چه‌ندین نهێنى لەسەر ڕووداویی 16 ئۆکتۆبەر.

له‌ ساڵی 2003 وه‌ تاكو هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه‌، كورد وه‌كو راستكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو پێگه‌ی خۆی له‌ كه‌ركوك قایم ده‌كرد، هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ش هه‌لێك بوو تاكو پێشمه‌رگه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ پارێزه‌ری راسته‌قینه‌ی كه‌ركوكه‌، به‌ڵام ئه‌و ئامانجه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی بیره‌ نه‌وتییه‌كانی رۆژئاوای كه‌ركوك له‌لایه‌ن هێزێكی كوردییه‌وه‌ خرایه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و كه‌ركوكی خسته‌ نێو گه‌مه‌یه‌كی جیهانی و ململانێی زلهێز و كۆمپانیا جیهانییه‌كانه‌وه‌ و دواجاریش كرایه‌ قوربانی ئه‌و گه‌مه‌یه‌.

به‌ر له‌ 25ی ئه‌یلول چی ده‌گوزه‌را؟
به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی 2017 به‌هۆی سیاسه‌تی نه‌وتی و به‌ناو ئابوری سه‌ربه‌خۆ و یاری كردن له‌ هاوپه‌یمانێتی و میحوه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌و دواتر بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌، كه‌ به‌ دانپیانانی فازڵ نه‌بی بریكاره‌ پارتییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ دوا دیداری له‌ ته‌له‌فزیۆنی واری سه‌ر به‌حیزبه‌كه‌ی، هۆكاره‌كه‌ی بۆ پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ رێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌ڕانده‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوه‌ندو هه‌رێم له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، بۆیه‌ یاریكردن به‌ كارتی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌نده‌ی فشارخستنه‌ سه‌ر به‌غدا بوو وه‌كو له‌ دانپیانانه‌كانی خۆیان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌نده‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و به‌دیهێنانی خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك نه‌بووه‌.

ریفراندۆم و مه‌ترسی سه‌ر ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان؛
چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ خاڵی ناكۆكی و نه‌گه‌یشتن بووه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كانی نێوان كوردو ناوه‌ند، له‌مپه‌ڕی به‌رده‌م ریفراندۆمه‌كه‌و كاردانه‌وه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كان بوو بۆیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 14 / 9 / 2017 ئه‌نجومه‌نی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، راسپارده‌یان ئه‌وه‌بوو كه‌ دۆخی كه‌ركوك بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم گونجاو نییه‌، به‌ڵام دواتر له‌ ژێر فشاره‌كان كۆتا بڕیاری یه‌كێتی به‌شداریكردن بوو به‌بێ دیاری كردنی كاته‌كه‌ی، به‌وه‌ش چانسێكی گه‌وره‌ی له‌ده‌ستدا بۆ پێشگرتن له‌ هه‌ر كاره‌ساتێك كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا بێت.

ئه‌مه‌ریكا و ئامۆژگارییه‌كانی؛
ئه‌مه‌ریكا وه‌كو پارێزه‌رێكی سه‌ره‌كی هه‌رێم له‌م جوگرافیا دژواره‌دا، به‌ ئاشكرا پێی باش نه‌بوو له‌و ته‌وقیته‌دا گۆمی ریفراندۆم بشڵه‌قێندرێت، واشنتۆن چه‌ندین ئه‌لته‌رناتیفی خسته‌ به‌رده‌م هه‌رێم كه‌ دواینیان به‌ڵێننامه‌ ده‌ستنووسه‌كه‌ی ریكس تیله‌رسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ بارزانی كه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نوسراوه‌ و دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌وته‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵك و میدیاكان بڵاویانكرده‌وه‌.
نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆن بۆ كورد ده‌رگاو ده‌روازه‌یه‌كی زۆر باش بووه‌، له‌ نامه‌كه‌ی تیله‌رسۆندا، به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌م قۆناغه‌دا دوابخرێت و نه‌كرێت به‌ڵێنی زۆر به‌كورد درا، له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌كانی بواری دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانی وڵات.
دووه‌م: جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140.
سێیه‌م: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه‌ وه‌ك پرسی پێشمه‌رگه‌ و مافه‌كانی له‌سه‌ر به‌غدا، فڕۆكه‌خانه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، نوێنه‌رایه‌تی دیبلۆماسی و ئه‌وانی دیكه‌.
ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی دووساڵیشدا ئه‌مانه‌ نه‌كران ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا تا سه‌ربه‌خۆیی پشتگیری له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ته‌نانه‌ت “برێت ماكگۆرك” نوێنه‌ری تره‌مپ بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ دوا سه‌ردانیدا به‌ر له‌ ریفرادۆم له‌ 13 / 9 / 2017 بۆ ماڵی “كۆسره‌ت ره‌سوڵ” جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانى كوردستان ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردبوو كه‌ ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد هه‌ر پێنج ده‌وڵه‌ته‌ زلهێز و ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌یی و خاوه‌ن ڤیتۆكه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌ ناهه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌یان مسۆگه‌ر كردووه‌ ئه‌گه‌ر كورد به‌ ئامۆژگاری ئه‌مه‌ریكا بكات ریفراندۆمه‌كه‌ دوابخات.

نهێنی سووربوونی “بارزانی”؛
له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژوییه‌شدا تائێستا نهێنی ئه‌وه‌ نه‌زانراوه‌ كه‌ بارزانی بۆچی به‌ڵێنی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو ئه‌مه‌ریكای پشتگوێخست و سووربوو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌وه‌ خۆی وته‌نی ئه‌وه‌نده‌ حسابی بۆ دۆست و دوژمنان نه‌كرد، به‌ڵام بێده‌نگی توركیا به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ هه‌ندێ ته‌موومژ ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌.

توركیا ژه‌هره‌كه‌ی ده‌رخواردی كورد دا؛
به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئه‌نقه‌ره‌ هاوبه‌شه‌ بازرگانییه‌كه‌ی پارتی و هاوپه‌یمانه‌ سیاسییه‌كه‌ی سه‌ری ره‌ش، هه‌ڵوێستی روونی نه‌بوو، ئه‌و ده‌یویست كورد پێكه‌ ژه‌هره‌كه‌ بخوات و ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌بێت، هه‌رواشی كردو دوای ریفراندۆمه‌كه‌ “ئه‌ردۆگان” هێرشی توندی كرده‌ سه‌ر بارزانی وتی “ئێمه‌ ئامۆژگاریمان كردووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ سه‌رۆك خێڵ دروست ناكرێت”، دواتر توركیا ئاستی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدای نه‌یاری به‌هێزتر كرد.

به‌ر له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر چی روویدا؟
پێشتر وه‌ستا ره‌سوڵ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردبوو كه‌ له‌ رێكه‌وتى 7 بۆ 15ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌موو شه‌وێك له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ بوونه‌، هه‌موو شه‌وێك ئه‌وان دوو شتیان پێده‌وتن، یه‌كه‌میان له‌ رێگای شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ زۆری قه‌باره‌ی هێزه‌كانی عێراقیان پیشان ده‌داین و به‌ ژماره‌ش ده‌یانوت كه‌ 1200 تۆپ و گرادیان هێناوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ شاری كه‌ركوك دایان ناوه‌، هه‌موو شه‌وێكیش پرسی سه‌روی خۆیان ده‌كرد، ئه‌یانووت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌ر خۆشمان بین له‌گه‌ڵتان شه‌ڕ ده‌كه‌ین و به‌جێتانناهێڵین، دواتر پێیانوتین له‌ سه‌روی خۆمان ده‌ڵێن به‌ عه‌بادیمان وتووه‌، وه‌ڵامی “عه‌بادی” ئه‌وه‌بوو “هێزی ئه‌مه‌ریكییه‌كانیشی پێی ناپارێزرێت بابڕۆن و به‌جێیبهێڵن، ئێمه‌ كه‌ی بێین دێین”، وتیشیان له‌سه‌روی خۆمانه‌وه‌ وتوویانه‌ كه‌ پێتانڕابگه‌یه‌نینن ئێمه‌ بین له‌ جیاتی ئێوه‌ هێزه‌كه‌مان له‌م شه‌ڕه‌ ناده‌ین و خۆمان بۆ شه‌ڕێكی دیكه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌م هێزه‌ی عێراق نابه‌رانبه‌ره‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كه‌ی ئێوه‌، زۆر گفتوگۆمان كرد له‌گه‌ڵیان تا جارێكیان پێیانم وت ئێوه‌ گڵۆپی سه‌وزتان بۆ عێراقیه‌كان هه‌ڵكردووه‌، له‌ وڵامدا وتی “زانیم ئه‌و پرسیاره‌م لێده‌كه‌یت، ئێمه‌ بۆ شه‌ڕی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش هاتووین، بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووین لایه‌نگری لایه‌كتان بین و شه‌ڕی لایه‌كتان بكه‌ین كه‌ ئێوه‌ هه‌ردووكتان هاوپه‌یمانمانن”.. ئه‌مه‌ وڵامیان بوو.. وتیان بێلایه‌ن ده‌بین و حه‌قمان نییه‌.
له‌ به‌ره‌كانیش به‌ تایبه‌تی میحوه‌ری چوار كه‌ زۆرترین فشاری له‌سه‌ر بوو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان زۆر كه‌م بوو، جیاوازی له‌ پڕچه‌ككردنی هێزه‌كان به‌ زه‌قی ده‌كرا، پێشمه‌رگه‌ ماندووی شه‌ڕێكی سێ ساڵی داعش بوو.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چوون كه‌ كاردانه‌وه‌ی ریفراندۆم له‌لایه‌ن به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ توندده‌بێت و شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدا ده‌بێت، دوا به‌ دوای ئه‌وه‌ش هه‌روا ده‌رچوو.

هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان؛
نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ ئاشكرا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پشتگیری وڵاتانی به‌شداربووی بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ده‌ربڕی.

ئێران و توركیا؛
هه‌ڵوێستی ئه‌و دوو وڵاته‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی هاوكاری مه‌یدانی و لۆجستی هێزه‌ عێراقییه‌كان بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هێڵی پێش 9 / 4 / 2003.

“بارزانی” بۆچی بڕیاری جه‌نگی ده‌رنه‌كرد؟!
وه‌كو عورفێكی سه‌ربازی و سیاسی ده‌بێت بڕیاری جه‌نگ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ ره‌سمی ده‌ربكرێت، به‌ڵام “بارزانى” دووره‌په‌رێزی گرت له‌ ده‌ركردنی بڕیار یان مه‌رسومی هه‌رێمایه‌تی جه‌نگ و به‌رگری و به‌ ئێستاشه‌وه‌ بڕیاری به‌رگریكردنی ده‌رنه‌كرد، ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بوو، چونكه‌ هه‌ر جۆره‌ به‌رگرییه‌كی ده‌خسته‌ خانه‌ی تیرۆره‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ئیحتواكردنی دۆخه‌كه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی پێكدادان بوو.

13 و 14ی ئۆكتۆبه‌ر چی روویدا؟
له‌ 13ی ئۆكتۆبه‌ر له‌به‌ر ترسناكی دۆخه‌كه‌ و درك كردن به‌ پیلانه‌كان هه‌ریه‌ك له‌ “رزگار عه‌لی” و “ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا” و “دلێری سه‌ید مه‌جید” و “ئاسۆ مامه‌ند” و “بافڵ تاڵه‌بانی” سه‌ردانی “كۆسره‌ت ره‌سوڵ” جێگری سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌ی خۆیان كرد و گه‌وره‌یی مه‌ترسییه‌كانیان بۆ خسته‌ڕوو، له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی 14ی ئۆكتۆبه‌ردا بیرۆكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوكان و نه‌خشه‌ڕێگای ده‌رچوون له‌ قه‌یرانه‌كه‌ گه‌ڵاڵه‌ بوو.

15ی ئۆكتۆبه‌ر.. كۆبوونه‌وه‌ی دوكان؛
له‌ 15ی ئۆكتۆبه‌ر شاندی باڵای یه‌كێتیی و پارتی به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ شارۆچكه‌ی دوكان به‌ڕێوه‌چوو، شانده‌كه‌ی یه‌كێتیی پێكهاتبوو له‌: “كۆسره‌ت ره‌سوڵ”، “هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د”، “مه‌لا به‌ختیار”، “قادر حه‌مه‌جان”، “عومه‌ر فه‌تاح”، “رزگار عه‌لی”، “ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا”، “بافل تاڵه‌بانی”، شاندی پارتییش پێكهاتبوو له‌: “مه‌سعود بارزانی”، “نێچیرڤان بارزانی”، “فوئاد حسێن”، “مه‌حمود محه‌مه‌د”، “فازڵ میرانی”، “رۆژ نوری شاوه‌یس” و “مه‌سرور بارزانی”، ئه‌وه‌ی مایه‌ی گه‌شبینی بوو هه‌ر دوو قوتبه‌ بڕیارده‌ره‌كه‌ی پارتی “نێچیرڤان و مه‌سرور” كه‌ “مه‌سعود بارزانی” بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان به‌ ئامادیی هه‌ردولایان ده‌دات، له‌ دوكان ئامادبوون، ئه‌وه‌ش به‌ واتای ئه‌وه‌ دێت پارتی ده‌یه‌وێت پرسه‌كه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌.
نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ كه‌ 38 ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی واژۆیان له‌سه‌ر كردبوو، خرایه‌ به‌رده‌ست شاندی پارتی سه‌ره‌تا تێبینیان له‌سه‌ری هه‌بوو، به‌ڵام یه‌كێتیی رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها پرۆپۆزه‌ڵه‌و خاڵه‌كان قابیلی گۆڕانكارین، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا “مه‌سعود بارزانی” و “نێچیرڤان” دێنه‌ ژێر باری نه‌خشه‌ڕێگاكه‌وه‌ به‌ڵام “مه‌سرور بارزانی” به‌ توندی دژی ده‌وه‌ستێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆتاییدا گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنێك، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی راسته‌خۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ باس بكه‌ن و به‌په‌له‌ وه‌فد بنێرنه‌ به‌غدا، ته‌نها به‌لاغێك ده‌ركرا و كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى به‌سترا و له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، به‌وه‌ش دوا ده‌رفه‌تیان خسته‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ده‌ستدانی ناوچه‌دابڕاوه‌كان، چونكه‌ وا حاڵی كرابوون كه‌ شه‌ڕ روونادات و هێزه‌كانی عێراقیش هێرش ناكه‌ن.

حزوری روحی “تاڵه‌بانی”؛
بۆ شه‌وه‌كه‌ی كاتژمێر 11ی شه‌و له‌ به‌غداوه‌ دوا ته‌له‌فۆن بۆ “بافل تاڵه‌بانی” كرا و پێیان راگه‌یاند كه‌ كاتژمێر 3ی به‌ره‌به‌یان پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن، هه‌ڵبژاردنی “بافڵ”یش وه‌كو رێزێك بوو بۆ “تاڵه‌بانی” باوك كه‌ پێگه‌ و رێزێكی تایبه‌تی لای سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان هه‌بوو.

دواجار كاره‌ساته‌كه‌ قه‌وما؛
دوای شكستی هه‌موو هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان بۆ پێشگرتن له‌ رووداوه‌كان، به‌ره‌به‌یانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان پێشڕه‌ویان كردوو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا میحوه‌ری چوار زیاتر له‌ 5 كاتژمێر به‌رگری كرد و نزیكه‌ی 35 پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ی شه‌هید بوو، شه‌ڕیش به‌رده‌وام بوو تا جووڵه‌ گوماناوییه‌كانی میحوه‌ری پێنج ئاشكرا بوو.

له‌ میحوه‌ری پێنج چی ده‌گوزه‌را؟
چۆڵكردنی میحوه‌ری پێنج كه‌ “كه‌مال كه‌ركوكی” ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد به‌ بێ ته‌قه‌، گومانه‌كانی یه‌كێتیی زیاتركرد به‌وه‌ی مه‌به‌ست ته‌فروتوناكردنی هێزه‌كانیه‌تی، بۆیه‌ دوابه‌دوای ئه‌وه‌ هێزه‌كانی له‌به‌رده‌م ئاگری چڕی چه‌كی هێزه‌ عێراقییه‌كان كشانده‌وه‌ و به‌ری له‌ كاولبوونی شاره‌كه‌ش گرت.

بێ لایه‌نی سلبی؛
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاته‌ رۆژئاواییه‌كان به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی جه‌نگی دژ به‌ داعش له‌و قه‌یرانه‌دا وایان نیشانده‌دا كه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیر ده‌بینن، به‌ڵام له‌ راستیدا وه‌كو سزایه‌ك بۆ هه‌رێم، وه‌كو بێ لایه‌نێكی سلبی مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد و داوایان ده‌كرد كورد به‌ر له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌ عێراقییه‌كان نه‌گرێت.

فڕۆكه‌كانی خزمان هه‌ر نه‌گه‌یشتن؛
له‌سه‌روبه‌ندی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و رۆژه‌دا سۆشیال میدیای پارتی به‌ چڕی باسی له‌ بوونی پۆلێكی فڕۆكه‌ی ئیسرائیلی ده‌كرد كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌ پێیان ده‌وتن فڕۆكه‌كانی خزمان، گوایه‌ له‌ شوێنێكی هه‌رێمدا له‌ ئاماده‌ باشیدایه‌، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت فرۆِكه‌ی خزمان ده‌رنه‌كه‌وتن.

سازشه‌كانی پارتی غروری “عه‌بادی”یان تێر نه‌كرد؛
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی كاتێك كوردی به‌ ته‌نیا له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بینییه‌وه‌، له‌سه‌ر زاری هه‌ردوو “بارزانی” به‌رپرسه‌ باڵاكانی دیكه‌ رایگه‌یاند كه‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دیاریكردنی سنوور نییه‌ و ئاڵای عێراقیش هه‌میشه‌ له‌ پشتی “نێچیرڤان” ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و سازشانه‌ جگه‌ له‌ نیگه‌رانكردنی ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، غروری “عه‌بادی” داش سواری نه‌شكاند.
هه‌میشه‌ بۆ جێ په‌نجه‌ی ئینگلیز بگه‌ڕێ؛
هه‌ڵوێستی به‌ریتانیا به‌ ته‌واوی لایه‌نگری عێراق بوو، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌شیان هه‌بوو له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك.

به‌ریتانیا بۆ له‌ پشتی “عه‌بادی” بوو؟
له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوولی 2013 وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆم BP ى به‌ریتانی سه‌باره‌ت به‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ئه‌نجامدا، به‌ڵام كه‌وتنی ئه‌و كێڵگانه‌ بۆ ژێر ده‌ستی پارتی پڕۆژه‌كه‌ی راگرت، له‌وه‌ش زیاتر هه‌رێم رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای روسنه‌فت ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش به‌ریتانییه‌كانی تووڕه‌ كرد، له‌ قه‌ده‌ری كورد یان راستتر له‌ كورتبینیه‌كه‌یدا، رێژه‌ی 12.5 %ی BP موڵكی ئێرانه‌، ئه‌وه‌ش تاران و له‌نده‌نی خسته‌ یه‌ك سه‌نگه‌ره‌وه‌ دژ به‌ كورد و له‌سه‌ر پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك رێكبكه‌ون، به‌وه‌ش كورد جگه‌ له‌ نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی، ژماره‌یه‌كی زۆر ئیمتیازی له‌ده‌ستچوو.

ئایا ماوه‌ی سزاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد ته‌واو بوو؟
ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ نیگه‌ران بوو له‌ سه‌ركێشیه‌كانی “بارزانی” و گوێنه‌گرتن له‌ ئامۆژگارییه‌كانی، بۆیه‌ هه‌ڵوێستی بێلایه‌نی سلبی هه‌ڵبژارد، پێده‌چێت له‌ ئێستادا ماوه‌ی سزاكه‌ی بۆ كورد به‌ره‌و ته‌واو بوون بچێت و له‌ هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ كه‌ركوك بۆ پێكهێنانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش.

ئێران نیگه‌رانه‌ له‌ هه‌ژموونی توركیا له‌ كه‌ركوك؛
ئێران وه‌كو یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، پێده‌چێت نه‌یتوانیبێت وه‌لائی توركمانه‌ شیعه‌كانی كه‌ركوك به‌ده‌سبهێنێت، بۆیه‌ ئێستا نیگه‌رانه‌ له‌ فراوانبوونی هه‌ژموونی تورك له‌ كه‌ركوك كه‌ جگه‌ له‌ وه‌لائی توركمانی سووننه‌كه‌، سوودی ته‌واو له‌ توركمانه‌ شیعه‌كانیش ده‌بینێت، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و حزبه‌ عێراقییه‌كانیشه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن، به‌ڵام بۆ ئێران ده‌ركه‌وتووه‌ گه‌مه‌كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندی توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

تاران هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باڵانس ده‌دات؛
به‌هۆی ئه‌و نیگه‌رانییانه‌یه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستكردنی كه‌ركوك له‌سه‌ر سینییه‌كی زێڕین به‌ ئه‌نقه‌ره‌، له‌ ئێستادا تاران بیر له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی “سنوورداری” پێشمه‌رگه‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، له‌و پێناوه‌شدا هه‌مان كاره‌كته‌ره‌كانی له‌شكركێشییه‌كه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك “قاسم سلێمانی” و به‌پێی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی مه‌كتوبیش بێت “عه‌لی ئیقبال پوور” شی راسپاردووه‌ له‌و كه‌یسه‌دا به‌ بێ ژاوه‌ژاو كار بكه‌ن.

س؛ رۆژنامه‌ی هه‌واڵ