حەمە ئازاد بەرزنجی: ئەمانە کێن و کێ نین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق، کە تایبەتە بە هێزە چەکدارەکانی ئێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەناو کوردستان ئەم لایەنانە دەگرێتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، هێزی تایبەت و هەمو چەکدارو هێزێکی دی و هەندێ لەکارمەندانی تەندروستیش دەگرێتەوە. کە ئەمانە لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا بەهۆی ئەو کارانەی کە پێیان دەسپێردرێ بۆیان ناکرێ، لەو ڕۆژەدا دەنگبدەن . بۆیە دەنگدانەکەیان بۆ پێشخستون .
واتە ئەمانە لەرۆژی دەنگدانی گشتیدا، پارێزگاری لە خەڵک و پڕۆسەی دەنگدان دەکەن. لە پێناوی پڕۆسەیەکی سەرکەوتودا، دەمانپشکنن و ڕێکمان دەخەن و ڕێنماییماندەکەن.
بەڵام بەداخ و بە داخێکی زۆرەوە، کۆمەڵی خروقات و کۆمەڵێ دیادەی ناشرینی وا دەبینرێ کە لە دەزگا و تۆڕە میدیاییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، هەروەک کابرای کوردە دەڵێ ( ئەزێ تیا شەرمەزار ) دەبێ. دور لەوەی کە کە دەنگدەدەن بە چ لیستێ، بە چ کاندیدێ، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچەوانی هەڵبژاردنەکە و ڕێكخەران و چاودێرانی ئەو بنکانەوە کە ئەم خروقاتانەیان تیا ڕویداوە. نیشانەی نا ڕۆشنبیری تاک و ناجوان پەروەردەکردن و گالتە جاری و سوککردنی پڕۆسەکە و حسابنەکردنە بۆ خوڕەوشتی بەرزی کوردەواری و گوێ نەدانە بەهەستی چواردەورەکەی و ئەوانەی کەلەگەڵیدان.
لەوانە و لە هەندێ بنکە و لە هەمویاندا نا، چونە ژورەوەی بەکۆمەڵ بۆ ناو ژوری دەنگدان و پاڵنان و گەلەکۆمەکێیەکی وا کە ئەو فەرمانبەرەکەی لەسەر سندوقەکەیە نەک بواری وردبینیان بۆ نە هێشتۆتەوە، بەڵکو بواری بۆ هەناسەدانیش نەماوە! زۆر لەوە زیاتر بێجگە لەو پاڵنانو پاڵە پەستۆ و تڕەکەڵەکییەی لە بەردەگاکاندا هەبوە، لە پێناوی چونە ژورەوەی غەیرەنزامیدا، یەکێ دەیەوێ لە پەنجەرەی ئاودەستەکەوە، یەکێ بەسەردیواردا، یەکێ لەپەنجەرەی قاتی سەرەوە پشتێنی شۆڕکرۆتەوە، ێەکێ پشتی بۆ ئەوی ترداناوە، یەکێ بلۆکی داناوە بۆ ئەوەی بەسەر دیوارەکەدا هەڵزنێ، یەکێ بەسەر موبەڕیدەکەدا سەرکەوتوە و دەیەوی بەهەر ڕێگایەک بێت بچێتە ژورەوە و دەنگ بدات.
تۆ بڵێی ئەمانە کێ بن و کێ نەبن !
ئەمانە کێ نین: بێگومان ئەمانە ئەو پێشمەرگە قارەمانانە نین، کەلە کاتی جەنگدا ڵەرێزی پێشەوەن و سنگیان دەنێن بەگولەوە، لەپێناوی نیشتمانەکەیاندا. ئەمانە پێشمەرگە دێرینەکانیش نین، ئەمانە ئەو پۆلیسە بەشەرەفانەش نین کە بەشەو بەڕۆژ لە ئەرکدان و دەمان پارێزن. ئەو پۆلیسانەی هاتوچۆیانەش نین کە لە پێناوی پاراستنی ژیانماندا هاتوچۆی شەقامەکامان بۆ ڕێکدەخەن. ئەمانە ئەو ئاسیشە بەڕێزانەش نین کە ئێمە لەشیرین خەوداین و ئەوان لە دەوری ماڵەکانمان خول دەخۆن و دەمان پارێزن. ئەمانە ئەو دژە تیرۆرانەش نین کەلە دەستی تیرۆریستان پارێزگاریمان لێدەکەن. ئەمانە هەرهەمو ئەو ئەو هێزانە نین کە دڵسۆزن بۆ کارەکانیان و ئێمەیان خۆشدەوێ و ئێمەش لەناو دڵ و لەسەر بیلبیلەی چاومان هەڵمانگرتون.
ئەی ئەمانە کێن؟ ئەمانە: ئەوکەسانەن هەر بەپیسی لەدایکبون و بە ناڕەسەنی بەخێو و پەروەردەکراون. ئەمانە فاشیلەکانی مەکتەبن. بێ ئەوەی خۆیان هیلاک کردبێ دەیانەوێ بە شەهادەی تەزویر پلەکانیان بەرزکەنەوەو موچەی بەلاش وەرگرن. ئەمانە چەورەو چەقۆ وەشێنەکانی ناوبازاڕن دەیانەوێ هەر بەئیف هەموکات گیرفانیان پڕ بێت و جوانترین سەیارەیان لە ژێردا بێت. ئەمانە ئەوانەن کە شەق لە مامۆستا هەڵدەدەن . ئەمانە ئەوانەن کە هەتاو لێی نەداون هەر لە باخی مەسولەکاندا دەوامیان کردوە. یان مەسینەهەڵگرەکانیانن. ئەمانە ئەوانەن کە سۆزانیەکان بۆ خاوەنەکانیان پەیدا دەکەن. ئەمانە ئەوانەن کە بەبێ تەقە سەنگەرەکانی پێشەوەیان چۆڵکرد. ئەمانە ئەوانەن کە هەر کەسو هەرلایەنێک لە دەسەڵاتدا بێت ئامادەن، دوای کەون و بیپارێزن. ئەمانە ئەوانەن بێ ئارەق ڕشتن دەیانەێ خۆشترین گوزەرانیان هەبێ. ئەمانە ئەوانەن کەلە کاتی تەنگانە و جەنگدا ئامادەنین بچنە پێشەوە، کەچی لە ئێستادا ئامادە نین تەنها بۆ چەند سەعاتێ لە ڕیزێکدا بوەستن و خۆیان پێناگیرێ و دەیانەوێ یەکەم کەس دەنگ بدەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت