دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کوردستانى باشور کۆمەڵگایەک سەرتاپا ( فێرەدرۆ) کراوە. بەشى دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وابزانم پێویست ناکات لەخۆمان بپرسین، ئایا کێ کۆمەڵگاى کوردى سەرتاپا ( فێرەدرۆ ) کردووە؟ چونکە هەموومان دەزانین کۆمەڵگاى کوردى پێش ڕاپەڕینى ساڵى 1990 سەرەڕاى بوونى چەندەها هەزار جاش و سیخورى حیزبى بەعس پێچەوانەى ئێستا کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بووە.
ڕاستیەک هەیە نابێت لەبیرى بکەین، لەجیهاندا هیچ کۆمەڵگایەک نییە سەدلەسەد ڕاستگۆ بێت، بەڵام ئەکرێت بە ” پەروەردەکردن ” و پەیڕەوکردنى ” یاساوسیستم ” ڕێژەى ڕاستگۆیى مرۆڤ بەرزبکرێتەوە بۆ ڕێژیەک نزیک سەدلەسەد، بەپێچەوانەوە لەنەبوونى ” یاساوسیستم ” و “پەروەردەکردنى کۆمەڵگا لەسەردرۆ ” ڕاستگویى دەبێتە کاڵایەکى دەگمەن و سەرتاپا کۆمەڵگا ( فێرەدرۆ ـ درۆزن) دەکرێت.
لەیادمە پێش ڕاپەرین سەرەڕاى ئەو هەموو دەردەسەرى و نەهامەتى و چەوسانەوەیەى حیزبى بەعسى خوێن ڕێژ وەبوونى چەندەها هەزار جاش و موستەشار و سیخوڕى بەعسى، کۆمەڵگاى کوردى بەکۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ ناسرابوو، بەلایەنى کەم لەشارەکانى بەغدا و موسل و بەسرەو نەجەف و کەربەلا و شارە عەرەبیەکانى ترى عیراق.
ئەگەر بەعسیەکى بەڕەگەز عەرەب بیزانیایە تۆ کوردیت بەبێ ترس ناخى دڵى خۆى بۆت دەکردەوە، ئامادەبوو هەموو نهێنیەکەت لابدرکێنێت، تەنانەت سەرزەنشتنکردنى حیزبى بەعس و ڕەفتارە دڕندەکانى تا ئاستى جنیۆدان بەسەدام و دارودەستە حیزبیەکەى، لەکاتێکدا نەیدەوێرا لەگەڵ هاوڵاتیەکى بەڕەگەز عەرەبى وەک خۆى ئەگەر باوک و براو خوشکەکەشى بوایە نەى دەوێرا باسى هیچ شتێک بکات.
ئەگەر بازرگانێکى کورد مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ بازرگانێکى بەڕەگەز عەرەب بکردایە و پوڵى تەواویشى پێ نەبوایە ئەوەندەى بەس بوو بڵێت من کوردم تامتمانەى پێبکەن، بەهەمان شێوە هاوڵاتى کورد لەهەموو شوێنیک جێگەى متمانە بوو بەتایبەتى لەزانکۆکان.
ئەم دوو نمونەیەى سەرەوە سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەن کەکۆمەڵگاى کوردى پێش ڕاپەڕێن سەرەڕاى بوونى هەزارەها جاش و موشتەشار و سیخوڕى حیزبى بەعس کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بووە، خەباتى ژێرزەمینى چین وتۆێژەکانى کۆمەڵگاى کوردى لەشارو شارۆچکەکانى کوردستانى باشور و بەرەنگاربوونەوەى ڕەفتارە فاشیەکانى سەدام و حیزبى بەعس نمونەیەکى حاشا هەڵنەگرى ترن لەسەر ڕاستگۆیى کۆمەڵگاى کوردی.
بێگومان کاتێک دەگەینە ئەو ڕاستیەى کۆمەڵگاى کوردى پێش ڕاپەرین کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بووە و ئێستا دواى ڕاپەڕین کۆمەڵگایەکى سەرتاپا ( فێرەدرۆ ـ درۆزن) کراوە بۆمان دەردەکەێت ماوەى کاتى پێش و پاش ڕاپەرین خاڵى وەچەرخانى کۆمەڵگاى کوردى یە لەکۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بۆ کۆمەڵگایەکى (درۆزن ـ فێرەدرۆ) کراو.
ئەگەر ئەمە مانایەک ببەخشى ماناى ئەوەیە حکومڕانى بەرەى کوردستانى بەرپرسى یەکەم و سەرەکى فێرەدرۆکردنى کۆمەڵگاى کوردییە نەک حیزبى بەعس و دوژمنە میژوییەکانى ڕابردووى، بەرەى کوردستانى ئەو بەرە بەناو شۆڕشگیرەى دواتر کەوتنە تەخوینکردنى یەکترو شەڕى براکوژیان حەڵال کرد، دەرئەنجام ژیان و گیانى یەکترو خەڵکى کوردستانیان توشى دەردەسەرى و نەهامەتى و چەوساندنەوە کرد، وەک ڕەفتارى پێشتریان لەشاخ.
کوردوەتەنى دەنگى دەهۆڵ لەدوورەوە خۆشە کۆمەڵگاى کوردى لەشارو شارۆچکەکانى کوردستان بڕوایان بەشۆڕش هەبوو لەکاتێکدا ڕابەرو سەرکردەو بەرپرسەکانى پاشماوەى خێڵ و دەرەبەگایەتى بازرگانیان بەخۆێنى میللەتەوە دەکرد بەناوى خەباتى نەتەوەیى کورد.
هەڵبەتە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کەبەشێکى سەرەکى بوون لەبەرەى کوردستانى پشکى شێریان بەردەکەوێت لەتەخوینکردنى یەکترو هەڵگیرساندنى شەڕى براکوژى و دواتر لەپێناو بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەو خێڵ سەرتاپا کۆمەڵگاین (فێرەدرۆ ـ درۆزن) کرد لەپاڵ بەکۆمەڵ حیزبى کردنى کۆمەڵانى خەڵک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت