ئەحمەد ڕەزا: حزبی کورد و ڕۆشنبیریی گوند.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەقڵیەتی شاخ دەرەنجامی خۆدانە دەست کلتوری ئەو ژینگە بچوکانە بوو لە گوند، کە سەرکردایەتی سیاسیی کورد نەیتوانی تێپەڕی بکات، نەیتوانی لەو چوارچێوەیە دەربچێت، ئەوەش لە پێناوی مانەوەیاندا لە گوندەکان خۆپاراستنیان، جگە لەوەش خۆنەدان لە هەر تابۆیەک، کە هێڵی سوری گوندنشینان بوو.. لە ماوەی سەروبەری 15 ساڵدا، شۆڕشی کورد، بە کۆمەڵە چەمک و دنیابینییەکی خێڵگەرییەوە گەڕانەوە بۆ شارەکان.. ئەوی نەیانتوانی بەسەر گوندنشینانیدا بسەپێنن، بە حوکمی هێزی بەردەوام ئامادەی گوندنشینانەوە، کە ئەقڵیەتی شارنشینی و چەمکەکانی پێشکەوتن بوو، لە ئێستاداو لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا لە هەوڵی سەپاندنیدان بەسەر کۆمەڵگەی شارنشیندا، کە ” ڕۆشنبیریی گوند” ەو تا ڕاددەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون تیایدا.
جگە لە ڕۆچوونی ئەو ئەقڵیەتە بە ناو تەواوی کایە سیاسیی و بازرگانیی و ئابووریی و ئیدارییەکان و ئەوانی تریشدا، کە سەرجەم ئەو کایانە لە گرێژنە چوون و گێڕانەوەیان بۆ سەر بنەڕەتی خۆیان، هەوڵی تاقەت پڕوکێن و درێژخایەنی ئەوێت.. حزبەکان لە ڕێگەی ڕۆشنبیریی هەرزانی گوندەکانیشەوە، کار لەسەر زەین و هۆش کوێرکردنەوەی نەوە نوێیەکان ئەکەن.
نمونەی لەم بابەتە لە هیچ وڵاتێکی دنیادا بەوجۆرە لە برەودا نییەو پشتگیریی ناکرێت.. بۆ نمونە محەمەد مەهاتیر کە دەسەڵاتی لە مالیزیا گرتە دەست و لە ماوەی تەنها 6 ساڵدا، وڵاتێکی ئابوریی داتەپیوی گەیاندە ئاستی تایوان و بەوەش گەورەترین سەرکەوتنی لە شۆڕشەکەیدا لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا.. لە سەرەتای حوکمڕانییەوە، ڕۆشنبیریی گوندی گێڕایەوە بۆ سەرچاوەکەی خۆی و هەموو جۆرە باربووکردن و پشتگیریی کردنێکی لێ قەدەغە کردن و کاری کرد بۆ برەودان بە ڕۆشنبیریی جاد لەسەر ئاستی وڵات، ئەمە دەستپێکی شۆڕشەکەی بوو، کە مایەی سەرسامیی زۆرێک لە کاربەدەستانی ئەوکاتە بوو لە مالیزیا.
حزبی کوردی لە ئێستایدا لە پێشبڕکێیەکی زۆر گورج دان، بۆ داماڵینی کەسێتیی تاک، لە ڕێگەی پشتگیریی کردنی ماددی و مەعنەوی سەرجەم شایەرو لۆتیی و بەندبێژو لەیبوکەکاندا. تاکی کورد وەک ماری ناو سەبەتەکە تەماشا ئەکەن، تا هەرکات زوڕنایان بۆ لێدا، ئەو بە بۆنەو بێ بۆنە هەڵپەڕێت. ئەم نەریتە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش پەرەی سەندووە.
حزبەکان و سەرکردەکانیان بە جۆرێکی خەیاڵیی سەروەت و سامانی دزراوی وڵات بەسەر ئەو شایەرانەدا ئەبەخشنەوە، کە نمونەکانی باوەڕ پێنەکراون.. هەر حزبەو چەندین شایەری لەسەر خۆی کردووەتە ماڵ و شەوانی گەعدەیان بۆ ئەڕازێننەوەو ئاهەنگە حزبییەکانیان بۆ گەرم ئەکەن و ژەهری ئەوجۆرە بە بنبەست گەیاندنەی تاکیش، شەوانە لە تیڤیە هەزیلەکانیانەوە پەخش ئەکەن، بە سەدان بەرنامەشیان کردووە بە دەرگای ناساندن و خەڵک بۆ کۆکردنەوەیان، هەموو حزبەکان لەمەدا بەشدارن. لە بواری شانۆشدا شتێکیان نەهێشتووەتەوە بە ناوی شانۆوەو دووبارە پێشبڕکێیانە بۆ ڕازی کردنی دڵی لەیبوک ” موهەریج”ەکان. هونەری جادیش لە دراماو شانۆو سینەماو ئەدەبیات و میوزیک و شێوەکاریدا بە جۆرێک فەرامۆش کراوە، مەگەر هونەرمەندان تەنها لە دەمی خۆیان بگرنەوەو کاری پێ بکەن.
ئەمە حەقیقەتی وڵاتی سێ شارە بچوکەکەی جیهانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت