بورهان شێخ ڕەئوف: عەبادى باجى گەندەڵى دا.

ئەگەرچى دکتۆر حەیدەر عەبادى و لیستەکەى بۆ هەڵبژاردنى گشتى عێراق بە ناوى لیستى سەرکەوتن (النسر ) ناوەزەد کردبوو بە پشت بەستن بە ئەو سەرکەوتنانەى کە هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى و کوردو هەموو هێزەکانى ترى عێراق و بەکۆمەکى ئێران بەسەر دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام دا بە دەستى هێنا بوو لە هەمان کاتدا لێدوانەکانى بۆ لەناوبردنى هەوڵى جوداخوازەکان کە مەبەستى ڕیفراندۆمەکەى هەرێمى کوردستان بوو کە خۆى لە گێڕانەوەى کەرکوک و هەموو ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتى حکومەتى ناوەندى و خۆنمایشکردن و ەکو پاڵەوانى سەرکەوتووی دوو جەنگ تیرۆر و پاراستنى یەکپارچەیى خاکى عێراق .
بەڵام هەر دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان دەرکەوت ئەو دروشم و بانگەشانە فریاى عەبادى نەکەوتن هەرچەندە لەلایەن ئەمریکاو کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتیەوە پشتیوانى لێدەکرا، سەرەڕاى ئەوەى هەوڵى دابوو لیستەکەى سنوورى تائیفیەت و ئتنیک تێبپەڕێنێت بە بەشداریکردنى سونەو شیعەو کوردو تورکمان کەچى نەبوو بە هێزى یەکەم و لیستى سائرون ى نزیک لە مقتەدا سەدر و لیستى فەتح ى هادى عامرى کە هەموو باڵەکانى حەشدى شەعبى لە خۆ دەگرێ پێشى کەوتن.
بۆ پێش نەکەوت؟
دەکرێ بپرسین دکتۆر عەبادى ئەو ئەندازیارە کارەباییە کە لە زانکۆى مانچسترى بەریتانیا خوێندنى تەواو کردبوو یەکێک لە سەکردەکانى حزبى دەعوە بوو کە ساڵانێکى زۆر لە ڕیزى ئۆپۆزەسیۆنى عێراقدا بوو بۆ نەى توانى متمانەى دەنگدەرانى عێراق بەدەست بهێنێت بە پلەى یەکەم؟
1- هەرچەندە عەبادى لەسەرەتای دەست بەکاربوونى وەکو سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەڵێنى ئەوەى بە گەلانى عێراق دا کە بەهەموو تواناکانیەوە بە گژى گەندەڵیدا بچێتەوە ئەگەر سەریشى دانابێت، بەڵام لەڕووى پراکتیکەوە نەى توانى ئەو بەڵێنەى بە جێبهێنێت هەرچەندە زۆرکەس و لایەن ئەو گەواهیەى بۆ دەدەن کە ئەوساڵانەى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانیش بووە دەنگێکى دلێرو بەرز بووە بەرامبەر گەندەڵى بەڵام وادیارە پێکهاتەى حکومەتو لاوازى پێگەى لە نێو حزبى دەعوەدا ئەو بوارەیان بۆ نەڕەخسان بەربە تەوژمى توندى گەندەڵى و گەندەڵکاران بگرێت.
2- خاڵێکى ترى گرنگ و هەستیار کە ڕێگربوو لە پێشکەوتنى لیستەکەى عەبادى بوونى چەندین دەمووچاوو سەرى دیارى حزبى دەعوە کەلە ساڵانى ڕابردوودا هاوبەشى دەسەڵات وئیمتازات و گەندەڵیەکان بوون لە هەمانکاتدا لیستە ڕکابەرەکانى دەیان دەمووچاوو سەرى لاو نوێ یان لە خۆ گرتبوو.
3- خاڵێکى تر ئەو هاوپەیمانێتیە بوو کە کە سەرەتا لەگەڵ لیستى فەتح ى هادى عامرى کە سەرکردەکانى حەشدى شەعبى و ڕەوتى حکمەى عەمار حەکیمى لەخۆ دەگرت پێکهێناو دواتر هەرەسى هێنا لە ژێر کاردانەوەو ناڕەزایتیەکانى شەقامدا.

ئازایەتى
ئەو خاڵەى کەزیاتر جێگەى مشتومڕ و گێرمەو کێشەى ڕکابەرەکانى بوو نەبوونى ئازایەتى و خواستى بەهێز بۆ بە گژاچوونەوەى گەندەڵى و لە ڕەگو ڕیشە هەڵکەندنى سەرەڕاى بەڵێنەکانى نەیتوانى بیانخاتە بوارى جێبەجێ کردنەوە. هەرلە سەردەمى حوکمڕانى ئەودا یاساى لێبووردنى گشتى دەرچوو کە بوارى ڕەخساند کە زۆر لە ماڤیاکان و دەستەو تاقمە ساختەچى و گەندەڵەکان کەماڵى گشتیان تاڵان کردبوو لە سزاو لێپرسینەوە دەرباز بن و بگڕێنەوە بۆ ژیانى ئاسایى خۆیان هەمان ڕۆڵى پێشووتریان ببینن.
بەڵى عەبادى نەیتوانى بەر بەو تەوژمە ڕێکخراو و بەهێزەى گەندەڵى بگرێت سەرەڕاى پشتیوانى مەرجەعیەتى شیعە کە خۆى لە سید سیستانى دەبینێتەوە جگە لە پشتیوانى بە هێزى شەقامى عێراقى هەرچەندە لە چەندین بۆنەى جیاوزدا بەڵێنى ئەوەى دابوو کەچۆن بەسەر تیرۆرو تیرۆریستاندا سەرکەوتین ئاواش بەسەر گەندەڵى و گەندەڵکاراندا سەردەکەوین.
لەلایەکى ترەوە هەندێک لە چاودێرانى دۆخى عێراق لەو بڕوایەدان مانەوەى عەبادى لە ڕیزەکانى حزبى دەعوەدا هۆکارى سەرەکى بوون لەوەى کە نەتوانێت متمانەى خەڵکى عێراق بەدەست بهێنێت و لەڕیزى پێشەوە بێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies