رەزا شوان: کوللـەم خۆشناوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆک بۆ منداڵان.
تەمەنم پێـنج ساڵان بوو، ماڵمان لە دێی (تۆمـار) لە ناوچـەی شـوانی سەر بە پارێزگـای کەرکـوک بوو. باوکم جوتیار بوو، خەریکی کشتوکاڵ بوو. جووتێک هێستر و جووتێک گوێدرێژمـان هەبوو، چوار مانـگا و نزیکەی پانگزە سەر مـەڕ و بـزن و کۆمەڵێکیش عەلەشیش و مریشک و کەڵەشـێرمان هـەبوو.. دایـکم بە رۆژ سەرقـاڵی بەخێوکـردنی مانگاکان و مەڕ و بـزن و عەلەشیش و مریشکەکانمان بوو. خێزانێکی شاد و کامەران و خۆشگوزەران بووین.
باوکم: ئەمساڵ بارانێکی زۆر باش باری، دەغڵەکانمان زۆر جوان سەوزبوونە و باڵایان کـردووە، گوڵەکانیان گەورە و پـڕن.. لەو باوەڕەدام کە یەک بە پانگزە ببـڕن.

ـ باوکە یەک بە پانگزە ببـڕن، مانـای چییە؟
باوکم: گـۆران گیان، واتا هەر تەغـارێک گەنم یا جۆ کە تۆومان کردووە، لەوانەیە ببێت بە پانگزە تەغـار گەنـم یا جۆ، دوو تەغـار گەنـم و تەغارێک جۆم تۆوکردووە، لەوانەیە سی تەغـار گەنـم و دە تەغـار جۆیان لێ دروێنە بکەین.

ـ سوپاس باوکە گیان تێگەیشتم.
باوکم: هەر کە جـۆ و گەنمەکـانمان دروێنەکرد، شەش تەغـار گەنـم بۆ نـان و بۆ تـۆو، چوار تەغـار جـۆش بۆ ئالیکی وڵاغەکـانمان و بۆ دانـی عەلەشیش و مریشکەکـانمان لێیان هەڵـدەگرم. ئەودوای دەفـرۆشم.. بۆ هەر یەکەمان دوو دەست جلوبەرگی جـوان و دوو جـووت پێـڵاوی تـازە، بە دڵـی خۆمان دەکـڕم.

ـ باوکە: ئەی تۆپـم و بۆ ناکـڕیت؟
باوکم: بەسەر چـاوانم، تۆپێکی گوڵگوڵی زۆر جوانیشت بۆ دەکـڕم.
ئەم بەڵێنەی باوکم زۆر دڵخۆشی کردم، هیوای ئەوەم دەخواست، کە گەنـم و جۆیەکانمان زوو زەردببن و وشکـبن، تا باوکم دەغڵـدروێن (دەڕاسە) بێنێت و دروێنەیـان بکات.
لە کۆتایی مانگی نـەورۆزدا بوو، کوللـەیەکی یەجگـار زۆر رووی لە دێیەکەمـان کـرد، دەتوت لە ئاسمانەوە دەبـارێن، کوللـەکان نووسان بە گوڵە گەنـم و جۆیەکانەوە، هەموو فەریکەدانەکانی گوڵە گەنمەکان و جۆیەکانیان خوارد.. تەنانەت گەڵاکانی دارەکانیشیان خوارد.. نە باوکم و نە هەموو خەڵکی دێیەکەمان دەرەقـەتی ئەو کوللـە زۆرە نەهاتن.
خەڵکی بێ هیـوا بوون.. دڵتـەنگی و خەمێکی زۆر بە رووخساری گـەورە و بچووکی دێیەکەمانەوە دیاربوو.

ـ باوکە ئەم هەمـوو کوللـە زۆرە لە کوێـوە هـاتوون؟
باوکم: گۆران گیان، ئەم کوللـە دوانەبـڕاوانە، لە بیابـانی عەرەبستانەوە هـاتوون.
داپیـرەم: رۆڵە گیان، ئەمە یەکەمین ساڵ نییە، کە کوللـە، وامان بەسەر بهێـنێت. بە بیرەوەریی من، سێ جاری تر، کوللـە دای بەسەر دێیەکانی ئەم ناوچانەدا و جوتیارانی رەنجبـێوەر کـردن و خەڵکی پەریشان بوون.

ـ باوکە گیان، خـەم مەخۆ، جلوبەرگ و پێـڵاوی تـازە و تۆپـم ناوێت.
باوکم: نا کوڕی شیرینـم، ئێوە خەم مەخۆن، ئەم هەفتەیە دووان لە گۆلکەکان و پێنج لە بەرخەکـان و شەش لە عەلەشیشەکانمان دەفـرۆشم.. هەفتەی داهـاتووش هەموومان دەچین بۆ کەرکـوک، سێ شەو دەبینە میوانی ماڵی پـوورە زارات، پێکەوە دەچـین بۆ بـازاڕ و بە دڵی خۆمان بۆ هەریەکەمان، دەستێ جلوبەرگی جـوان و جووتێک پێڵاوی تازەش دەکـڕین، تۆپێکی جوانیشت بۆ دەکـڕم.
لەو ساڵەوە کوللـەم خۆشـناوێت.. چونکە ماندوو نابن و بـەری رەنـج و مانـدووبوونی جوتیـارانی کـورد دەخـۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت