کامەران چروستانی:  بیست و حەوت ساڵ و گرێبەستێک.

لە زۆرینەی وڵاتەکانی جیهاندا کاتێک کەسێک خۆی بۆ کارێکی دیاریکراو لە کۆمپانیایەک، لە دامودەزگایەکی میری یاخود ڕێکخراوەیەک کاندید دەکات ماوەیەکی بۆ دەستنیشان دەکرێت کە بە ماوەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن دەناسرێت. لەو ماوەیەدا لایەنی خاوەنکار هەڵدەستێت بە هەڵسەنگاندنی ئاست و شێوازی جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکان لەلایەن کارمەندە نوێکەوە بۆ ئەوەی بڕیار بدات لەوەی، ئایا ئەو کارمەندە لە کارەکەی بەردەوام بێت یاخود کۆتایی بە کار و ڕاژەکەی بهێنرێت. هەندێک جاریش بارودۆخی وەها دێتە پێشەوە کە لایەنی خاوەنکار ماوەی چاودێریی کارمەندەکە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی بوارێکی زۆرتر بە هەردوو لا ببەخشرێت بۆ دروست و ڕاستیی هەڵسەنگاندنەکە.
ماوەی چاودێریکردنی هەر کارمەندێکی نوێ لە کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە دەگۆڕیت، لە ناونیشانێکی کارەوە بۆ جۆرێکی دیکە، لە پیشەگەری و ئەزموونێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەنێوان یەک مانگ بۆ شەش مانگ دەخاێنێت.
دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردیش، ئەگەر پیرۆزیان نەکەین و نەچینە ژێر باری پرۆسەی مێشکشتنەوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بەڵکوو هەروەکو هەموو کارمەندێکی دیکەی ئەم جیهانە تەماشایان بکەین، ئەوا ئەرک و مافێکیان هەیە، کە بەو پێیە کارەکان و ئەرکەکانی سەر شانی خۆیان ئەنجام دەدەن. جا ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە و واقیعییانە بۆ بەرهەمی کارەکانیان پاش بیست و حەوت ساڵ حوکمڕانی بکەین، ئەگەر چاوێک بەو هزر و بیرکردنەوانەدا بهێنین کە بە درێژایی ئەم مێژووە کۆنترۆڵی چمکەکانی بەڕێوەبردنیان کردووە، ئەگەر پێشبینی و وێنای ئەو بەرهەمانەش بۆ ئایندە بکەین، کە دەتوانرێت لێیان چاوەڕوان بکەین و هاوکات ماوەی چاودێریی ئەم دەسەڵاتدارانە وەک لە گرێبەستێکی کاردا بە ساڵێک دابنێین، ئەوا ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە ئەم دەسەڵاتدارانە پاش بیست و حەوت جار لە تازەکردنەوەی ماوەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندن هەر ڕوویان لە شکست بووە. بارودۆخی ئێستای ناو هەرێم بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ ئەو شکستەیان.
ناوی زل و دێی وێران بریتییە لە کرۆکی دەسەڵاتی کوردی. ناوی زلیش لەو گرێبەستە مۆراڵی و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەی سەرشانی دەسەڵاتدار هیچ ڕۆڵێک نابینێت و ئەو ناوە زل و قەبانە هیچ بەهایەک لەلای هاوڵاتییەکی سادە دروست ناکات بەتایبەتی دوای ئەوەی کە باری ئابووری هەرێم لە ئەنجامی پلانە شکستخواردووەکانی چەندین ساڵیان لە خراپەوە بۆ خراپتر ڕۆیشتووە و دەڕوات. وەلێ شکستەکانی دەسەڵاتدارانی کورد تەنها لە بڕبڕەی ئابووریدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو سەرجەم بوار و سەکتەرەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگا دەگرێتەوە.
ئایا هەتا کەی دەسەڵاتدارانی کورد درێژە بەم گرێبەستە شکستخواردووە دەدەن؟ هەتا کەی مۆراڵی سیاسییان هۆکارێک نابێت بۆ ئەوەی شانۆی سیاسیی بۆ کەسانێکی بەتوانا و ژیر و هۆشیار چۆڵ نەکەن، خۆ هەرچییەک ڕوو بدات و هەرچییەک بێتە پێشمان لە شکستی بیست و حەوت ساڵەی هزرە نەگۆڕەکان زۆرتر و سەختتر نابێت؟ ئایا هەتا کەی دەسەڵاتدارانی کورد قەیرانە پەنگخواردووەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بە سەرکەوتن و باری ئاسایی نمایش دەکەن و کۆمەڵگا لەناو خەونێکی خەیاڵاوی چارەسەرکردنێکدا دەژێنن؟
بیست و حەوت ساڵە کۆمەڵێک دەسەڵاتداری بێ توانا و بێ ئاست گرێبەستێکی موڵکدارێتی دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا سەپاندووە: ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەگەر بە کۆتایهاتنی ماوەی چاودێریی بێت، ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی ئاست نزمی ئەنجامی کارەکانیان بێت، ئەگەر ڕۆحی بەرپرسیارێتیی مۆراڵی سیاسی و مرۆییش بێت، ئەگەر بە هەر پێوەرێکی دیکە بێت، کاتی ئەوە هاتووە ئەم کورسییە ڕادەستی کەسانێکی دیکە بکرێت، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە هزر و ئاراستەیەکی دیکە جێبەجێ بکرێت، کۆمەڵگای کوردی لە نەریتی میراتی دەسەڵات ڕزگاری ببێت، حیزبیش لە موڵکایەتیکردنی حکومەت بێتە دەرەوە، سەرکردەش لە پێستی پیرۆزکردن دابماڵرێت و وەک هەموو کەسێکی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.