ئاگرین شێخە: عەفرین و كەركوك لەبەشداری كێرڤی ھەڵبژاردندا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەردۆگان بەداگیركردنی عەفرین و عەببادیش بەكەركوك ھەریەكەیان ئەیانەوێ كێرڤی دەنگەكانیان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو بەرزبكەنەوە. باڵانسی ھێزی ئەردۆگان لەنێو كۆمەڵگەی توركیا تاڕاددەیەك بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەكانی ڕابردوو دابەزی بوو، ئەمەش لە ڕێفراندۆمی دەستوریدا دەركەوت كە ئەردۆگان سەرۆكایەتی دەنگی (بەڵێ)ی دەكرد لە بەرژەوەندی گۆڕان لە 18 ماددەی سەرەكی دەستوریدا، بە لە 51٪‏ بەرامبەر بە لە 49٪‏ سەركەوت بەسەر نەخێردا. بێگومان ئەمە شكستێكی گەورەیە بۆ پارتێك كە بتوانێ سێ جار لەسەیەك بەتەنھا دەنگی پێویست بێنێ بۆ پێكھێنانی حكومەت. توركیا لەقۆناغی ئەردۆگاندا بەرەو شەڕی دەرەكی و بەزاندنی سنوری وڵاتان ھەنگاوی نا، ھەرچەندە لەسەرەتای ھاتنی پارتەكەی ئەردۆگان توركیا وەرچەخانێكی باشی بینی لەگشت بوارەكان بەتایبەت بوژانەوەی ئیقتسادو ئاسایشی ناخۆیی و سنورەكانی وڵات تا كۆتایی ھاتنی ئاشتی دەوڵەت-پەكەكە.
بۆیە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونی دژی ئیدارەی كوردانی خۆرئاوا دەست پێكرد تاكو ڕەئی تورك بەلای خۆیدا ڕاكێشێتەوە، بۆیەش شاری عەفرینی كردە ئامانج تا بەكۆمەڵگەی توركیا بڵێ گورزی یەكەمین لەخواستی گەیشتنی كورد بەدەریای ناوەڕاست دەدەم.
سەرەتای دەركەوتنی ئەردۆگان بەناوی پارتی دادو گەشەپێدان بەزۆرینەی دەنگی كورد گەیشتە ترۆپكی دەستەڵات و ئێستاش دەیەوێ بەھۆی دەنگی توركە شۆڤێنیەكان ھەر لەترۆپكی دەستەڵات بمێنێتەوە.
16 ئۆکتۆبەرو كەمكردنەوەی میزانیەی ھەرێمی كوردستان لەبودجەی عێڕاق و نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی كوردستان بەشێكن لەسیاسەتی عەببادی بۆئەوەی ڕەئی عڕوبەی عێڕاق بەلای لیستەكەیدا ڕاكێشێت.
خۆ سوڵتە ڕەھاكانی كورد ھەم بەرامبەر دەوڵەتی توركیا لە ئیدارەی ئەردۆگان و ھەمیش بەرامبەر حكومەتی مەركەزی عێڕاق بێ غەل و خەوش نین بەڵكو ھەڵەی بەرچاویان ھەیە، بەڵام لێرەدا شرۆڤەكە زیاتر لەمەڕ بەرزكردنەوەی كێرڤی عەببادی و ئەردۆگانە. ئەمە ڕوونە کە کورد بە درێژایی مێژوو شەڕی مافەکانی کردووە لەو پێناوەشدا باج و قوربانی زۆری داوە بەڵام سەیر لەوەدایە کەدوای ئەم ھەموو خوێن بەخشین و قوربانی پێدانە ئەوەی قازانج ناکا تەنھا کورد خۆیەتی، وڵاتانی داگیركەری ئیقلیمی و ئیپریالیزمی مۆدێرن قازانجمەندن و لەسەر خوێنی کوردان خۆیان پێش دەخەن، کوردیش لەبێ ئاگایی و ناڕێكیەوە تەھمیش دەكرێت. بێگومان دەبێ كورد خۆی نەقسی ھەبێت ئەگینا بۆچی ھەر دوژمن قازانج دەكات؟
حیزب و سەرکردەکانی کورد ھیچ کات ئەزنونداری مێژوو نەبوونە، زۆرجار لەبازنەی سیاسەتی ھەڵە خولاونەتەوە، تاكە خیتابی كورد ئەوەبووە كە تائێستاش ھەر دەیڵێنەوە: ئێمە ئامادەی قوربانیدانین. ئەوە لەكاتێكدا كە داگیركەر ئارەزووی لەبوونە قوربانی و لەبەین چوونی ڕۆڵەكانی كوردە ئەگەر تاكێكیش بێت وای دادەنێت كە بەردێك لەسەر ڕێگاكەی لاكەوتووە.
دەبوایە سەركردایەتی كورد نەھێڵن مێژوو چیتر بەھەمان لەون خۆی نیشانی خەڵك و خاكی نیشتمان بداتەوە، دەبوایە ئیتر خیتابی یەكێتی كورد وابێت: ئێمە ئامادەین قوربانی بەدوژمن بدەین لەپێناو ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد.
جگە لەمەش پێویستە چیتر خەڵك نەكرێتە ئامانجی قوربانی لەپێناو خاك، چونكە ئەگەر خەڵك نەبێت خاك ھیچ بەھایەكی نامێنێت، وەكو عەڕەب دەڵین: المواطن قبل الوطن.
خۆ ئەگەر بڕوانینە گوتاری گشت حزبەكان ھەر ئەوەمان بەرچاو ئەكەوێ وەلێ دیفاكتۆ و پڕاكتیك شتێكیترن وە زۆریش جیاواز بینراون بەراورد بەئەجێنداو خیتابی خەباتكاری.
ئەوەیی لە کەرکوک و عەفرین ڕوویدا بەتەنھا داگیرکاری نیە كەدوژمن ھێرشی ھێنابێت و یەكسەرە تاوان بێت، بگرە ھەڵەی حیزب و سەرکردەکانی کوردیشی تێدابووە. کە نەیان توانیوە سود لەدۆخە خراپەکەی وڵاتانی دراوسێ وەربگرن، خۆیان ڕێک بخەن و سیاسەتێکی لێزانانە بکەن. دووربین نەبوون و بیریان لەلای پێشھاتە كت و پڕەكان نەبوو. كە ئەگەر بێت و دوژمن دەرفەت وەرگرێت سڵ ناكاتەوە لە لەناوبردنی دەستكەوتە وەدیھاتووەكان.
لەكەركوك و ناچە دابڕێنراوەكان بەر لە 13 ساڵ خەڵك و خاكی كوردستان خرانە نێو مەھزەلەیەك لەشێوەی تیروپشكی یاریەك بەناوی دیموكڕاسی و پڕۆتۆكۆڵی لێك تێگەیشتنی دەستوریەوە. وەك بڵێی سەدساڵە خەبات لەپێناو (گومانێك) كراوە و خەڵك و ڕۆڵەی ئەم كۆمەڵگەیەی بۆ دراوە بەكوشت. بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوریەش زەڕڕەیەك ھەنگاوی جددی نەنرا تا بخرێتەوە سەر خاكی كوردستان. ئیتر بوو بەمەھانەیەكی قانونی و دەستور ڕێگەی بەمەركەزدا كەدەست بگرێتەوە بەسەر كەركوكدا. چونكە لەحالەتێكی نائاسایی و بەھۆی خوڵقاوی دۆخێكی عەسكەری كورد تێیدا بووبوو بەباڵادەست بەبێ حساب كردن بۆ ئەو دەستورەی كەخۆیان دەستیان ھەبوو لەداڕشتنی.
لەخۆرئاوای كوردستانیش كە پەیەدە دەستەڵاتی تێدا دامەزراند یەكێ لەھەڵەكانی ئەوەبوو كە بەئاشكرا ئیدیعای پەكەكەبوونی دەكرد، كەچی دەشیانزانی توركیا بەھیچ جۆرێك ئەمە قبوڵ ناكات. قایلیش نابێت سنوری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی (پەكەكە)دا ھەبێت، كە بەدرێژایی 655 كیلۆمەترە. بەڵام ئیدارەدەرانی خۆرئاوا وەك غرورێك ھیچ حسابێكیان بۆ زلھێزی و توانا سەربازیەكەی دەوڵەتی توركیا نەكردبوو. وە حسابیشیان نەكرد بۆ ڕق و قینەی داگیركەر كەبیانویەك ھەر دەدۆزێتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو كیانەی كەبەخوێن دیوارەكانی نەخشێنراون. جگە لەوەش دوای ئازادكردنی ناوچە كوردنشینەكان تەنانەت لەگەڵ سوریاشدا ھیچ پڕۆتۆكۆڵێكی فەرمی نەكرا تا بەسەلامەتی بمێننەوە، چونكە حەقیقەت ئەوەیە زامنی مانەوەی ئیدارەی كانتۆنەكانی خۆرئاوا پشتیوانی ڕوسیایە تا پارێزراوبن لەھێرشەكانی توركیا، ئەوەش بە بەدەستھێنانی پشتگیری سوریا دەكرا.
ئێستا ئەوەی حەلی كێشەكە دەكات تەنھا گەڕانەوەیە بۆ حكومەتی مەركەزی سوریاو دانایی لەوەدایە كەبتوانن سەرەتا لەچوارچێوەی سوریادا مافەكان بەدەست بھێنن تا قۆناغی داھاتوو. وە ئاڵای سوریاش لەتەك ئاڵای ئیدارە خۆجێیەكان ھەڵبدەن. چونكە لەم قۆناغەدا بڕوای من وایە، كە چەك ھەمیشە ئالیەتی بەدیھێنانی ئامانجەكان نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت