سامان غەفور ھەورامی: تۆقینە نۆرە و ھۆکارەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێرەدا پرسیارێک دەخەینەڕوو چ شتێک وادەکات تۆقینە نۆرە بەردەوامی ھەبێت و بەشێوەیەک لەشێوەکان تەندروستی مرۆڤ و ئارامیەکانی ژیانی توشبوو تێک بدات.
یەکێک لەو ھۆکارانەی کە وادەکەن تۆقینە نۆرە بەردەوامی ھەبێت، پەیوەستە بە بیرکردنەوە و نائاگایی مرۆڤەوە، یان پەیوەستە بە ڕاڤەی ھەڵە بۆ کردارەکانی جەستەی خۆی و ئەم ڕاڤەیەش وایلێ دەکات ببێتە دیلی تۆقینە نۆرە و ئارامی ژیانی بەشێوەیەک لەشێوەکان تێک بدات و ئەو تۆقینە نۆرەیە دەبێتە بەشێک لەژیانی و لەکۆڵی نابێتەوە.
لێرەدا چەند نمونەیەک دەھێنینەوە بۆ بەرچاو ڕوونی بابەتەکە:
یەکەم/ ڕاڤەی ھەڵە بۆ بەرچەکردارەکانی جەستە.
ھەر ئازارێکی کتوپڕ لە بەشێکی سنگی و ملی و شانیدا دروست ببێت، بێ دودڵی ڕاڤەی ئەوەی بۆ دەکات کە جەڵتەی دڵە بەڵام لەڕاستیدا ئەوە کرژبوونی ماسولکەکانە و پێویستە ڕوبەڕووی ببیتەوە و نەیکەیتە کێشەی گەورە.
گەر ھەستت بە ھەناسەسواری کرد و چاوەڕێی مردن بووی، لەڕاستیدا ئەوە جەستەت بە تەواوی ھێزیەوە دەیەوێت ئۆکسجین پەیدا بکات بۆ چالاکیەکانی خۆی، بۆیە خێرا خێرا ھەناسە دەدەیت.
ڕاڤەی ھەر ئازارێکی سەر بەوە دەکات کە توشی تەقینی دەمارەکانی سەری بووە و مێشکی توشی خوێن بەربوون بووە بەڵام لەڕاستیدا فراوانبوونی ڕەشێنەی چاوە تا ڕونتر ببینێت.
دووەم/ باوەڕ بە بیرۆکەکانی خۆی دەکات
ئەوبیرۆکانەی کە باوەڕی پێیەتی لەسەر تەندروستی خۆی ھیچ مەجالێک ناھێڵێتەوە بۆ گفتوگۆکردن چونکە وا ھەست دەکات لە خراپترین حاڵدایە و باری دەرونی ناجێگیرە و جێگەی قسە لەسەرکردن نیە، ڕەفتارەکانی بەدەوری بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە.
سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر بیرۆکەکانی بەڵام لەڕاستیدا ئەوە تەنھا خەون و خەیاڵە.
سێیەم/ ھەستەکان
ھەستەکان جیاوازن لەبیرۆکەکان، چونکە لەوانەنیە گفتوگۆی بکات یان ھەمواری بکاتەوە یان ڕاستی بکاتەوە. لێرەدا دوو شتی زۆر گرنگ دەخەمەڕوو:
1/ دەبێت ڕاھێنان بکات بۆ جیاکردنەوەی بیرۆکەکان لە ھەستەکانی، تۆ نازانی کە گفتوگۆ ناکەی لەسەر بیرۆکەکانت، چونکە بیر لە ھەستەکانت دەکەیەوە، زۆربەی کات دەتوانرێت گۆڕانکاری لە ھەستەکاندا بکرێت، بۆ ڕونکردنەوەی زێتر نمونەیەک دەھێنینەوە: ھەست بەتەنھایی دەکەم، تەنھایی ھەست نیە بەڵکو بیرۆکەیە و دەشتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، کاتێک بەژیانیدا دەچیتەوە دەبینی تێکەڵاوی خەڵک بووە
2/ ھەستەکان زۆر بەگەورەیی دەست دەکەون لەبەرئەوە ھۆکارن بۆ تێک شکانی دەروونی مرۆڤ و لای خۆی دەیانھێڵێتەوە و دەریاننابڕێت، چونکە ھەستەکانی جێگەی نیگەرانین، بە گونجاوی نازانێت قسەی لەسەر بکات، ئەوەش دەبنە ھۆکاری تۆقینە نۆرە.
تۆ بیربکەوە ڕووداوێک بیرۆکەیەک بەرھەم دەھێنێت و بیرۆکەش ھەستێک بەرھەم دەھێنێت و ھەستەکانیش جۆرێک لەڕەفتار بەرھەم دەھێنێت، ھەمووشیان دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ڕاست بکرێتەوە. لەڕێگای گفتوگۆوە دەتوانرێت بیرۆکەکانت دروست بکەی تا ببێتە ھۆی دروستی ھەستەکانت ئەوەش دەبێتە ھۆی چاککردنی ڕەفتارەکانت.

چۆن تۆقینەنۆرە چارەسەربکرێت
پێشتر قسەمان لەسەر ئەوەکرد بازنەیەکی داخراومان ھەیە کەوادەکات تۆقینەنۆرە بەردەوام بێت، ئەوەشتان بیردەخەمەوە کەپێویستە چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ بیرۆکەکانمان لەبەرئەوەی سەرەتای داخستنی بازنە داخراوەکەیە، چارەسەری ئەم نۆرەیەش دابەش دەبێت بەسەر دوو تەوەردا، پێش نۆرە و لەکاتی نۆرەدا.
یەکەم/ پێش تۆقینەنۆرە
پێویستت بەکاتێکە کە دوورت بخاتەوە لە تۆقینە نۆرە بۆئەوەش پێویستت بەم ڕێگایانەیە:
1/ بەردەوام بوون لەسەر یەک ڕاھێنان ئەویش ڕاھێنانی خاوبوونەوە (ئارامبوون)ەوەیە، بەلایەنی کەمەوە لە شوێنێکی ئارام و دانیشتنێکی ئارامدا تا ھەموو ماسولکەکانی جەستە لەسەرەوە بۆ سک و سنگ و پێکانت ئارام بێتەوە، لەوانەیە لەسەرەتاوە ئەستەم بێت بەڵام دواتر ڕادێی پێی، پێویستە بۆماوەی ١٠ دەقە ئەو خاوبوونەوەیە بەجەستە بکرێت.
2/ ڕاھێنانی ڕۆژانەی ھەناسە، ھەناسەی دروست ئەوەیە ماوەی ھەناسەھەڵمژین و ھەناسەدانەوە ڕێک بێت، وەنابێت زۆر خێرابێت، ئەم ڕێکی و دروستیە وادەکات کە ڕێگر بێت لە تۆقینەنۆرە، ئەم شێوازەی ھەناسەدانە زۆر ئاسانە ھەوا لەڕێگەی لوتەوە ھەڵمژە و کەمێک ڕایگرە و دواتر لەڕێگەی دەمەوە بیدەرەوە، ئەم کارە بۆماوەی 10 دەقە ڕۆژانە ئەنجام بدە
3/ گرنگی زیاتر بەتەندروستی خۆت بدە و خواردنی چەور مەخۆ و میوە و سەوزەکان زیاتر بخۆ و دوورکەوەرەوە لە خواردەمەنیە کھولیەکان و چا و قاوە بەھۆی بوونی مادەی کافاینەوە.
4/ دوورکەوتنەوە لەو شتانەی کە توشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیت دەکەن، وەکو سەیرکردنی ھەواڵە ناخۆشەکان و سەیرکردنی فلمە ترسناکەکان و زۆر شتی تر کە دڵتەنگیت زیاد بکەن.
5/ خۆڕاھێنان لەسەر ئەوەی کە ھەستەکانت بۆ کەسێک دەرببڕی کە خۆشت دەوێت، بەشێوەیەکی گشتی باس لەسەر ھەستەکانت بکە نەک ئەو ھەستانەی کەلێیان دەترسی، یان ئەو ھەستەی کە تۆقینە نۆرەکەت زێتر دەکات.
6/ ئەو ڕاڤە و لێکدانەوانە ڕابگرە کە خۆت لەسەری ڕاھێناوە، بیرت کردەوە خەریکە دەمریت بەڵام نەمردیت، واتھەست کرد خەریکە ھۆشت لەدەست دەدەیت بەڵام نەبوو، شتت ھێنایە بەرچاوی خۆت بەلام ھیچ شتێکی واقعی نەبوو، ھەستت کردبێ کە تەنیایت ئەوەشمان ڕوونکردەوە کە بەدەست خۆتە کەتەنیا بیت، واتە شتێکی ئیختیاریە.
7/ بیربکەوە زۆربەی ترسەکانت و زۆربەی بیرکردنەوەکانت لەسەر مردن ڕوویان نەدا، لەبەرئەوە نیگەران مەبە و ترسەکانت بەڕێژەی ٪‏97 زیاد دەبێت.
8/ بەرەنگاری ڕەتکردنەوەکانی ئەوانی تر یان گرنگی پیدانەکان ببەرەوە چونکە ئەوە بەشێکە لە چارەسەر.
9/ ڕۆژانە ڕاھێنان ئەنجام بدە تا ھێرشی تۆقینە نۆرە بۆت نەیەت و نیگەران نەبیت پێوەی.
10/ ھەستکردن بەتاوان پاساوی نیە بەڵکو شتێکە ناوەوەی خۆت بڕیاری لەسەرداوە، لەڕابردودا بەشێوەیەکی تەندروست و نابەرپرسانە مامەڵەت لەگەڵ دەروونی خۆت نەکردووە. زۆربەی بیرکردنەوەکانت ھۆکاربوون بۆئەوەی کەڕوویداوە، ھەستکردن بەتاوان بگۆڕە بۆ وشیاری و بەرپرسیارانە مامەڵەبکە.
11/ ئەو خەمەی ئێستات قبوڵ بکە چونکە قۆناغێکە دێت تێدەپەڕێت.
12/ بیربکەوە نیگەرانیەکانت لەسەر تۆقینەنۆرە واھەست بکەی کە کۆنتڕۆڵ لەدەست بدەی ئەوە بژاردەیەک نیە لەڕووی تەندروستیەوە بۆ چارەسەری کێشەکانت بەڵکو بژاردەکانت ھەموو ڕۆژێک نوێ بکەرەوە تادەگەیتە ڕێگەیەکی باش.
دووەم/ لەکاتی ڕوودانی تۆقینەنۆرەدا
1/ بیربکەوە تۆ زۆر باشیت و جەستەت ھیچی نیە
2/ بیربکەوە ئەوەی ھەیە کاتیە و دێت و دەڕوات
3/ بیربکەوە تۆ بڕیار دەدەیت و ئەو چاوەڕێیە، تۆش بەئارامی مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت.
4/ سەرنج لە سروشتی شتەکان بدە و ھەروەھا لەوردەکاری و ڕەنگەکانی. کاتێک لەدەرەوەی سەرنجی وردەکاری شتەکان بکۆڵەرەوە.
5/ بیربکەوە زۆر دڵخۆش و سەرمەستیت
6/ لەسەرخۆبە چونکە بەھەناسەسواری جەنگت پێ ناکرێت و وەبشزانە کە ناخنکێیت.
7/ قسە لەگەڵ یەکێ بکە کەبەلاتەوە گرنگ بێت.
8/ خۆت سەرقاڵ بکە تا شتەکان کۆتاییان دێت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت