لاوک کونجرینی: ئەڤرین و جەنگە گەورەکە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێی کۆمەڵێک سەنتەریی سیاسیی بێت، ئەو ڕێکەوتنەی نێوان تورکیاو ڕووسیا لەسەر ئەوە بووە، کە ڕووسیا ماوە بە تورکیا دەدات، کە هێرش بکاتە سەر ئەڤرین، بە ئەڤرینەوە نەوەستێت تا تەواوی ناوچەکانی ژێر دەستی کورد بگرێتەوە. لەبەر ئەوەی بەپێی ڕێکەوتنەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا، ئەڤرین بەشی دەسەڵاتی ڕووسیا بووە لەسەر خاکی سوریا. هەر ئەمەشە، کە ئەمریکا بێ وەڵام بوو لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەڤرین.

بەڵام ئایا لە توانای تورکیادا هەیە، لەدوای ئەڤرین  پەلاماری ورچە گەورە سپییەکە بدات، کە ئێستا خۆی مەڵاس داوە؟، ئایا تورکیا دەتوانێت بەڵێنەکەی بباتە سەر بۆ ڕووسیا، تەنها لە ئەڤرین قەتیس نەمێنێت؟ ئایا لەدوای قەتیس بوونی تورکیا لە ئەڤرین، ڕووسیا لێی قبوڵ دەکات، لە ئەڤریندا بمێنێتەوە؟ ئەگەر تورکیا بەناچاریی لەئەڤریندا کشایەوە بەهۆی ئەوەی ناتوانێت پەلاماری ئەمریکا بدات، بەرگەی جمەی ناڕەزایی خەڵکی تورکیا دەگرێت و ئەردۆگان وەڵامی چی دەبێت بۆ خەڵکی تورکیا؟

ئەمانە ئەو پرسیارانەن لەدوای داگیرکردنی ئەڤرین لەلایەن توکیاوە، وەڵامەکەی جەنگە گەورەکە بەدوای خۆیدا دێنێت و چەند پرسیارێکی تر دەورژێنێت. چۆن؟

جگە لەم پرسیارانە، گەر تورکیا پەلاماریی ئەمریکای دا لە ناوچەکانی تری کوردستانی سوریا و ناوچە ئازادکراوەکانی دەستی کورد، تورکیا بەرگەی گورزی ئەمریکا دەگرێت، لە کاتێکدا توانا سەربازییەکانی ئەمریکا بەرامبەر زۆربەی وڵاتانی جیهانە؟

ئایا تورکیا لەئەڤریندا دەمێنێتەوەو چاوەڕێی ئەوە دەکات، ڕوسیا ڕووبەرووی خۆی بکاتەوە، لەکاتێکدا تورکیا تا ئێستا ئەندامە لەناتۆ و چەند حەفتەیەک لەمەوبەر، لە وتارێکدا لەبەردەم ئەندامانی پارتی دادوگەشەپێدان، ئەردۆگان داوای لەناتۆ کرد بێتە نێوجەنگەکەوە، بەڵام ناتۆ وەڵامی نەبوو، ئایا دوای داگیرکردنی ئەڤرین لەلایەن تورکیاوە، ناتۆ و ڕووسیا ڕووبەرووی یەکدەبنەوە لەسەر بژاردەی شەڕەنگێزی تورکیا، یاخوود ئەو جەنگەی تورکیا هەڵیبژاردووە لەبنەمادا پیلانی ناتۆ بووە بۆئەوەی ڕووسیا بخەنە داویی جەنگێکی چارەنوسسازەوە؟.

دەکریت بووترێت: ئەڤرین خاڵی ساخبوونەوەی ململانییەکانی نێوان ڕووسیاو خۆرئاوا بێت و، ئەڤرین تەڵەی مەرگی سەروەری ڕوسیا بێت؟. یان هەروا ڕووسیا لە گرێبەستە سیاسییەکە دەکشێتەوەو ئەڤرین دەبێتە پاروویەکی چەوری تورکیاو، سووریا بۆ داهاتوویەکی نادیار سەروەری لەدەست دەدات. ساخکردنەوەی ئەم جەنگە لە ئەڤریندا، کە خاڵی یەکلا کەرەوەی چەندین جەمکی نادیارەو، شانۆ سیاسییەکان لەداهاتوودا دەخروشێنێت؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت