نەوزادى موهەندیس: ئەردۆگان – تورکیا بەرەو چ ئایندەیەک دەبات؟

وا بڕیارە کە لە 24/6/2018دا هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمار و پەڕلەمانى پێشوەختە لە تورکیادا سازبدرێت، لەسەر داواى ئەردۆگان و ئاک پارتى، چونکە گەرەکێتى ساڵێک و 5 مانگ لە پێش کاتى بڕیارلێدراوى خۆیدا کە دەبوو لە مانگى نۆڤەمبەرى 2019دا سازبکرایە بەپێى ئەو هەموارەى کەلەدەستورى تورکیادا کرا ئەنجام بدرێت. بەڵام حەز و ویستە کەسیەکانى ئەردۆگان بۆئەوەى هەرچى زووترە ببێتە دیکتاتۆر و سیستەمى حوکمڕانى لەتورکیادا لە پەڕلەمانیەوە بگۆڕێتە سەرۆکایەتى و بۆخۆى ببێتە بکوژ و ببڕ لە تورکیادا و تەواوى دەسەڵاتەکان لە لاى خۆى کۆبکاتەوە و سەردەمى تاک سەرکردەیە و تاک حیزبى دەسەڵاتدار ببوژێنێتەوە، کە ئەمە بۆ یەکەم جارە لە دەوڵەتى نوێى تورکیادا کەلەساڵى 1923وە دامەزراوە ڕووبدات، تەنانەت لەسەردەمى کمال ئەتاتورکیشدا وانەبوە و هەمیشە سیستەمى پەڕلەمانى پیادە کراوە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونى دیکتاتۆریەت.
ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا پشتى بەستوە بە حیزبى نەتەوەیى تورکیا بە ڕابەرایەتى دەوڵەت باخچەلى کە دوژمنێکى سەرسەختى مەسەلەى کورد و کوردایەتى و هەموو مافێکى کوردانە و ئەردۆگانیش ئەم هەل و چانسە لەکیس خۆى نادات و گەرەکێتى بەم هاوپەیمانیە شەڕانیە ببێتە تاکڕەو لەتورکیادا و بەم شێوەیەش ڕووى ڕاستەقینەى خۆى دەردەخات لەوەى کە هیچ کات بڕواى بە نەدیموکراسیەت هەبوە نە بە ئازادى و نە بەمافى کەمینەکان و هەمیشە لەناخیدا تۆوى دووبەرەکى و توندوتیژى شاردۆتەوە ولە ئێستادا کە گەرەکێتى تەواوى دەسەڵاتەکان لاى خۆى کۆبکاتەوە ئەوکات بەتەواوەتى ڕووى ڕاستەقینەى دزێو و شەڕانگێزى خۆى پیشانى هەموان دەدات بەتایبەت هێزە نەتەوەیى و دیموکراسى و عیلمانى و سۆسیالیستەکان. ئەرۆدگان لەسەر بنەماى ( لەپێناو بەئامانج گەیشتندا هەموو کارێک ڕەوایە)، لەهیچ کۆسپ و تەگەرە و ڕێگریەکى یاسایى و ئەخلاقى و ئاینیش ناپرینگێتەوە و تەنها ئامانجەکانى خۆى لامەبەستە.
بەڵام ئەم هەڵبژاردنە زۆر سانا و ئاسان نایەتە دەستى ئەردۆگانەوە چونکە دوو حیزبى سەرەکى جەهەپە و هەدەپە بەتوندى دژى پڕۆژە و پیلان و خەونەکانى ئەردۆگانن و سەرسەختانەش بەرگرى لە بڕوا و بەرنامەکانى خۆیان دەکەن و بونەتە ڕێگرى سەرەکى و لەبەرامبەر ئەردۆگانیشدا کاندیدى خۆیان پاڵاوتوە بۆ سەرۆکایەتى کۆمارکە بریتین لە هەریەکە لە( سەلاح الدین دیمێرتاش/ لەهەدەپە و محرم ئینجە لە جەهەپە)، بۆیە بەهۆى ڕووداوەکانى دواى کودەتا سەرنەکەوتوەکەى ساڵى 2016 و گرتن و ڕاوەدونان و سزادانى سەدان هەزار کەسى مەدەنى و سەربازى و خێزانەکانیان لە تورکیادا وداواکردنى فتح الله گولەنیش لەئەمریکا کە ڕابەرى ڕەوتى خزمەتە و زۆریش بەهێزە و خاوەن جەماوەرێکى پانوپۆڕە لەتورکیادا و هەروەها بەهۆى کێشە و ناکۆکیە سیاسیەکانى تورکیا و ئەردۆگان لەگەڵ دەرودراوسێکان لە عێراق و سوریا و ئیسڕائیل و میسر و تەنانەت وڵاتانى کەنداو لە سعودیە و ئیمارات و دواتریش بۆ ئێران و ڕوسیا و لەکۆتایشدا ئەمریکا و تەواوى ئەوروپادا لەسەر مەسەى تیرۆر و پشتیوانى لەتیرۆریستان و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسیەت و ئازادیەکانى تاکەکەسى و گروپ و ڕۆناژمە و میدیاکان و کێشە و گرفتە ئابوریى و داراییەکان کەلە ئێستادا لە قوڵترین و سەخترین قۆناغیدایە و نرخى لیرەى تورکى بەڕادەیەک دابەزیوە کە زۆر مەترسیدارەو بۆتە هۆى بێ کارى و هەڵاوسان، ئەمە سەرەڕاى کێشە و گرفتەکانى لەبوارى پەروەردە و فێرکردن و گەنجان و خوێندکاران و … هتد. و کێشەى ئاوارە سوریەکان و تیرۆریستانى داعش و… هتد. کە هەموانیان کۆمەڵە کێشەیەکن کە بە ئاسانى چانسى ئەردۆگان ڕەش دەکەن و هیواى سەرکەوتنیش کەم دەکەنەوە ئەگەر بەتەواوەتى نەیسڕنەوە.
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەردۆگان و ئاکپارتى دوا چانس و چارەنوسسازیشە،چونکە بە بردنەوەى ئەردۆگان دەتوانێت تا 10 ساڵى تر ببێتە سەرۆکێکى تاکڕەو و ئاکپارتیش لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە وبەمەش گرەوە گەورەکەى خۆى و خەونە سوڵتانیەکەى بباتەوە و بهێنێتەدى و ئەگەریش دۆڕا ئەوە بۆ هەتاهەتایە ئەردۆگان و پارتەکەشى دەچنە زبڵدانى مێژوەوە و لەبیر دەکرێن و کۆتایى بە ژیانى سیاسیان دەهێنرێت، هەربۆیە ئەردۆگان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ سەرکەوتن و ئامادەشە نەرمونیانى و تەنانەت تەنازولیش بکات بۆ داواکاریەکانى کەمینە نەتەوەیى و مەزهەبى و ئاینیەکانیش لە کورد و عەلەویەکان و چەرکس و….هتد.
بۆیە ئەرۆدۆگان بە بردنەوەى یان بەدۆڕاندنى چارەنوسى تورکیا بەرەو ئایندەیەکى نادیار دەبات ، چونکە لەسەرکەوتنیدا هێندەى تر مەغرور و توشى نەخۆشى خۆبەزلزانین و بەهێزى دەبێت و خۆى لێدەبێتە سوڵتانەکانى عوسمانى و خۆى بەدەم ڕاستى وڵاتانى ئیسلامى و ناوچەکە دادەنێت و بەمەش کێشە و گرفتى ئاڵۆزتر دەخوڵقێنێت و تورکیاش هێندەى تر دادەبڕێت و کەنارگیرى دەخات کە هەموو ئەم کێشانەى ڕووبەڕووى ناوچەکە و گەلانى دەکاتەوە و بەمەش ئایندەیەکى ڕەش و نادیار دەنەخشێنێت، بەپێچەوانەشەوە لەکاتى دۆڕانیدا تورکیا دەبێتە وڵاتێکى بێسەروبەرەیى و فەوزا و گەڕانەوەى دەسەڵاتى سەربازەکان و تەنانەت ئەگەرى سەرهەڵدانى جەنگى ناوخۆیى نەتەوەیى و مەزهەبى و ئاینیش بەدوور نازانرێت و بەمەش تورکیا دەبێتە گۆمى توندڕەوى و خوێناوى لە ناوچەکەدا وکاریگەریە خراپەکانیشى پەخش دەکاتەوە بەسەر ناوچەکەدا و ئایندەیەکى تارک و تون گەرچى بۆ ماوەیەکیش بێت ڕووبەڕوى تورکیا و گەلانى تورکیا دەکاتەوە.
بۆیە ئەردۆگان و ئاکپارتى و سیاسەتەکانى بەڕاستى بونەتە جێگەى مەترسى بۆ تەواوى ناوچەکە و خودى تورکیاش و کۆتایهاتنى ئەم قۆناغە لە ژیانى سیاسى تورکیادا بۆتە کارێکى ئێجگار پێویست، و لە ئێستادا زۆرینەى حیزب و سەرکردە سیاسیەکان و جەماوەرى تورکیاش بونەتە ناڕازى لەسیاسەتەکانى ئەردۆگان ، بەمەش کورد لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە تەواوى گەلانى تورکیا و ناوچەکەش قازانج دەکەن و لە کەسێکى مەغرور و سەرکێش ڕزگاریان دەبێت و ئاشتى و ئارامیش بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و دەروازەیەکى گەورەش بەڕووى چارەسەر مەسەلەى کوردا دەکرێتەوە لەباکورى کوردستاندا. لێدانێکى بەهێزیش دەبێت بۆ هەموو هێزە تیرۆریستەکان و داعش و ئەوانى تر و دەشبێتە هەنگاوێک بە ئاڕاستەى چارەسەرى کێشەى سوریا و هەرکاتیش ئەمە هاتە دى ئەوا سێبەر و هەورى جەنگێکى گەورەى ناوچەیى و دونیایى لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکادا دەڕەوێتەوەو ئاشتى و ئارامى جیهانیش تاڕادەیەک دەچەسپێت و هەموان لەجەنگ و کاولکاریەکى حەتمى دوور دەکەونەوە.