جیهاد محەمەد: عەقڵی خۆپیشاندەران و عەقڵی حیزبەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- پارتی، جگە لەوەی زراوی چووە خۆپیشاندانەکان بەری پێنەگیرێت و گەورەتربێت و شکۆیان بە تەواوەتی بشکێت و لەسەر کورسییەکانیان بە شەق بیانهێننە خوارەوە، داخی زۆر دەخوات لەوەی، کە هەندێک لە حیزبە ئۆپۆزسوێنەکان بە تایبەتی بزوونتەوەی گۆڕان و کۆمەڵ سوود لەم خۆپیشاندانانە وەربگرن و لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا پێشیان بکەون. ئەم دوو گرێ دەروونییە زۆر ئازارایان دەدات.
2- یەکێتی، وا سەریان لێشێواوە، نازانن بڵێن چیی و چۆن رەفتار بکەن، لە لایەک حیزبەکەیان بووە بە شوشەیەکی شکاوی دەیان پارچە، لە لایەک بەرهەم ساڵح لێیان بووە بە مڵۆزم و داخی لە دڵیان دەرناچێت و تۆقیون لەوەی ئەو چەند کورسیەشیان لە دەستبچێت بەهۆی لیستەکەی بەرهەم ساڵحەوە، لە لایەکی ترەوە تووند لە ڕێگەی قوباد تاڵەبانیەوە دەستیانگرتووە بە حکومەتە دزەکەیانەوە، کەچی لە هەمان کاتدا لە خۆشی ئەوەی خۆپیشاندان لە هەوڵێر و دهۆکدا شان بەشانی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت قریوەیان لێوە دێت.
3- هەموو حیزبە ئیسلامییەکان بە یەکگرتووی برا بچکۆلانەکای بارزنیەوە، خوا خوایانە رۆژانە دەیان کەس بە هۆی تووندوتیژیەوە خوێنی لێ بهێنرێت، بەڵکو خێرێکی تیا بێت بۆ ئەمان و بڵێن تەنها وەڵام ئیسلام و حیزبەکانی ئێمەیە، هیچیان بۆ نەماوەتەوە ئەوە نەبێت شەقام بکەن بە مزگەوت و نوێژی جومعە و جەماعەت لە سەر شەقامەکان دابەستن.
4- نەوەی نوێ، وای پیشاندەدەن هەموو گەنجەکانی ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکان لە خۆشەویستی نەوەی نوێوە هاتوونەتە سەر شەقام و لەبەر خاتری چاوی کاڵی شاسوار عەبدول واحید خۆپیشاندان دەکەن. کاک شاسوار وا بیردەکاتەوە هیچ هێزێکی سیاسیی شان نادا لە شانی خۆی تاقە هێزی سیاسی پاشەڕۆژە.
5- لیستی هاوپەیمانی دادەپەروەری، لە هەڵەداوانی ئەوەدان، ئەم دەرفەتە لە دەستنەدەن، بە پەلە و خێرا خێرا خەریکی گەڕانن بەم دەڤەر و بەو دەڤەردا و خۆیان پیشان دەدەن، کە جوان و قشەنگ و ڕاقین.
6- بزووتنەوەی گۆڕان، ئەیانەوێت لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە 24 کورسیەکەیان بکەن بە 50 کورسی، بۆ ئەمەش بەردەوام ئەو قسەیە بە دەمیانەوەیە، ئەگەر بزووتنەوەی گۆران نەبوایە خەڵک چاوی نەدەکرایەوە، وەک ئەوەی خەڵک هەمووی چاوی کوێربووبێت پێش بزووتنەوەی گۆڕان.
هیچ حیزبێک نییە لەم حیزبانەی کوردستان، ئەوەی بیر بێت، کە حیزب دامەزراوەیەکی سیاسییە و بووە بە ئامرازێک بۆ چوونە پێشەوەی بیر و ئەندێشەی خەڵک و هەڵقوڵاوی ناو خەڵکە، ئەوە خەڵکە، کە دەبێت بە پشتیوانی ئەم دامەزراوە سیاسییە، دەنا لە هەموو دنیادا هیچ تاکە کەسێکی سیاسیی و هیچ گروپێکی سیکتاریزمی سیاسیی و دینیی نەیتوانیەوە بە بێ خەڵک و جەماوەر بۆ زەمەنێکی کورتیش پیشڕەوایەتیی خەڵک بکات. بۆیە هەرچ حیزبێک لەم حیزبانە ناحەقییەکی گەورە دەکەن لە بەکارهێنانی خۆپیشاندانەکان بۆ مەرامی حیزبایەتی خۆیان. حەقبوو ئەم حیزبانە، هەندێک مەدەنیانە ڕەفتاریان بکردایە و ئازادییان بدایە بە خۆپیشاندەران و بە مەرامی قۆرخکردنەوە نەچوونایەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە.
دەبوو ئەم حیزبانە لە جیاتی ئەم کێبڕكێ ناشیرینانە، لە جیاتی ئەو هەموو ڕق و کینە خستنەی دڵێ خەڵکەوە بەرامبەر بە یەکتری، بە ئارامتر بیریان بکردایەتەوە، نەک خۆیان ڕابوەشێنن و ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکان بە هی خۆیان بزان.
بەرەی دەسەڵات، دەبوو وا بیریان بکردایەتەوە، کە چیتر دزی و جەردەیی ناخوات و فروفێڵی سیاسی سەرناگرێت بۆیان، دەبوو دەستبەجێ بەدەم داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانەوە بهاتنایە.
بەرەی ئۆپۆزسوێن، دەبوو دەستبەجێ هەموو جیاوازییەکانی خۆیانییان بخستایەتە ئەولاوە، پێکەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوونایە، میکانیزمێکی عەقڵانی بدۆزنەوە بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندەران، نەک هەر لایەنەو بۆ خۆی لە هەوڵی ئەوەدا بێت ئاپۆڕای خۆپیشاندەران قۆرخ بکات بۆ خۆی و، بیکات بە بانگهێشتکردن بۆ کاندیدەکانییان.
چەند گرنگ بوو بەرەی ئۆپۆزسوێن و لیستە نوێکان پێکەوە بڕیاریان بدایە لەسەر ئەوەی ئەم حکومەتە پوچ بووە و هیچ بڕوایەکیان پێ نەماوە و بە تووندی لایەنداری خۆپیشاندانەکایان بکردایە و بە تووندیش تووندوتیژیی دەسەڵاتیان شەرمەزار و رشوا بکردایە، ئای بۆ ئەو عەقڵە لە کوێیە و، بۆ ئەم حیزبە ئۆپۆزسوێنانە نایگەنێ.
7- خۆپیشاندەران، بە داخەوە ناڕێکخراوە، بە داخەوە، تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەی جوێن بە کۆیلە دەدەن، جوێن بە گەمژەیی حیزبیی دەدەن، لەگەڵ ئەوەی دژی ستەمکاریی و دەسەڵاتخوازین، بەڵام زۆرێکیان لە ناو خۆپیشاندانەکانەوە هێشتا ئەفیونی حیزبایەتیی و دینیی بەرینەداوە و لە دڵەوە بۆیە خۆپیشاندان دەکات، کە بە بەرژەوەندی حیزب یان لیستەکەی خۆی بشکێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەم کەموکوڕییانەی حیزبەکان و خۆپیشاندەرانیشدا، دڵنیام، کە خۆپیشاندەران سەرکەوتن بەدەست دێنن و دەتوانن مافەکانی خۆیان بە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانیان بگێرنەوە بۆ خۆیان.
دڵنیاشم، ئەگەر خۆپیشاندانەکان بەردەوام بێت، ئەو هێزی پۆلیس و ئاسایشەی، کە دەسەڵات کردویەتی بە گژی خۆپیشاندەراندا، ئەمڕۆ و سبەینێ دەگەڕێنەوە باوشی میللەت و دەبن بە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان و ڕاپەرینی جەماوەری شۆرشگێر و ڕادیکاڵ.
لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا بینیمان چۆ جاشەکان و زۆریکیش لە سەربازەکانی رژێمە فاشییەکەی سەددام هەر ئەوەندەی زانییان کار لە کار ترازوە، بە پەلە گەڕانەوە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران و راپەڕیوەکان، ئەم جارەش هەروا دەبێت. ئەوەتا لە خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێردا، خەڵک هاوار دەکات، کۆیلە، کۆیلە،کۆیلە بۆ ئەنگۆیە، بۆ ئەنگۆیە، بۆ ئەنگۆیە، وەرنە لامان بۆ ئەنگۆیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت