محەمەد بەرزی: ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زوربەی هەرە زۆری زاناکانی کۆمەڵناسی لەسەر ئەو ڕاستییە کۆک و تەبان، کە مەرج نییە هەر کەسێک خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوو ڕۆشنبیربێت، بەڵام پێویستە هەموو ڕۆشنبیرێک خوێندەوار بێت. بە مانا فراوانەکەشی ڕۆشنبیریش، ئەو کەسەیە، کە بە ڕاستی هەڵگری ئەم سیفاتانە بێ: ڕەوشت بەرز و فریادرەس، ژیر و ئازا و چاونەترس و لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبوێرێ، ڕاستگۆ و دڵسۆز و بە ویژدان ، لانەدان لە هەق لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت، ڕێزگرتن لە شکۆ و بەرژەوەندی نیشتمان و گەلەکەی، بەرپەرچدانەوەی زوڵم و زۆر و ستەم، چ لەسەر خۆی و چ لەسەر گەل و نیشتمانەکەی. بەو پەڕی ئاگاییەوە لە کۆمەڵگاکەی خۆی گەیشتبێت، تا بتوانێت بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بچەسپێنیت و هاوکاری تەواو لە بەرەوپیش بردنی کۆمەڵگاکەیدا بکات. بە کورتی ڕۆشنبیر سایە و دەنگی زیندوی نەتەوە و زمانی گەلەکەیەتی، چاوی کراوەی کۆمەڵگایە، کە هەموو جۆرە گۆڕانکارییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابوری و مەترسییەکانی جیهان و دەوروبەری پیێ دەبینێت. کەواتە ڕۆشنبیر ئەو کەسە کۆڵنەدەرە چرا بە دەستەیە، کە لەدروستکردنی کۆمەڵگاکەی خۆیدا ڕۆڵی سەرەکی و گرنگ دەبینێت، چونکە هەر ئەو دەتوانی ڕاستییەکان بە تەواوی ببینێت و بە چاکی شییان بکاتەوە و لە مەترسییەکانی بە ئاگابێت. جا چەند ڕۆشنبیر، کەسێکی بیرفراوانی بە ئاوەز و دڵسۆزبێت، ئەوا ئەوەندەش ئەو کۆمەڵگایە، لە بەرامبەر نەیار و مەترسیەکانی ناوە و دەرەوەیدا، کۆمەڵگایەکی پارێزراو و خۆڕاگردەبێ . بێگومان ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە بە شەرەفانەش، لە دڵ و دەروونی میللەتی خۆیاندا جێگای شایستەیان هەیە.
ئەوەی شایانی باسە کاتێک ئەمڕۆ تەماشای باری نالەباری کۆمەڵگای کوردیمان دەکەین، ئەوا بە ئاشکرا هەست بە ڕۆڵی سست و لاوازی ڕۆشنبیرانی کورد دەکەین و هۆکاری سەرەکی ئەو بارودۆخە نالەبارەی ئەمڕۆشن. هەندێکیان بە تەواوی وەک تەماشاکەرێک دەڕواننە ئەو بارودۆخەی خراپەی ئەمڕۆ بەرۆکی گرتووین، هەر وەک ئەو بارودۆخە بە لایانەوە گرنگ نەبێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی و چاوچنۆکی ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە. کۆمەڵێکی کەشیان سەرقاڵی قسەی زلی بێ سەروبەری فەلسەفیانەن، کە هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت. لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی کەشمان هەیە، جگە لە دوودڵی و ڕەشبینی هیچ شتێکی تر نابینن. کۆمەڵێکی گەندەڵیشمان هەیە، کە ناوم لێناون نۆکەربیر ، تا بیناقاقایان لە نۆکەرایەتی و خۆپەرستی و هەلپەرستیدا چەقیوە و لەسەر هەموو پەتەکان یاری دەکەن و بۆ گەیشتن بە پۆست و پلە و مەرامەکانیان، کۆ لە هیچ خیانەتێک ناکەن و کۆمەڵگایان بەرەو هەڵدێر بردووە . ئەمانە ڕووداوەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن، بۆ خۆبردنە پێشەوە و نۆکەرایەتی فرسەت دەهێنن و لە هەموو بوارەکاندا قسەی خۆیان دەکەن، بە بێ ئەوەی چارەسەرێک ، یان کرۆکی ڕاستییەکان دەربخەن، باری سەرنجەکانیان لە ناڵیش دەدەن و لە بزماریش. ئەمانە کەسانی درۆزن و دووڕوون و چاوەڕوانی هیچ چاکە و گۆڕانکارییەکییان لیێ ناکرێت و بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. بێگومان کۆمەڵگاکەمان ڕۆشنبیری ڕاستەقینەشی تێدایە، کە پاکترین و بەشەرەفترین ئەندامی کۆمەڵگاکەمانن. ئەوانەن، کە نە ماندوو دەبن و نە ورە بەردەدەن. کێشەی نیشتمان و کۆمەڵگاکەیان لە کۆڵ ناوە و لەگەڵ ئازاری گەلەکەی خۆیاندا دەژین، بەردەوام هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن. جا پێویستە ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی بە شەرەف و بە ویژدان هەڵگری ئەو خاڵانەی خوارەو بێت:
1 – پێویستە لە بیرکردنەوە و هەڵویستیدا، کەسێکی گەشبین بێت، بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری گەشبینی بەرهەمدار بدات، نەک بڵاوکردنەوەی نائومێدی و گریان بۆ سەرابی سەرکەوتنەکانی ڕابوردوو، کە هەتا ئێستا جگە لە شکست و نسکۆ و ماڵوێرانی، هیچی تریان لیێ بەرهەم نەهاتووە.
2 – خاوەنی باوەڕێکی پتەوی مەزن بێت، بیپارێزێت لە بیری بێ بەهای دەرەکی، بتوانێت بیرێکی سەربەخۆ بۆ خۆی دروستبکات و هەوڵی شیکردنەوەیەکی واقعییانەی ڕاستبدات.
3 – ڕاستگۆبێت لە دەرخستنی زانیارییەکاندا، کاریگەری حیزبی و بەرژەوەندی تایبەتی و خزم و هۆزایەتی لەسەر نەبێت. تەنها مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتمانەکەی بێت و خواست و هیوای گۆڕانکارییەک بێت، ژیانی کۆمەڵگاکەی بگوێزێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر و باشتر.
4 – کێشەکان وەک خۆی بخاتە ڕوو ، نە گەورەیان بکات و نە پچووکیشیان بکاتەوە ، پێویستە کەسێکی ڕاستگۆ بێت و پەیامی کێشەکان وەک خۆی بگەیەنێت .
5 – بەلای ئەو کێشانەدا بچێت ، کە کێشەی گەورەی میللەتەن و خۆی لەو کێشە بێ نرخ و بێ بایەخانە بە دوور بگرێ ، کە سودی بۆ کۆمەڵگا نییە و پێویست ناکات خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکات .
6 – زۆر بە وردی مێژوو بخوێنێتەوە ، چونکە بەردەوام مێژووی پڕ لە کارەساتی میللەتەکەمان خۆی دووبارە دەکاتەوە . تا بتوانێت برەو بە لایەنە گەشەکانی بدات و چارەسەریش بۆ لایەنە خراپەکانی بدۆزێتەوە و پێشەنگ بێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی خاوەن شارستانییەت .
٧ – لە پێناوی فراوانکردنی ئاستی بیرکردنەوەیدا بەردەوام لە هەوڵی وەرگرتنی زانست و زانیاریدا بێت و ئاگاداری گۆڕانکاییەکانی دنیا دەرەوە و دەوروپشتی خۆی بێت، تا زیاتر بتوانێت چاوی کۆمەڵگاکەی بکاتەوە و ئاستی ڕۆشنبیریان بەرزبکاتەوە و بەرەو ژیانێکی باشتریان ببات. پاشان پێویستە هەمیشە لە ناخی دڵیدا کێشەی میللەتی هەڵگرتبێت و لە هەموو بۆنە و بوارێکدا ڕووناکی بخاتەسەر. جا ئەو بوارە ، بواری ئەدەبی وەک چیرۆک و هۆنراوە بێت، یان بابەتی فیکری و ڕاگەیاندن بێت، چونکە ئەو لە بەرامبەر خوا و مێژوو و میللەتی سەربەرزی خۆیدا بەرپرسیارە و هەر تەنها ئەویش دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بکات.

تێبینی : ئەم نووسینەم بە دەستکارییەوە لە سایتی ( دار السلام ) وەرگرتووە، بە ناونیشانی ( دور المثقف فی المجتمع ) ، ناوی نووسەری لەسەر نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت