لوقمان مصطفی: تیرۆریزمی دەوڵەتی، تورکیا و ئێران بە نموونە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تیرۆریزمی دەوڵەتی.. بەو دەوڵەتانە دەووترێت کە هەڵدەستن بە دەست تێوەردانی دەوڵەتێ یا دەوڵەتانێک لە کاروباری نێوخۆیی یا دەرەوەی وڵاتانی دیکە کە بە مەبەستی ترس و تۆقاندن بە بەکارهێنان یا هاوکاریی کردن لە کردەوەی تیرۆریستی یا پشتیوانی نیزامی بۆ لاوازکردن یا روخاندنی دەوڵەتی لەسەر کار یا حیزب یا هەر گرووپێک کە دژی دەسەڵات بێت. لە تیرۆریزمی دەوڵەتی‌دا بەڕێوەبەری ئەسڵی کردەوە تیرۆریستییەکان یەک دەوڵەت یا چەند کەسی تایبەتە و جیا لەوەش دەستێوەردانی دەوڵەت یا دەوڵەتەکان لە کردەوە تیرۆریستییەکان دوو جۆرە:
1- بەشێوەی راستەوخۆ؛ دەوڵەت خۆی کردەوەی تیرۆریستی دژی دەوڵەت یان لایەنێکی دیکە ئەنجام دەدات.
2- بەشێوەی ناراستەوخۆ؛ واتە بە ناردنی کەس و ناردنی یارمەتییەکانی وەکوو چەک، تفاقی شەڕ و کەرەستەی پێشکەوتووی نیزامی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات و ئامانجی خۆیان دەپێکن.
بەم پێوەدانگەبێت کەواتە مەرج نییە تەنیا ڕێکخراوە تیرۆریستیە یاساغ و نایاساییەکان پەنا بۆ کردەوەی تیرۆر و شێوازی تۆقاندن بەرن بەرانبەر بەنەیارەکانیان. زۆرجار دەوڵەتان بۆ لەناو بردنی دوژمنانیان پەنا دەبەنە بەرکردەوەی تیرۆریستی، یان بۆ دەستوەشاندن و زەبر لێدانی ناحەزانیان بۆ نمونە زۆرجار دەوڵەتێکی وەکو:
تورکیا… کە خۆی ئیدعای ئەوە دەکات دژی تیرۆرە ، کەچی خۆی بۆ لەناوبردنی ڕۆژنامە نوس و بەرهەڵستکارانی ڕژێمەکەی خۆی پەنا دەباتە بەر کاری تیرۆرو سەدان کەس بەدەستی دەزگا نهێنی و هەواڵگریەکانی تورکیا بەدەستی میت تیرۆر کراون، یان بێ سەروشوێنکراون، هەروەها تیرۆر کردنی ڕۆژنامە نوسی بەناوبانگی کورد، موسا عەنتەر، پارێزەر ئاڵچی، تەنیا نمونەیەکی ئەو باسەن. دادگای نێودەوڵەتی کە لە پاریس بە مەبەستی دادگاییکردنی تاوانەکانی حکومەتی تورک ئەنجامدەدرێت، ڕایگەیاند، کە حکومەتی تورک لە دژی گەلی کورد شەڕ دەکات، هەروەها دادگاکە بەتایبەتی لە سەر کەیسی تیرۆری سێ ژنەشۆڕشگێڕی کورد لە پاریس وەستا. لە دوایین دانیشتنی دادگای نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی حکومەتی تورک بۆ تاوانەکانیان لە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا و تێیدا بۆردوومانکردنی شەمزینان و هێرش بۆ سەر گوچلوکۆناک و تیرۆری سێ ژنەشۆڕشگێڕی کورد خرایە بەر باس.
لە دانیشتنەکەدا یەکەم دۆسییە شەمزینان بوو، جونەیت جانش، پارێزەری ئەو کەیسە لە ڕێگای سکایپەوە بەشداری دانیشتنی دادگا بوو، وتی: لە 2015دا حکومەتی تورک کتێبەخانەیەکی شارۆچکەی شەمزینانی بۆردوومان کردبوو، لە ئەنجامیدا سێ کەس برینداربوبوون.
کەیسی دووەم، باسی گوچلوکۆناک بوو، ئەو هێڕشە لە ساڵی 1996دا ئەنجام درابوو، شانار یورداتاپان، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لەو بارەیەوە، وتی: ژمارەیەکی زۆری تاوان لە ساڵی 1996 و 1997 دا لە لایەن حکومەتی تورکەوە ئەنجامدراوە، تورکیا لەو ساڵانەدا تاوانی جەنگیی لە دژی گەلی کورد ئەنجامداوە.
پاشان باس لە تیرۆری ساکینە جانسز، لەیلا شۆیلەمەز و فیدان دۆغان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کرا، نیڵز ئەندێرسۆن، ڕۆژنامەنووس لەو بارەیەوە وتی: ئەوە یەکێک لە تاوانە دەرەوە سنوورەکانی حکومەتی تورکە لە دژی گەلی کورد.
دوایتر باس لە تاوانە دەرەوە سنوورەکانی دیکەی حکومەتی تورک لە دژی کورد کرا، یوکسەل کۆچ، وەک شایەتحاڵ ئامادەبوو، وتی: محەمەد فاتح سایان، لەلایەن میتەوە بۆ کردنە ئامانجی سیاسەتمەدارانی کورد لە ئەوروپا ئەرکدارکراوە، ئەگەر هێڕشەکەی پاریس ڕوون بکرایتەوە، حکومەتی تورک نەیدەتوانی وا بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر عەفرین.
ژان فەرمۆن، کە یەکێکە لە دادوەرەکانی ئەو دادگایە، وتی: شەڕی حکومەتی تورک نەک تەنیا لە دژی پەکەکە، بەڵکو لە دژی گەلی کوردە، پێویستە حکومەتی تورک وەک بەرپرسی ئەو تاوانانە بناسرێت.
ئێران… بەهەمانشێوە هەرکاتێک هەلێکی بۆ هەڵکەوتبێت، بۆ لەناو بردنی بەرهەڵستکارانی دەستی بۆ کاری تیرۆر بردوە. نە بەتەنیا لەناوخۆی ئێراندا بەڵکو لە پایتەختەکانی ئەوروپاشدا ، تیرۆر کردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، دواتر تیرۆر کردنی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دوو نمونەی زەقی ترۆریزمی ئێرانن ، کە ئەو دوو قوربانیە هەردوکیان کورد بوون و سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوونه.هەروەها چەندین کەسیان لە نەیارەکانیان لە باشوری کوردستان تیرۆر کردووە کەسیش ئیدانەی نەکردوون ولە گوڵ کاڵتریان پێ نەوتراوە.
بەڵام … چواردە سیناتۆری ئەمریكی پرۆژە یاسایەكیان ئامادەكردوە بۆ توندكردنی سزاكانی سەر ئێران لە بواری توانا موشەكییەكان و مافی مرۆڤ و تیرۆردا و سزاكان زیاتر دژ بە سوپای پاسدارانی ئێران دەبن.پرۆژە یاساكە كە لە لایەن 14 سیناتۆر لە كۆماری و دیموكراتەكان ئامادەكراوە، سەرۆكی ئەمریكا پابەند دەكات بەوەی كە لە ماوەی 90 رۆژدا، سزای سوپای پاسداران، بەرپرسان و نوێنەران و كەسانی سەر بەو سوپایە لە دەرەوەی ئێران بدات بە تۆمەتی ئەوەی چالاكی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.پێشتر لە ساڵی 2007دا وەزارەتی دارایی ئەمریكا سزای فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی دابو بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاكی تیرۆریستی.
بەڵام ئەم چواردە سیناتۆرە لە پڕۆژەكەیاندا كە ئامادەیان كردوە وتویانە”سوپای پاسدارانی ئێران- نەك تەنیا فەیلەقی قودسی سەر بەو سوپایە- بەرپرسی پیادەكردنی بەرنامەی چالاكی گێرەشێوێن، پشتیوانی لە تیرۆری نێودەوڵەتی و بەرنامە موشەكیەكانی ئێرانە”.پڕۆژە یاساكە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پابەند دەكات بەوەی كە لە ماوەی 90 رۆژدا لیستی ناوی ئەو كەسانەی “دژی مافی مرۆڤن” لە ئێران لەوانە ئەو كەسانەی كە ئەشكەنجە و كوشتنی نایاسایی ئەنجامدەدەن، بداتە كۆنگرێسی ئەمریكا.
بەڵام..دەسەڵاتە دیكتاتۆر ‌و سەرەڕۆكان بۆ پاراستنی دەسەڵاتە ناڕەواكەیان، چاوپۆشی لە هەموو بەها مرۆیی، سیاسیی ‌و یاساییەكان دەكەن ‌و هیچ بەهایەك بۆ رای گشتیی ‌و كەرامەتی مرۆڤایەتی دانانێن. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی كە نە كوشتنی كەسایەتی ‌و رێبەرێك بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەیەك لە پێ‌ دەخات ‌و نە هیچ زاڵمێك توانیویەتی بە تیرۆر ‌و توندوتیژی بەردەوامیی ‌و مانەوە بە دەسەڵاتەكەی ببەخشێت. … لە بەر ئەم هۆکارانە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت بەمەبەستی ھێنانەکایەی ئاشتی و ئارامی و پاراستنی خەلکی سیڤیلی ناچە جیاجیا کانی کوردستان،لەدژی تورکیا و ئێران بێنە دەنگ و هەڵوێست وەرگرن کە لە ئێستادا وەک تیرۆریستێکی نێودەوڵەتی ڕێکخراو لە ناوچەکەدا بە پێش چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە دەستیان داوەتە تیرۆرکردنی کەسایەتی و کوشتنی بە کۆمەڵ بێ ئەوەی سڵ لەهیچ کەس و لایەن و مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت