نەبەز جەلال: سەر و قاچتان بکەن بەیەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دۆخی سیاسی و گڕو گەرمی باس و خواستەکانی خەڵک بۆ پرۆسەی سیاسی و هەنگاو هەڵگرتنی چارەسەرو دەست بەکاربوون بە شێوازێکی نوێ لە تێکۆشان و درێژەدان بە بەردەوامی، بووبوونە هۆکاری غەمخۆری و نزیکبوونەوەی زیاتری یەکتر بینین و گەیشتنی پێکەوەیی هاوڕێیانەمان لە شوێنە جیاوازەکان، هۆڵی کۆبونەوە و کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان و دانیشتنە تایبەتەکانی خۆمانمان، کردبوە باسی سەر و تیژی و تێڕوانینی وورد بۆ گفتووگۆی ئەم خواستە.
ڕێککەوتی دانیشتێنکی کوتوپڕمان بە هۆکاری میوانداری کەسێکی بەئەزموونی سیاسی و خاوەن تەمەن لە تێکۆشان بۆ ڕەخساو ئەویش بەدەم شیکاری و بۆچوونە سیاسیەکانی ئێمەوە جار جارە بزەو سەرنجدانی وردو تیلی توڕەیی برۆو ڕەنگ بزڕکاوی تێ دەئاڵاو هێمن تر گوێبیستمان دەبوو.
درێژەی باس و برینە پڕ ئازارەکەی خەڵک وئێمە هۆکاری بەزاندنی بێدەنگی و دوورە پەرێزی میوانەکەمان بوو لە گفتو گۆ کە بە کاوەخۆ کەوتە دووان و وتی کوڕینا گەرچی من دەمێک ساڵە ئەزموونی سیاسی و تەمەن ڕێگەی ڕێگایەکی تریان پێگرتووم، بەڵام بە بەسەرهاتێکی ژیانم لەگەڵتان بەژدار دەبم و هیوادارم جێگەیەکتان بۆ بگرێ.
سەرەتای ساڵی پەنجاکان بوو بوومە کادرێکی حیزبی شیوعی و بە خوێندن و خوێندنەوەی شوعییەتەوە خەریک بووم بۆ پیرۆزی بڕواکەم گەشتی ڕوسیا و حیزبی شیوعی روسیاشم کردبوو لە نێو کادر و هاوڕێیانی شویعیدا زۆر دەنگی دابۆوە، بەڵێ چوومە دەرەوەو بوەمە پێشمەرگە و کادری حیزب لە دەشتی شارەزوور، پێشوازیەکی گەرم و گوڕی زۆر تایبەت و بەنرخم لێکراو هاوڕێیان حیزب زۆر بە گرنگییەوە لە منیان دەڕوانی و بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و گۆڕینەوەی فیکر و زانستی شیوعیەت بووین لە بارەگای حیزب و کاتەکانی تری کە بۆ پشوومان دەمایەوە.
بەڵێ کار گەیشتە سەر کارکردنی ڕاستەقینەو بەکار هێنانی جەستە وەک پراکتیک ئەوەی دەبوو بیکەین بێ جیاوازی هاوکاری کردن و ئیدارەدانی پێویستیەکانی ناو بارەگابوو لە پاکردنەوە و خواردن دروستکردن و دار کۆکردنەوە و داربڕین و شمەکەکانی تری کە ڕۆژانە پێویستمان بوو لە چرا و فتیلەو شت شتن.
بەکورتی: لەگەڵ مام ( ” حەسەن “. ناوێکی خوازراوە )، خەریکی دار وردکردن بووین، تەورەکەم گرت بەدەستەوە و کەوتمە وەشانی. هەرچییەکم دەکرد دەمی تەورەکە وەک خۆی بەڕاستی بەر دارەکە نەدەکەوت و لار دەبۆوە و تەپەی لەدارەکە هەڵدەستان و چەند تەڵاش و پڕوشێکی لێ دەکردەوە تا فێری ئەوە بووم هەموو لەپی دەستم بو بووە تلۆق و مام حەسەنیش جار جارە بەدزییەوە بەدەمیدا دەهات و بیری دەچۆوە کە من کێم و چییم، دەیووت دەک کوێرایت دایە . مێشکە سەر، ئا ئەمەیە گێژ، ئەمە چۆن بوە بەکادر و… هتد. منیش خۆم لە گێلی دەداو بە بێدەنگی دەمامەوە تا کەف و کوڵی دڵی دادەمرکاو دەگەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی، ئەوسا ئەکەوتەوە پیا هەڵدانم و هاوڕێ هاوڕێ.
مام حەسەن پیاوێکی دڵسۆز و پڕ ئەزموونی سروشتی ژیان بوو، شەوێک دانیشتبووین برسیم بوو دەمێک بوو گۆشت و خواردنی خۆشمان نەخواردبوو لەخۆمەوە وتم مام حەسەن چیدەبوو ئێستا چێشت و گۆشتێکی گەرممان بخواردایە و بە برسێتی نەخەوتینایە، مام حەسەن بە بێدەنگی سەیرێکی کردم و سەری بە هێواشی بەملاو لادا باداو وەک بڵێ دەستی شکاوم جا چیبکەم ئێستا.
بەیانی هەستاین لە خەوو نانی بەیانیمان خواردو بەدەم بەڕێکردنی کارەکانمانەوە گەیشتینە ئێوارەو مام حەسەن هاتە لام و ووتی هاوڕێ تاقەتت هەیە بچینە دەرەوە و تۆزێک بجوڵێین لەم دەورو بەرە، بەڕاستی زۆرم پێخۆش بوو نزیکەی چل شەوێک بوو لەوێ بووم هیچ شوێنێکی ئەو ناوچەیە شارەزا نەبووم بۆیە بۆمن گرنگ بووم تەنانەت بەرە بەرە بچمە ناوخەڵکەکەوەو بزانم لەو ناوچەیە چی دەگوزەرێت و شتی نوێتر فێرببم، هەر بۆیە بێ سێ و دوو ووتم زۆر باشە چۆنت پێ باشە وادەکەین.
بەتاریکی بەڕێکەوتین، ئەو یازدە تیرێکی پێبوو منیش دەمانچەیەکی تۆبلی لوولە درێژە، بە دەشتاییەکەدا تێپەڕین و تەواو تاریکی کردبوو لە سەرو لێژییەک لە پاڵ بەردێکدا ووتی هاوڕێ تۆ لێرە دانیشە من ئێستا دێمەوە منیش ووتم لەوانەیە بچێت دەست بە ئاو بگەیەنێ بۆیە بە بێدەنگی مامەوە و لە ئەستێرەکانم دەڕوانی، هێندەی پێنەچوو بە مەڕێکەوە هاتە لام و ووتی بێدەنگ ملی ئەم مەڕە بگرە، منیش ویستم بڵێم ئەمە چییەو لە کوێت بوو، یەکسەر ووتی بێ قەزابی بۆ واقت وڕ ماوە ملی بخەرە ناوقۆڵتەوەو بیگرە دەستی برد بۆ پەنجە گەورەی دەستم و خواری کردەوەو ووتی بیخەرە دەمییەوە با نە باعێنێ و دانیشە منیش ئاخر چۆن ئەبێ و ناگیرێ بەهێواشی ووتی تۆ وابکە مەڕ فەقیرە هیچ ناکا ئێستا دێمەوە منیش ناڕاستەوخۆ کەوتمە ژێر دۆخ و فەرمانی مام حەسەنەوەو لەگەڵ مەڕەکە بەگیر هاتم، وەڵا کەمێکی تری پێچوو مەڕێکی تری هێناو و بە هەمان دەستوری پێشوو ملی مەڕەی پێگرتم و پەنجە گەورەمی وەک مەمکە مژە خستە دەمی مەڕەکەی ترەوە و مام حەسەن ڕۆیشت، وەڵا ئەم سەفەرەیان دەنگ بەرز بۆوە و سەگ دەستی کرد بەوەڕین و هاتو هاوارێک و فیشەکێک تەقی منیش هەر ئەوەندەم پێ کرا مەڕەکان بەردەم و بەپێچەوانەی مام حەسەنەوە ڕابکەم و خۆم دوور بخەمەوە لە و دۆخە و دزییە خۆم قورتار بکەم.
درێژەی نەدەمی دوایی دوو ڕۆژ گەیشتمەوە بارەگاو مام حەسەن لەدوورەوە هات بەرەو پیرم ووتی هاوڕێ گیان سەلامەتی هیچت لێ بەسەر نەهاتوە منیش دووکەڵ لە لووتم دەهاتە دەرەوە لەداخاو و زۆر توڕەبووم، ووتم زۆر بەهیلاک چووم تا گەیشتمەوە، دوو رۆژە ئەم دەێ و دێدەکەم تا گومان نەخەنە سەرم ، ناهێڵم ئەمەت بەسەرەوە بچێ، باشە تۆ بۆ واتکرد پێم ناڵێی ئەبێت ئێستا واو وابکەم مام حەسەن زۆر بەهێمنی ووتی قوربان گرنگ ئەوەیە خۆت بە سەلامەتی گەڕایتەوە، کەس بەمەی نەزانیوە، خۆ بە تەما نیت حەیای خۆت بەری بێ قەزابی لەدوای چووان مەچۆ.
منیش ووتم باشە ئەی ئەوەچیت کرد ووتی چووم تفەنگی شوانەکە بێنم، زۆڵ بوو بەستبووی بەقاچییەوە کە ڕامکێشا خەبەری بۆوە، ووتم ئەی باشە چۆن ئەو سەگانە پێت نەوەڕین ، ووتی ئەی برا ڕۆ لە لالە باشە ئەمەش نازانی کە بە پێچەوانەی باوە بڕۆی بۆنەکەت دەڕوات بۆ درەوەو سەگەکە بە بۆنەکەت نازانێ،
ئێ باشە تۆ ئەو مەڕانەت بۆ چی بوو، بۆ واتکرد، کەچی وتی ئەی هاوڕێ تۆ نەتووت ئاخ بۆچێشت و گۆشتێک بیخۆین و بە برسێتی نەخەوین، منیش وتم ماڵی ئاغایە و ئێمەش بێ گۆشتین.
ئیتر لەو ڕۆژەوە نەمن وەک هاوڕێکەی ئەو مامەوە و نە ئەویش مام حەسەنەکەی جاران، هەرشتێکیش دەبوو دەیگووت وەک مەسەلەی مەڕەکەی خۆمان. منی دەخستەوە قاوغەکەی خۆم و هەتا گواستیانمەوە لەو سنورە شەوێک بە ئارامیی نەخەوتم . هاهاها
جا کوڕینا بیرتان نەچێت، ئەو شتەی ئێوە کە بەسەر دەیکەن، زۆر گرنگە دەست و قاچتان بتوانێت لەگەڵی بڕوات.
بۆیە زۆر باش بیر لەوە بکەنەوە دەنا هەر بیرکردنەوە و خەیاڵ ووتن بێ، هیچ هەنگاوێکی دروستان بۆ نزیک ناکاتەوە.
تێبینی: ناوەرۆکی ئەم چیرۆکە وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت