عوسمان ساڵح: دۆخی ئەمنی و یاساسەروەری لە کوردستان به‌ ته‌واوی له‌ ژێر ھەڕەشەدایە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک پارێزەرێک کە چەندان ساڵە به‌ ڕێی کاری یاساسه‌روەرییه‌وه‌م، ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا دۆخەکە بەم ئاستە نەگەشتووە، کە تیرۆر و تۆقاندن و ڕفاندن و تاوانەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بەربڵاو لە ھەرێمی کوردستانی عێراق زیادیان کردبێت. کەچی بە سزا گەیاندنی تیرۆریست و پیاوکوژەکانی سەر بە دەوڵەتانی دراوسێ، بەتایبەت سەر بە دەوڵەتی ئێران، وەک پێویست نییە و، بگرە زەمینەیەکی سیاسیش ھاتۆتەبوون کە سیخوڕەکانی ئێران ھەر کارێکی تیرۆریستیان بوێت، ئەنجامی بدەن.
پێشتریش چه‌ندانجار ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە لایەن ڕێکخراوە جیھانییەکانی مافی مرۆڤەوە، ھەمیشە ئاگادار کراوەتەوە لەسەر پرسەکانی تیرۆری نوسەر و ڕۆژنامەنووسانی وەک (سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، دکتۆر عبدالستار تاهیر شه‌ریف و، دەیانی تر)، کە تیرۆرکراون و، تا ئێستا یەک تاوانباری ئەو کەیسە تیرۆریستیانە بە سزا نەگەیەنراون!
ئیدی با ئەوەش بووەستێت کە دەیان (پارێزەر و نووسەری ناودار)یش، خوێناوی کراون و ڕفێنراون و لێیان دراوە و تیرۆرکراون. لەوانەش (لێدان و خوێناوی کردنی ڕێبین ھەردی) ، (تیرۆرکردنی دەیان پارێزەر، به‌تایبه‌ت كوشتنی هاوپیشه‌مان له‌ كه‌ركوك، ته‌قه‌كردن له‌ هاوپیشه‌ی ترمان له‌ سلێمانی و، تازه‌ترینیشیان له‌ ڕۆژی 22-3-2018 كوشتنی دوو پارێزه‌ر و دوو یاساناسی دیكه‌مانه‌ له‌ باڵه‌كایه‌تی)، هه‌روه‌ها (ھەڕەشەی فڕاندن و تیرۆرکردنی مامۆستای زانكۆی سلێمانی (شه‌ریف علی عبدالمحمد) ناسراو به‌ شەریف ھەژاری) و زۆر کردەوەی تیرۆریستی دیکەش.
ئێمه‌ی پارێزه‌ران، نه‌ك هه‌ر له‌ ناوخۆوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو ده‌سه‌لاتی حیزبی یه‌كێتی و پارتی كراوینه‌ته‌ ئامانج، بگره‌ له‌ لایه‌ن ده‌وله‌تانی دراوسێش هه‌ره‌شه‌ی تیرۆركردنمان لێ ده‌كرێت، كاتێك ده‌بینه‌ بریكار و پاریزه‌ری كه‌سانێكی نیشتیمانپه‌روه‌ر و نوسه‌ر و روناكبیران. بۆ نموونه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆركردن له‌سه‌ر ژیانی من په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ بوومه‌ته‌ پاریزه‌ر له‌ كه‌یسی ڕوناكبیرێكی وه‌ك (شه‌ریف هه‌ژاری)، كه‌ ڕاسته‌وخۆ پیاوانی سه‌ر به‌ ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران هه‌ڕه‌شه‌م لی ده‌كه‌ن و، به‌شداری كردنی منیش له‌ كه‌یسێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی (شه‌ریف هه‌ژاری) دا ڕوبه‌ڕوی مه‌رگی كردوومه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها خۆبەخشانه‌ش ئه‌نجامدانی ده‌یان سیمینارو کۆڕی ھۆشیاری یاسایی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا كردوه‌ له‌ ئاگادار کردنەوەیان لە سەرجەم ئەو پێشیلکاریانەی کە بەرامبەریان دەکرێت، وە جولاندنی سکالاو ئاشکرا کردنی گەندەڵی بەرپرسانی ھەردوو حیزبی دەسەلاتداری پارتی و یەکێتی ، کە ھەموو ئەمانەش ڕوبەڕوی مەرگی کردومەتەوە.
وە بەشێکی ئەم کردەوانە لەلایەن کەسانی بە کرێگیراوی ولاتانی دراوسێ و بەرپرسانی حیزبی پارتی و یەکێتیەوە ئەنجام دەدرێن کە ھەموو ئەو کارە تیرۆرستیانەیان وەک مافیا ئاساو لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکان ئەنجام دەدەن و وە دەسەڵاتیان لەسەروی دەسەلاتی دادگاکانەوەیە.
ھەربۆیە سەیر ئەوەیە کە بەھۆی ئەوەی ئێران نفوزێکی گەورەی بەسەر حیزبەکان و گروپ و باندە چەکداریەکاندا ھەیە لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەوا تیرۆرستان و سیخورەکان ئازادانە دێن و دەچن، تەنانەت ئەگەر تیرۆرستانیش گیرابن ئەوا ھیندە کاریگەریەکە زۆرە لەسەر ئەم ھەرێم بۆیە ئازاد کراون لەوانەش ئازادکردنی تیرۆریستەکانی ته‌قینه‌وه‌كانی باره‌گای سه‌ركردایه‌تی دیموكرات له‌ كۆیه‌ كه‌ له‌ بەرواری (21- 12 – 2015 ) ته‌قینه‌وه‌كان ڕوویان دا. به‌ڵام تیرۆریسته‌كان لە ڕۆژی (01- 03- 2018 ) لە ھەولێر ئازاد کران، لەکاتێکدا، لە کردەوە تیرۆریستیەکەیان دا پێنج ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دوو ئەندامی ھێزەکانی ئاسایشیان تیرۆر کردبو و دەیانی تر لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتیشیان بریندار کردبوو!
ھەروەھا لکانندنی بۆمب بە دوو ئەندامی حیزبی دیموکرات لە ڕۆژی (01- 03- 2018 ) لە شاری ھەولێر کە بووەھۆی تیرۆرکردن ی یەکێکیان و برینداربوونی ئەوی دیکەشیان.
وه‌ ھەفتەیەک پاش ئه‌و ڕوداوه‌ تیرۆریستییه‌ش، ئەندامێکی تری حیزبی دیموکرات بە ناوی (قادر قادری) لە ناوچەی ڕانیه‌ی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین بە لێدانی زیاتر لە بیست فیشەک تیرۆرکرا.
دەیان ھەوڵی دیکەی تیرۆریستیش دراوە، کەچی تیرۆریستان بە سزا نەگەیەنراون. تەنانەت دوێنێ شەو کە بەرواری (23- 03- 2018 ) دەکات، ماڵی ئەندامێکی سەر بە حیزبی دیموكرات لە شاری سلێمانی بە ناوی (ڕوخزاد سلێمان پور) سوتێنراوە و ھەوڵی تیرۆرکردنی دراوه‌. ھەروەھا شەوێک پێشتر و لە بەرواری (22- 03- 2018 ) ھەر لە شاری سلێمانی تەقە لە ماڵی برایەکی (ڕوخزاد سلێمان پور) کراوە کە ئەویش ئەندامی حیزبی دیموکراتە و ھەوڵی تیرۆرکردنی دراوە.
من وه‌ك پارێزه‌رێك به‌ ئه‌ركی یاسایی خۆم هه‌ستاووم كه‌ خۆبه‌خشانه‌ به‌رگریم له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ هۆی نووسین و بیروڕای جیاوازی سیاسییانه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی مه‌رگ بوونه‌ته‌وه‌ و، ته‌نانت هه‌ندێك جاریش نوسه‌ر و ڕوناكبیر و رۆژنامه‌نووسان ته‌نها له‌به‌ر بیركردنه‌وه‌ی جیاوازیان تیرۆركراون وه‌ك (شه‌هیدی قه‌له‌م سه‌رده‌شت عوسمان و زۆری تر).
زیاتر لەوانەش، چەندان جار ھەوڵی فڕاندن و تیرۆرکردنی نوسەری پڕ- بەرھەم و مامۆستای زانکۆی سلێمانی (شەریف ھەژاری) دراوە کە ناوبراو دەیان کتێبی چاپکراو و توێژینەوە و بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و ناوەندەکانی زانکۆکانی ھەرێم و زانکۆی لەندەن ھەیە و، دەیان کۆڕ و سیمیناری سیاسیی لە کوردستان ھەیە، کە ئێستاش ھەڕەشەی تیرۆرکردنی زۆر جددیە. بەپێی ئەوەی من وەک پارێزەرێکی خۆبەخش کاری پارێزەریم بۆ کەیسەکەی (شەریف ھەژاری) لە دادگا کرد، ئەوا تەواوی بەڵگەکان ساغی دەکردەوە کە ناوبراو ھەوڵی تیرۆرکردنی دەدەن بەھۆی بیروباوەڕی سیاسیی و بەرھەمەکانیەوە.
تەنانەت پاش ئەوەی وەک پارێزەرێکی خۆبه‌خش، پارێزه‌ریی کەیسی ھەوڵی تیرۆر و ڕفاندنی (شەریف ھەژاری)م كرد و تەواوی بەڵگەکان خرانە بەردەست دادگا، ئەوا دواتر بە چەندان ژمارەی تەلەفۆن و نامە و لە ڕێی تۆڕی فەیسبووکەوە لەلایەن کەسانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە، ھەڕەشەی تیرۆرکردنم لەسەرە ئەگەر واز لە پارێزەریی کەیسەکەی (شەریف ھەژاری) نەھێنم ئەوا تیرۆرم دەکەن.
ھەرچەندە من لە دادگا سکاڵام لە سەر ئەو تیرۆریستانە کردووە کە ناسنامەیان نادیارە و دەتوانرێ لە ڕێی ژمارە تەلەفونەکانیانەوە بناسرێنەوە و قۆڵ بەست بکرێن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەگیراون و ترسناکترین ھەڕەشەی تیرۆرم لەسەرە بەھۆی کاری پارێزەرییەکەمەوە.
لێره‌دا به‌ هه‌موو لایه‌كی ڕاده‌گه‌یه‌نم كه‌ من وه‌ك پارێزه‌رێك له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و پاڵ پشت به‌ (بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م) له‌ (ماده‌ی دووه‌م) له‌ یاسای پارێزه‌رایه‌تیی ژماره‌ (17)ه‌ی ساڵی 1999 به‌ ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانی خۆم هه‌ستاووم. چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ كاری پارێزه‌رایه‌تیی به‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری و زامنكردنی به‌رگری ڕه‌وا داده‌نێت، هه‌ربۆیه‌ له‌ پێناو یاساسه‌روه‌ركردن دا موماره‌سه‌ی كاری پارێزه‌رایه‌تی خۆمم كردووه‌.
لێرەدا جێی خۆیەتی لای ھەمو مرۆڤ و ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆستەوە ئەو پرسیارە بکرێت: ئایا بۆ دەبێت کەسێکی وەک من کە چەندان ساڵ خۆبەخشانە کاری پارێزەریم بۆ کەیسەکانی (ونبووانی چەکی کیمیاوی و، ئاشکراکردنی فایلی گەندەڵییەکانی بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی و، پارێزەری ھەڕەشەی تیرۆرکردن لەسەر نوسەر و مامۆستای زانکۆ (شەریف ھەژاری) و، پارێزەری دەیان کاری تری مرۆڤدۆستانە و یاساسەروەری)یم کردووە، کەچی ئێستا ھەڕەشەی تیرۆرکردنم لەسەر بێت لە لایەن پیاوەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە و ئەوانیش دەستگیر نەکرێن!؟
ئایا لای ھەمو ئازادیخواز و یاساخوازێک لە ئێستادا چالاکوانە مرۆڤدۆستەکانی کوردستان بە تەواوی نەکەوتوونەتە ژێر ھەڕەشەی تیرۆرکردنەوە؟ کێ لەمە بەرپرسیارە؟ بۆ تیرۆریستەکان دەستگیر ناکرێن و سزا بدرێن؟ تاکەی نوسەرە ئازا و ئازاد و بەرھەمدارەکانمان، کەسانی وەک ( شەریف ھەژاری) لە ژێر ھەڕەشەی تیرۆرکردن و فڕاندن دابێت کەچی پاش خستنەڕوی بەڵگەکان تیرۆریستەکان دەستگیرنەکرێن و، ھەڕەشەی تیرۆرکردنیش لە من بکەن!؟
دیاره‌ هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ دۆخی ئەمنی و یاساسەروەری لە کوردستان به‌ ته‌واوی له‌ ژێر ھەڕەشەدایە!‌

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت