دکتۆر شۆرش حەسەن: لە سەربەخۆییەوە بەرەو حوكمی زاتی كارتۆنی!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئێمە لەم بەشەی باشووری كوردستان گیرۆدەی دەستی بەناو سەركردایەتیەكین ماوەی نیو سەدە زیاترە پیشەی هەمیشەیی شكستی وریسوایی وملكەچیە بۆ دوڵەتانی عێراق و ئێران و توركیاو سوریای دوژمن بەكورد. سەركردایەتیەك مایەی شەرمەزاریە بۆ میللەتەكەی، بیست و حەوت ساڵە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و باشترین توانای دارایی و مرۆیین كەچی نەیانتوانی هەنگاوێك بچنەپێش بەئاراستەی سەربەخۆیی ئابوری و سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی بە پێچەوانەوە هەمیشە كاروانیان لە پاشەكشەیە، هەرچی ناوی ستراتیج و بەرنامە و تاكتیك بێت نەیانبوە، بەكوردی و بەكورتی حوكمرانیەتی ترەكەڵەكیان دامەزراند.
دوێنێ‌ قەوانی دەوڵەتی كوردیان بۆلێداین و ریفراندۆمیان بۆ سازداین بێ‌ گوێدانە بونی ئەرزشی گونجاو و بنەمای پێویست بۆی، لە بری ئەوەی گوێ لە قسەی دڵسۆزانی خۆیی وبێگانە بگرن تۆمەتی خیانەتیان ئاراستە كردن، سەرمەستی پیاهەڵدانی هەندی سیاسەتمەداری كۆڵەوارو مەلاو مامۆستای زانكۆ و قەلەمی دەرباربون. دەرەنجامەكەشی ئەوەبو كە سمێڵیشمان لەسەردانا!
چەند مانگێك پێش ئێستا باس لە تەڵاقدانی ئاڵا و رەگەزنامەو پاسپۆرتی عێراقی دەكرا، ئێستا ئەو سەركردایەتیە دۆراوە دەستەوئەژنۆ لەبەر مەرحەمەتی نوخسوەزیری عێراق بەخۆشحاڵیەوە چەماوەتەوە وەك بەندەی موتیع بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكانی، كەچی ئەو زەلیلی وداماویەی بەدەسكەوتی نیشتمانی تەفسیر دەكا!
لە حاڵی حازردا ئەو بەناو سەركردایەتیە رازیە بەهەر رێوشوێنێك بەغدا بیگرێتە بەر لە بەرانبەری و ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەموو داواكارییەكانی، ئەو هەڵوێستە دۆراوەشی گەرانەوەیە بۆ خاڵی سفر، بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو كە ئەوسا داواكاری بۆ وەرگرتنی لامەركەزی ئیداری بو بەڵام خودی حكومەتی عێراق خۆی چەمكی حوكمی زاتی بۆ داهێنان و دواتریش بەشێوەی كارتۆنی جێبەجێیكرد بێ‌ گوێدانە ویست و ئارەزووی ئەو سەركردایەتیە، ئێستاش هەمان فلیم دوبارە دەبێتەوە، ئەوەتا دەسەڵاتی حوكمرانی هەرێم كە بە دیفاكتۆ بەرجەستە بوبو لە ساڵی 1991 ەوە ودواتریش بەپێی دەستوری عێراقی 2004 و 2005 دانی پیانرا وەك دەسەڵاتێكی قانونی، ئەو دەسەڵاتەی هەریم دەسەڵاتی یەكەیەكی فدراڵی بو بەڵام ئەو یەكە فدرالیە تا پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك نیمچە دەوڵەتێك بو خاوەنی دەسەڵاتی فراوان و بێ‌ سنوور بوو، بەڵام ئەو هەنگاوانەی ئێستا دەنرێن ووردە ووردە دۆخی باشوری كوردستان دەباتەوە هەمان حوكمی زاتی كارتۆنی كە ساڵی 1974 پێی رازی نەبوین و خەسارەت و قوربانی بێ‌ ئەندازەشمان لەو پێناوە داوە. چونكە بە گوێرەی مەرجەكانی حكومەتی عێراق زۆر دەسەڵاتی گرنگی هەرێم لەرووی سیاسی و دارایی و ئابوریەوە دەچێتەوە لای بەغدا، بەجێبەجێكردنیان كیانی هەرێمی كوردستان بەو دۆخەی ئێستای نامینێتەوە وەك یەكەیەكی فدراڵی ناو ئەو دەوڵەتە فدراڵیە سەیروسەمەرەیەی عێراق كە تەنها لەتاكە هەرێمێك پێكهاتوە، بۆیە زۆر ئاسایی و ئاسانە بەلای پێكهاتەكانی تری عێراقەوە مەسەلەی فدرالیەتی دەوڵەتی عێراق لە رەگو ریشەوە هەڵكێشن بە هەمواركرنێكی دەستورەكە و هیچ تەگەرەیەكی سەختی یاساییش لەبەردەمیان نیە رێگەیان لێ‌ بگرێ‌، ئەوسا لەسایەی ئەو فەوزا سیاسیەی لە هەرێم خولقێنراوە دەبێ‌ بەحوكمی زاتی كارتۆنی شوكربین، ئەگینا وەك پارێزگاكانی تری عێراق لامەركەزی ئیداری دەستمان ماچ دەكا!