شێرزاد شێخانی: دیمەنی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەكی زۆر نەماوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستاش وێنەی هاوپەیمانییەكان ئەگەر چی هێشتا تەڵخو ناروونە ، بەڵام مرۆڤ ئەتوانێ تا حەددێك بە لێكدانەوەی واقیعی سیاسی ئەمڕۆ پێشبینی شێوەی هاوپەیمانیەكانی داهاتو بخوێنێتەوە. لێرەوە ئەتوانم دیمەنەكە بەمشێوەیە ببینم:
1- بەحوكمی ئەوەی ئێستا هاوپەیمانییەكی سێقۆڵی لەنێوان بزوتنەوەی گۆران و هاوپەیمانی دیموكراسی و كۆمەڵی ئیسلامیدا هەیە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پێموایە ئەگەر دەنگی زۆرینە بێنن، بە هەمان ئەو هاوپەیمانییەوە ئەچنە ناو هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستانەوەو ئەم تاقیكردنەوەیە دوبارە ئەكەنەوە، بەتایبەتیش هەڵوێست و ئەدای سیاسی ئەم سێ لایەنەكە لەم ماوەیەی دواییەدا زۆر لەیەكتر نزیكبون، لەسەر ئاستی سەركردایەتیشدا یەك ئامانج كۆیانی ئەكردەوە، ئەویش روخاندنی ئەو دەسەڵاتەی ئێستایە، كە هیچكام لەم سێ لایەنە بەتەنها نەیتوانیوە ئەم ئامانجە بهێنێتەدی. ئەمەش بەمەرجێك هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان یارمەتیدەری ئەم گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوە بن لەسیستەمی سیاسی ئێستای هەرێم .
2- سەبارەت بەپارتی و یەكێتیشەوە كە 26 ساڵە بەیەكەوە فەرمانڕەوایی كوردستان ئەكەن، پێموانیە دوای ئەو شكستە گەورەیەی هەردو لایەن لەبەڕێوەبردنی هەریم و، دوای ئەم هەمو گەندەڵی و ناداییەی كردویانە كە تووڕەیی خەڵكی گەیاندە ترۆپكەوە، بەتایبەتیش كاتێك ناڕەزایەتییەكان گەیشتنە هەولێرو ناوچەكانی بادینانیشیەوە كە ئەمەش بەپلەی یەكەم پارتی تۆقاندو هەڕەشەی لەدەستدانی دەسەڵاتەكەی كرد، تەسەور ناكەم پارتی و یەكێتی بیانەوێ بە تەنهاو بە لیستی تایبەت بە خۆیانەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، چونكە هیچكامیان ئەو جەماوەری پێشانیان نەماوە، خەڵكی لەڕادەبەدەر تووڕەیە لێیان، بەتایبەتیش لەپارتی.
لەلایەكی تریشەوە یەكێتی كە تا چەند ساڵی رابردوو ركابەری سەرەكی پارتی بو وەكو بەدیلێكی مەعقولی دەسەڵاتی دیكتاتۆری پارتیش خۆی نمایش ئەكرد، ئێستا ئەویش بەهۆی ململانێ ناوخۆییەكانیەوەو، بەهۆی تووڕەیی جەماوەرەكەشی لەو ئاستەدا نیە بتوانێ هاوكێشەكان بخاتە خزمەتی خۆیەوە. ئەمە جگە لەوەی ئێستا زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی خۆیان خزاندۆتە ناو ئەجینداكانی پارتییەوەو بوونەتە پاشكۆی پارتی، چ لەسەر ئاستی سەركردایەتی حزب، یاخود لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیەكەی لەناو حكومەتدا، بۆیە گشت ئاماژەكان لەلای من بۆ ئەوە ئەچن، ئەو سەركردانەی یەكێتی وهاوئاوازەكانی پارتی لەدوا ساتدا بڕیاری یەك لیستی لەگەڵ پارتیدا بدەن، چونكە هەردو حزب، لەم زرووفەدا پێویستیان بەیەكترە، ئەمە جگە لەوەی رەنگە هێزەكانی نێودەوڵەتیش هاوكار بن بۆ راگرتنی ئەم هاوكێشەیەو نەهێڵن ئەزمونەكە توشی سەدمەیەكی گەورە بێت ، بەتایبەت ئێستا هێز لەلای ئەمدو حزبەیەو هێشتا ئەمریكا پێویستی بەپێشمەرگەیە بۆ روبەروبونەوەی داعش و راگرتنی تەرازووی هێزەكانی كورد لەبەرامبەر حەشدی شەعبیدا. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ كە ئێستا هێزە نەیارەكەی پارتی لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا روەو لاوازبون ئەڕوات و تا ئاستێك رێزەكانی داڕوخاوە، بەمەش دەنگی زل بۆ كلكەكانی پارتی ئەڕوات لەكاتی بڕیاردان لەسەر هاوپەیمانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو نوێكردنەوەی رێكەوتنە ستراتیژییە شوومەكەی پارتیو یەكێتی .
3- ئەگەرچی كۆمەڵی ئیسلامی وەكو بەدیلێكی مەقبولی یەكگرتوی ئیسلامی بوە بە ئەمری واقیع، بەڵام هیچكات بزوتنەوەی گۆڕانو هاوپەیمانییەكەی دكتۆر بەرهەمیش نابنە بەدیلێكی واقیعی پارتی و یەكێتی، چونكە هێزی سەربازی و ئەمنییان نیە بتوانن كۆنترۆڵی وەزعی دوای هەڵبژاردن بكەن، هەڵبەت نە پارتیو نە یەكێتیش ئامادە نین هێزەكانیان تەسلیم بە حكومەتی هەرێم بكەنەوە بۆ ئەوەی بیانكاتە هێزێكی نیشتمانی. بۆیە ئەستەمە پارتی و یەكێتی بخرێنە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتەوە، بینیشمان گۆڕان بە 24 كورسیشەوە نەیتوانی دەسەڵات لەدەست یەكێتی دەربێنێ كە خاوەن 16 كورسی پەرلەمانی بو، لەم روانگەیەوە بەدووری نازانم تەنانەت دەسكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش بكرێت لەبەرژەوەندی پارتی ویەكێتی بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەكانیان، چ لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژدارنەوە یاخود بە دەستوەردانی ئەمریكاشەوە، با خۆشمان نەخڵەتێنین بە دروشمە سواوەكانی ئازادی هەڵبژاردن و بێلایەنی و مافە دیموكراسییەكان. ناوچەكە هەڕەشەی لەسەرەو زلهێزەكان ئامادە نین لەبەر خاتری دیموكراسییەكی درۆزنانە دەستبەرداری هاوپەیمانەكانیان بن و بەرژەوەندییەكانیان لەكوردستان بخەنە دەستی قەدەرەوە.
لە كۆتاییدا وا زەن ئەكەم براوەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان دیسانەوە هاوپەیمانییەكەی پارتی و یەكێتی ئەبن. پرسیارە گەورەكەش لێرەدا ئەوەیە، ئایا پارتی ویەكێتی بەهەمان ئەدای خراپی خۆیانەوە بەردەوام ئەبن لەوێرانكاری هەرێمەكەمانداو لەمەحسەڵەدا ئەبنە سەبەبكاری هەڵگیرسانی شۆڕشێكی جەماوەری كە هیچ هێزێك نیە رێگایان لێبگرێت، بەتایبەتیش دوای هەڵسانەوەی هەولێرو بادینان، یاخود سود لەئەزمونی تاڵی چەند ساڵەیان وەر ئەگرنو ، قۆناغی داهاتو ئەكەنە قۆناغی چاكسازییەكی راستەقینە لەسیستەمی سەقەتی بەڕێوەبردنی هەرێمەكەمان و جۆرێك لەئارامی سیاسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بەرپا ئەكەنو، ئەكەونە سەر خزمەتی هاوڵاتیان و دابینكردنی ژیانێكی بەختەوەرتر بۆیان. ئەمە ئەكەوێتە سەر حیكمەتی ئەم دو حزبەو رادەی باوەڕیان بە ژیانی دیموكراسی و یەكتر قبوڵكردن و ئاشتبونەوە لەگەڵ جەماوەری تووڕەی كوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت