نەبەز گۆران: دەنگ نەدان وەك بێباكی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستەمی حوكمڕانی هەرێم، یەكێكە لە فۆرمە خراپەكانی بەرێوەبردن. لە فەزای لەم جۆرە سیستەمەدا بێباكی دەبێتە كەرەستەیەكی گرنگ بەدەست سیستەمەوە. ئەشێت هەندێك كەس، ئەم بێباكییە بە نائومێدی تەفسیربكەن، ئەما لە بنەوانەوە پەیوەندی بە نائومێدییەوە نییە و، كۆی تێگەیشتنەكە جەوهەری بێباكییە. بۆئەوەی بە باشی لە بێباكی_ نائومێدی_ تێبگەین، هەڵبژاردنی ئەم جارە دەكەینە بیانوێك بۆ سەرنجێكی سەرەتایی لەسەر هەردوو چەمكەكە.
ئێستا مۆدێلی بڵاوكردنەوەی ئەم رستانەیە: (هەموو هێزەكان وەك یەكن!)، (بچم بۆ دەنگدان، یان نەچم، هیچ شتێك ناگۆڕێت!)، (ساختەكاری ئیشی خۆی دەكات!)، (حیزبە دەسەڵاتدارەكان بیشیدۆڕێنن ناڕۆن!)، (ئەوە دەنگیشماندا چی دەگۆڕێت؟!)، (هەركەس لە دەسەڵات بێت بۆ من فەرقی نییە!) و… هتد.
تەواوی ئەم رستانە خزمەتكردنە بەو مۆدێلە خراپەی حوكمڕانی، كە نادادی لەناو سیستەمی دەسەڵات و لەناو كۆمەڵگەدا دروستكردوە. هەریەك لەم رستانەش پەیوەندی بە نائومێدییەوە نییە، پەیوەندی بە بێباكییەوە هەیە، چونكە لەناو جەوهەری نائومێدیدا بیركردنەوە هەیە، مادامێ‌ لە جەوهەری نائومێدیدا بیركردنەوە هەبێت، كەوایە هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی ئومێدێكی راستەقینە. ئەما لە بێباكیدا هیچ بیركردنەوەیەك بوونی نییە، بەڵكو لەبری بیركردنەوە فەرامۆشكردن و گوێ نەدان شوێنی دەگرێتەوە. خاوەنانی ئەم رستانەی لەناو كەوانەدا نووسیوومانن، هەركەسێك بن، بەئاگا یان بێئاگا، لە گۆشەیەكەوە خزمەت بەو سیستەمەی دەسەڵات دەكەن، كە نادادی بنەمای بەرێوەبردنییەتی. گەر پێشیانوابێت ئەمە نائومێدییە لەتەواوی پرۆسەی گۆڕانكاری لەم هەرێمەدا، راستییەكەی ئەمە دوركەوتنەوەیە لە نائومێدی و خۆستنە ناو بێباكییەكی پەتییەوە. ئەتوانین بڵێین: هەر چەمكێك بیركردنەوەی تێدابوو ئایندەی روونە. بەپێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە نەریتییەوە كە پێی وایە نائومێدی روخانە، نائومێدی نەك روخان نییە، بەڵكو فەزایەكە بۆبیركردنەوە، فەزایەكە بۆ دۆزینەوە و دەرەتانێك بەرەو ئومێدێكی راستەقینە. هەر فەزایەكیش بیركردنەوەی تێكەوت، ئەو فەزایە بێباكی تێناكەوێت و خزمەت بە دەسەڵات ناكات. ئەوەی ئێستا هەیە بێباكییەكە لەبەردەم ئایندەدا و دوركەوتنەوەیە لە بەرپرسیارییەتی. ئەوەی خزمەت بە سیستەمی ناتەندروست دەكات، بێباكییە.
سیستەمی دەسەڵاتی لەم جۆرەی هەرێم، خۆشحاڵنییە بە خەڵكانێك بەشوێن مافی خۆیاندا بگەڕێن، خۆشحاڵنییە بە خەڵكانێك سەبریان هەبێت، خۆشحاڵنییە بە خەڵكانێك لەرێگا مەدەنییەكانەوە بیانەوێت سیستەمەكە بگۆڕین، لەبری ئەوە دەیەوێت لەرێگای فڕێدانی كۆمەڵێك رستەی ژەهراوییەوە، بێباكییەكی فراوان پەخش بكات و، لەرێگای ئەو پەخشكردنەوە كۆمەڵگە بگاتە شوێنێك بێباكانە سەیری دۆخەكە بكات و دەسەڵاتیش بۆ هەمیشە بەردەوامی بە شێوازی بەرێوبردنی خۆی بدات.
دەنگدان مافە، هەر كەسێك لە سیستەمێكی دەسەڵاتی لەم جۆرەی هەرێمدا رێگای دا مافەكەی كەسێكی دیكە جێبەجێبی بكات، ئەوكارەكتەرە ناتوانێت لەو شوێنەی سیستەمەكە مافەكانی پێشێلدەكات، داوای مافی خۆی بكات. پرۆسەی دەنگدان تەنها پرۆسەیەك نییە بۆ وزەخستنەوە ناو دیموكراسی، پرۆسەیەكە بۆ ئەوەی هاوڵاتی هەوڵی گۆڕینی سیستەمێكی نادروست بدات، بۆ سیستەمێكی دروست. پرۆسەیەكە بۆ ئامادەیی هاوڵاتی لە دەسكاریكردنی نەخشەكان. بێباكبوون لە دەنگدان، بێباكبوونە لەتەواوی ئەو سیستەمەی مافی گشتی دەخوات. تاكەكان ئازادن دەنگ بە كێدەدەن، ئەما تاكەكان بەتایبەتی هێزە گەورەكەی نارەزاییەتی و هێزی خۆڵەمێشی، كە هێشتا خۆی یەكلاینەكردوەتەوە، ئەم هَێزانە، كە وزەی گەورەی كۆمەڵگەن، لە دەنگداندا بێباكبن، ئەوا سیستەمەكە لە رێگەی بكەرە ئاراستەكراوەكانی خۆیەوە بۆ چوارساڵی دیكە بەردەوامی بەخۆی دەدات. راستە تاكی ئەم كۆمەڵگەیە دەیەوێت بە زوترین كات خەونەكانی بهێنێتە دی و بیان بینێت، لێ‌ پرۆسەی خەباتی مەدەنی و دەنگدان چەندە پێویستی بە بەردەوامی هەیە، هێندەش پێویستی بە پشودرێژی هەیە. بۆئەوەی دیموكراسییەت و سیستەمی دەسەڵات بگۆڕی، بۆئەوەی خەباتی مەدەنی بكەیتە كلتوور، بۆئەوەی فەرهەنگی كۆمەڵگەیەكی پڕچەك و توڕە بگۆڕیی بۆ فەرهەنگێكی دروست، پێویستت بەوەیە دەست و پەنجە لەگەڵ ئیرادەیەكی درێژخایەن نەرمبكەیت. ئەم كۆمەڵگەیە زیاد لە (27) ساڵە لەسەر ئایدۆلۆژیای حیزبی و خێڵەكیی و توندوتیژیی و چەك پەروەردە دەكرێت، پێشوتریش ئەو هێزانەی دەسەڵاتییان بەسەر ئەم كۆمەڵگەیەدا هەبووە خەریكی پەخشكردنی فاشییەت بوون، كاتێك كۆمەڵگەیەك بەم كەرەستە مەترسیدارانە گەمارۆ درابێت، بێگومان لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی بێباك تێیدا سەر هەڵدەدات، ئەو دەنگە بۆ خۆی دەنگی دەسەڵاتە بە شێوەیەكی دیكە. گەر بریاربێت هەریەك لە ئێمە ببینە بەشیك لەو دەنگە بێباكە، ئەوا دەبێت بزانین بەشێكین لەمانەوەی دەسەڵاتەكە وەك خۆی.
بێگومان هەریەك لە ئێمە لەشوێنی خۆماندا بەشێك لە نائومێدیمان تێدایە، ئەما باشی نائومێدی لەوەدایە بیركردنەوەی تێدایە، رێك پێچەوانەی بێباكییە. كاتێكیش بیرمانكردەوە بیر لە مافی خۆمان، مافی گشتی، لە گۆڕینی سیستەم، لە گۆڕینی كلتوور و فەرهەنگ دەكەینەوە، كە ئەم بیركردنەوانە دنەیانداین ئەوكات ئیدی نابینە بەشێك لەو بێباكییەی، كە خزمەت بەسیستەمی دەسەڵاتەكە دەكات. دەسەڵات لەرێگەی جیاجیاوە دەیەوێت جیهانێكی بێباكمان بۆ دروستكات، بۆئەوەی ئەو لەشوێنی خۆی بمێنێتەوە. دەیەوێت بە دۆخی بێباكی ژیانمان گەمارۆ بدات، تا ئەو درێژە بەمانەوەی خۆی بدات. ئەما كە پێچەوانەی ئەو بێباكییە جوڵاینەوە و بەرپرسیارییەتییەكەی سەرشانمان وەكخۆی جێبەجێكرد، دەتوانین دەسكاری نەخشەی ژیان و سیستەم و كلتوور و فەرهەنگ بكەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت