دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز: سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عێراق).

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

( 1 )

تا ئێستە، (3) هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عێراق) کراوە (2005، 2010، 2014). ئەم هەڵبژاردنەش (2018)، ئەوەتەی ڕژێمی (بەعس) ساڵی (2003) ڕوخاوە، چوارەمین هەڵبژاردنە. دوای ئەوەی هێزەکانی (ئەمێریکا)ش، لە (عێراق) کشاونەتەوە، دووەمین هەڵبژاردنە. ئەوەی گرنگە، خول لە دوای خول، هەڵبژاردنەکان خراپتربوون!
لە ئەم هەڵبژاردنەی ڕۆژی (12. 5. 2018) دەکرێ، (24) میلیۆن کەس بەشداری تێدا دەکەن. (7) هەزار کەس خۆیان پاڵاوتووە. ژمارەی کورسییەکانیش (329) دانەیە. لە (25%)ی کورسییەکان بۆ ژنان تەرخانکراوە. هەر پارتێ یا هاوپەیمانییەکیش، (165) کورسی بەرێتەوە، زۆربە بەدەسدێنێ و بۆی هەیە، بە تەنیا میریی درووستکا. پەرلەمانیش سەرۆک شالیاران و سەرۆک کۆمار هەلدەبژێرێ، بە مەرجێ پارتە بەشداربووەکان، هێزی چەکداریان لە پڕۆسەکەدا نەبێ و ژمارەی چاودێرەکانی نێوخۆ و بیانیش زۆربێ.
هەرچەندە وەک دەڵێن، بۆ ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، ئامێری ئەلیکترۆنی نوێ بەکاردێنرێ، بۆئەوەی هیچ جۆرە گزییەکی تێدا نەکرێ. بەڵام تاقیکردنەوە سەلماندوویەتی، ئەو ئامێرەش بەکەڵک نایە و گزی هەر دەکرێ!
هەڵبژاردنەکەش، بە شێوەی لیستی کراوە دەبێ و سیستەمی ڕێژەیی بەکاردێنرێ. هەر پارێزگەیەکیش، وەک بازنەیەکی هەڵبژاردنی سەربەخۆ، هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ. ئەم شێوە سیستەمەش، لە بەرژەوەندیی پارتە پچووک و کەمینە نەتەوەییەکان دایە. بۆیە (9) کورسی بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وەک (فەلە، سابئەی مەندائی، یەزدیی و شەبەک) دانراوە.
زۆر بە داخەوە، ئەم دابەشکردنە، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی گەلی کورددا ناگونجێ، چونکە (یەزدیی) و (شەبەک)یان، لە گەلی کورد جیاکردووەتەوە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەی، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان) بوو، هەر لە سەرەتاوە پەسەندیانکردووە.
کورسییەکانیش، بەپێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگەکانی (عێراق) و بە خشتەیەکی دیاریکراو، بەسەر پارێزگەکاندا دابەشکراوە. لە نێوەڕاست و خوارووی (عێراق)، تەنیا پارێزگەی (بەغدا)، پشکی شێری بەردەکەوێ و (71) کورسی بۆ دانراوە. چونکە جگە لە ئەوەی، پارێزگەی (بەغدا) گەورەترین پارێزگەیە، گرنگترین بازنەی هەڵبژاردنیشە، لەبەرئەوەی تەنیا پارێزگەیە، لە نیوان عەرەبە شیعە و سووننەکان و کورددا، لەسەر دەنگەکان کێبڕکێی تێدا دەکرێ!
بەڵام کورسییەکانی پارێزگەکانی (کوردستان)، بە ئەم شێوەیەیە:
سولەیمانیی: 18، هەولێر: 15 و دهۆکیش: 11 کورسی.
موسڵ: 31 و کەرکووکیش: 12 کورسی.

(2)
دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیاری لەسەر (204) پارتی لە سەرانسەری (عیراق)دا داوە. ئەم پارتانەش لەنێوخۆیاندا، هاوپەیمانێتییان درووستکردووە. بە گوێرەی قەبارە و ژمارەیان، لایەنە بەشدارەکانی عەرەبی (عیراق) لە هەڵبژاردنەکاندا، بە ئەم شێوەیەی خوارەوە بەشداردەبن:
یەکەم: پارت و هاوپەیمانێتییەکانی شیعە
پارتی دەعوەی ئیسلامیی
بە دوو لیستی هاوپەیمانی جیاواز دادەبەزن. ئەندامەکانی (دەعوە)ش ئازادن، دەنگ بە کام لیست دەدەن. دوو لیستەکەش ئەمانەن:
لیستی (نەسر) بە سەرۆکایەتی (حەیدەر عەبادی).
لیستی (دەوڵەتی قانوون) بە سەرۆکایەتی (نووری مالیکی).
بە هەردوو لیستەکەش (108) کورسییان بۆ داناون و ئەم لیستەش، بە گەورەترین لیستی هەڵبژاردنەکان دەژمێررێ.
ئەز پێم وایە، سەرکردایەتی پارتی (دەعوە)، زۆر زیرەکانە ئەم کارەیان کردووە، بۆئەوەی زۆربەی دەنگەکانی دەنگدەران بەدەسبێنن. چونکە دەنگدەران دەنگ بە هەر لیستێکیان بدەن، هەر بۆ هەمان پارت دەبێ!
هاوپەیمانێتی (فەتح)
ئەم هاوپەیمانێتییە، لە هێزە چەکدارەکانی باڵە جیاوازەکانی (حەشدی شەعبی) پیکهاتووە و بە ناوی (فەتح)ەوە خۆیان ڕێکخستووە. لە ئەم لایەنە سەرەکییانەش پێکهاتووە: (ڕێکخراوی بەدر، عەسائب ئەهل ئەلهەق، کەتائب حزبوڵڵا، کەتائب ئەلئیمام عەلی و هەموو پێکهاتە گچکەکانی دیکەی حەشد) و (102) کورسییان هەیە.
بزووتنەوەی نیشتمانیی نائیسلامیی ناسراو بە (ئەلحیکمە)، بە سەرکردایەتی (عەمار ئەلحەکیم) سەرۆکی دەستەی (مواتین) بەڕێوەدەچی.
دەستەی (ئەلئەحرار)، بە سەرکردایەتی (موقتەدا سەدر)، پارتی (ئەلئیستیقامە)یان دامەزراندووە و بڕیارە، لەگەڵ (پارتی کۆمۆنیستی عێراق) هەوپەیمانبن.
هاوپەیمانێتی (تەمەدوون) سەرۆکی بزووتنەوەکە دوکتۆر (حەنان ئەلفەتلاوی)یە.
دووەم: پارت و هاوپەیمانێتییەکانی سووننە
هاوپەیمانێتی (ئەلقەرار ئەلعێراقی).
دەستەی چاکخوازیی (ئەلموتەحدوون)، بە سەرکردایەتی (ئوسامە نوجەیفی) و سەرمایەدار (خەمیس ئەلخەنجەر)، ئەم هاوپەیمانێتییەیان دامەزراندووە.
هاوپەیمانێتی (وەتەنیی) بە سەرۆکایەتی (ئیاد عەلاوی).
(سەلیم جەبووری) سەرۆکی پەرلەمانی (عێراق) و (ساڵح موتڵەک) سەرۆکی هاوپەیمانێتی (عەرەبیی)، بەشداری لە ئەم هاوپەیمانێتییەدا دەکەن.

(3)
پارت و هاوپەیمانێتییە کوردستانییەکان
گەورەترین گرفتی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە، هیچ لایەن و پارتێکی (کوردستان)، دانوویان پێکەوە ناکوڵێ، لەسەر بەرنامەیەکی ڕێکوپێک ڕێک ناکەون، بە یەک لیستی یەکگرتوو، بە تایبەتی لە نیوچە دابڕاوە داگیرکراوەکان دانابەزن. لەبەرئەوە بێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی باڵای کورد بکەنەوە، هەر پارتێ لە ئاوازێ دەخوێنێ و هەر سەرۆک لیستێکیش، بۆ خۆی ئاغایەکە! دوژمنی داگیرکەریش، لە چەن هاوپەیمانێتییەکدا خۆی ڕێکخستووە و هیچ لایەکیشیان، بۆ لەخشتەبردنی پارتەکانی (کوردستان) نەبێ، دانێکی خێریان پێدا نانێن!
ئاخر ئەوەتەی دەسەڵاتدارانی کورد هەیە، لەنێوخۆدا هەروا ناکۆک و ناتەبا بوون، هەمیشە بەرژەوەندیی بنەمالە، خێڵ و پارتەکانیان، لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکی بەرزی نەتەوە و نیشتمانەوە داناوە! بۆیە دوژمنان و داگیرکەران، هەرگیز لە مەترسی بزووتنەوەی کوردایەتی نەسڵەمیونەتەوە و هەر وەک مقاش، ئەو پارتانەیان بەکارهێناوە و پشکۆی گەرمی ئاگری دوژمنەکانیان پێ گرتوون!
ئەوەتە (تاریق عەزیز)، جێگری سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشووی (بەعس)، لە یەکێ لە ئەو نامە نهێنیانەی، ڕۆژی (4. 4. 2003)، بۆ (دیک چینی) جێگری پێشووی سەرۆکی (ئەمیریکا)ی ناردووە، سەبارەت بە کورد نووسیوێتی: (كورد سویدی یا نەرویجی نین، حەزیان لە دێمۆكراسی بێ، بەڵكوو ئەوانیش هەتاهەتایە، لە نێوان خۆیاندا شەڕدەكەن(.
لەبەرئەوە هەمیشە ئەم پارتانە، مەگەر شەقی ڕۆژگار ناچاریکردبن و یەکیخستبن، ئەگینا بیری کوردایەتی و بەرژەوەندیی نیشتمان، درۆیەکی گەورە بووە، لە دەمی هەڵوەڕی سەرکردەی پارتەکانی (کوردستان) دەرچووە! بۆیە دەبینین، ئەوڕۆ لە هەموو ڕۆژێ پەرتوبڵاوترن، چەندین پارتی گچکە و گەورە درووستبوون، هەر یەکێکیان خۆی بە ڕاست دەزانێ و دژی ئەوانی دیکە دەدوێ.
بە کورتی، ئەو لایەنانەی ناوی خۆیان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی (عێراق) تۆمارکردووە و لیستی تایبەتییان هەیە، (9) پارتن و ئەمانەن:
(پارتی دێمۆکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، حیزبی سۆسیالیستی دێمۆکراتی کوردستان، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی دێمۆکراتی و دادپەروەریی، بزووتنەوەی نەوەی نوێ. لە پارتە ئیسلامییەکانیش، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان)، هەر یەکێ لە ئەو پارتانە، لیستی تایبەتی خۆیان هەیە. جگە لە (حزبی زەحمەتکێشان) لەگەڵ (هاوپەیمانی دێمۆکراتی و دادپەروەریی)، پێکەوە بە یەک لیست دادەبەزن، هیچ جۆرە هاوپەیمانێتییەکی دیکە، لەنێوان ئەو لایەنانەدا نییە. (بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان)یش، لیستی تایبەتی نییە و بە فەرمی، پشگیریی (یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان) دەکا!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت