دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کوردستانى باشور کۆمەڵگایەک سەرتاپا ( فێرەدرۆ) کراوە. بەشى چوارەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمەى فێرەدرۆ وبیرەوەرى کۆمەڵانى خەڵک لەکوردستانى باشور ـ یەکێک لەوتە جوان وبەنرخەکانى “جورج بەرنادشۆ ” نوسەرى بەناوبانگى ئینگلیزى ـ ئێرلەندى ” ئەگەر بیرەوەرى نەبیت میژوو دوبارە دەبێتەوە “.
بیرەوەى بنەمایەکى سەرەکى ژیانى بونەوەر و بونیاتنانى شارستانى مرۆڤایەتی یە، لەلایەک لەسەرئاستى خانەى بونەوەرەکان cellular level، خانەى تایبەت بەبیرەوەرى هەیە پێى دەوترێتmemmory cells کاریگەریى زۆر هەستیارى هەیە لەسەر پاراستنى ژیان وڕێکخستنى کارى فسیۆلۆجى ئەندامەکانى لەش، لەیەکى ترەوەوە لەسەر ئاستى حکومڕانى کاریگەرى زۆر گرنگى هەیە لەسەر شارستانى مرۆڤ لەپێناو برەودان بەژیان وژینى بونەوەر و ژینگەى گەردوون.
تاوتوێکردن و وەبیرهێنانەوەى بیرەوەى بەمەبەستى چارەسەرکردن و دووبارە نەبوونەوەى کارەسات و قەیرانى سیاسى ـ ئابوورى ـ مرۆیى کۆمەڵایەتى ـ زانستى و مەعریفى نەک بەمەبەستى ڕوخناندنى کەسایەتى مرۆڤى کورد ئەرکێکى پیرۆزى نیشتمانى گشت کۆمەڵگایە لەپێناو برەودان بەژیان و ژین و ژینگەى گەردوون.
بۆچوونێکى زۆر نابەجێ و نادروست لەناو کۆمەلانى خەڵکى کوردستان بڵاوبۆتەوە، گوایە کۆمەڵانى خەڵک زۆر بەئاسانى بیرەوەری لەیاد دەکەن، ئەمەش پێچەوانەى فسیۆلۆژى جەستەیى و دەروونى ئادەمیزادە، ئەگەرکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بیرەوەریە تاڵەکانى ڕابردووى لەیاد بکردایە چیدى باسى ڕوباری خوێن و شەهیدانى نەکردایە، کۆمەڵگاکە نەدەبوونە کۆمەڵگایەکى نەخۆشى پاش زەبر وکۆیلەى دوو بنەماڵە لەژێرناوى حیزبى سیاسى نەتەوەیى نیشتمان پەروەر.
بەداخەوە ئەوە کۆیلەکانى دەسەڵات و نەوەى نوێى ڕابەرو سەرکردەى کوردایەتین ” نەوەکانى بارزانى و تاڵەبانى ” کەلەحەقیقەتداپاشکۆى ئاغا و دەرەبەگەکانى ڕابردووى کوردستانن کۆمەڵگایان سەرتاپا درۆزن کردووە لەپناو شێواندنى ڕاستى بیرەوەریەکان و جوانکردنیان بەقازانجى بنەماڵەو خێڵ و حیزبە مافیاکانیان.
کاتێک ئەم بیرەوەریە تاڵانە دینەوە یادى هەر هاوڵاتیەکى ڕاستگۆ قێزلەمرڤ بوونى خۆى دەکاتەوە کەنەتەوەکەى خاوەنى بنەماڵەى وەک بارزانى و تاڵەبانى و هاوشێوەکانێتى بۆنموونە: ئەم یادەوەریانە لە” نەبوونى شۆڕشێکى نەتەوەیى مرۆڤایەتى حەقیقى ـ ئاشبەتاڵى ساڵى 1975ـ شەڕى نەگریسکى ناوخۆى براکوژى دواى ڕاپەرینى کۆمەڵانى خەڵک دژى زوڵم و تاوانى حیزبى بەعس ـ کارەساتى 31 ئاب ـ کارەساتى سزاى سیاسى و نانبڕین لەسەر ئینتماى سیاسى ـ کارەساتى 17ى شوبات ـ بڕیارى نایاسایى قەرەقۆشى پاشەکەوتکردنى مووچە ـ قومارکردنى کاک مەسعود و بەرپرسەکانى یەکێتى و پارتى و یەکگرتو و حیزبەکانى ترى کوردستان بەژیانى کۆمەڵانى خەڵک و پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى کوردستان ـ کارەساتى 16ى ئۆکتۆبەر ولەدەستدانى لەسەدا 51 خاکى کوردستان ـ کرداروڕەفتارە دڕندەو نامرۆڤایەتیەکانى ژەنەراڵە شەق وەشێنەکانى یەکێتى نیشتمانى و پارتى دیموکراتى کوردستان بەرامبەر بەکۆمەڵگاى سیڤیلى کوردستان و… هتد، یادەوەرى زۆر قێزەوەنن.
مرۆڤى ڕاستگوى کورد بەیادکردنەوە و ناوهێنانی ئەم هەموو یادەوەریە قێزەوەنانە شەرمەزار دەبێت لەکاتێکدا ڕۆشنبیرو ئەندامە کۆیلەکانى حیزبى بنەماڵەکان شانازى پێوەدەکەن.
توخودا کارەساتى 31 ئاب ـ کارەساتى سزاى سیاسى و نانبڕین لەسەر ئینتما ـ کارەساتى 16ى ئۆکتۆبەر شایەنى ئەوەن بەبێ شەرمانە شانازیان پێوەبکرێت، لەبرى مەحکومکردن و دوبارەنەکردنەوەیان بەڕوداویى مێژوویى نیشتمانى وێنای دەکەن؟ ئا ئەمەیە ترۆپکى مەهزەلەى عەقڵى کادیرى حیزبى کوردى فێرە درۆکراو.
بەداخەوە بیروباوەڕێکى باوى زۆر هەڵە لەناو کۆمەڵگاى کوردى باشور هەیە، گوایە بیرەوەرى کۆمەڵانى خەڵک زۆر زۆر کورتەو بەئاسانى ڕوداوەکان لەبیردەکەن لەکاتێکدا بیرەوەری مرۆڤى کورد وەک بیرەوەرى هەموو مرۆڤێکى ترلەناخ وعەقڵدا تۆماردەکرێن و لەبیر ناچنەوە، ئەم بیروباوەڕە هەڵەیە دروستکراوى عەقڵیەتى ڕابەرو سەرکردەى کوردایەتى وەک ” بارزانى و تاڵەبانى ” هاوشێوەکانیانن کە لە ڕاستیدا پاشکۆى ئاغاو دەرەبەگەکانى ڕابردوى کوردستانن نەک کۆمەڵانى خەڵک.
کێشەکەى ئێمە لەوەدایە کۆمەڵگاکەمان فیرەدرۆکراوە، بەڵێ درۆزن کراوە بەئارەزوخواستى ڕابەرو سەرکردەى حیزبى ئاغاو دەرەبەگ حەقیقەتى ڕوداوەکان دەشێوێنین نەک لەبیرمان دەچێتەوە، ڕەش دەکەین بەسپى و سپیش دەکەن بەڕەش لەکاتێکدا سوور دەزانین پێچەوانەکەى ڕاستە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندى خودى خۆمان ئیرادەو کەسایەتى و کەرامەت و هزرو عەقلى خۆمان دەفرۆشین بەڕابەر و سەرکردە نابەرپرسەکان، دواتر وەک تووتى قسەى ئەوان دەڵێینەوە.
ئەم حیزبە تەقلیدیە کوردیانەى کوردستانى باشور کەپاشماوەى عەقڵیەتى بنەماڵەو خێڵ و ئاغاو دەرەبەگن تەنیا بەشێواندن و ژێراوژورکردنى ڕاستى ڕووداو و پاکتاوى جەستەیى هاوڵاتیانەوە نەوەستاون، بەڵکو پەلیان کێشاوە بۆ تیرۆرکردنى فیکرى ـ سیاسى ـ ئابوورى ـ ڕۆشنبیرى ـ زانستى ـ کۆمەڵایەتى لەپیناو مانەوەى دەسەڵاتى خێڵ و بنەماڵە.
زۆر ڕاستە “جورج بەرنادشۆ ” نوسەرى بەناوبانگى ئینگلیزى ـ ئێرلەندى و توویەتى” ئەگەر بیرەوەرى نەبیت میژوو دوبارە دەبێتەوە ” بەڵام کێشەکەى ئێمەى کورد لەوەدایە بیرەوەریەکانمان لەیادەو لەبیریشى ناکەین، بەڵام لەبەر ئەوەى فیرەدرۆکراوین حەقیقەتى ڕووداوە مێژووییەکان دەشێوێنین بەخواستى ئاغاو دەرەبەگەکانى کوردستان بۆیە دووبارەى دەکەینەوە، کەسانى هیچ و پوچ و بودڵە دەکەینە سەرکردەو ڕابەرو پاڵەوان، بەپێچەوانەوە کەسایەتى مرۆڤ دۆستى نیشتمان و ژینگەپارێز تەخوین دەکەین، بۆیە ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بەیاسا و سیستم هەیە دواى پەروەردەکردنى هزر و عەقڵ، پەروەردەى حیزبایەتى نا، بەڵکو پەروەردەى مرۆڤایەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت