محەمەد بەرزی: حیزبی بێ پەیام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بە شێوەیەکی سووک و ئاسان پێناسەی حیزب بکەین، ئەوا دەڵێین: بریتییە لە گردبوونەوەی کۆمەڵە کەسانێک لە ڕێکخراوێکدا، کە باوەڕی تەواویان بە بیروباوەڕێکی دیاریکراوی سیاسییە و تێدەکۆشن بۆ گرتنەدەستی هەموو دەسەڵات، یان بەشێکی ، بە مەبەستی سەپاندنی سیاسەتی خۆیان، بە گشتیش سێ جۆر حیزب هەیە: یەکەم : حیزبی خاون ئایدۆلۆجییەکی دیاریکراو، کە بە تەواوی پابەندە بە بەرنامە و بیرۆکەی تایبەتی خۆیەوە و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا، بە موو لە ڕێبازەکەی لانادات . جۆری دووەمیش ئەو جۆرە حیزبانەیە، کە بە پێی بارودۆخ بەرنامەکەی خۆیان دەگۆڕن. پاشان جۆری سێیەمیشیان حیزبی بنەماڵەیە، کە کەسێکی سەر بە بنەماڵەیەکی خۆسەپێنەر سەرکردایەتی دەکات و بە چاوی مێگەل سەیری ئەندامەکانی دەکات و بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، ڕێبازەکەی دەگۆڕێت، بەبی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەیرە و پڕۆگرام و ڕای ئەندامەکانی. دوای نەمانی سەرۆکیش نەوەیەکی خۆی بەبێ هەڵبژاردن و چەپڵەی درۆی ئەندامەکانی جێگای دەگرێتەوە. بێگومان هەتا ئێستا ئەمجۆرە حیزبانە بە زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بوونیان هەیە.
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی یەکێتی نیشتمانی و بە تایبەتیش پارتی لە جۆرەکانی حیزبی بنەماڵەن. پارتی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە ، تا ئەمڕۆ، کە دەکاتە 72 ساڵ یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات، یەکێتیش بە هەمان شێوە ماوەی 43 ساڵە یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات و دوای نەمانی سەرۆکەکانیان نەوە و خزمەکانیان جێگایان گرتوونەتەوە و دەستیان بەسەر هەموو جومگە گرنگەکاندا گرتووە . جا لەگەڵ ئەوەشدا پرۆگرامی ئەم جووت حیزبە لەسەر کاغەز، هاوتای پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبە سوشیال دیموکرات و حیزبە پێشکەوتووەکانی دنیان و خاوەنی سەنتەری ستراتیجی و لێکۆڵینەوە و چەندین ڕاوێژکاری سیاسین، بەڵام لەو هەموو ماوە دوورودرێژەدا نەیانتوانیوە کورد بگەیینە کەنارێکی ئارام ، چونکە سیاسەتی ئەم حیزبانە تەنها سەرۆک خۆیەتی و لە پێناوی مانەوە و بەرژەوەندی خۆیدا ئەوەی ویستبێتی کردوویەتی، بەبێ ئەوەی ڕێز، یان حسابی چڵە پووشێک بۆ پەیڕە و پڕۆگرام و سەنتەری ستراتیجی و ڕاوێژکاری سیاسی و ئەندامەکانی حیزبەکەی بکات. لە ساڵی 1975 دا و بۆ ئەوەی جڵەوی شۆڕشی ئەیلول نەکەوێتە دەستی کەسانی تر، بە فەرمانی یەک لایەنەی سەرۆکی پارتی، جاڕی ئاشبەتاڵ درا و نزیکەی ( 120 ) هەزار پێشمەرگەی ئازا چەکی دانا و میللەت و وڵاتیان ڕووبەرووی مەترسی گەورە و گران کردەوە . لە ساڵی 2017 دا و بە بێ بوونی پایەکانی دەوڵەت و پشتگیری دنیای دەرەوە و یەکڕیزی ناوەوە ، مەسعود بارزانی بڕیاری ریفراندۆم دەدات و بە دەمی خۆشی دەڵێت : ( حساب بۆ یەک کەس ناکەم )، واتە گویێ لە کەس ناگرم و بڕیاریش تەنها بڕیاری خۆمە. ئەنجامەکەشی ئەو ماڵوێرانییە بوو ، کە بە چاوی خۆمان بینیمان. لە ساڵی 1964 دا جەلال تالەبانی بە بیانووی ئەوەی مەلا مستەفا عەشایەر و کۆنەپەرست و تاکڕەوە، چەک بە روویدا هەڵدەگرێت و ئاگری شەڕی براکوژی هەڵدەگیرسێت و هەزاران ڕۆڵەی هەژار دەبنە خۆراکی ئەو شەڕە نەگریسە، پاش ڕاپەرینیش دژایەتی نێوانیان بە فووی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان سەرلەنوێ دەگەشیتەوە و گڕ و بڵیسەی ئێسک و پروسکی هەزاران ڕۆلەی کورد دەکات بە سوتوو، کەچی جەلال تالەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ، دەچیتە سەر گۆڕی بارزانی و داوای لێبوردنی لێدەکات و لە پرسەی حەمایل خانی دایکی مەسعود بارزانیشدا بە دەمی خۆی دەڵێت: ( لە پشت هەموو مرۆڤێکی مەزنەوە ژنێک هەیە ). جا ئەگەر بارزانی مەزن بوو، ئەی ئەو هەموو خوێنەتان بۆ ڕشت؟! . ئەمانە نموونەی خەروارێکن لە هەڵویستی خۆ پەرستانەی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی پارتی و یەکێتی. بە کورتی لە حیزبی بنەماڵەدا سەرجەم ئەندامەکانی ڕۆڵی تووتی دەبینن و سەرۆک هەموو شتێکە و سیاسەتیش بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی دەکات . بەردەوامیش لە هەوڵی سرینەوەی بەرامبەرەکەیدایە ، تا بەتەنها خۆی بەشی شێری بەربکەوێت. جا لەبەرئەوەی پارتی لە فێڵ و تەڵەکە و دانووساندا ئەزموونی لە یەکێتی زیاترە، ئەوا توانیویەتی دەست بەسەر سەروەت و سامانی هەرێمدا بگرێت و ڕیزەکانی یەکێتی پەرت و لاوازبکات و بیکات بە پاشکۆ و شاگردی خۆی . هەر بیرکردنەوەی پارتیشە لە ناوچەی سلێمانیدا لە هەوڵی دروستکردنی قەوارە و هەڵخەڵەتاندنی ئەندامی حیزبەکانی تردایە. ئەم سیاسەتە قۆرخکارییە چەوتەشە کارێکی وایکردووە ماوەی بیستوحەوت ساڵە نەیانتوانیوە لە دەسەڵاتدا بەرنامەکانی خۆیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا جێبەجێ بکەن، ئەوەندی لە هەوڵ و خەمی مانەوەی خۆیان و لاوازکردن و شکاندنی شکۆی یەکتری و لایەنەکانی تردا بوون، ئەوەندە لە خەمی دواڕۆژی میللەتدا نەبوون . جا ئەگەر ئەم دوو حیزبە بە تەنگ کێشەی میللەتەوە بوونایە ، ئەوا دەبوو باوەڕی تەواوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەبووایە و دوای داخستنی پەرلەمان و شکستە گەورەکەی ریفڕاندۆم . وازیان لە دەسەڵات بهێنایە و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنیان بکردایە و هەرێمیان لەو حاڵە نالەبارەی ئەمڕۆ ڕزگاربکردایە، کەچی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاتوون، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیان خستۆتە دوای هەڵبژاردنی عیراقەوە ، تا ئەگەر لە هەڵبژاردنی عیراقدا وەک پێشوو دەنگی خۆیان هێنایەوە و سەنگ و قورسایی خۆیان بە دڵبوو، ئەوا بێ ترس بڕیاری هەڵبژاردن لە هەرێمدا دیاری دەکەن، خۆ ئەگەر نەشیانتوانی ساختە بکەن و دەنگیێان نەهێنا و تووشی شکستبوون، ئەوا بە بیانووی جیاوازی بێ بنەما هەڵبژاردنی هەرێم دوادەخەن و بە تۆپزی لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێننەوە … وەک ڕۆژی ڕووناکیش لێم ئاشکرایە ، مانەوەی ئەم حیزبە بێ پەیامانە، لە نسکۆیەکەوە دەماندەنە دەست نسکۆیەکی گەورەتر، ئەو کاتە دەبێ خەونی ڕزگاری کورد، وەک کورتانەکەی جەجاڵ سەرلەنوێ لەسەرەوە بدروێنەوە، کە دیارە ئەمەش خاوەی نەزانینی خۆمانە و دەبێ بیدەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت