ئامانج کەریم: دەبێ بەرژەوەندی بزوتنەوەی گۆڕان لە چیدا بێت ژورێکی عەمەلیات دروست بکات لەگەڵ پارتی بۆ دژایەتی شاسوار عبدول واحید؟

بزوتنەوەی گۆڕان هەڵگری فەلسەفەی حوکم و پڕۆژەی گەورەی ئابوری و سیاسی یاسایی و دەستوری و حوکمداریە لەسەرەتای دروست بونیەوە هەمیشە لە ململانێی قورسی سیاسیدا بوە لەگەڵ پارتی تەنانەت بەو کاتانەیشەوە کە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بەگشتی حکومەتی بنکە فراوانیان پێک هێنا هەردو لا پارتی و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەڕوو گرژی لەگەڵ یەکتریدا لەو حکومەتە بەشدار بون و ئاکامەکەیشی ئەوە بو لەکۆتایدا نەکوڵان پێکەوە چونکە گۆڕان هەڵگری میتۆدی گۆڕینی حکوم بو لە پشتا و پشت و سەرۆکایەتیەوە بۆپەرلەمانی و دەستاو دەست کردنی دەستەڵات و نەیهێشت حوکمی بنەماڵە بسەپێنرێت بەسەر کۆی کۆمەڵگای کوردیدا بە ثێچەوانەوە و پارتی بەزەبری هێز بزوتنەوەی گۆڕانی لە حکومەت و لە سەرۆکایەتی پەڕلەمان دەرکرد و پەڕلەمانی پەک خست بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە دەستەڵاتی ڕەهای تاک سەرۆک بنەماڵەیەک، کە هەر ئەمەیش بو پارتی لەبەر چاوی هەمو دنیا پێ ناشرین و لەکەدار بوو، لەدوای ئەو ڕوداوەوە بزوتنەوەی گۆڕان وتبێتی ماست سپیە پارتی وتوێتی نەخێر ڕەشە بزوتنەوەی گۆڕان بەدرێژەدان بە خەباتی مەدەنی و برەودان بە پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی توانی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دیکتاتۆریەتی پارتی و خۆسەپێنی سەرۆکی پارتی لە سەرۆکایەتی هەرێم و مانەوەی بەناشەرعی بگەیەنێتە یەکێتی ئەوروپا و پەڕلەمانی ئەوروپا تا ئەو ڕادەیەی کارێکی کرد کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەڕلەمانی ئەوروپا بە گوێرەی پێویست پێشوازی لێ نەکرێت و لە کۆتا سەردانیدا بەناوی سەرۆکایەتی هەرێمەوە لە پەڕلەمانی ئەوروپا بەڕاستەو خۆ پێی وترا جەنابت ماوەی سەرۆکایەتیت بەسەر چوەو شەرعیەتی سەرۆکایەتیت نیە! بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو بەدامەزراوە کردنی دامو دەزگاکان و پڕۆسەی دیموکراتی و چەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا هەمو ئەم هەنگاوانەی هەڵهێناوە دەنا گەر بزوتنەوەیەکی بەرژەوەندی خوازبوایە و چاوپۆشی لە دزی و گەندەڵی پارتی و یەکێتی بکردایەو ببوایەتە شەریک لە دزیەکاندا ئەوا پارتی نەک لاری نەبوو بەڵکو ئامادەیش بو بزوتنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەکەدا برا گەورە بێت و پشکی براگەورەیشی پێ دەدا، کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان ئمتیازاتی حیزبی و موحاسەسەی حیزبی و پلەو پۆستی بۆ ئەندامەکانی بەهەند نەگرتوەو هەمو ئەمانەی کردۆتە قوربانی لەپێناو بەدامەزراوەکردنی دامو دەزگاکان و سەروەر بونی یاسا، قورسترین باجی داوە. لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان بێت و لەگەڵ ئەو لایەنەی کە ململانێی قورس و گرانی لەگەڵیدا هەیە و بە نەیارو نادیموکراتی هەژماری کردبێت ژورێکی عەمەلیات پێک بهێنێت بۆ دژایەتی شاسوار عەبدول واحید، لە کاتێکدا شاسوار خۆشی دەزانێ تاکە سەنگەر بۆ گۆڕینی مۆدێلی پارتی و یەکێتی تەنها گۆڕانە خۆشی هەڵگری هەمان گوتاری گۆڕانە ، بەڵام بە شێوەیەکی کارتۆنی دوای ئەمە دەبێت حیکمەتەکەی لە چیدا بێت؟!
کەسێکی بازرگان کە لەئێستادا نە بە سیاسی هەژمار دەکرێت و نە ڕەگێکی مێژوی هەیە، بە حوکمی بۆرجوازیەت لیستێکی سیاسی ڕاگەیاندبێت کە نەستراتیجێکی ڕون و ئاشکرای هەیە نە موبادەراتی سیاسی و نە داهێنانێکی نوێی هەیە، نە حەجم و قەبارەی لیستەکەی دیارە ئیدیعای ئیتیحادی دو هێزی سەرسەختی وەک بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی کە نەیاری یەکترن لە ساحەکەدا دەکات لە دژی خۆی! ئەمە لەکاتێکدایە ئەم کەسە لە پێشینەدا کۆمەڵێک گرفتی بازرگانی هەیە لەگەڵ خەڵکیداو کۆمەڵێک تێبینی لەسەر پڕۆژەکانی هەیە و ڕون و ئاشکرایش بڕێکی ئێجگار زۆر پارەی حکومەت قەرزارە، وە لێی مەعلومە کە ئەم کێشانە کێشەی یاساین و ئیستیحقاقی هاوڵاتیان و خاوەن پشکەکانی لە پڕۆژە گەشتیاریەکەیدا لایەو ئیتر هەم حکومەت و هەم هاوڵاتیان تەحەمولیان لەگەڵیدا نەماوەو لەم سەرو بەندەدا بەرۆکی پێ دەگیرێت و دەبێ مافی ئەوخەڵکانە بداتەوە کە مافی خواردون و دەبێ قەرزەکانی حکومەتی بداتەوە، هەر بۆیە بەم ئیدیعایەیە دەیەوێت هەرکات بەرۆکی پێ گیرا بڵێت مەسەلەکە سیاسیە! دەنا تاک بەتاکی کۆمەڵگای کوردستان بە ڕۆژ هەڵات و ڕۆژئاواو باکورەوە تەنانەت حکومەتی مەرکەزی عیراقیش تورکیاو ئێرانی دراوسێش سور دەزانن و لێیان مەعلومە پارتی و گۆڕان لە مەنجەڵێکدا پێکەوە ناکوڵێن، چونکە گۆڕان هەڵگری ستراتیژی سەربەخۆی هەرێمە و پارتی پاشکۆیەکی کارتۆنی ستراتیژی نەک تورکیاش ئەردۆغانیە، ئێستە خێرە لە ژورێکی عەمەلیاتدا دژی شاسوار پێکەوە کوڵان؟!