نەبەز گۆران: ئەمریكا وەك مشەخۆرێك لە رۆژهەڵاتدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ دەوڵەتێك لە ڕۆژهەڵاتدا ناتوانێت بە وێنەی دۆست، وێنای ئەمریكا بكات. لەگەڵ هاتنی سیستەمی سەرمایەداری بۆ رۆژهەڵات، مشەخۆرێكی زلهێزی لەگەڵ خۆیهێنا. ئەم زلهێزە مشەخۆرە جیهانی ڕۆژهەڵات بە بازارێك دەبینێت، هەندێكجار ئەم بازارە لەرێگای هەڵگیرسانی شەڕەوە دەستكەوت بەدەست دەهێنێت، هەندێكجاریش لەرێگای ئاوەدانكردنەوە و بردنی نەوتەوە، لە هەردوو دیوەكەدا رۆژهەڵات بەهەموو ئیشكالەكانی ناوخۆیەوە دەبێتە بازارێك بۆ مشەخۆرێك، كە زیاد لە سەدەیەكە تارماییەكانی بەسەر گشت دەوڵەتەكاندا بوونی هەیە و، لەپێناو بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی بەو جۆرە بیردەكاتەوە، كە پێویستە بیر بكاتەوە.
ئەكرێت ئیدی ئەو گوتارە كۆتایی هاتبێت كە (ئەمریكا رزگار كەرە) لەبری ئەوە گوتاری ( ئەمریكا بەرژەوەندی هەیە) هاتووەتە شوێنی. زۆربەی دەسەڵاتە ستەمكارەكانی سەدەی بیست و، سەدەی بیست و یەك، بریتین لەو دەسەڵاتانەی بەرژەوەندییەكانی ئەم زلهێزەیان پاراستووە و، تا ئەو شوێنەی نەبوونەتە مەترسی بۆ بەرژەوەندییەكانی لەگەڵیاندا بووە و، لەو شوێنەش بوونەتە مەترسی بۆی بەجۆرێكی دیكە مامەڵەی لەگەڵ كردون. رەنگە كورد لەناو ئەم نەخشەیەدا زیاد لە هەموو میلەتەكانی رۆژهەڵات، تەفسیری هەڵەی بۆ ئەمریكا كردبێت. لەكاتێكدا كورد وەك میلەتێك، هیچ نەبووە جگە لە كەرەستەیەكی بەكار هاتوو بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەم زلهێزە مشەخۆرە.
نەخشە كۆنەكەی رۆژهەڵات، واتە: (دەوڵەتەكان) بەو ئاسانییە گۆڕانكاری بەسەردا ناهێت. وەستان بۆ پاراستنی ئەم نەخشە كۆنە مانای نائومێدی كورد نییە، مانای تێگەیشتنە لە بەرژەوەندییە گەورەكان. هەتا لەم بەرژەوەندییانە تێنەگەین لە نەخشەكانیش تێناگەین. تەفسیری (ئەمریكای رزگار كەر) بە كەڵكی ئەم سەردەمە نایەت و، دەبێت لەبری ئەم تەفسیرە كلاسییكییە بێ‌ بنەمایە، بەرژەوەندی بێتە شوێنەكەی. دوو رووداوی نزیك لە ئێستا بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین، كورد كەرەستەیە بۆ ئەمریكا نەك دۆست.
هاتنەوەی (عێراق) بۆ هەرێم، گەرچی بناغەی هەڵە سیاسیی و ئابوورییەكەی لەو دەستەو تاقمەوە هات نەیانتوانی لە بەرژەوەندییە گەورەكان تێبگەن، ئەما كردەكە بەشێك بوو لە ویستی ئەمریكا. لەروی هەڵەی سیاسییەوە ئێمە گەر ریفراندۆمان نەكردایە، ئەم ویستە بەو ئاسانییە جێیەجێنەدەكرا، لانیكەم رێككەوتنێك دەكرا تا بەشێك لە ناوچە دابڕێنراوەكان كورد بیبات بەرێوە، ئەما كردەی ناتێگەیشتنی سیاسیی ریفراندۆم وایكرد لەبری ئەوەی شەرەكەمان لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان بێت، شەڕەكە هاتەوە بۆ ناو شارەكانی هەولێر و سلێمانی و، ئێستا دەبێت بەرگری لە ئیدارەی ئەو دووشارە بكرێت!(گەرپێمانبكرێت) ئەم هەڵە تێگەیشتنەش لەوەوە سەرچاوەی گرت، ئەو تاقمەی كەمپینی ریفرۆاندۆمیانكرد (ئەوانە نا كە دەنگیاندا، چونكە دەستەی كەمپین خاوەن هەڵەكەن، نەك دەنگدەران) پێیانوابوو ئەمریكا دۆستی كوردە! لەكاتێكدا ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندییەكانی سەیری دیمەنەكە دەكات و، مێژووی ئەم زلهێزە لە رۆژهەڵاتدا بەستراوە بە مشەخۆرییەوە، نەك دۆستایەتییەوە.
رووداوی دووهەم (عەفرینە) هەر لەو ساتانەی كوردەكان چەپڵەیان لێدەدا ئەمریكا چەك بە رۆژئاوا دەدات، لەو ساتانەدا دنەی سوپایەكی گەورەی دەدا تا بجوڵێت و، بەهۆی گواستنەوەی چەند چەكێكەوە بۆ هەرێمێكی بچوك، سەرلەنوێ‌ بازارێكی نوێی سیاسیی و شەڕ، لەگەڵ توركیا بكاتەوە. هەموو جوڵەیەكی توركیا دژی رۆژئاوا، كۆتاییەكەی بە رێككەوتنێك دەبێت لەگەڵ ئەمریكا و حوكومەتی ناوەندی سوریا: واتە: بەعس. یانی خزمەتكردن بە نەخشە كۆنەكە و كۆتایی هێنان بەو وەهمەی كورد، كە پێی وابوو نەخشەكان دەگۆڕێن.
ئەمریكاییەكان تا ئەم چركەساتەش كە لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی باشوور كۆ دەبنەوە، وەڵامی ئەم سێ‌ پرسیارەیان بەلاوە گرنگە:_لەگەڵ عێراقدا دەمێننەوە، برواتان بە كاركردن هەیە لە چوار چێوەی عێراق_ هەوڵی جیابوونەوەی یەكجارەكی نادەن. وەڵامی ئەم سێ‌ پرسیارە بۆ رونكردنەوەی ئایندەی سیاسییە. ئەوان نایانەوێت دەسكاری نەخشەكە بكەن، دەشیانەوێت بەشێوەی ئیداری نەرم نەرم، سەر لەنوێ‌ _عێراق_ و سوریا_ بگەرێننەوە ناو هەرێمەكانی باشوور و رۆژئاوا.
ئەم زلهێزە مشەخۆرە بۆ رۆژهەڵات نە بروای بە ئازادی تاك و میلەتەكان هەیە، نە بڕوای بە ماف و مافی مرۆڤ هەیە، بروای بەوەیە لە بازارەكەی ئەودا چەند بەرژەوەندییەكانی دەپارێزی و چەند مەترسیت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی. لەهەرشوێنێكیش باسی ئازادی میلەتەكان و ماف بكات، بێگومان لەو شوێنەدا مەترسییەك لەسەر بەرژەوەندییەكانی هەیە. ئەمڕۆ كوردەكانی رۆژئاوا لەناو شەرێكی گەورەدان، هەر هێزێك پێیوابێت ئەم شەڕە سەرنجی ئەمریكا رادەكێشێت و هەوڵی چارەسەری دەدات لەبەرژەوەندی كورددا، بێگومان ئەو هێزە هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە ئەم زلهێزە مشەخۆرەی رۆژهەڵات كوردی وەك كەرەستە دەبینێت نەك ئامانج.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت