بەهرۆز جەعفەر: کورد لە کوێیە؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد وەک کیان بە پێی دی ئێن ئەی وە بەپێی شوێنەوارە مێژووییەکان بەشێکە لە جەستەی مێژوو و شارستانیەتی ناوچەکە، وەک جوگرافیا کەوتۆتە نێوان هەندێ حەوزەوە کە ئەکرێت لای ژوورەوە بە دەریای ناوەڕاست و لای خوارەوە با ئاوەکانی کەنداو، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەو کلکەی لە فوراتەوە دێت هەتا نزیکەی بەغداد دێت.
بەڵام وەک سیاسەتی سەردەم و تەحەداکانی بەردەم ئێستای سیاسەتی جیهانی و، سەردەرهێنانی حەوکەمەی جیهانی (Global Governance) لە هیچ شوێنێکدا کورد دیار نییە، نە ڕابردووی، نە ئێستای، نە ئایندەی کورد لە چوارچێوەی تیۆرییدا جێگەی نابێت، یانی بە ڕۆشنی هیچ تیۆرییەک لە ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا نییە بەسەر ئێستای “کورد” دا ئەپڵای بێت.
هەر بۆیە ئەبینیت دەیان بومەلەرزەو گۆڕانکاریی و ڕووداو لە جیهان وە لە دەوروبەر ڕووئەدات کورد متەی لێوە نایات و وەک شتێک هەر لەگەڵ ئەویان نەبێت، لەسەرجەم ئاستەکانی تەحلیل کردندا (تاک- Individual، دەوڵەت -State، ڕێگاگانی دەرەوە Interstate، جیهانی -Global) دا کورد بوونی نییە.
کوردبوون وەک کۆنسێپت و کوردایەتی وەک پرۆسەیەکی هەڵە لە دایک بوو، پێویستی دووبارە بیر لێ کردنەوە هەیە، بە هەڵە لەدایکبووە چونکە هیچ گریمانەیەکی زانستی وە هیچ فیکرێکی دیاریکراو لە پشتییەوە نەوەستاوە، هەرچەندە لە چەندین شوێندا بە هۆی داکۆکی کردن لە ناسیۆنالیزم و قەومگەراییەوە ڕەخنە هاتۆتە سەر ئێمە، بەڵام ئارگیۆمێنتی ئێمە ئەوە نییە نەتەوەچێتی باشە یان خراپ، ئەوە پرسیارەکە نییە، بەقەد ئەوەی ئەوەی ئەوانەی ڕەخنە لە مەسەلەی “کوردایەتی” ئەگرن، نازانن یەکێک لە تەحەداکان لە بەردەم ستراکچەری سیاسەتی نێودەوڵەتی داو لەنگەرشکان و ئەو شانۆگەرییەی ئیمڕۆ ڕووسیاو ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئێران و تورکیای ئەکەن، هۆکارەکەی بریتییە لە گەڕانەوەی ئیتنۆ- نەیشناڵیزم- Ethno-nationalism هاتنی ترامپ گەڕانەوەی ناسیۆنالیزمی ئابوریی و کەوتنی لیبراڵیەتی ئابوریی و کۆمەڵایەتی بو، جیابونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دورکەوتنەوە بو لە لیبراڵیەت و زەقبونەوەی نیشتیمانگەرایی بو، ئەڵمانیای سەردەمی شرۆدە (پێش مێرکڵ) تا هەنوکە فۆکۆس خستنە لەسەر قەومگەرایی. بزربونی ناسنامەی تورکیا یەکێکە لەگەورەترین گرفتەکانی ئیمڕۆی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، سینان هۆجام Sinan وتەنی “ئاینەکەشمان لەدەستداوە”. ئەمەش لە پێناو هەڵپەکردن بو بۆ زیندوو بونەوەی کەمالیزمی تورکی.
ئێستا کورد لە کوێیە؟. ئیسرائیل و سعودییە لە ناوەڕاستی (2017) لە پەیوەندی نهێنی دان بۆ وێناکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد دیار نیە، ڕووسیا- تورکیا- ئێران لوتکە ڕێک ئەخەن لە ئەنقەرە سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی کورد قسەیەکی نییە، بلۆکبەندی ئابوریی لە کۆمەڵەی شەنگەهای و بریکسەوە بەرانبەر سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی چووەتە ئاستی ململانێیەکی توندەوە کورد ئاگاییەکی لێی نییە.
هێڵی ووزە یۆنان و قوبرس و ئیسرائیلی ڕێک خست لە دەریای ناوەڕاست کە سەری لە ناوخوانی کوردستاندایە کەچی کورد بزەیەکیشی نییە. کۆمپانیای فرەڕەگەز پەیتا پەیتا بەرەو عێراق دێن و گرێبەست لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیی واژۆ ئەکەن ئەها کورد نە ناوەندێ، نە سەنتەرێ چییە نییەتی لوتکەیەکیان بۆ ساز بکات بڵێ “ئەوە ئێوە خەریکی چیین؟!!”. لەساڵی (2015) ەوە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تێکچووە یەکێ هەر نەیپرسی بۆچی پرۆسەی ئاشتی تێکچوو!! کێ تێکی دا!!
لیستی سووننەو شیعە لە عێراق بوون بە چەند بەشەوە کورد یەکێکی نییە بڵێ ئەمە لە کوێوە ئێمە قازانجی لێ ئەکەین، بودجەی ساڵی (2018) لە عێراق تێ پەڕی و (13) سیانزە تریلیۆن دینار کورتهێنانی تیابو، یەکێ نییە بڵێ داهاتووی سیستەمی ئابوریی و سیاسیی لە عێراق چییەو ئەگەرەکانی بەردەم ئایندەی کورد کامانەن؟. جا ئەوە کورد “بە تایبەتی ئەوانەی لەوەسەتی حیزبەکاندان بێ جیاوازی لە هەموو پارچەکان” قسەی زلیش ئەکەن، لە وێنەی ئەوەی ” تا کێشەی کورد چارەسەر نەبێ کێشەی ڕۆژهەڵات چارەسەر نابێ” و ” لیبراڵیزمی سەرمایەداری ئەبێت لە ناو بچێ و چارەسەری دیموکراتیک هەیە” و ” تا کوردێ مابێ کەرکوک کوردستانەو” و” کوردستان ترافیکی دیبلۆماسیەو”…. ئیتر ئاوا !!. هەرێمێکی وەک باشوری کوردستان چوار گەڕەکە کەچی لە وەزارەتی ناوخۆ (50) پەنجا حیزب ڕیجستەر کراوە (23) یان تورکمانین !! نزیکەی (36) کەناڵی ئاسمانی کوردی هەیە! باشە چوار گەڕەک (3) حیزبی ئیسلامی بۆ چییە!!. وەک هەموو جارێک لای بڕیاربەدەستانی کورد وتومانە ” خەمی گەورە ئەوەیە شت ئەکرێت و نایکەین، یان ناهێڵن بکرێت”.
نییەتی کورد نییەتی و هەرکەسیش باسی بکات لە باشترین حاڵەتدا هەوڵ ئەدەن پەراوێزی بخەن، هەر ئێستا لە باشوری ئەوروپاو لە کۆتا خاڵی بۆردەری سەر دەریای ناوەڕاست دانیشتبووم، بی ‌بی سی ووتی “لوتکەکەی ڕووسیا و ئێران و تورکیا ڕەتی کردەوە کە خاکی سوریا دابەش بکرێت” تەلەفۆنەکەم لە گیرفانم دەرهێناو، ئەمەم چەند پەرەگرافەم نووسی تا بزانم کورد لە کوێیە؟. کورد لە کوێیه…کورد!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت