لە گۆڤارێکی تری سەر بە حزبێکی تر، جودا بکرێتەوە. دەبێت: هەوڵ و ماندو بوونی ئەوان ڕۆژنامەنووس و نووسەرانە، نەبێتە ئاردی ناو دڕکان . دەبێت بە مێژوو و نەوەی نوێ، بناسرێن.
لەم ڕوانگەیەوە، من بە پێویستی دەزانم – کاتی خۆی، وەک لە ستوونێکی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ-شدا، ئاماژەم پێکردووە، دەبێت، ئەم نووسەرە گومناوانە، خۆیان ئاشکرا بکەن، یان ئاشکرا بکرێن، تاوەکو خەڵکی لە ڕێگای نووسینەکانیانەوە، بیانخوێننەوە. من بە سیفەتی ئەوەی دۆستایەتییەکی باش و پتەوم لەگەڵ (پێشکەوتن) و نووسەرەکانیدا هەبووە، وێرای ئەمەش، لە ڕێگای پرسیارو سۆراخکردنەوە، توانیوومە بەشێکی هەرە زۆری نووسەرەکانی ئەم گۆڤارە، ئاشکرا بکەم. بۆ ئەم مەبەستەش، سوودێکی باشم لە کاک ئاسۆ حەسەن (کاکل حەسەن)، وەرگرتوە. ناوبراو، هەرچەندە ناوی لەسەر گۆڤارەکە نەبووە، بەڵام سەرنووسەرو داینەمۆی سەرەکی پێشکەوتن، بووە.
لە کۆی سەرجەم بابەتەکاندا، دوو بابەت بە ناوی (دەستەی نووسەران)ەوە، بڵاوکراونەتەوە، کە هەردووکیان (هێرش)، نووسیویەتی. دوو بابەتیش بەناوی (پێشکەوتن)ەوە، بڵاوکراونەتەوە کە یەکێکیان (هێرش) و، ئەوی تریان (ب- ڕێگا)، نووسیویەتی. بابەتەکانی تریش بەم ناوانەوە بڵاوکراونەتەوە: ( هێرش، ئاسۆ، دارا، ب- دەوەن، کاردۆ، ئومێد، دلێر، ئاشتی، ڕێباز، خەبات، عەبدولڕەزاق مەرزەنگ، ڕ- هۆشەنگ، ک- حەسەن، باوکی سەیران، م- سەنگەر، م.ج، ڕابەر، سەفین- خ، هێڤی، هەژار، هەڵمەت، فارس، زۆزان، ح.م، هاوار، هۆشەنگ، بروسک، ڕێکان، ب- پێشمەرگایەتی، ب- ڕێگا، هۆشمەند، گۆران، سۆران، ئاکۆ ئاکۆیانی، حەسیب).
هێرش و ئاشتی، هەر یەکەو سێ بابەتیان، بڵاوکردۆتەوەو بە پلەی یەکەم دێن. دوای ئەمانیش، ئەم نووسەرانە: ( ئاسۆ، کاردۆ، هەڵمەت، ڕابەر، هەژار، زۆزان، ڕ- هۆشەنگ، ک- حەسەن، ڕێکان )، بە پلەی دووەم دێن و هەر یەکەو دوو بابەتیان لە هەر پێنج ژمارەکەدا، بڵاوکردۆتەوە. بە پێی ئەم زانیارییانەی کە دەستم کەوتوون، ناوە خواستراوەکان و ناوی ڕاستەقینەیان، بەم شێوەیە:
– هێرش: (قادر عەزیز)ی سکرتێری (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان )ی جاران و ئەندامی مەکتەبی سیاسی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)ی ئێستایە.
– ئاسۆ، کاردۆ، ئاشتی، ک- حەسەن، ب- پێشمەرگایەتی، هەموویان، (ئاسۆ حەسەن)ی ڕۆژنامەنووس و چیڕۆکنووس، بووینە.
– ح.م، ب- ڕێگا: (عەباس محەمەد حوسێن)، ناسراو بە (حاجی مەمۆ)، یان (کاکەباس)، بووە. ناوبراو، ئەم کات (ئاڵای شۆڕش) بووە.
– ب- دەوەن، ڕێکان: (ئیسماعیل تەنیا)ی نووسەری ئەم بابەتە، بووە.
– هاوار، زۆزان: (عەبدولڕەزاق مەرزەنگ)، بووە.
– هەژار، م- سەنگەر، م.ح: نووسەرو پێشمەرگەی شەهید (هەژار دێدەوانی)، بووە.
– هەڵمەت: (ئیبراهیم) ناوێکە. بە داخەوە ناوی باوکیمان بۆ ساغ نەکراوەتەوە.
– ڕابەر: (ڕابەر ڕەشید)، یان (فازیل ڕەشید)ە، ناوبراو ئێستاکە مامۆستایەو لە شارۆچکەی (ئاڵتون کۆپری) پردێ، دەژیت.
– سەفین- خ: شاعیرو نووسەری خوالێخۆشبوو (ئەبوبەکر خۆشناو)، بووە.
– خەبات: (بەڵێن عەبدوڵڵا)ی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)ی ئێستایە.
– سۆران: مامۆستای زانکۆ، (دارا عومەر)ە.
– ئومێد: (زرار جۆڵا)یە.
– حەسیب: (ئارێز عەبدوڵلا)ی ئەندامی سەرکردایەتی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)ی ئێستایە.

پێشکەوتن لە ڕوی هونەرییەوە
بە هۆی کەمدەرامەتی و هەل و مەرجە سەختەکانی ئەوان ڕٶژان، بڵاوکراوەکانیش، باڵایان بەقەد باڵای ئەو هەل و مەرجانە بووە… بۆیە، گۆڤاری (پێشکەوتن)یش، وەک هەموو گۆڤارو بڵاوکراوەیەکت تری زادەی زەمەنی شاخ، لەم ڕووەوە، هەژارەو خواستی خوێنەری ئەم سەردەمە تێر ناکات. بە فۆنتێکی ورد تایپ کراوە، دێڕەکان چوونەتە پاڵ یەک و بۆشایی نێوانیان کەمە، وشەکان سەرو ژێریان بۆ نەکراوە، ناوونیشانی بابەتەکان بە دەستی نووسراونەتەوە، لاپەڕەی دیارو جێگیرکراوی بۆ پاشماوەی بابەتەکان، نییە، بە گوێرەی (چۆن گونجان)، جێگایان بۆ کراوەتەوە. بەرگ، کارتۆنێکی ڕەق و جوانە، هیچ وێنەیەکی لەسەر نییە. لەسەر بەرگی دووەمدا، ناوی گۆڤارەکە بە پیتی لاتینی و ، هەروەها بە زمانی عەرەبی (ألتقدم)، نووسراوە. لە هەموو ژمارەکانیدا، لە ڕوپەڕی ناوەوەی بەرگی یەکەمیدا، وتەیەکی (لینین) نووسراوە، کە گوزارشت لە سەربەستی و بیروبۆچوونی حزب دەکات.
بەم کورتە نووسینە، هیوادارم توانیبێتم لاپەڕەیەکی شاراوە لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی سەردەمی خەباتی نهێنی و شاخ (١٩٧٥-١٩٩١) ئاشکرا بکەم و، هەوڵ و کۆششی ئەم سەربازە ونانەشم خستبێتەڕوو. درود بۆ گیانی هەردوو پێشمەرگەو شاعیر (ئەبوبەکر خۆشناو) و (هەژار دێدەوانی)، کە لەم گۆڤارەدا ڕۆڵیان هەبووەو یادەوەریان بۆمان بەجێهێشتووە…

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت