حەمەئازاد بەرزنجی: با خراپەکەیان بۆ ئێمە بێ و هەڵبژاردی ئێمەش بێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەبینین و هەمولایەک ئاگادارە و شەقام شاهیدە، کە چ جمەیەکی دێت . حزب و ڕێکخراو و جوڵانەوەکان لە وپەڕی چالاکی وخۆنواندن و خۆدەرخستن و بڵاوکردنەوەی بەرنامەو ئایدیاو پلانی کورت و درێژی خۆیاندان، بۆهەڵمەتی ئەم هەڵبژاردنە کە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقە.
هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنە نەبۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان و نە بۆ پەڕلەمانی کوردستانیشە. بەڵام کوردستانی بیت، یان ئێراقی، ڕیفراندۆمچی بوبیت یان دژ ، ئیسلامی یان عیلمانی ناتوانی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە دور لە دیدە بگریت و گوێی پێنەدەیت و خۆتی بۆ ئامادە نەکەیت. چونکە هەروەک وتمان هەرچەندە بۆ ئێراقە و تایبەت نیە تەنها بە کوردستان بەڵام، ئەنجامەکەی لەلایەک ڕەنگدانەوەی لەناو کوردستان دەبێت و ئاوێنەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو، لە لایەکی دی سەنگ و قورسایی لایەنەکان پیشان دەدات لە بەغدا و نواندنی ڕێزبەندیەکی نوییە بۆ هێزە کوردستانییەکان.
لایەنەکان هەوڵیانداوە باشترین دەستە بژێر وچاکترین و بەتواناترین تاک و کەسایەتی لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بۆ بۆ ئەم کێبڕکێیە بپاڵێون. زۆربەی ئەو بەڕێزانەش خۆیان ناساندوە. بڕوانامە وژیاننامەی خۆیان بۆ خەڵکی هەڵبژێرخستۆتە ڕو. سەرەڕای وێنە هەڵواسین و دەرکەوتن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن وچاوپێکەوتن وگفتوگۆو وتاردان و چەندان و چەندانی دی. نوێنەری زۆربەی چینەکانی کۆمەڵیان تیا دەبینرێ، هەر لە دەوڵەمەند ، تاکو هەژار، لەژن لە پیاو، خاوەن بڕوانامەی بەررز تا بڕوانامەی ئاسایی، مامۆستا، خوێنکاری پلەی باڵا، مامۆستای ئایینی، دکتۆرا، ماستەر، بەکالۆریۆس، چەندان پزیشک، ئەندازیار، مافناس و یاساناس و پاریزەرو زانستخوازو چەندانو چەندانی دی.
گەر گوێبیستی وتە و گفتی کاندیدەکان بوبین لە هەر دەزگایەکەوە بوبێ، یان سەر بە هەر لایەنێک بوبن، هەرهەمویان قسەی باش دەکەن و گفتی باش دەدەن و بەرنامەی باشیشیان هەیە و زۆر لەوەش دەچێ نێتی پاکیشیان هەبێ.
تاکو ئێستا بەگشتی کاندیدی خراپم نەبینیوە. لە هیچ لایەنێک و لە هیچ شارێکی کوردستاندا وەک ئەوەی تێبینی کراوە. جا بۆیە دەڵێین؛ کامەیان خراپە با بۆ ئێمە بێ و هەڵبژاردەی ئێمە بێت !
جا بۆیە پرسیارەکە لێرەدایە! گەر زۆربەیان باش بن! ئەی کە واتە خراپ لە کوێدایە؟ ئەی بۆ کوردستان بەم شێوە خراپەی ئێستا بەڕێوە دەچێ؟ ئەی بۆ ئاستی ئابوری کوردستان لاوازە؟ سەرەڕای ئەو هەمو سەروەت سامانە سروشتیانەی کە هەمانە ! ئەی باری گوزەرانی خەڵکی بۆ لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات. ئەی هەر ئەم کاندیدە باشانە نین، دوو ڕۆژی تر دەبنە نوێنەرو دەمڕاستمان، ئەمجارەیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق و دوجاری دی لە پەڕلەمان و پارێزگاکانی کوردستان.
کەواتە خەلەل لەتاکی کاندیدا نییە! بەڵکو خەلەل لەسستم و لە حزبەکاندایە. خەلەل لە بیرو بۆچون و ئایدیای ئەو تاکانەدایە، کەلە ترۆپکی هەندێ لە حزبەکاندا قوت بۆی وەستاون و حزبەکان و سستمی وڵات بەرەو هەڵدێر ئاڕاستە دەکەن و، بەرژەوەندی و سودمەندبونی خۆیان و دارودەستەی جواردەوریان و کۆمپانیاکانیان خستۆتە پێش هەمو بەرژەوەندییەکانی ترەوە.
بۆیە دەتوانین بە دڵنیاییەوە بە خەڵکی ڕابگەیەنیین ، کە تەنها بەم کاندیدە بەڕێزانەی ئێستا کە خۆیان پاڵاوتوە، لە هەمو شارەکانی کوردستان و لە هەمو لایەنەکانی، دەتوانین کە گرەنتی ئەوە بدەین، کە چاکترین ( ڕێكخراوێکی کوردستانی ) پێکبهێنین، کە بتوانێ کوردستان بەڕێوە بەرێت و پلان بۆ ئایندەیەکی باشی سیاسی و ئابوری کوردستان دابڕێژێ و کوردستان بەرەو خۆشگوزەرانی بەرێ. بێگومان گەر چاوچنۆکان وبەڵێندەرانی نەوت و مافیاکانیان دەستنەخەنە، ناو کارو باری وڵات و کەی ڕۆلیان تەواو بوو دەنگیان نەهێنا واز لە بەرژەوەندی خۆیان بهێنن و ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن و جێگۆڕکێ بە کورسیەکانیان بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت