محەمەد بەرزی: کورد و عەقڵی سیاسی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە گشتی لە دوای دابەشکردنی کوردستانەوە و بە تایبەتیش لە دوای ڕاپەڕینەوە ، شتێکی ئەوتۆ نەبووە لە ناو حیزبەکانی باشوری کوردستاندا ، ناوی عەقڵی سیاسی بێت . خۆ ئەگەر هەبووایە ، ئەوا دەبوو لە ئاستی عەقڵی سیاسی و بیرکردنەوە و فێڵ و تەڵەکەی داگیرکەرانی کوردستاندا بووایە و لە ماوەی 27 ساڵی ڕابوردودا نیشتمانیان ئاوەدان و میللەتیان بەختیار بکردایە و داهاتی سەر زەوی و ژێر زەویان تاڵان نەکردایە و مێشکی خەڵکیان پڕ نەکردایە لە ژەنگ و ژاری دووبەرەکی و کوردیان بەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆ نە گەیاندایە. بێگومان سەرچاوی پەروەردەکردنی عەقڵی سیاسی، دەگەڕێتەوە بۆ حیزب، حیزبەکانیش جگە لە دروستکردنی سیاسی دەستەمۆ و ملکەچی سەرۆک و بنەماڵەکەی، نەیانویستووە عەقڵی سیاسی ژیر و کارامە پەروەردەبکەن. خۆ ئەگەر عەقڵێکیش هەبوو بێت ، ئەوا لە ژێر فشاری ترس و ساماندا ، یان بەنج کراوە، یان ڕاونراوە. هەموو ئەو حیزبانە ، ئەوەندەی لە گێژاوی ململانێی وەرگرتنی پۆست و پارە و دەسەڵاتدا بوون، ئەوەندە کاری هاوبەشیان نەکردووە بۆ گەیشتن بە هیوا و ئامانجێکی هاوبەشی نەمری مەزن. هەر یەکێکیان وەک سەرۆک عەشیرەتە کۆنەکان ناوچەیەکی بۆ خۆی قۆرخکردووە و حسابی بۆ ئەویتر نەکردووە و قسەی سەرۆک، قسە و بیرکردنەوەی سەرتاسەری حیزب بووە . پاشان سەرکردەکانی حیزبەکان ئەوەندەی لە خەمی دواڕۆژی خۆیاندابوون ، ئەوەندە بیریان لە ئامانجە گەورەکان نەکردۆتەوە . جا لەگەڵ ئەوەشدا تا مردن وازیان لە پۆستەکانیان نەهێناوە ، لە هەمان کاتدا کەوتۆنەتە هانینە پیشەوە و نزیککردنەوەی خزموکەسوکار و نۆکەر و ئەڵقە لە گویێ کانی خۆیان ، دوای نەمانی خۆشیان ئەندامانی خێزانەکانیان جێگایان گرتوونەتەوە . ئەمانەش بەشێکن لە هــۆکـارەکانی دروستنەبوونی عەقڵی سیاسی لـە ناو حیزبە کوردییەکاندا.
لەو ڕۆژەوەی وڵاتەکەمان دابەشکراوە، داگیرکەرانی کوردستان چەندین جار دەسەڵاتیان تێدا گۆڕاوە، بەڵام بە پێچەوانەی کوردەوە هەموویان یەک بیرکردنەوەی هاوبەشیان بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە و لە قڕکردنی کورددا هاودەنگبوون و بەردەوام بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕوومان بوونەتەوە. لە کاتێکیشدا یەکیکیان لاواز بووە، فشە مافیکیان بە کورد بەخشیوە و کاتێکیش بەهێزبوونەتەوە لێی پەشیمانبوونەتەوە. ئەو سیاسییە کوردەی باوەڕی بە داگیرکەر هەبێت و لای وابێ بە یارمەتی داگیرکەرێک دەتوانێت بەسەر داگیرکەرێکی تردا سەردەکەوێت، ئەوە هەڵگری عەقڵی سیاسی نییە ، چونکە ئەو یارمەتییە تەڵەیەکە بۆ شکست و نسکۆی گەورەتر. ئاشکراشە لە مێژووی نزیک و دوورماندا نموونەی زۆرمان هەیە.
ئەوەی شایانی باسە هەموو داگیرکەرێک وڵات و میللەتە ژێردەستەکەی خۆی ، بە چەند پەیوەندییەکی توندوتۆڵی وەک: سەربازی، سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری، بازرگانی و هەواڵگری و … هتد، بە خۆیەوە دەبەستێتەوە . تا ئەو پەیوەندییانە بەهێز بن ، ئەوەندە ئاسۆی سەربەخۆی و ئازادی داگیرکراوەکە تاریک دەبێت، بە پێچەوانەشەوە تا ئەو پەیوەندییانە کز و لاواز بن، ئەوەندە خۆری ئازادی و سەربەخۆیی گەشتردەبێت. لە سەردەمی سەدامدا ئەو پەیوەندییانە ئەوەندە بەهێزبووە، چارەنووسی میللەتەکەمانی ڕووبەڕووی مەترسی گەورە کردۆتەوە. لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعسەوە، هەلێکی ئێجگار ناوازەمان بۆ هاتە پێشەوە، نەک هەموو ئەو پەیوەندییانەی بە جارێک هەڵوەشان، بەڵکو شتێک نەما بە ناوی حکومەتی عیراقەوە و سەرتاپا سوپا زەبەللاحەکەشی بوو بە ئاردی ناو دڕکان و تەنها هێزی چاڵاک لە عیراقدا هێزی پێشمەرگە بوو. جا ئەگەر کورد خاوەنی عەقڵی سیاسی بووایە ، ئەوا ئەو کاتە باشترین کاتبوو بۆ یەکگرتنێکی سەرتاسەری و ئامانجێکی هاوبەش و وازهێنان لە دووبەرەکی و دوورکەوتنەوە لە هەڵپەی وەرگرتنی پۆست و پارە، کەچی بە داخەوە سیاسییەکانمان لە جیاتی ئەوەی بە یەک دڵ و یەک گیان هەوڵی دروستکردنی پایەکانی دەوڵەت بدەن و کارتی ریفڕاندۆم بەکاربهێنن، چوون لە سایەی سەرۆک کۆمارێکی کورددا ، عیراقیان دروستکردەوە و بە دەستی خۆشمان پەتی پەیوەندییەکانمان هاویشتەوە ئەستۆی خۆمان. ئەوەش ئەنجامەکەیەتی ، کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین.. پاشان دەسەڵاتی کوردی بەبێ بەرنامە و بیرکردنەوە دەستدەکات بە دەرهێنانی نەوت ، بێگومان دەبوو بەر لە دەرهێنانی نەوت، یەکەم هەنگاو بیریان لە ڕێگاکانی ناردنە دەرەوە و چۆنییەتی هێنانەوەی داهاتەکەیان بکردایەتەوە. ناردنە دەرەوەی نەوت لە ڕێگای ئیران و تورکیاوە، وەک ئەوە وایە شادەماری ژیانی میللەتێک، بخەیتە ژێر ڕەحمی چەقۆی دوژمنەکانتەوە و یەکێکە لە هەڵە کوشندەکانی سیاسییەکانمان. ئەوەتا دوای ریفڕاندۆمەکەی مەسعود بارزانی، ئۆردوگان بە هەڕەشەی داخستنی هێڵی نەوت و دەستبەسەرا گرتنی پارەکەی، کە لە بانکەکانی تورکیادا دانراون ، وەک هەڵویستی ساڵی 1975 ی شای ئێران ئاشبەتاڵێکی نویێ بە بارزانی دەکات. هەر هەمان فشاریشە ، کە ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی وا لێکردووە لە ئاستی لەشکرکێشی و دەستدرێژی و جموجۆڵە گوماناوییەکانی تورکیای ڕەگەزپەرستدا بێ دەنگە، هەتا ئەو نەوتەش بە تورکیادا بڕوات، ئەو دەسەڵاتە شکستخواردووەی ئەمڕۆ ناتوانێت بەرامبەر بە ئەردوگان فززەیەک بکات. دیارە نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت. پیێ داگرتنی مەسعود بارزانی بۆ ریفڕاندۆم و هەڕەشە و حساب نەکردنی بۆ هیچ کەس و لایەنێک بە ئەمەریکاشەوە ، هەر وا لە خۆیەوە نەبووە، ئاخر ناکرێت قسە و هەڕەشە قورسەکانی بارزانی بە بێ پشتیوانی هێزێکی گەورەی وەک تورکیا نەبووبێت. کە خۆی لە خۆیدا تەپکە و داوی ئەردوگان بووە بۆ شکستی پڕۆسەی ریفڕاندۆم و کۆتایی هێنان بە سیستەمی فیدراڵی . پاشان وەک گرێمانەیەک لەوانەیە بێ دەنگی ئەمڕۆی پارتی و بارزانی بەرامبەر بە تورکیا ، بگەڕێتەوە بۆ پەیمانی ژێربە ژێر و فێڵی ئەردوگان، کە دوای داگیرکردنی ڕۆژئاوا و نەمانی هێزی پەکەکە بارزانی بکات بە سەرۆکی هەموو کوردان ، کە دیارە ئەمەش خەوێکە، کە هەرگیز نایەتە دی، چونکە هەر چۆن شای ئێران، کە پێویستی بە مەلا مستەفا نەما، پشتی بەردا، ئۆردوگانیش لە شا خراپتر دەکات و بە دەمی خۆشی نەیشاردۆتەوە کاتێک دەڵێ : دەوڵەتی کوردی لە ئەفەریقاش دروستبێت دژی دەوەستمەوە. جا ئەگەر کورد، بە تایبەتیش پارتی ، خاوەنی عەقڵی سیاسی بووایە ، ئەوا دەبوو ئاشبەتاڵی ساڵی  1975 ی لەبیربێت و هەرگیزا و هەرگیز باوەڕی بە قسە و پەیمانی ئەردوگان نەبووایە.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم هەموو کاتێک فریشتەی بەخت لە بەرژەوەندی کورددا نابێت، لە نەزانینەوە هەلی زیڕینی دوای ڕاپەڕینمان لە دەستچوو، لە ماوەی 27 ساڵی ڕابوردوودا شتێک نەبووە بە ناوی عەقڵی سیاسییەوە. بێگومان تا ئەو بنەماڵە و سیاسییە بیرکۆڵ و مشە خۆرانەی، کە میللەتیان خستۆتە سواڵ و وڵاتیان خستۆتە سەر ساجی عەلی و بەرامبەر بە میللەت دڕ و دڵڕەق و بۆ داگیرکەر نەرم و ملکەچ، لە دەسەڵات دوور نەخرێنەوە، ئەوا مەحاڵە بوار بۆ عەقڵی سیاسی بڕەخسێ، کورد لەو قوڕاوە دەربهێنێ، کە تا بناگوێچکەی تێی کەوتووە.