ئیبراهیم عەباس: کێشە ناوخۆییەکانی بنەماڵەو مردنی دلۆڤان بارزانی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەهۆی داخرانی بنەماڵەی بارزانی، بەشی زۆری ئەو زانیاریانەی لەسەر کێشەکانیان ئەگەنە خەڵک، ناراستیان تێ ئەکەوێت، ئەمەش سەرئەنجام بەباشەو بەجۆرە حەبێکی ئازار بۆیان ئەشکێتەوە، چونکە لە بنەڕەتەوە بەتایبەت لە دوای ئاشبەتاڵەکەی شۆڕشی ئەیلول، کاتێک ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بوونە هەمە کارەی ناو پارتی، لەرقی ئەو سەرکردە سۆرانیانیەی لە پارتی جیاوبوونەوەو یەکێتی و سۆسیالستان دامەزراند، هاوکات بوون بەجاشی عوبەیدڵاو لوقمان و سابیر کوڕانی مەلا مستەفاو وەرگرتی پۆست لە رژێمەکەی سەدام و بەعس، تامەزرۆیی دەستبەسەرا داگرتنی پارتی و زانیارییەکانی حزب و بنەماڵەکەیان لای ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بوونە ئەولەویەتی کاریان و هەر بەم داخرانەش درێژەیان بە مانەوەی خۆیان دا.
بەڵام لەناو بازنەداخراوەکەی بنەماڵەدا، کە راسترە بڵێین بەرەبابی مەسعودو ئیدریس هەمیشە شەڕی گەرم و سارد لەسەر پلەیەکی کەسی یەکەمی پارتی وەکو ئاگری ژێر مەنجەڵێکی گەورە، بەهێواشی کوڵاوەو سەرئەنجامەکەی لە 1987 بەپیلانێکی حەمایل خان و مەسعود بارزانی، ئییدریس بارزانی کە لەدایکێکی تری کچی شێخ ئەحمەدی بارزانی بووە، بووە قوربانی و دوای ئەم بەروارەش گۆڕەپانەکە بۆ مەسعود بارزانی بەتەنها مایەوەو لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لە 1991ەوە، بازنەی بنەماڵەیان بچوکتر کردەوەو تەنانەت نەیهێشت ماڵی نیهادی برای لەسەر رەش جێگیربێت، کەئەمەش بووە هۆی داخرانی زیاترو دزە پێ نەکردنی زانیارییەکانیان بەتەواوی. ئەمە جگە لەوەی هەموو ئەو کەسانەی بە پاسەوان و چایچی و غولام و خزمەتکارو سایەق و هتد لەم دوو بەرەبابە نزیکن، هاوشێوەی ئەو خەسێنراوانەی سەردەمی کۆیلایەتی، بەجۆرێکی مۆدێرن خەسێنراون، کەسیان جورئەتی دزە پێکردنی زانیارییەکانیان نییەو خوێندەواری و فەهمیشیان بایی ئەوەندە نییە بتوانن گەر ناڕازیش بن زانیارییەکانی بنەماڵە بۆ دەرەوەی خۆیان بگێڕنەوە.
پارەی خەیاڵی داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و جێگربوونی نێچیرڤان و براکانی لە 1991 تا شەری ناوخۆی 1994، بوونە هۆی ئەوەی هێندەی تر گۆڕەپانی سەری رەش و پارتی بۆ مەسعود بارزانی بەتاڵ بێت و شەڕی ناوخۆش کە مەترسی لەسەر دەرپەڕاندنی ماڵی بارزانی بۆ سنووری بادینان هەبوو، هێندەی تر کێشە ناوخۆیەکانی بنەماڵەی کپ کرد، بەڵام لە 1998 بەدواوە کاتێک مەسورر بارزانی خوێندنی زانکۆی لە ئەمریکا تەواو کردوو، گەڕایەوە کوردستان و لەبارخاتری ئەویش کۆنگرەی یانزەیان لە 1999 بەست و بەدەنگی ئەندامانی کۆنگرەکەیان کردیان بە کەسی دوای نێچیرڤان بارزانی، هێدی هێدی ناکۆکییەکانیان لەناو پارتی زەق بوونەوە، چونکەش مەسعود بارزانی، دەزگای پاراستنی بە مەسرور بارزانی سپاردبوو، نێچیرڤانیش دەستی بەسەر پارەی پارتی داگرتوو، تا دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە 2006 و دابینکردنی پارەیەکی خەیاڵی لە بەشە بودجەی کوردستان، مەسرور بارزانی و پاراستن موحتاجی دەستی نێچیرڤان بارزانی بوون بۆ هەر بڕە پارەیەک، بەڵام مەسعود بارزانی ئەو پۆستەی بۆ مەسروری کوڕی داتاشی و بەمەش توانی لە ژێردەستی نێچرڤان بارزانی بیپارێزێت.
وەنەبێت ئەم ساڵە هەنگوینیانەی بنەماڵە کە لەسەر دابەشکاری پۆست و داهاتی خەڵکی کوردستان ئەیکەن، بێ ژان تیپەڕی بێت، چونکە جیابوونەوەی کاک نەوشیروان لە یەکێتی و دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، بوونە مەترسی گەورە لەسەر بە ویراسی بوونی پۆستی سەرۆکی هەرێم کە مەسعود بارزانی ئەیویست تا لە ژیاندا بێت لەم پۆستەبێت، کێشە ناوخوێیەکانی پارتی زەق کردنەوەو پێشوەختە وەکو پلانی B مەسعود بارزانی مەسروری کوڕە گەورەی بۆ جێگری خۆی دیاری کرد، ئەمەش ئاستی کێشە ناوخۆیەکانی بنەماڵەی زەقکردنەوە، چونکە ئەم کارە بووە مەترسی لەسەر نێچیرڤان بارزانی، پێدەچێت کاتێک مەسعود بارزانی نەبیلەی کچە گەورەی لە 1996 بە نێچیرڤان دابێت لەگەڵیدا پەیامی ئەوەشی پێدابێت کە رێبازی بارزانی، هەر لەسەر بەربابی مەسعود ناڕوات، بەڵکو کوڕانی ئیدریس یان راسترە بڵێم نێچیرڤانیش ئەو شانسەی هەیە کەسی یەکەمی حزبەکەیان و کەسی یەکەمی کوردستان بێت.
مردنە لەناکاوەکەی دلۆڤان ئیدریس بارزانی لە 2 نیسانی 2018 زۆر هەڵئەگرێت و زانیارییەکانیش جارێ ساخنەکراونەوە کە هۆکارەکەی جەڵدەیەکی ئاساییە؟ یان شتی تری لەپشتە؟ بەڵام بێگومان ئەم مردنە دەرگا لەسەر کێشەی زیاتر بۆ ماڵی بارزانی ئەکاتەوە هەر هیچ نەبێت لەناو کەسانی دەوروبەری خۆیان، بەتایبەت کە ناشتنەکەی ساردو سڕبوو، جگەلەوەش تا ئێستا مەسرور بارزانی بەناوی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، سەرەخۆشی رانەگەیاندووەو کەناڵی کوردستان 24 زۆر خەمسادانە باسی مردنەکەی کرد.
لەراستیشدا دلۆڤان کە ئەم سالانەی دوایی دەرکەوت و پێشتر زیاتر لە ئەوروپاو ئەمریکا کارە بازرگانییەکانی نێچیرڤان بارزانی برای ئەکرد، لەو بەرەیە ئەبینرا کە هەوڵیان دەدا موئەسەسەی نێچیرڤان لە موئەسەی مەسعود بارزانی جیا بکاتەوەو خۆیان شیاوتر لە کوڕانی مەسعود بارزانی بەشیاوتری رێبازی بارزانی ئەزانی، چ وەکو نوێنەری کۆمەڵاتی نێچیرڤان کارا بوو، چ لە مەسەلەی برەودان بە دەزگای ئەمنی لەناو مەکتەبی نێچیرڤان و تەنانەت بۆ سۆشیال میدیاش کارا بوو، ئەو کەس و پەیجانەیان ئەكڕینەوە لە مەسرور و پاراستن نزیک بوون. کە ئەمانەش بۆ مەسرور بارزانی و موئەسەی مەسعود بارزانی جۆرە ژەهرێکی ترسناک بوون، چونکە ئیدریس بارزانی باوکی لەسەر ئەم جیاکارییە گیانی خۆی خستە مەترسی و دواتریش بووە قوربانی.
ئەم وتارەو سەرجەم وتارەکانی تری بلۆگی کەسیم، رێگە پێدراوە لەلایەن هەر پەیج و ئەکاونت و سایت و رۆژنامەو گۆڤارو هەر دەزگایەکی تری راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت