چیرۆک بۆ منداڵان – ڕقی ناو دڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی

منداڵە خۆشەویستەکان: مامۆستایەکی باخچەی ساوایان، بڕیاریدا یارییەکی بە نرخ و پڕ بایەخ لە گەڵ منداڵەکانی پۆلەکەیدا بکات. مامۆستاکە داوای لە یەک بە یەکی منداڵەکانکرد، کە هەر یەکێکیان چەند پەتاتەیەک ئامادە بکات و لەسەر هەر پەتاتەیەک ناوی کەسێک بنووسن، کە ڕقیان لێێ یەتی و بیخەنە ناو جانتاکانیانەوە. منداڵەکانیش زۆر بە جوانی بە قسەی مامۆستاکەیانکرد.
ڕۆژی دوایی هەر یەکێک لە منداڵەکان، ڕقیان لە چەند کەس بوو ، ناوی ئەو کەسانەیان لەسەر پەتاتەکان نووسیبوو، پاشان خستبوویانە ناو جانتاکانیانەوە. جا هەندێکیان جانتاکەی تەنها دوو پەتاتەی لە ناودا بوو، هەندێکیان سێ و منداڵی واشیان هەبوو پێنج پەتاتە لە ناو جانتاکەیدا بوو. ئنجا مامۆستاکە داوای لە منداڵەکانکرد، بۆ ماوەی هەفتەیەکی تەواو بۆ هەرشوێنێک چوون، جانتاکانیش لەگەڵ خۆیاندا بەرن.
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ منداڵەکان لە بۆنی ناخۆشی پەتاتەکانی ناو جانتاکانیان، زیاتر نیگەران و بێزار دەبوون. بەتایبەتی ئەو منداڵانەی، کە پێنج پەتاتە لە ناو جانتاکانیاندا بوو، جگە لە بۆنی ناخۆش، ئەوا قورسی جانتاکانیشان بە تەواوی بێتاقەت و شەکەت و ماندووی کردبوون.
پاش هەفتەکە یارییەکە کۆتایی هات و منداڵەکان ڕزگاریانبوو. ئنجا مامۆستاکە بە ڕوویەکی خۆشەوە ئەم پرسیارەی ئاڕاستەی منداڵەکانکرد: تکایە هەفتەی ڕابوردوو بەو پەتاتانەوە هەستتان چۆن بوو؟. هەموو منداڵەکان دەربارەی بۆنی ناخۆشی پەتاتەکان و قورسی جانتاکانییان لە هەموو شوێنێک، کە بۆی چووبوون بێزاری خۆیان دەردەبڕی.
پاشان مامۆستاکە زۆر لەسەرخۆ وتی: خۆشەویستەکانم: ئەم یارییە ئەو وانەیەمان فێردەکات، کاتێک ڕقمان لە کەسێک دەبێت و لە ناو دڵماندا هەڵیدەگرین، ئەوا بۆنی ناخۆشی ئەو ڕقە دڵمان پیس و قورسدەکات، بۆ هەرچ شوێنێکیش بچین، لە کۆڵمان نابێتەوە و بە تەواویش ماندووماندەکات. جا ئەگەر ئێوە نە توانن بۆ ماوەی هەفتەیەک بەرگەی بۆنی ناخۆشی پەتاتەی ڕزیو بگرن، دەی باشە چۆن دەتوانن هەموو ژیانتان بەرگەی بۆنی ناخۆشی ڕقوکینەی ناو دڵتان بگرن؟. هەر بۆیە پێویستە هەموومان سنگفراوان و لێبوردوو بین، تا دڵمان، دڵێکی پاکوبێگەردی بێ ڕقوکینە بێت و هەمیشە بە خۆشی و شادی و کامەرانی بژین.
جا منداڵە ژیرەکان: ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت، نابێت ڕێگا بەدەین ڕقوکینە لە ناو دڵماندا جێگا بۆ خۆی بکاتەوە، چونکە بە درێژایی ژیانمان بۆمان دەبێت بە خەم و پەژارە و بێزارییەکی زۆر. کەواتە باشترین شت ئەوەیە سنگفراوان و لێبوردوو بین بەرامبەر بە خەڵکی. خۆ ئەگەر کەسێکیش هەڵەیەکیکرد بەرامبەرمان، ئەوا باشتر وایە بەر لەوەی تەماشای هەڵەکانی بکەین، تەماشای لایەنە باشەکانی بکەین.

تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە. چیرۆکەکە بۆ منداڵان نووسراوە، بەڵام دڵی منداڵ لە پەڕەی گوڵ پاکترە. کاتێکیش لە سایتی ( وتاری کورد ) دا بڵاویدەکەمەوە، تەنها مەبەستم ئەوەیە لە ڕێگای چیرۆکی منداڵانەوە، گەورەکان فێری خۆشەویستی و دڵپاکی بن، تا واز لە ڕق و قین و هەزاربەرەکی بهێنن و کۆمەڵگاکەمان لە بەڵا و دەردی پاشاگەردانی و وەیشومەی نەهامەتی ڕزگاری بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت