جیهاد موحەمەد: گەلی کورد فریاکەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر نەختێک بە وردی بیربکەینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەوەی کە مافی گەلانی بندەست و چەوساوەی وێرانکردووە، جگە لە بەرژەوەندخوازیی سیستمی سەرمایەداریی جیهانیی، بەرەی فاشیزمی نەتەوەپەرستیی و دینییە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانە.

گومانی تێدا نییە، کە گەلی کورد خاوەنی چەندین حیزب و هێڵی سیاسیی جیاوازە، ئەمەش زۆر ئاساییە، چونکە چ وەک تاک و چ وەک گروپ و چین لە گەلێکی ستەملێکراوی دەیان ملوێنیی و دابەشکراو بەسەر چەند جیۆگرافیای سیاسیی دروستکراوی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا هەمووی یەک ئاراستەی فکریی نابێت و لەسەر یەک هێڵێ سیاسیی کۆنابێتەوە، هەرچەندە زۆر جار داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کراوە و ئێستاش ڕێکخراوێک هەیە بەو ناوەوە، بەڵام هێشتا ئەمەش بە تەواوەتی نەمەیوە و هەموو لایەکی سیاسیی و فکریی گەلی کوردی کۆنەکردۆتەوە، هۆکاری ئەمەش زۆرە ڕەنگە لەم بابەتەدا جێگەی نەبێتەوە.

ئەوەی مەبەستمە بیڵێم بە کورتی و بە پوختی، تەنها یەک پرس و مەسەلەی سیاسیی هەیە کە لەبەرژەوەندی گشت گەلانی ستەملێکراو و بەشمەینەتە، ئەو پرسە سیاسییەش پرسی دیموکراتیی ڕستەقینەیە کە جێگەیەک نایەڵێتەوە بۆ بندەستیی هیچ نەتەوە و چینێکیش، هەڵبەت ئەمەش بە ڕێژە، بە تایبەتی بۆ چینی چەوساوە کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەم چەوشاندنەوەی نەیەڵێت، چونکە تەنها چارەسەری سیستمی سۆسیالیستییە کە بە تەواوەتی چەوساندنەوەی چینایەتی لە ناودەبات. کەواتە گەلی کورد ئەبێت ئەوە باش بزانێت و وەک ڕۆژی ڕووناک بە بەرچاوییەوە بێت، بەرەی فاشیزمیی نەتەوەیی و دینیی بە جۆرێک دژێتی، کە هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئاراستە سیاسیی و هێڵە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ئەم گەلەدا، هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئەم حیزب و ئەو حیزبدا، هیچ جیاوازییەکیش ناکات لە نێوان ئەم چین و ئەو چیندا.

 فاشیزمی نەتەوەپەرستیی و دینیی سۆنامییەکە، کە چاک و خراپ، ڕاست و چەپ، لیبراڵ و سیکتاریزمیی ئەم گەلە، چینی دەوڵەمەند و هەژاری ئەم گەلە، وەک یەک ڕاپێچ دەکات و بۆ هەتا هەتایە نوزەی لێدەبڕێت.

هەرچ ئاراستەیەکی فکریی و هێڵێکی سیاسیی ئەم حەقیقەتە نەزانێت تۆزقاڵێک خاوەنی عەقڵ نیە.

لەم حەقیقەتەوە کە ئاماژەم پێدا، پێویستە هەموو کورد و هەموو ئاراستە جیاوازە فکریی و هێڵە سیاسییەکان، هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئەم گەلە لە هەر چوارپەرچەکەیدا، پێکەوە هانا بەرنە بەر هەموو گەلانی دنیا و هەموو حیزبە چەپ و سەوز و لیبراڵ و دیموکراتەکانی جیهان و داوای ڕاگرتنی ئەو سونامییە فاشیزمییە نەتەوەیی و دینییەی ئەردۆغان بکەن.

لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی ئەردۆغان و بەرەی فاشیزمییە نەتەوەپەرستیی و دینییەکەی، نەک دژی هەموو گەلی کوردە بەڵکو دژی هەموو بەرەی ئازادیخوازیی جیهانییە، بۆیە بۆ گەلی کورد دەرفەتە کە هەموو بەرەی ئازادیخوازیی جیهانی ئاگادار بکاتەوە لەم بەرە ڕەش و تاریک وئەنگوستەچاوەی کە دەخوازێت هەموو جیهان بەرەو دۆزەخی سەدەکانی ناوەڕاست ڕاپێچ بکات.

گەلی کورد فریاکەوە و ئەم سۆنامییە فاشیستییەی ئەردۆغان تۆزت دەبات بە ئاسمانا، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی گەلی کورد و مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی چینی دەوڵەمەند و چینی هەژارەوە، هەمووی وەک گەنمی دوو توێی بەردە ئاش دەهاڕرێت و دەبێت بە ئاردی ناو دڕک.

گەلی کورد باش بزانە! سەرکەوتنی عەفرین ئەگەر سەرکەوتنی یەکجارەکی گەلی کورد و بەرەی ئازادیخوازیی لە ناوچەکەدا نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەشەی بیر و ئەندێشەی ئازادیخوازیی و دیموکراتخوازیی لێدەکەوێتەوە و بۆ هەتا هەتایە ئەم دەنگە بەرزەفڕانە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبریقێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت