ستارە عارف: کاتی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەکەیە!.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتی ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنامەکەی نێوانیان لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی وەک وەفایەک بۆ ڕەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا هەڵبوەشێنێتەوە، ناکرێت لایەنێک 27ساڵە ستەم لەمیللەت دەکات و دەیانکوژێت و برسیان دەکات و دزی و ساختەکاری لێدەکات و بۆ ئێران دەچەمێتەوە و میللەتی کردوە بە قوربانی ئەو چەمانەوەیەی خۆی، لەدوا کاریشیدا دزی و ساختەکاری لەدەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەهەڵبژاردنی 12- 05- 2018 کرد و بەعس ئاسا هەڵیکوتایە سەر گردەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و تەقەی لەگڵکۆکەی ڕەوانشاد کرد و ویستیان بە هێزی چەک و تەقەکردن دەرەنجامی دزیی و ساختەکاریان لەدەنگی دەنگدەران بە بزوتنەوەی گۆڕان داقورتێنن، بەڵام گۆڕان ڕێککەوتنی لەگەڵیاندا هەبێت.
بە پلەی یەکەم دەبێت ڕێککەوتنامەکەی نێوانیان هەڵبوەشێنێتەوە، کە ئێستا هەڵپەستێراوە و ئەگەر کاک نەوشیروان لەژیاندا بوایە و ئەم ڕەفتارەیانی ببینیایە ڕێککەوتنەکەی ڕەتدەکردەوە و وەلای دەخست.
هەر پەیوەندیەک لەگەڵ یەکێتی وەک حزبێکی بەڵتەچی و ساختەچی بنەماڵەی دۆڕاوی تاڵەبانی ڕابگرێت و بە هیچ جۆرێک سازش لەهەڵوێستەکانی بەرامبەریان نەکات و بەرەیەکی یەکگرتو لەگەڵ لایەنە ناڕازیەکان و ئەوانیتر جگە لەهەردو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی پێکبهێنت.
ئەو دەنگۆیەی بنەماڵەی تاڵەبانی و حزبە ساختەچیەکەیان ڕەتبکاتەوە، کە لێرە و لەوێ باس لەوە دەکەن، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر گردەکە شەخسی بوە و پەیوەندی بە حزب و بنەماڵەکەیانەوە نیە، لەکاتێکدا ئەم بۆچونە کاڵفامانەیە و ناکرێت هێرش و دەستدرێژی بۆ گردەکە، بە مژارێکی تاکەکەسی لێکبدرێتەوە، بەڵکو هێرشێکی دانراوی بنەماڵەی تاڵەبانی و باڵەکانی ئەو حزبۆکەیە بوە و حزبی و گشتی و سیاسیە و لەنێوان دو حزبدایە و تاکەکەسی نیە.
چەند ساڵە بە ئاشکرا باس لەو ڕاستیە دەکەین، کە جیاوازی لەنێوان یەکێتی و پارتی یان بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی بە سانتیم نیە و دیوی یەک دراون و تاکە بوارێک نادۆزیتەوە، کە پارتی لەدزی و خیانەت و تاڵانی و بەڵتەچێتی کردبێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی نەیکردبێت، ئەم جوتە 27 ساڵە کێبەڕکێ لەسەر خیانەت و تاڵانی زیاتر و کردەی بەڵتەچێتی دەکەن و ئێستا وەک یەک بنەماڵە وان، بەڵام کۆمەڵێک لەکۆنە یەکێتیەکانی ناو گۆڕان بەم ڕاستیە قەڵس بون و جیاوازیان لەنێوانیاندا دەکرد، بۆیە لەئێستاوە دەبێت کۆتایی بەو عەقڵیەت و بیرە بهێنرێت و بنەماڵەی تاڵەبانی وەک خۆی بە خەڵک بناسێنرێت، کە بەڵتەچی و تاڵانچی و ساختەکار و ئاشبەتاڵچین و دەبێت کۆتایان پێبهێنرێت.
هەنگاوهەڵگرتن و هەڵوێستی ڕادیکالی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بنەماڵەی تاڵەبانی، ئەرکێکی نیشتمانیە و لەخزمەتی میللەتدایە، چونکە ناکرێت لایەنێک دزی و ساختەکاری لەدەنگی میللەتدا بکات و لە52%ی خاکی کوردستان بۆ پۆست و کورسی بفرۆشێت و موچە بکاتە چارەک و داهاتی ناوخۆی ئەم دو پارێزگایە هەر بۆ گیرفانی خۆی بێت و خاوەنی چەندین ڕێککەوتنی ژێربەژێری نەوت بێت و ڕەشبگیری سەربازی دژی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بکات و بە چەک و هامەر و دۆشکە وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە و بەنزینی ژەهراوی و خواردنی بەسەرچو و دەرمانی خراپ دەرخواردی خەڵک بدات و بەرپرسە پەککەوتو و دزەکانیان بازرگانی بەم کەرتە هەستیارانەوە و تەواوی کایەی ڕۆشنبیری و پەروەردە و مەدەنی و ژن و هتد بکەن و بیکەنە گاڵتەجاڕ و بێ بەهایان بکەن و کەرتی تەندروستی و پەروەردەی پەکخستبێت و دیمۆگرافیای شاری شێواندبێت و هاوبەشی سەرەکی ئەنجامدانی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم بێت، ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و خۆپیشاندەری شەهید کردبێت و 17ی شوباتی ئەنجام دابێت و لەسایەی ئەودا میللەت توشی هەزاران گرفتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی و خێزانی و تەندروستی و… هتد بوبێت، هەمو ئەم تاوانانەی لەژێر ناوی مافی مرۆڤ و سۆشیالدیموکرات و دیموکراسیەتەوە ئەنجام دابێت و ڕۆژانە سەرقاڵی درۆ و دوڕویی و نیفاق بێت و ئەم دەڤەرەیان بە هێز داگیرکردبێت و بێباوەڕی و ڕەشبینی و نائومێدیان بەناو خەڵکدا بڵاوکردبێتەوە و وڵاتەکەیان کردبێت بە مەیدانی تەراتێنی سیخوڕی ئێران و عەرەب و وڵاتان و گەرایی بێکەرامەتی و میللەت هەراجکردن بڵاوبکەنەوە و چاوپۆشیان لێ بکەین، بۆیە ئەم بنەماڵەیە بۆ ئەوە ناشێن بزوتنەوەی گۆڕان، کە تاکە تروسکایی و ئومێدێکە لای زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئەم کردارانەی نادیدە بگرێت و ڕێککەوتنەکە لەگەڵیاندا هەڵنەوەشێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت