نەوزادى موهەندیس: بۆچى هەرگیز نیشتمان نابێتە هى هەمووان؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
نیشتمان ئەو پارچە زەویەیە کە کۆمەڵە کەسانێک لەسەرى نیشتەجێن و دەبێتە زێدى خۆیان و نەوە و باوباپیرانیشیان، هەر ئەمەشە کە دەبێتە هۆکارى خۆشویستنى و خۆبەختکردن لە پێناویدا، و ڕێگەنەدان بەهیچ داگیرکەرێکى دەرەکى کە پێى بخاتە سەر و خێروبێرى وڵاتەکە بەهەدەر ببات و کوشت و کوشتارى تیادا بکات.
نیشتمان چەندە بچوک یان گەورە بێت، یا دەوڵەمەند و هەژار بێت یاخود چەندە ناخۆش بێت لەڕووى کەشوهەواو و ژینگە و نەبونى سیستەمێکى حوکمڕانى دادپەروەر کە ئازادیەکانى تاک و کۆمەڵگاى تیادا زەوتکرابێت و دیموکراسیەت و مافى مرۆڤى تیادا پێشیل بکرێت،هەر خۆشەویستە و هیچ کات مرۆڤەکان ناتوانن دەستبەردارى ببن، نیشتمان لانکە و نەواى هاونیشتیمانیانى خۆیەتى،هەرچەندە ئەو تاکانەش نادڵسۆز و بێ وەفاو بێ ئەمەک و خەمخۆریش نەبن بۆى.
نیشتمان ئەو دایکە بەسۆزەیە کە هەموان بە باش و خراپەوە لە ئامێز دەگرێت بەبێ جیاوازى، بەڵام ئەوە مرۆڤەکانە خۆیان لێدەگۆڕێت و دەبنە کەسانى سپڵە و بێ ئەمەک بۆ نیشتمانەکەیان.
مرۆڤەکان یاخود هەندێکى کەم لە مرۆڤەکان بەڕێکەوت یان بە تۆپزى خۆیان دەکەنە دەمڕاست و لێپرسراو و سەرکردەى نیشتمان و هالە و خەرمانەیەکى درۆینە بەدەورى خۆیاندا دروست دەکەن یان کەسانى دەوروبەریان لە هەلپەرست و گەندەڵ و مشەخۆرەکان بۆیان دروستدەکەن و لەبارچاوى خۆیانیشدا خۆیان لێ گەورە دەکەن و لە زۆرینەى جەماوەر دایاندەبڕن و دەیانگەیەنن کەشکەلانى ئاسمان و بەرزیان دەکەنەوە و دەیانخەنە (ێەومەعەیەکى) داخراوى لە خوا و لەجەماوەریش دوور، ئیدى لێرەوە مەینەتیەکانى نیشتمان دەستپێدەکات و چەندین چینى جیاواز دروست دەبێت و ململانێ چینایەتیەکان سەرهەڵدەدەن و کۆمەڵگاش شەقار شەقار دەبێت، چینێکى دەسەڵاتدار و خۆ بەزلزان و مەغرور و بێ منەت لەگەل و نیشتمان لەسایەى دەسەڵات و پۆست و پلە و ئیمتیازاتەکانەوە کە دوور لە مافى ڕەواى خۆیان بەدەستیان هێناوە، چینێکیش هەمیشە سووتەمەنى خەبات و خۆپیشاندان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بوە لەلایەک دژ بە داگیرکەرانى دەرەکى و دواتریش لەسەردەمى حوکمڕانى خۆیەتیدا دەبنە سووتماک بۆ هەوەس و ئارەزووەکانى شۆڕشگێڕانى دوێنێى نیشتمان و خۆسەپێن و تاکڕەوى دەسەڵاتى ئەمڕۆ، ئیدى ئەم دوو چینە دژ بەیەکە نیشتمان دابەش دەکەن لەنێو خۆیاندا، چینە کەمینە دەسەڵاتدارەکە بەناوى (شەرعیەتى شۆڕشگێڕیەوە) هەموو حەرام و تابۆکانى نیشتمان بۆ خۆیان حەڵاڵ دەکەن و لەزۆرینەى جەماوەرى بەش مەینەتى حەرام دەکەن، ئیدى لێرەوە نیشتمان نابێتە هى هەموان وەک یەک وبەیەکسانى، چونکە هەموان لەسایەى ئاسمان و لەسەر زەمینى نیشتماندا هەست بەیەکسانى و دادپەروەرى ناکەن و ئازادى و مافەکانیان لێ زەوتکراوە و تەنها لەکاتى تەنگانە و شەڕ و جەنگە ناڕەواکاندا نیشتمان دەبێتە هى زۆرینەى بێ دەسەڵات کە هەمیشە سووتەمەنیەکى هەرزانکراون بۆ قوربانیدان و خۆشکردنى گڕى جەهەنەمێکى ب ناڕەوا داگیرساو کە تەڕو وشکى نیشتمان پێکەوە دەسوتنێنێت.
ئاخر بەچى نیشمان ببێتە هى هەموان؟ لەکاتێکدا ئیمتیازات و خۆشیەکانى ژیان تەنها بۆ کەمینەیەکى دەسەڵاتدار لە سەرکردە و حیزبەکان بێت و زۆرینەش لێى بێبەش بن،لەکاتێکدا ئەو کەمینە گەندەڵ و خۆسەپێن و پاوانخوازانە کۆنتڕۆڵى تەواوى جومگەکانى ژیان و گوزەرانى نیشتمانیان کردبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا زۆرینە لەو نیشتمانەدا بێ بەشکراو وبرسى و کرێنشین بن،ئیدى چى دەیانبەستێتەوە بەو نیشتمانە و چۆن ئینتیمایەکیان بۆى هەبێت؟
کەواتە تا سیستەمێکى حوکمڕانى ڕەشید و ژیر و دیموکراسى تەواو نەچەسپێت کە هەموان وەکویەک هەست بەیەکسانى ئەرک و مافەکانیان نەکەن و دادپەروەرى نەبینن لەکار وکردەوە و دابەشکردنى خێروبێرى نیشتماندا و نیشتمان نەبێتە بەهەشتێک بۆ خۆیان ونەوەکانیشیان هەرگیز نیشتمان نابێتە هى هەموان و ئەوکاتیش هەرکەسە دەیەوێت چیتر لەو نیشتمانەدا نەمێنێتەوە و خۆى لێ ڕزگار بکات و بەجێى بهێڵێت.
بەداخەوە سەرکردە و حیزب و شۆڕشەکانى کورد بەگشتى لەهەر چوار بەشەکەیدا و بەتایبەتیش لە باشوورى کوردستاندا هەر لە قۆناغى شاخ و شۆڕشەوە تاکو ئێستاى سەردەمى حومکڕانى و دەسەڵاتدا، نیشتمان هەر بۆ کەمینەیەکى دەسەڵاتدار بوە و زۆرینەش خۆیان بەبێگانە زانیوە، هەربۆیەش نیشتمان سەرناکەوێت و پێشناکەوێت و لەبازنەیەکى بۆشدا دەسوڕێتەوە و زۆرینە تیایدا هەست بە ئەمان و ئاسایش ناکات، چونکە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان هێندەى بۆ بەرژەوەندى کەسى و بنەماڵەیى لەهەوڵدان نیوهێندە لەخەمى زۆرینە و نیشتماندا نین، ئەوەندى بەرژەوەندیە تەسک و بچوکە حیزبى و سەرکردەیى و بنەماڵەیى و ناوچەییەکانیان لامەبەستە نیوهێندە بەرژەوەندى باڵاى گەل و نیشتمانیان لا پیرۆز نیە. جا تا ئەوکاتەى کە هەموان وەکو یەک لە پێناو نیشتماندا قوربانى نەدەن هیچ کات نیشتمان نابێتە هى هەموان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی